ڕق و خۆشەویستی، دوانەی دیکتاتۆرەکان

Monday, 01/04/2013, 12:00

2580 بینراوە








کالیگۆلا دەیگوت قەینا با ڕقیان لێم بێت بەس نییە لێم دەترسن و، گاندیش دەیگوت کە سەرۆکەکەتان خۆش ویست بۆی دەرمەبڕن و کڕنۆشی بۆ مەبەن تا نەبێتە دیکتاتۆر.

کارکردنی سیسەتمەداری دەسەڵاتبەدەست لەسەر هەست و سۆزەکان تەنیا بۆ یەک مەبەستە، ئەویش بەرنەدانی دەسەڵاتە.
لە مێژوودا هەر وابووە، هیتلەر وایکرد، مۆسۆلینی وایکرد و سەدامیش هەروایکرد.
ئەو سەرکردەیەی کار لەسەر خۆشویستنی خۆی بکات دەیەوێت خوداوەندێکی بێڕوح دروستبکات، دروستکردنی خوداوەندیش بە مەبەستی کڕنوش بۆ بردنە، کە کڕنوشیشی بۆ برا ڕەخنەکردنی دەبێت بە کوفر و مەترسی، کوفریش هەڵگری سزایە!
بە هەمان شێوە ئەو سەرکردەیەی کە کار لەسەر ڕقوکینە دەکات و دەیکات بە گرێی سەر دڵ و دەیخاتە سنگی نەیارەکانیەوە تەنیا بەیەک مەبەستە، ئەویش دەستبۆنەبراوی خۆیەتی، واتە سەپاندنی هەیمەنەی ترسە لە دڵی نەیارەکانیدا، چونکە گەر وا نییە ئەی ڕق بۆچی!
کاتێک سەرۆک خۆی یان کەسێکی نزدیکی خۆی دەکاتە سیمبۆلی خۆشەویستی و دۆش بۆ دامان و پیرۆزی دەکات و لە رەخنە و گازندە مەعسومی دەکات، واتە گەر ڕەخنەی گیرا ڕەخنەگر سزا بدرێت و، بە هەمان شێوەش کاتێک کە سەرۆک قەڵغانێکی پتەوی لە چەکدار و قەڵەمبەدەست و بێژەر و مادە بۆ خۆی دروستکرد و، دەستەڵاتی دەستاودەستنەکرد، ئیتر ڕەخنەگرانی بەوە تاوانبار دەکات کە ڕقیان لێیەتی، ئەمەش دیوەکەی تری ئەو خۆشەویستی و ئیعجابەیە کە بۆ خۆی دروست دەکات.
ئاماژەیەکی تریش دەدات کە ڕق لێبونەوە بێدەسەڵاتی دەگەیەنێت، کەسی بێدەسەڵاتیش گەر هیچی پێنەکرا لە دواییدا هەستە ڕقئامێزەکەی خۆی دەگۆڕێت بۆ ترس!
بە هەردوو بارەکەدا واتە مەعسومی لە رەخنە و گازندە و ڕقی تەرجەمەکراو بۆ ترس یەک مانایان هەیە، ئەویش مانەوەی دەسەڵاتە لەدەست سەرۆکدا.
کە سەرۆک یان دەسەڵاتداریش ڕێگەکانی بەردەم گۆڕینی خۆی بە خۆشەویستی و ڕق پەرژین کرد ئیدی کاتی ئەوەیە بە ئارەزوی خۆی بڕیاربدات و مەرسوم دەربکات، کە ئەمەشی بۆ چووە سەر دەبێتە دیکتاتۆر.
کاتێکیش مەسعود بەرزانی و بنەماڵەکەی کار لەسەر ئەم دوو هەستە دەکەن بێ مەبەست نییە.
ئەوان هەرکەس پیرۆزیی شەخسەکانیان بخاتە ژێر پرسیارەوە دژایەتی تا سەر مەرگی دەکەن، کە ڕەخنەشیان لێدەگیرێت و کەموکورتیەکانیان دەخرێتە رو دەیکەن بە کێشەیەکی شەخسی ئاماژە سیاسیەکانی لێ دادەماڵن.
زۆر جاریش لەسەر زاری وتەبێژەرەکانیان بیستومانە کە ئەوانەی رەخنەیان دەگرن مایەپوچن و دواتریش بە هەڵگری ڕق تاوانباریان کردوون.
دیارە ئەوەش بەمەبەست دەکەن تا ترس بخەنە دڵی ڕەخنەگرانیانەوە کە کاتێک هیچیان پێنەکرا و ڕقەکەشیان مایەپوچ بوەوە ئیتر باشتر وایە بترسن، کە ترساشن ئیدی ئەوەی سەرۆک دەیخوازێت حاسڵە، واتە مانەوە لە دەسەڵاتدا و ئیفلیجکردنی ڕقلەدڵان لە کردار و بەرهەڵستی کرداریانە.
بۆیە خۆشەویستی و ڕق دوو دیوی دراوی بە دیکتاتۆر بونن لای سیاسەتمەدار و دەوڵەتدار.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە