مەلا بەختیار ، قایمقام ، خانەقین لەنێوان خزمەت و پەلوپۆكردن و چاكسازیدا

Thursday, 09/06/2011, 12:00

1188 بینراوە


خانەقین و دانیشتوانەكەى گوناحێكى ترى دەسەڵاتى كوردى و هەركەس بۆخویی یەكێتى و پارتى و خودى بەرپرسەكانى هەریەك لەو حزبانە بێڕەنگیەكى ترى ئەو شارە خێر لەخۆنەدیوەیە، سەركردایەتى سیاسى زۆر باس لەخانەقین و ناوچەدابڕێندراوەكان دەكەن و ئەم باسكردنەش تائێستا تەحویل نەبوە بۆ پرۆژەو هەماهەنگى و یەككارى، دیارە لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە سەركردایەتى كوردستان ویستیان خزمەت بەخانەقین و سنورەكەى بكەن و لەئاستى تاكەكەس و بەپەرش و بڵاوى لێرەو لەوێ هەندێ كار كرا ، بەڵام جێگەى ڕەزامەندى خەڵكەكە نەبوو ، چونكە بەدرێژاى نزیكەى هەشت ساڵى دواى ئازادكردنى ئەو شارە ئەگەر بەشێكى كەمى داهاتى خودى ئەو شارە بۆخۆى سەرف بكرایە ئێستا بەكاولستانى نەدەبینراو خێرى لەشارەكانى ترى دەوروبەریەوە پێ نەدەگەیشت، ئەوەى من ئاگاداربم یەكەم كەس تائێستا خزمەت كارو تاوانباربێ بۆ شارى خانەقین مەلا بەختیاری بەرپرسى دەستەى كارگێڕى یەكێتییە ، چونكە ماوەیەكى زۆر بەپرسى ئەو میحوەرەبووە و ئەو خزمەتگورایانەش كە تائێستا كراوە بەشێكى زۆریان لەسەر دەستى ئەو بوە ، كە ئەمەش جێگەى ماندوونەبون و دەست خۆشكەرییە بەڵام ئەو ناعەدالەتىو گەندەڵیانەیش كەكراوە مەلابەختیار بەدەرنیە لەبەرپرسیارێتى، ئەمەش بەو مانایە نە كە ئەو كردبێتى بەڵكو بەو مانایەی كە ڕێكخستنى ئیدارات و دانانى كەسەكان لە پۆستەكانى ئەو شارە لەسەر دەست و پاڵپشتى ئەو بووە و گللەیەكانیش ڕوبەڕوى ئەو دەبێتەوە، بەڵام زۆربەداخەوە كەسانێك ئەمڕۆبون بەبەرپرس و خاوەن ماڵمان وا هەست دەكەن هەر خۆیان هەنوهەرخۆشیان ڕاست بەدەستن و پڕبەهان واشى دادەنێن سەرجەم بنەماكانى فكرو ئەخلاق و سیاسەت و بەرپرسیارێتى دەبێت ئەوان وەكو خێر بیبەخشێننەوە نەك ماف چارەنوس دیارى بكات ، واتە خۆیان لە ئاوى كەوسەر پاكتر ئەزانن و هەر كاتێكیش زانیان كەسێك ماستاویان بۆ ناكات یان لەگەڵ بەرژەوەندیانا ناگونجێت یەكسەر دەكەونە پەلوپۆكۆدن و یەخە دادڕینى یان خەمى مانەوەى كورسیەكانیان لەهەموو میللەت پێ گرنگترە، ئیتر وادەزانێت بەكورسى و مەنسەبە وە لەدایك بووە دەبێت هەموان لەخزمەتى جەنابیدابن ئیتر, بیرناكەنەوە كە ئەوە جەماوەرە مێروولە دەكات بەفیل و فیللیش دەكات بە مێروولە، واتە بیرناكەنەوە دونیا بوەتە گوندێكى بچوك و لە كالیفۆرنیا هێلكەو ڕۆنێك بكرێت یەكسەر خەڵك لێرەوە دەزانێت ، هەمیشە ترسیان هەیە جێلەقبن و خشەى پێی مێرولەیان لێ دەبێت بە دەنگى تەیارە، لێرەدا من مەبەستم لە بەشێك بەرپرسانى كوردستان و بەتایبەتى گەرمیان و تایبەتى تر قەزاى خانەقینە.
لەمیانەى ڕاپۆرتێكى پێشترى ڕۆژنامەوانیدا كە ویستمان لە سەر بابەتى زیادەڕەوى لەشارى خانەقیندا ئەنجام بدەین و دواى ئەوەى پەیوەندیمان بەبەڕێز قایمقامى خانەقینەوە كرد بەڵام جەنابى یەكسەر ئێمەى چواند بە كۆمەڵێك كێشەى تایبەتى خۆیەوە و كردینى بە دەستى سیاسى و دەستى كرد بە هەڕەشەلێدانمان بۆ ئەوەى پاشەكشە بكەین لە ئەنجامدانى ڕاپۆرتەكە ، بەڵام ئێمە بەپێى پێوەرو ئەخلاقى كاروپیشەى ڕۆژنامەنووسى لەچوارچێوەى ڕاپۆرتێكدا بەبێ ئەوەى هیچ قسەیەكى ئێمەى تێدابێت ، جگە لە قسەى هاوڵاتیان و بەرپرسە ئیداریەكانى شارەكە ئامادەمان كردوو بڵاومان كردەوە، كەچى لێرەو لەوێ دەبیستین قسەمان پێ دەكرێت یان ووتى وتى و.. چی و چیتر...ئەمە جگە لەوەى چوار سكاڵایی یاسایمان لەسەر تۆمار كرا لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە، بەڵام زۆرمان پێخۆشە داواى یاسایمان لەسەر تۆمار كرا، چونكە كە چوینە دادگا بابەتى تر سەرهەڵ ئەدات؟ كاكى برا ئێستا وەكو جاران نیە و دیوارێك لەنێوان مێژوى دوێنێ و مێژوى ئەمڕۆَدا هەیەو دەبێت باوەڕتان بە بنەماكانى دیموكراسیەت هەبێت و مۆدێلى چاوسوركردنەوەو خۆ فەرزكردن نەماوە، لێرەوە ئێمە دەیسەلمێنین دەروێشى تەكیەى هیچ كەسو پارت و ڕێكخراوێك نین ئێمە ڕۆژنامەنوسین چى شتێك هەبێت وەك خۆى دەیگوێزینەوە بۆ ڕاى گشتى و لەهیچ كەسێكیش ناترسین و هەمیشە بێمنەت بوین، واتە "تایاسا هەبێت ئێمە بەردەوامین" هیوادارین هەر بەرپرسێك یان كەسێكى ئیدارى كاتێك ڕۆژنامەنوسێك دەیەوێ قسەى لەگەڵ بكات بەجوانى وەڵامى بداتەوەو زانیارى لێ نەشارێتەوە ، چونكە لەپێشدا بۆ خزمەتى ئەوە ئینجا بۆ خزمەتى میللەتە قوڕ بەسەرەكە، هەڕەشەدان بەهەرشێوازێك بەتایبەتى دادگا حەل نیە ، چونكە هیچ هێزێك ناتوانێ لەگەندەڵى و بەفیرۆدان و پاشاگەردانى چاوپۆشیمان پێ بكات ، ڕۆژنامەى گەرمیان پۆست و سەرنوسەرەكەى لەدادگا ناترسن و لەبەرسێبەرى یاسادا كاردەكەن چونكە ڕاست بێژن ، تائێستاش نزیكەى دە داواى یاساى لەسەرمان تۆماركراوە بەسادەیش وەرمان گرتووە و بەڵگەكان هەمووى ئامادەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەو تائێستاش دوانیمان بردۆتەوە لەدادگا،دڵنیاین لە سەركەوتن و بردنەوەى ئەوانى تریش، هیوادارین بەرپرسان كاتێك ڕۆژنامەنووسێك لەسەر بابەتێكى پەیوەندى دار پێوەى دەنوسێت یەكسەر فكرى خۆى زاخاو نەكات بەڕق و ستەم، دیارە "كلتورى ستەمكارى كلتورێكە ئەوەندەى ڕقى لە دەمو لێوى قسەكەرە لە بەرامبەردا ئەوەندەش دەم و لێوى لەرزیوو بێ دەنگى خۆشەوێ، لە هەمان كاتدا ئەوەندە ڕقى لە دەستى ئاماژەكەرو ئامێزى كراوەیە ئەوەندەش شانى داتەپیوو دەستى بەلەشەوە نوساوى خۆش دەوێ، چەندە ئەو چاوانەیان خۆشدەوێ كە ڕوویان لە زەویەو بەتاڵن لەنیگا ئەوەندەش بەدیتنى ئەو نیگایانەى پڕن لە دیتن و تەماشا هەراسان دەبنو، دەستەو نەزەر ڕاوەستان بەیەكێك لە جوانترین شێوەكانى وەستان لێك دەدەنەوە، لەم پێودانگەشەوە ستەمكاران بایەخ دەدەن بە شێوەكانى نوشتانەوەو كڕنوش بردن، بەداخەوە یەكێك لە تایبەتمەندیە سەخیفەكانى مرۆڤ ملكەچىو خۆبەدەستەوە دانە لەبەرامبەر ستەمدا كە ئەمەش بەئاشكرا بەسروشتى ناوچە كێشە لەسەرەكان و ڕەونەقى خەڵكەكەیەوە دیارە" بە تێڕوانینى ئێمە كەس لەترسى قایمقامى خانەقین ناوێرێ هەڵوێستى هەبێت لەسەر ئەو دیاردە دزێوانەى كەهەیە لەشارەكە، ئەگینا دەمێك بوو خۆپیشاندان و ....هتد كرابوو، ئەمەش پێمان دەڵێت كەشو هەواى بەعس هێشتا ئاسمانى خانەقینى بەجێ نەهێشتووە.
ئێمە لەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیانەدا ویستومانە خزمەتێك بە خەڵكە بەشمەینەتەكەى خانەقین بكەین و بەپێی یاسا زەوى بدرێت بەهەمولایەك ،ئیتر پێویست بە هەڕەشەو خۆڵكردنە چاوو داپۆشینى ناكات، دەبێت حكومەتى عێراق یان حكومەتى كوردستان لێپێچینەوە بكات ئەگەر ئاوڕێكى بەپەلە و لێپێچینەوە نەكرێ ئەوا شایەنى فەوزایەكى گەورەیە، دیارە مەبەست لە بەكارهێنانى ووشەى فەوزا بۆ بەرهەم هێنانى لۆژیكى ئاژاوەگێڕیى نیە لە خانەقیندا بەڵكو مەبەست فەوزاى فشارى خۆش نەبونە لە ماف، لە هەموو كاتێكدا كە قسە لەسەر خراپى شوێنێك یان كەسێك دەكەین پێویستە جیاوازى (ئازادى)و(ئاژاوە)مان بیرنەچێت، واتە ئەو قسەكردنەمان لە پێناوى ئازادى و لە دژى ئاژاوەیە، بەڵام لەكاتێكدا ئەو ئامانجە دەپێكین كە ڕەخنە گرانە بیربكەینەوە و ڕەخنە بكەینە ڕێگایەك كەبەئازادیمان بگەیەنێت، بەڵام زۆرجار لكاندنى چەمكى ئاژاوە بەڕەخنەوە لەلایەن سەرەگوریس بەدەستەكانەوە بەدى دەكرێ بۆڕەوایەتى بە خاڵى كردنەوەى دەرونیان،كە زۆرجار دەرونەكانیش پێویستیان بەخوێندنەوەیە، كە لە واقعدا تۆڵە گوناهە و كارێكى ناپەسەندو قورسە لە فەلسەفەى ئیدارى بووندا، لە ڕاستیدا دەبێت ڕەخنە قبوڵ بكرێتو كەشێكى وەها بڕەخسێت كە ڕەخنە بگیرێت چونكە ئەگەر ئیدارەدانى وڵاتێكى دیموكراسى بریتى بێت لە ئازادى ئەوە ڕەخنە پراكتیكێكى هەرە گرنگە بۆگەیشتن بەو ئامانجە، هەرچەندە من پێم وایە جەستەى ئیدارى خانەقین بەرگەى نەشتەرگەرى چاكسازى ناگرێت و دەبێت ئەڵتەرناتیڤ هەبێت خودى بەڕێوەبەرانى نارسیس بیرى گڵاست نۆستیان هەبێتو سێبەرو موریدى ڕۆحانى هیچ بەرپرسێك نەبن و بیرلە دەست لەكار كێشانەوە بكەن و بە شەرەفەوە جێیى بهێڵن تا ڕۆژ بەڕۆژ دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبووە بۆ خانەقینیەكان، دەبێت ئیدارەیەكى باشتر دابنرێت یان هەڵبژاردنێك یان پۆلێنێكى خێرا بكرێتو كەسانێك ببنە بەڕێوەبەر كە فریاد ڕەسبن ستایلو لۆژیكیان لە ئاستى سەردەم دا بێت. دیارە من بەهیچ لایەكى ڕەشو سپی دا دەستەواژەى گشتاندن بۆلێپرسراوان بەكار ناهێنم و ئەمەش ئەوەناگەیەنێ كە هەموو لێپرسراوەكان فریشتە بن ، بەڵام كەس و ئیرادەى باش هەیەو پێویستى بەدەست گرتن و پاڵپشتیە. وە من كلیك كردنم یان شەن هەڵدانم لەسەر ئەم بابەتە و ئەم تەرزەى قسەكردنم ختۆكەى ئەعساب نیە بەڵكو لەو میتۆدەوە سەرچاوە دەگرێ كە باڵانسێكى ناسەنتەرى ئیدارى وبەرپرسیارێتى هەیەو بەتایبەتى لەشارى خانەقین دا ڕەنگى داوەتەوە ئیتر ئەمە بۆ فەرامۆش كردنى شارەكە بگەڕێتەوە یان هەرهۆكارێكى تر دەبێت شرۆڤە بكرێت و بخرێتە بەر دیدەى ڕاى گشتى و لایەنى خۆبەخاوەن زان چونكە پرۆسەى كوردستانى بونى شارى خانەقین بەكۆڵى كەرى شەل دەڕوات ئەوا نابێت گەوجاندنى خەڵكى ئەم دەڤەرە بەردەوام بێت، هەر گوناحێك بەسەر خانەقینیەكاندا هاتبێت ئۆباڵەكەى لەسەر مەلا بەختیارە چونكە دەوترێت قایمقامى خانەقین و یەكە ئیداریەكان ئەو پێشنیارى كردوەو ئەو گەندەڵى و ناعەدالەتیەى كە لەوسنورەكراوە دەكرێت لەپێش هەركەس پێویستە ئەو پێداچونەوە بكات و ئەو كەسانە لاببات و دوربخاتەوە ، كە لە پۆستەكانى پارێزگاى دیالە دەنگۆى ئەوە هەیەو دەوترێت(ئیبراهیم باجەڵان)كە سەرۆكى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە بووە بە هۆى تێوەگلان بەگەندەڵیەوە سكاڵاى یاسایی لەسەرەو تائێستا دەستگیر نەكراوە، ئەمەش ماناى تر دەر دەخات.
هیوادارین جەنابى قایمقامى خانەقین لە كەناڵێكى ڕاگەیاندنەوە بەڕاستەوخۆى باس لە ئەنجامدانى تەجاوزاتى خانەقین بكات و ئەو هەموو كڕین و فرۆشتنەى كەبەزەوى كشتوكاڵیەوە كراوە ساغ بكاتەوە بۆ هاوڵاتیان، هیوادارین لە كەناڵێكى ڕاگەیاندنەوە باس لەباخە گەورەو فراوانەكەى بكات كە ئێستا جگە لە خودى باخەكە ئەم دیوو ئەو دیویشى تەلبەند و داگیر كردووە ئایا تەجاوزە یان نە؟ هیوادارین باس لەخانوەكەى خۆى بكات كە پێشتر هى ئستخباراتى كۆنى بەعس بووەو ئێستا نۆژەنى كردۆتەوە و دەڵێت مەلا بەختیار ڕێگەى پێداوم ؟ هیوادارین لەكەناڵێكى ڕاگەیاندنەوە باسى ئەو ژمارە زۆرە بەنزینخانانە بكات كە لە شارى خانەقیندا هەیە، هیوادارین پێمان بڵێت بۆ شەش بەنزیخانە گەورەكەى خانەقین كە لەمانگێكدا هەریەكەیان نزیكەى بڕى (288)هەزار لیتر حسەى بەنزینى هەیەو بۆكوێ دەچێت؟ ئەى بۆ بەنزینخانە حكومیەكەى ناوشار بەردەوام بەنزینى هەیە؟؟؟ دەكرێت بەخەڵك بڵێت تاچەند ئەو دەنگۆیانە ڕاستن كە شەریك بێت لەو بەنزینخانەدا؟،دەكرێت پێمان بڵێت چەند گراجى هەیەو تەنكەر تیایدا دەوەستێت و.....؟! دەكرێت بە جەماوەر بڵێت چى پەیوەندیەكى لەگەڵ شەریكەى نەوتى (باران) لەخانەقین دا هەیەو ئەو پەیوەندیە لەسەر چى بنەمایەكە؟دەكرێت بۆ خەڵكى ڕوون بكاتەوە یەكەم تەجاوزات لە قەزاى خانەقیندا چى حاكم و كارگێڕێكى مەڵبەندى خانەقینى یەكێتى كردى؟ دواپرسیارمان ئەوەیە ئەوكاتەى بوبەقایمقامى قەزاى خانەقین چەند داهاتو ماڵو موڵى هەبووەو ئێستاش چى هەیە؟؟ هیوادارین هیوادارین وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوە لەكەناڵێكى ڕاگەیاندنەوە بۆ خەڵك ڕوون بكاتەوە، بەدڵنییایەوە ئەوە پرسیارى خەڵكەو بۆخۆشى باشترە وەڵامى هەبێت، ئەگەر وەڵامێكى باوەڕپێكراوى هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دادگاى نیشتمانى و نەتەوەیدا سەلامەت دەبێت ، ئەگەریش نەیتوانى وەڵامى جەوهەری بداتەوە، بەدڵنیایەوە قوتى خەڵك هەروا ئاسان بەفیڕۆناچێت.......؟ زەین العابدین و موبارەك باشترین و زیندوترین نمونەن.
جارێكى تر تەئكید دەكەینەوە هەر كەس و بەرپرسێك لە هەر پلەیەكدابێت گەرماركس بێت لەفكرداو جیڤارابێت لە پارتیزانیداو ماندێلابێت لەزیندانى سیاسیدا گەر تێبینى ئیدارى یان دەنگۆى تێوەگلان بەگەندەڵى یان لوشدانى پارەو ماڵى میللەتى لەسەر بێت یان كڵۆڵ بن لە ئیدارەدانى پۆستەكەیانداو كەمتەرخەم بن ئەوا ئێمە لەسەرى دەنوسین و زانیاریەكانى بڵاودەكەینەوە بۆڕاى گشتى و جەماوەرى كوردستان و بەهیچ شێوەیەك ناترسین و هەمیشە بێ منەتین، لێرەشەوە پێیى ئەڵێن خۆى و شوێن كەوتوانیشى سەریان داى لەبەرد، هیچ ئیرادەیەك بەقەدەر ئیرادەى جەماوەر گرنگ نیە.
لە ئێستاشەوە ئۆباڵى ڕوژنامەى گەرمیان پۆست و سەرنوسەرەكەى وستافەكەى لەئەستۆى ئیدارەى خانەقینە ، چونكە گومانمان هەیە لەسەر ئەو ڕاپۆرت وبابەتانەى كە بڵاومان كردۆتەوە ڕق و تۆڵەى پەنگ خواردو پێماندا بتەقێتەوە. لە هەر كات و شوێنێكدا بەقەدەر شوێنى نوكە دەرزیەك خوێن لە گیانى سەرنووسەرى ڕۆژنامەى گەرمیان پۆست بێت، ئەوا لەسەر قایمقامى خانەقین حسابى دەكەین ، چونكە هەڕەشەو جنێو هەوڵە سەرەتاكانى تیرۆرە، ئێمە قەڵەم چەككمانەو هیوادارین ئەگەر زەحمەت نیە عەقڵ و لۆژیكیان بخەنەكارو بەقەڵەم جوابمان بدەنەوەو چاوەرێی كەس نەبن و سێبەرو موریدى ڕۆحانى هییییچ كەسێك نەبن، چونكە گەندەڵى ئەو دێوە زمەیە كە سەرتاپاى مرۆڤ مۆرانە لێی دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە