گەردەلوولێكی بەهێزوكەشتیەكی كوون

Tuesday, 22/09/2009, 12:00

1252 بینراوە


هەلبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەیە،هاوپەیمانێتی بەهێز دروست دەبن چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ململانێیەكی بەهێز وبێ نمونە بێتە دی لەنێوان لیستە بەشداربووەكان بەتایبەتی لە ناو حیزب ولایەنە عەرەبیە سووننی وشیعەكاندا،كەچی لەم نێوانە كوردەكان زۆر بێ هێز دێنە بەرچاو بێ هێزی لەڕووی ووتاری سیاسی وبێ هەلوێستی لەسەر كێشە مەترسیدارەكانی عیراق لەبەر سەرقاڵ بوون بەكێشە نێو خۆیی ونەتەوەییەكان عیراقیان لەبیر نەماوە كە وێستگەی یەكلا كردنەوەی گشت كێشەوپرسەكانە،لەناو خۆیاندا داوای یەكڕیزی دەكەن ئەم داواكردنەش بەهۆی بوونی ئەم مەترسیە ڕاستەقینانەیە كە یەك لیست بین یان سەد لیست هیچ لە واقیعە چاوەڕوانكراوەكە ناگۆڕێت.زۆربەی هێزە سیاسیەكان گرەویان لەسەر یەكپارچەیی عیراقە لەسەر مانەوەی ناوچە ناكۆكەكانە لەپال سەنتەردا نەك هەرێم،زۆربەی گرەوەكان دژی ئامانجی نەتەوەیی كوردن كە نزیكەی سەدەیەكە بۆی تێدەكۆشێت.چونكە كورد خۆی لەبیر چۆتەوە نازانێت بۆچی تێدەكۆشێت لەو ڕۆژەوە دەستی كردووە بەرشِتنی خوێنی خۆیی و ڕووی تفەنگی لە سینەی برای خۆی كردوو پشتی كردۆتە دوژمنەكانی لەوڕۆژەوە ئیتر كێرڤی كێشە نەتەوەییەكان بەرەو خوار بوون وبا ئیتر پۆست وپلەی گەورەو گرنكمان لە عیراقیش هەبووبێت چ بایەخێكی هەیە ئەگەر ئامانج لێیان بەرژەوەندی تاك وحیزب وبنەماڵە بێت نەك نەتەوەوگەل نەك تۆلە كردنەوە بۆ سالانی ڕابردوو بۆ میللەت بەلكو تۆلە كردنەوەبووە لە میللەت،نەك قەرەبووكردنەوەیان بەلكو چەوساندنەوەی زیاتریان ،بەڵكو گەیشتۆتە ئاستێك كە تەنها كەنالی ژیان وئازادی تاك لەحیزبی دەسەڵاتەوە ببەخشرێت بە كەسانی تر نەك نەك ئازادی وژیان بكرێتە مافی گشت كەسێك .

مەترسی هێرشەكانی ڕژێمی بەعس ئەوەندەی ئەوڕۆ نەبوو چونكە ئەوكات دوژمنت دیاربوو دۆستتیشت هەروەها، بەلام كاتێك نازانیت دۆستت كێیەو نازانیت دوژمن كێیە ئەوكات مەترسیەكان لەناوەوە وەكو كرمی ناو دار كلۆرمان دەكەن،ئەگەرچی لەدەروەدا جوان وگەورە دیاربین بەڵام كە تۆ هەست بەناوەوەی خۆت نەكەیت ئەوكات مردن ولەناوچوون حەتمیەوهەر مرۆڤێك كاتێك هەست بەئازار دەكات ئەگەر مێشكی ساغ بوو بەڵام ئەگەر مێشكی بەنج كرا ئیتر ئەگەر وورگیشی هەلدڕێنی هەستی پێ ناكات ،بۆیە بیرمەندو نووسەران وڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە ئەوانن مێشكی هەر نەتەوەو گەلێك كاتێك كۆمەلگا لەهەر مەترسیەك هۆشیار دەكەنەوە ئەبێت بەجیددی قسەكانیان وەربگیرێت،ئەگەر وانەبێت ئەوا وەكو ئەو كەسە وایە كە عەقلی پێی دەڵێت ئەم ڕێگایە بەردەمت مەترسیدارە پێیدا مەڕۆ كەچی ئەو سەرەڕۆیی دەكات وملی ڕێگا دەگرێتە بەر بۆیە سەرەنجام هەر خۆی دۆڕاو دەبێت!!!بەڵام كاتێكیش ئەم هەموو خەلكە بیرمەندو رۆشنبیرە ئاگاداری دەسەڵات دەكەنەوەو ئەمیش ئەوە بە دژایەتی خۆی بزانێت نەك دلسۆزی وبە دەنگێكی ناسازی بزانێت نەك پشتیوانی خۆی لەئەنجامدا دەسەلاتەكە بەرەو لێژایی ودۆڕان هەنگاو دەنێت لەجیاتی سەركەوتن وگۆڕان.

ئەمڕۆ لە عیراق لیستی نوێ پەیدابوون سوننەكان دابەش بوون وشیعەكان بوون بەچەند لیستی جیاواز وبەهێز،كوردیش بەهەمان شێوە پێدەچێت بەلیستی جیاواز بەشداری بكات بەلام لەهەمبەر لیستەكانی تر بێ هێز دیارن،كورد حەز دەكات بەیەك لیست بچێتە ناو ململانێكەوە بەڵام دیارە ئەوە تاوەكو ئێستا تەهاتۆتە دی ،لاوازی كورد لەوەدایە لەناوخۆی تەباو كۆك نیە وەكو كەسێكی نەخۆش چۆتە ناو گەرمەی كێبڕكێیەكانەوەونازانێت چ گوتارێك بهۆنێتەوە،چونكە ئەو سەردەمە بەسەر چوو ئەگەر بتەوێت گووتاری ناوەخۆت جۆرێك بێت وگووتاری دەرەوەت جۆرێك ئێستا هەموو نەهێنیەكان ئاشكرابوون،ئەوانەی چەندین ساڵە بەشان وباڵی خۆیان هەڵدەدەن وخۆیان بەپاڵەوانانی مەیدانی دۆزی كورد دادەنێن دەركەوت هیچیان نەكردووەو هیچیان بۆناكرێت ،بۆیە مرۆڤ بەڕأستی گریانی بۆحالی كورد دێت.دۆزی كورد ئەگەر لەم چەند سالەی دوای ڕاپەڕین خاوەنێكی باشی هەبوایە ئێتسا كورد دەوڵەت دەبوو بەڵام دوای شەڕی ناوەخۆ ومردنی دیموكراسیەتی راستەقینەوزالبوونی حیزب بەسەر حكومەتداووپەرەسەندنی گەندەلی لەگشت كایەكانی دەسەڵات وچەندین كێشەی ئیداری تر كە تاوەكو ئێتسا ئاسۆی چارەسەركردنیان لە زۆر دوورەوە دیارنیە .ئینجا مەترسی گەورەتر لێرەدایە ئەگەر خەلك بەشداری هەلبژاردن نەكەن لەبەر بوونی ئەم نادادی وبوونی تەزویر وخروقات لەهەلبژاردنەكاندا،بەڵام بوونی لیستی دەرەوەی دەسەڵات تاڕاددەیەك هاندەرە بۆ بەشداری كردنی خەلك بەو ئومێدەی بتوانن كورسی لە بەغدا بەدەست بهێنن تاوەكو لەوێ بەرگری لە مافی نەتەوەو خەلكی كوردستان بكەن دوور لە هەموو نەهێنیەك وئاشكرا كردنی گشت هێلە شاراوەكانی پشت چەقبەستنی كێشە كان.

زۆر جێگای خەمە كاتێك دەبینی ڕۆژنامە نووسێك یان هەر كەسێك باسی بابەتێك دەكات وڕەخنە لە لایەنە نێگەتیڤەكان دەگرێت كەچی لەولاوە لەجیاتی ئەوەی بەدواداچوون بكرێت بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت،كەچی لەلایەن هەندێ كەسەوە هەوڵ دەدرێت ئەو كەسە بێدەنگ بكرێت !!!ئەمە لەكوێی دیموكراتیەت جێگای دەبێتەوە؟كلتوری بێدەنگ كردن وكپ كردن چارەسەر نیە لەهەمان كاتدا گەورە كردنی شتە بچووكەكان چارەسەر نیە.ئەگەر هەوڵ بدرێت نووسینە ڕەخنەییەكان نەهێلرێن لەجیاتی ئەوان پێهەلگووتن ببێتە باو ئەوكات هەموو كەسێك دەتوانێت ئەوە بكات بۆ دەست كەوتێكی كاتی تەنها ئەوانە نەبن كە ویژدانیان زیندووە،ئەوكات خراپترین دوژمن دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ڕیزەكان ولەپشتەوە خەنجەری تیژی خۆی بوەشێنێت،ئەگەر پێوەر دلسۆزی بكرێتە ئەوە كێ دەتوانێت زیاتر بەشان وشكۆی دەسەڵات هەلبلێت ئەوە بوارێكە هەموو كەسێكی بێ ئاست پێی دەكرێت،بەڵام كاتێك پێوەری دڵسۆزی دەكرێتە ئەوە كێ دەتوانێت ڕەخنە بگرێت وپرۆژە پێشكەش بكات وبەكردەوە دلسۆزی خۆی بسەلمێنێت ئەوكات مەیدان چۆل دەبێت وتەنها ئەوان دەمێننەوە كە لە ڕەسەنایەتی خۆیاندا دەیانەوێت كار بكەن ودلسۆزن نەك ئەوانەی لەناخەوە دۆڕاون ودەیانەوێت تۆلەی دۆڕان وتێشك شكانی خۆیان لەوانی تر بكەنەوە.زۆر ئاسانە بەشەڕ هێنانی دوو كەس یان دوولایەن وزوڕنا ژەنین بۆ شەڕ بەڵام ئەوەی كەزۆر ئەستەم وگرانە ئەوەیە بتوانیت كەسێك فێری شتێك بكەیت بەسوود بێت بۆ خۆی جڤاكی خۆی،بێگوومان هەموو كەسێك لەكاری ئاسان وەستایە بەڵام كاری ڕاست وگران پیاوی تایبەتی خۆی هەیە،ئەو كەسانەی بۆ راست كردنەوە ئامادەن بەرژەوەندی خۆیان بخەنە ژێر پێوە ئامادەن واز بهێنن لە كورسی وتەلارو مووچەی خەیالی وپۆستی بالاكەمن بەڵام هەر ئەوانیشن دەتوانن جڤاكی خۆیان رزگار بكەن.ئەگەرچی بەژمارە كەمن بەڵام بەبوونی خۆیان زۆرن وزۆریان پێدەكرێت.

بۆیە ئەگەر دەسەلاتی كوردی دەیەوێت لەم بارودۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت دەبێت هاناو هاواری خۆی بۆ ئەم فریاد ڕەسانە ببات و پێیان بلێت فەرموون كە گران وسەختە بەڵام تەنها چارەسەرە،ئەگینا كەشتیەكەمان نقوم دەبێت وكەسێكیش نابێت دەری بهێنێت جگە لە خۆمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە