دوا نامه‌م بۆ تاله‌بانی: ئه‌مه‌ش به‌شێک له‌ سیڤییه‌که‌ی تۆ

Friday, 18/01/2013, 12:00

6407 بینراوە


بیر ئه‌كه‌مه‌وه ‌له ‌سه‌ر زه‌مێنێكدا ده‌ژیم
په‌ڵه‌یه‌كی ‌ناسكی ‌دوو ڕووی‌ له ‌سه‌ره‌
ئه‌مه ‌هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه ، که ‌‌ئه‌بێ ‌بیزانن
"گۆنتەر کراس"
----------------------------
گەرچی "جەلال تاڵەبانی" خۆی وا ئامادەکردبوو هەردوای تەواوبوونی کاتی سەرۆک کۆماری تەشریفاتی لە ئەستەمبوڵ نیشتەجێ ببێت و دەست بکات بە نووسینەوەی بیرەوەرییه‌کانی خۆی، بەڵام بەخت یاوەری نەبوو لە دوای ئەو قسەیەوە بۆ چەندین جار لەبری چونی بۆ ئەستەمبوڵ ئەوەتانێ هەر بەوە دەگات بەخێرایی بگەیەنرێتە نەخۆشخانەکان و ماوەیەک لە ژێر چاودێری و نەشتەرگەرییه‌دا بێت ، بەڵام ئەم جارەیان هیچ لە جارەکانی تر ناچیت و هەموو هێماکان دەڵێن تاڵەبانی چوو نایەتەوە ناوتان . کەس نییە لە یاسای سروشت خۆی دەرباز بکات، چۆن هاتنە دنیا دوور لە ویستی خۆتە، ئاواش مردن هەمان پرۆسێسە و کەسمان لێی بەدەر نین بەخودی تاڵەبانیشەوە. بەڵام سەیر لەوەدایە کە هەندێک کەسی هەلپەرست و ماستاوچی دەیانەوێت لە ڕووی درۆ و دەلەسەوە پێمان بڵێن تاڵەبانی نەمرە و ئەو بەشێوەیەکی ئەفسانە ده‌چێته‌وە لایان، نووسین بەناو هۆنراوەکان جگە لە ڕێکاریی و درۆ و ماستاوکردن هیچی تری لەهەناویدا هەڵنەگرتووە، بیرمانە و لە ناوهەناوی ئەو مێژووەدا ژیاوین کە چەندە بەسەرو پۆڵاکی سەدام حسێنیشدا هەڵیان دا ، بەڵام هەمووی چووە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ناخۆشی ئەو پەیامە درۆزنانە لەوەدایە کە وای کردوە خەریکە تاڵەبانی نه‌ناسینەوە و وەک قارەمانێک دەیانەوێت وێنای بکەن و نزا و پاڕانە و نۆکاو بەخشینەوە و خوێندان و خێر و چاکه‌یان وا ناشرین کردوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی قێزەون و هەموو کارتەکانیان تێکەڵی یەک کردوە، دەیانەوێت پێمان بڵێن، ئەو دەڕوات با خیانەتەکان و پلانەکانی نەدەینەوە بەچاویدا و قەیناکە هەر چۆنێک بووە ئەو تەمەنێکی بۆ ئێمە و لەپێناوی ئێمەدا داناوە . لێرەوە پێتان دەڵێم بوەستن ، میللەتی خەوتوو! ئەمەش کە دەینووسم مشتێکە لە خەرواری پلانەکانی تاڵەبانی و لە شێوەی نامەیەکدا بۆی دەنێرم. تاکو بزانێت لە سەرە مەرگیشدا کەسانێک هەیە دەیانەوێت مێژوو وەک ئەوەی ڕووی داوە بنووسرێتەوە ، نەک وەک ئەوەی ئێوە دەتانەوێ بینووسنەوە.
نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم؟ 
* جەلال تاڵەبانی ئەو کەسەیە کە مانگانە لە سەفارەتی میسری جونەیهی  بۆ بڕابووە ، چۆن؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە دەبێ لە دەمی خۆیەوە بیبیستین .
*تاڵەبانی یان چاکتر بڵێم جەلالی لە باوەشی ڕژێمی عێراقدا لەساڵی ١٩٧٠ ئاشبەتاڵی کرد و ئیتر قۆنتەراتەکەیان وەستان کە قۆنتەراتێکی هێندە خوێناوی بوو بەکرەجۆ و هەمەدان لە هەناویدا سەدان چیرۆکی پڕ تراژیدیای لە خۆیدا شاردۆتەوە .
* تاڵەبانی یەکەمین کەس بوو کە لە سوریا خه‌به‌ری له‌ ئازادی پاسۆک دا و وتی ئه‌م که‌سه‌ خه‌ته‌ره‌ داوای هه‌ر چوار پارچه‌که‌ ده‌کات. له‌ زمانی جه‌لال تاله‌بانییه‌وه‌ به‌ پاسۆکه‌کانیان ده‌گوت کورد کوژە .
* دوای ئاشبەتاڵەکەی بنەماڵەی بارزانی لە باوەشی موخابەراتی سوریادا تاڵەبانی (یەکێتی) دروست کرد و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە لەو مێژووەدا بەشداریان کردوە شاهیدی دەدەن، کە موخابەرات لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو کۆبونەوەکانیان بووە لە دیمەشق و ئاسانکاریشی بۆ کردوون. بۆیە وەک وەفایەک کاتێک زاوایەکی ئەسەد دەکوژرێت" تاڵەبانی  پرسەنامە دەنێرت و خۆی بەخەمخۆریان دەزانێت . زۆرجاران و لە زۆر جێگەدا کەسە نزیکەکان لە تاڵەبانی ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە سوریا دۆستی یەکێتییە، زیادە ڕۆیان کردوە دەڵێن سوریا دۆستی کوردە، کەچی بە بەر چاوی زەقیانەوە سەدان هەزار کورد ناسنامەیان نەبووە و پشتێنی سەوزیش بەرهەمی ئەو دۆستە دێرینەی تاڵەبانی بوو، بەر لە جەڵدەی دەماخەکەشی لە ڕۆژنامەیەکی کوێتیدا تاڵەبانی ووتی کوردەکانی سوریا داوای چەکدار بوونی خۆیان و یارمەتی دانیان لێ کردووم، ئەو نهێنییەی نەبردە ژێر گڵەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنی کە دۆستی عداگیرکه‌رانه‌ و بەوەفایە بۆیان ئاوا سوکایەتی بەنەتەوەکەی دەکات ، ماستاوچیەک دەڵێ تاڵەبانی هەر "چوار پارچەکە چاوەڕێ گەڕانەوەتە".
با ڕژێمی ئەسەد سەرنگوم بێت و مەلەفی تاڵەبانی گەر نەفەوتابێت و دەستمان بکەوێت زۆر نهێنی سەیرمان دەست دەکەوێت، هیوادارم کورد لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی سوریادا دڵسۆزانی کورد دەستی بەو مەلەفانە بگات، کە مێژووی ئەم دوو بنەماڵە خائینەمان بۆ بێنە سەر بەڕە و ئیتر کەم شیعر و شانامەیان بۆ بنووسن و مافی خۆیان وەرگرن لە ڕیسوابوون.
کاتێکیش دوای ئاشبەتاڵ شۆڕش دەستپێدەکاتەوە ئیتر یەکەمین هەوڵیان ناردنی وەفدێکە بۆ لای بەعسییه‌کان بەسەرکردایەتی "عەلی عەسکەری" پاشان کە بەهیچ نەگەیشتن کارەساتی هەکاری لە هەناوی ئەو شاخ و چیایەدا ڕووی دا و ژمارەی قوربانییه‌کان گەیشتە ٧٠٠ کەسی لەخۆبورده‌ و شۆشگێڕ، بەڵام کاتێک پار لەیادی ٣٥ ساڵەی دروستبوونی یەکێتیدا تاڵەبانی دەستی کرد به‌ گێڕانەوەی مێژوو ، هێندە ئازایه‌تی تێدا نه‌بوو بڵێت کێ بکەری ئەو هەموو تاوانە بوو، گفتوگۆکردن لەگەڵ دوژمنانی کورددا لە خوونی تاڵەبانیدایە، لەساڵی ١٩٨٤دا بەبێ مەرج و بە پلان شەڕی ئێرانی ڕاگەیاند و دوایش بەرەو بەغدادی تاوان ڕۆیشت و خوێنی نوێ کردە گیانی بەعسەوە، پاشان دەیان قارەمانی وەک سەید کەریم، مامەڕیشە قوربانی دەستی ئەو گفتوگۆ بێ ناوەڕۆکە بوون و بە پلان ئەوانە بوونە قوربانی. قالە فەرەج خۆی ووتی لەناو خێمەکەوە هەواڵمان بۆ هات کە ڕیشە پلانی چی هەیە، واته‌ تاله‌بانی خۆی خه‌به‌ری له‌ مامه‌ ریشه‌دا، کاتێک لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا تاڵەبانی خیتابی دەدا و ڕیشە قاتێ شاڵ و کوڵەباڵێکی لەبەردابوو تاڵەبانی لەدەمی دەرچوو ووتی: جەماوەری بەشەرەف ئەمەش مامە ڕیشەیە، ئیتر خەڵکەکە هێرشیان برد و قسەکانی تاڵەبانی بوو بە ژێر دەست و پێی خەڵکەوە، ئێوارەکەی ڕیشە زیندانی کرا و ڕیشی تاشرا، لە گوندی زێوە، من شاهیدم ئەوسا ئاوا بیرمان نەدەکردەوە، بەڵام ئێستا چەند ساڵێک بەسەر چووە، دەزانین چی لە هەناوی ئەو کردەوانەدا خۆی مەلاس داوە، پاش ماوەیەک گفتوگۆ هیچی لێ سەوز نەبوو، جارێک تاڵەبانی ڕۆیشت و مارسیدسێکی ڕەش و چەند لانگرۆزەری وەرگرت و زیاتر لە دوو مانگی پێچوو، پاشان لە سێروان سیمناری کرد، من لەوێ بووم باسی گفتوگۆی شۆڕشی کرد ، یەک دوو ڕۆژی خایاند دوای کرا بە کتێبێک بەناوی" گفتووگۆی شۆڕش لەگەڵ میری" ئەو دەم ئاماژەی بە هودنە دا و نە شەڕ،  نە ئاشتی، ئەوەبوو کاتێک که‌ داستانی "دابان هەلاج" کرا، بەردەوام بەشە خۆراک هەر دەگەیشتە شارباژێڕ، هەر له‌ کاتی گفتوگۆکەشدا بۆ گۆڤارێکی عەرەبی قسەی کرد ووتی "سەدام دادوەرە و دوژمن نییە " 

لەچاو تروکانێکدا دوای شەڕ بوونەوە، لەگەڵ ڕژێمدا کوردستان پڕ بوو لە پاسدار و دەیان سەدان پایگایان کردەوە، دەیان سەڵاواتی دانرا، وەنەبێت هەر تاڵەبانی و یەکێتی پاسداریان کێش کردبێت، بەڵکو ناوچەی ژێر دەستی پارتی خراپتر بوو. کاتێک بەعسییه‌کان هەموو ڕۆژێک وەک حەبی نەخۆش دوای گەڕانەوەیان لە بۆردمانی شارەکانی ئێراندا دەگەڕانەوە بۆ وێزەی گوندنشینەکان و هەر ڕۆژەی لە چەند جێگەیه‌کیان دەدا و سەدان کەس لەو هێرشانەدا شەهید ده‌بوون، بەڵام بۆ تاکەجارێک چییە، بارەگای تاڵەبانی بۆردمان نەکرا، لە گوندی" یاخسەمەر " وەک ئەوەی تاڵەبانی غیتای مۆسکۆی دانابێت و کەس نەبێت ئەو دیوارە ببڕێت . بەڵام کاتێ ئەنفال دەستی پێکرد تاڵەبانی لە ئەوروپا بوو. هەر یەکەمین ڕۆژ فڕۆکە جەنگییه‌کانی ڕژێمی عێراق لە گوندی یاخسەمەریان دا، بەر لەوەی بە شەو بە ڕاجیمەی کیمیاوی لە گوندەکەی دا و چەند کەس شەهید بوو، خێزانێک تاکە کەسیان ڕزگاریان نەبوو ، بۆردمانی فڕۆکەکانیش سێ پێشمەرگەی شەهید کرد (کەمال بۆزانی، غەفور چاوجوان ناسراو به‌ "سورکێو"، لەگەڵ خوشکەزایەکی کاک سەڵاح چاوشیندا، ناوەکەیم بیر چۆتەوە). لە گەڕانەوەشیدا دوای ئەنفال کە د. کەریم کۆی شانۆیەکی بۆ ڕێخست و لەسەردەشتەوە بە کەژاوەی کۆمەڵێک ئۆتۆمۆبێلەوە گەڕایەوە قاسمەڕەش.
نەوشیروان لە شەڕە مێدیاکەی گۆڕان و یەکێتیدا پەردەی لەسەر نهێنیەک لادا، کە ئاغای تاڵەبانی ووتبووی "ئاخ بۆ یەک دوو هەڵەبجەی تر " کاتێک ڕاپەڕین بوو به‌ په‌له‌ تاڵەبانی گەڕایەوە لە ڕێگەی سوریاوە یەکەمین شت، کە کردی نەهێشتنی شوراکان بوو ، نەیهێشت شوراکان ئەو هێزەی خەڵک دروستی کردبوو  بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی شاره‌کان، لەباری برد و بەخێرایی خۆی گەیاندە بەغداد .
 لەم ڕۆژانەدا "حەمەی حاجی مەحمود" بانگ کرابوو بۆ ئەوەی قسە لەسەر کەسایەتی تاڵەبانی بکات، ئەو  ووتی تاڵەبانی تاکە کەس بوو کە لێبوردنی گشتی نەیگرتەوە کە سەدام دابووی. ئەمە سیاسییه‌کەمانە چ پێکەناوییە مرۆڤ کاتێک نەخوێنەواربێت و قسەش لەسەر سیاسەت بکات! 
شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکاران لەو ڕۆژەوە بڕیاری لەسەر درا کە تاڵەبانی بە هێلکۆپتەری تورکی گەڕایەوە ماڵەکەی "عێزەد دوری" لە هەولێر ئەو ماڵەی ئێستا نێچیر ئیدریس داگیری کردوە . کاتێک بە دوو جانتای پڕ لە پارە گەڕایەوە کاک " نەژادی حاجی برایم" لە جێگەیەکدا باسی ئەو گەڕانەوەیەمان بۆ دەکات و خەندەی سەر لێوی تاڵەبانیمان بۆ دەگێڕێتەوە، پاشان لە دەورەی دەرچوانی کادێرانی یەکەمدا لە هەولێر گۆڤارێکی پارتی کرێکاران دەخوێنێتەوە و هەڕەشە دەکات کە ئەوان بەخائین ناویان بردوە . 
ئەوە زەمینەی شەڕی یەکەم بوو لەگەڵ پارتی کرێکاراندا، ئیستا مێدیای یەکێتی بووە بە مێدیای پارتی و بەچرکەش هەواڵی ئەو سێ شەهیدەی پاریس فەرامۆش ناکات . نازانن سەردەم گۆڕاوە و خەڵک خوێندنەوەی بۆ پشتی ڕووداوەکان هەیە ؟
جگە لە شەڕی ناوخۆ (کێ تاوان بارە؟) ئەوە مێژوو قەزاواتی لە سەر دەدات، بەڵام ناتوانن حاشا لەو پلانە بکەن، کە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ میتی تورکیدا کێشابووی تا هەموو سەرکردایەتی پارتی کرێکاران ڕادەستی میتی تورکی بکاتەوە، چونکە کوردستانپۆست لە دەرخستنی ئەو خیانەتەدا پشکی شێری بەرکەوت و نەیان هێشت ئاوا سانایی بەسەریدا باز بدەن و ڕیسوای ناو خەڵکیان کرد.
لە هەمووی سەر سوڕهێنەتر ئەو کاتە بوو، کە تاڵەبانی لە ڕۆژنامەی (ێلمشاهید اڵسیاسی ، ژ ٤٨ ساڵی ١٩٩٧) ووتی :
کورد میللەتێکی لێبوردەیە پەیمانی بە حسێن کامیل داوە لە لەندەن، کە بێت لە کوردستان بارەگای بۆ دەکاتەوە و دەشزانێ ئەوان هەندێک تاوانیان کردوە، بەڵام تاڵەبانی دەیبەخشێ، چونکە کورد بەخشندەیە بەرامبەر بە دوژمنەکانی، هەر بۆیە هەرچی بەعسی و تاوانبارن هەموویان ئەمڕۆ لە کوردستان تەراتێن دەکەن. کاتێکیش ئەمەریکییه‌کان سەدامیان گرت، تاڵەبانی بەرگری لە ئەستێرە درەوشاوەکانی سوپای عێراق دەکردەوە و دەیووت و پەیمانی پێدەدان، کە ئەو ئامادەیە لەگەڵ سەدامی نا، بەڵام لەگەڵ بەعسییه‌کاندا حوکمەتی هاوبەش پێکەوە بنێت، بۆیە لە کەیسی نزار خەزرەجیدا، دەیان نامە خۆی نمایش کرد کە لە لایه‌ن فوئاد مەعسوم و مەسعود بارزانییه‌وه‌ نێنرابوون بۆ دادگای تاوانەکانی دانمارک. تاڵەبانی بەوە نەوەستا تا سەرۆکی مخابەراتی عێراقی کردە موستەشاری عەسکەری خۆی، ئەویش بۆ تامی تامی، زوو زوو لە ڕۆژنامەکاندا دەیووت دوێنێ شەو تاڵەبانی لەگەڵ چەند سەد ئەفسەری کۆنی سوپای عێراقدا کۆبۆتەوەو شەوەخوانی کردوە و نوکتەی بۆ کردوون.


تاڵەبانی بوو به‌ شاعیر و بۆ فەخامەتی شیعەیەک دەیشیعران، کەچی ئێستا تاڵەبانی لە لێواری مەرگدایە و باوکی ئەو ئاخوندەی تاڵەبانی بۆی ئەیشیعران دەڵێ "موقتەدا سەدر" دەبێ بەزووترین کات جێگەی تاڵەبانی پڕبکرێتەوە و پۆستکەی بدرێتە کەسێک شیاوتر لە تاڵەبانی.
 ساڵی ١٩٩٢ لەپەرلەماندا بڕیاریان دا دژی پارتی کرێکاران شەریان ڕاگەیاند، کەچی لە مانگی مایسی ١٩٩٤دا بەربوونە گیانی یەکتری و هەزاران دەلاقەیان کردە گیانی نەتەوەیەک، کە تا ئێستاش سەدان خێزان نازانن باوک و کوڕەکانیان چارەنووسیان بەچی گەیشتوە.
تاڵەبانی 40 دانە ساڵ دژی بنەماڵەی بارزانی لە شەڕدا بوو ، بەڵام لەگەڵ قانعی فەردا چاوپێکەوتنی کرد و ووتی "من سۆفیەکی پاکی بارزانیم". بەوەشەوە نەوەستاو لە داخی گەرمیان و ئەنفال کراوەکان ٤٠٠٠٠٠ دۆلاری بەخشیە گۆڕی شێخەکەی بارزان . تەنها بۆ ئەوەی بە پۆستی سەرۆکایەتی عێراق بگات . گەیشت، بەڵام هیچی نەکرد چونکە نەوسنی و زۆر خۆریی ڕێگەی پێنەدا بۆیە لەجێگەیەک "زاڵمای خەلیل زادە " باڵوێزی کۆنی ئەمەریکا ووتوێتی لەگەرمەی تەقینەوەکانی بەغدادا تاڵەبانی زەنگی بۆ لێدەدام و دەیووت وەرە لە سلێمانییه‌وە سەر و پێم بۆ هاتوە.
خوێنەر دەتوانێ بیرەوەرییه‌کانی "پۆلبریمەر بخوێنێتەوە" ئەوسا بۆی دەر دەکەوێت تاڵەبانی چ کەسایەتییەکە "بیرەوەری ساڵێک لەعێراق" کە باسی تاڵەبانی و بارزانی و بەرهەم دەکات ،چ جای کەسایەتیەکانی عەرەبیش .
لە کاتێکدا مالیکی ئیمزای کرد لەسەر سێدارەدانی سەدام تاڵەبانی بەخێرایی خۆی گەیاندەوە سلێمانی و ووتی من ڕێزم هەیە بۆ واژۆی خۆم ، ئەوەبوو لەمەرگی سەدامدا کورد دۆڕاوی یەکەم بوو . تاڵەبانی بەوەشەوە نەوەستا لەچاو پێکەوتنێکدا نهێنیەکی سەیر باس دەکات، کە لەگەڵ ڕەحمەتی بارزانی تکریتیدا دۆستایەتیەک دێرینیان هەیە و ئێستاش کرێ خانۆکەی بۆ دەنێرێت ، واتە بۆ منداڵەکانی دەنێرێت بۆ ووڵاتی سویسرا .
تاڵەبانی لەبەر خاتری عەشیرەتێکی عەرەب ، جەلادێکی فڕۆکەوانی ئازاد کرد "تاریق ڕەمەزان".
تاڵەبانی دەستی هەبوو لە تێکشکاندنی کورددا لە شاری کەرکوک، ئەودەم گورد 55 کوسی پارێزگای کەرکوکی بەدەستەوە بوو، بەڵام کە بۆ ماوەی هەفتەیەک نیشتەجێ بوو کوردی کردە ژمارەی سێ هەم و کورسی پارێزگای لەسەر تورکمان و عەرەب و کورد بەبرا بەشی دابەش کرد. کاتێکیش تورکمانەکان تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد، تاڵەبانی وەک تۆڵەکردنەوە 150 خانوی بۆ تورکمانه‌کان کرد و جێگرێکی تورکمانیشی بۆ خۆی دەستنیشان کرد .
ئەوەش بەرهەمی چاکەی سەرانی کورد
کاتێک لە دادگای تاوانەکانی عێراق کەیسی ئەنفال و بەشداربوانی هاتە پێشەوە و کەیسی موستەشارەکان بووە کەیسێکی جدی و داواکران "بارزانی و تاڵەبانی و کۆسرەت" و خەڵکانی تریش بوونە پشت و پەنای ئەو خۆ فرۆشانە .
کاتێک، کە فایلی سیخوڕەکان لەناو یەکێتیدا دەرچوو، بەنموونە " سەعدی ئەحمەد پیرە " هەر زوو سه‌عدی پیره‌ی خائین ووتی: گەر من بانگ بکەن بۆ دادگاییکردن ئەوە هەموو شتێکی ژێر بەڕە دەهێنمە سەر بەڕە. بۆیە بەخێرایی پلینوێمێکیان گرت لەجیاتی دادگایکردن، به‌ چەپڵە ڕێزان ئازادیان کرد.
تاڵەبانی وای لێهات لە ماوەی ئەو شەش ساڵی سەرۆک کۆمارییەیدا دەیان جار . قسەی پوچی بەخەڵکی کورد ووتوە، بە نووسەرانی دەوت با وەک سەك بە مانگە شەو بوەڕن، دەیووت دروستبوونی ووڵاتی کوردی خەونی شاعیرانەیە. ئەوەی بیر لە ئازادی بکاتەوە بێدەماخە. کورد گەلێکی لێبوردەیە. که‌رکوک شاری برایەتی و تەباییه‌. لە سەر گۆڕی جەلادێکی وەک ئەتاتوک گولی داده‌نا.
گەرچی ئەمساڵ تاڵەبانی لە شەشی کانوندا لەوێ نەبوو، بەڵام خەریک بوو ڕۆژی درووستبوونی سوپای عێراقی دەکرد بەڕۆژی نیشتمانی و لە سلێمانی بەعەرەبی خیتابی دەدا و لەسلێمانی پشوی ڕاگەیاند بۆ سوپایەک کە هەزاران تاوانیان دژی گەلەکەمان کردوە .

هه‌روه‌ها بە ئەفسەرە جەلادەکانی دەوت ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی گەشاوەی عێراق.
تاله‌بانی هه‌زاران جار گاڵتەی بە نەتەوەی کورد کردووه‌ و لەوێوە بەدەیان جار بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی دەوت چەکەکانتان دانێن باوی تفەنگ نەماوە ، کەچی کە دەگەڕێتەوە دەباشان دەبێتە سەربازگا و لە فڕۆکەخانەوە بۆ دەباشان سەدان چەکداری لەگەڵدایە. کاتێکیش دەچێتە ئێران لەسەر گۆڕی خومێنی لوشکە لوشک دەگری و دەڵێ چەکەکانی پەژاکمان بێدەنگ کرد. 
دەیان تێکۆشەر لە سنوری دەسەڵاتی تاڵەبانیدا کوژران و تیرۆر کران بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
سورییه‌کان و ووڵاتانی عەرەبیش بێبەش نەبوون لە قسەو بۆ چونەکانی ئەم کەسایەتییە کە هەمووی پلانە بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی کورد.
بۆ بیر هێنانەوە بیرتانە لەگەڵ ڕۆژنامەیەکدا چاوپێکەوتنی کرد و ووتی هەموو جارێک بە دایکی پاڤێڵ دەڵێم کە مردین خەمت نەبێت شارەوانی لاشەکانمان دەشارێتەوە، کەچی کە چوە ئەمەریکا پارەی دەخستە ژێر سەرینی سەربازە ئەمەریکییه‌کانەوە کەچی لەعێراقەکەی تاڵەبانیدا 8 ملیۆن هەژار هەیە . ڕۆژنامەنوسە بێگانەکە لە گەشتیکدا دەبێت لەگەڵ تاڵەبانیدا مستێ دۆلاری دەداتێ و ئەویش لێی وەر ناگرێ . هەر باسی پارە و ناشتنی بەدەست شارەوانی ، ئەو خەستەخانەیەی ئەمڕۆ تاڵەبانی لێکەوتوە بەرلەماوەیەک خەریکی داخستنی بوون لە بەر کێشەی ئابوریی، ئیستا تاڵەبانی بە لێشاوی پارەوە چۆتە لایان هێندەی لێ دەکێشنەوە ڕەنگە کێشەی ئابوری ئەو خەستەخانەیە بە بۆنەی تاڵەبانییه‌وە چارەسەر بێت ، چونکە نەخۆشییه‌کی چەورە. داخۆ باشتر نەبوو تاڵەبانی ڕازی بوایە بەوەی لە خەستەخانەی 400 قەرەوێڵیەکە چارەسەر بکرایە . 
ئەمەی نوسیومە مشتێکە لەخەرواری مێژووی تاڵەبانی
بەس نەبوو" تاڵەبانی" وەک "خۆسیه‌ موخیكای‌" سه‌رۆكی‌ ئۆرۆگوای نەبوو خۆ دەی خواردین ئەو پیاوەی کە به‌ هه‌ژارترین سه‌رۆك له‌ج یهاندا داده‌نرێت مانگانه‌ 90%ی موچه‌كه‌ی‌ كه‌ هه‌زار دۆلاره‌ ده‌داته‌ فه‌قیر و هه‌ژاری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ش دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌ ساڵی‌دا . ته‌ماشای ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە