شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوەکان داوا لەگەنجانی کورد دەکەن واز لە خزمەتکردنی دوژمنان بێنن

Thursday, 27/03/2014, 12:00

2301 بینراوە


نەتەوەیی کورد بە درێژای سەدان ساڵە بە دەستی دوژمنان و داگیرکارەکانی عەرەبی شۆڤینی و تورکی فاشیست و فارسی عەجەمەوە دەناڵێنن و نیشتمانەکەی داگیر دەکرێت و ئەنفال و کیمیاباران و دەچەوسێنرێنەوە، کەچی گەنجانی باشووری کوردستان بەتایبەتی گەنجانی هەڵەبجەی شەهید، بە شانازییەوە ئەچنە ڕیزەکانی باڵی ئەلقاعیدە، دەولەت ئەلعراق وە بیلاد الشام (داعش).

ئەم ڕاستیانە شاراوە نین و ڕای گشتی ئاگادارە لە ماوەی دەست پێکردنی سێ ساڵ شۆڕش لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەند دەستێکی نادیارەوە چەندین گروپی گەنجانی باشووری کوردستان ڕەوانەی ناو ڕیزەکانی (داعش) دەکرێن بۆ ئەوەی لە سوریا ئەو گەنجانە شانبەشانی دوژمنان دژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرەکانی شەر بجەنگن. ئەمەش مایەی شەرمێکی گەورەیەو لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت.

ئەم کارەی گەنجانی کورد شەرمێکی نەتەوەییە لە ئاست هەموو بەشەکانی کوردستان، چوونکە بەپێی زانیاریە بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنەکان باس لە چوونی بەتەنها گەنجانی باشوور ناکرێت بۆ سوریا، بەڵکوو گەنجانی ڕۆژهەڵاتیش لەماوەی ڕابردوودا بەشداری شەڕەکانی ئەڤغانستانیان کردووە پێدەچێت لەسوریاش بوونیان هەبێت بەڵام کەس پێیان نەزانێت.

شەرمە گەورەکە لەوەدایە چەند گەنجێک لەو گەنجانە کەوا ڕۆیشتوونەتە ناو ڕیزەکانی (داعش) خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە دوژمنانی کورد هیچ کات نەبوونەتە دۆستی کوردو ناشبن. باشە ئەو گەنجانە ئەی بۆ هەڵەبجەیان فەرامۆش کردووە؟ ئەنفالکراوەکانی بارزانییەکانیان فەرامۆش کردووە؟ یان هەزاران بێسەرو شوێنەکانیان فەرامۆش کردووە؟ ئەمانە نموونەیەکن لە خەروارێک.

هەموو ئەو قەتڵوعام و زڵمو ستەمانەی کەوا لەگەلەکەمان کراوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە دەستی عەرەبی شۆفینی و تورکی فاشیست و فارسی عەجەم ئەنجام دراوە. ئیتر بۆ ئەو گەنجانە لەم سەردەمەیا کە پێی دەوترێت سەردەمی عەولەمە بە خۆیانا ناچنەوەو باش بیربکەنەوە. باشە ئەو گەنجانە ئەگەر ڕاست دەکەن بۆ بەرگری لە شەرەف و ناموسوو نیشتمان و سەروەریەکانی گەلەکەی خۆیان ناکەن؟

بەندە، وەکوو گەنجێکی کورد هەروەها وەکوو (ڕۆژنامەنووسێک) داواکارم و هیواخوازم گەنجانی کورد هەست بە بەرپرسیاریەتی ئێخلاقی نەتەوەیی گەل و نیشتمانەکەیان بکەن و باشترو جوانتر بیرکردنەوەکانیان بخەنە کار هاوکات بە ئاسانی فریوی دەستی دوژمنان نەخۆن. هیواخوازم گەنجانی کورد ڕێز لە سەدان هەزار شەهیدی شۆڕشی سەدان ساڵەی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان و گەلەکەیان بگرن بۆ ئەوەی چیدی دوژمنان و داگیرکارانی کورد و کوردستان نەتوانن بۆ مەرامە چەپەڵە ڕەشەکانی خۆیان بەکارمان بێنن. پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سەرجەم دەستکەوتەکانی دیکەی گەلەکەمان و سەروەریەکانی ئەرکێکی ئیخلاقی و نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە بەتایبەتی گەنجانی کورد.

گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە قۆناغێکی هەستیاردایە بۆیە پاراستنی ئەم قۆناغە هەستیارە ئەرکی هەموو گەلی کوردە بەتایبەتی گەنجانی کورد چونکە هێزە نێونەتەوەیەکان بە درێژای مێژووی سەدان ساڵەی ڕابردوو هەوڵی پارچەکردن و پەرتەوازەکردنی کوردانیان داوە، بۆ ئەوەی کورد هەمیشە وەکوو کۆیلەی ژێر دەستی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە ژیان بەردەوام بکەن، بەڵام خۆش بەختانە گەلەکەمان هیچ کات سەری نەوی نەکردووە لەبەرامبەر زڵمو زۆرو ناعەدالەتی دوژمنان و داگیرکاران، هەروەها بەردوام شۆڕش و بەرخۆدانی بێوینەی ئەنجام داوە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی تروسکەیەک ئازادی و دادپەروەری، گەلەکەمان بە دەیان ڕووباری خوێنی داوە لەم پێناوەدا.

خاڵێكی گرنگ هەیە لێرەدا بۆ گەنجانی کوردی گەلەکەم دەیخەمە ڕوو... گومان لەوەدا نییە هەموو مرۆڤێک ئازادە هەڵگری چ بیرو باوەرێکە بەڵام ئێمەی گەنجی کورد ئەگەر چی هەڵگری هەچ بیرو باوەڕێک بین بەڵام ئەرکوو بەرپرسیاریەتی سەرەتای شەرعی و ئینسانی و ئیخلاقی نەتەوەییمان لەسەر شانە کەوا شەرەف و ناموسوو کەرامەتی گەل و نیشتمان و سەروەریەکانمان بپارێزین لەبەرامبەر زڵمو زۆرو ستەمی دوژمنان و داگیرکارانی گەلەکەمان لە هەرچوار بەشی کوردستان. خاڵێکی دیکە ئەوەیە دەبێت گەنجانی کورد هەست بەو بەرپرسیاریەش بکەن ئەگەر دەبینن یان دەبیستن گەنجیکی کورد ڕێگای هەڵە هەڵدەبژێرێت و دەچێتە ڕیزەکانی دوژمنانەوە دەبێت بە زووترین کات هۆشیاری تەواو بدەنە دۆستان و هاوڕیکانیان بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەو ڕێگا هەڵەیە ئاگادار بکەنەوەو ئامۆژگاری دۆستان و هاوڕێکانیان بکەن بۆ ئەوەی گەنجێکی دیکەی کورد ئەو ڕێگا هەڵەیە بۆ جارێکی دیکە هەڵنەبژێرێت و دووبارەی نەکاتەوە.

لە کۆتای ئەم وتارەمدا پەیامێکی نەتەوەیی یانەم پێشکەشی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی مزگەوتەکان دەکەم و پێیان ڕادەگەیەنم هیوادارم مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکان لە ڕێگای پێشکەشکردنی وتارە ئامۆژگاریە دینییەکانیانەوە بتوانن کاریگەریەکی تەواویان هەبێت لەسەر گەنجانی کورد بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگری لە ڕٶیشتنیان بگرن و نەهێڵین ئەو ڕێگا هەڵانە هەڵبژێرن و دژی گەل و نیشتمانەکەی خۆیان ڕێگای هەڵە هەڵنەبژێرن.


بەهمەن ژاوەرۆیی / ٢٧ی ئاداری ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە