کامیان ڕەوایە ؟ شەرعیەتی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی یا شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی

Sunday, 10/04/2011, 12:00

1369 بینراوە


ماڵپەڕی ڕەسمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانPUK Mediaلە تەعلیقێک لەسەر گفتوگۆیەکم وەک ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی لەگەڵ ڕادیۆی زایەڵە کە ڕادیۆیەکی سەراسەریە لە ووڵاتی سوید نوسراوە. ئێمە وەک ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی دوای ٥٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندان و وەڵامنەدانەوەی دەسەڵات بەداواکاریە هەنوکەییەکان کە بریتی بوون لە : گرتن و دادگایی کردنی تاوانبارانی کوشتنی خۆپیشاندەران و لابردنی ئابلوقەی سەر خۆپیشاندان لەهەولێرو بردنەدەرەوەی مقەراتی حزبە چەکدارەکان لەشارو شارۆچکەکان . هەروەها دوای ئەوەش بینیمان مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی ئەم دەسەڵاتە پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ دادگایی کردنی هەزاران خۆپیشاندەری کوردستان دەدات ،ڕامانگەیاند کە ئەم دەسەڵاتە شەرعیەتی لەدەستداوە و دەسەڵاتێکە شەرعیەتی خۆی لە کوشتن و سەرکوتی هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەردا دەبینێتەوە و بەهێزی چەک ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیەی دەپارێزێ. ئێمە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وPUK Media،دەڵیین لە کوردستان دوای ١٧شوبات دنیا گۆڕاوە و لەگوێی چیدا نوستون و باسی کلتوری سیاسی خۆتان دەکەن کە گوایە ئێوە نوێنەری خەڵکن چونکە بەهەڵبژاردن هاتوون و وەکو تاڵەبانی سەرۆکتان دەڵێ شەرعیەتی شۆڕشگێرانەتان هەیە. یەک وەڵامان بۆ ئەم بێ ئاگایەتان هەیە لەوەی ئێوە لەدۆڵێکن و خەڵکی کوردستان لە دۆڵێکی ترە. با بەو کلتورەتانەوە کە دوای کوشتنی خۆپیشاندەران و کردنی شارەکانی کوردستان بەسەربازگە وەرنە سەرای ئازادی و مەیدانەکانی تری ئازادی لە کوردستان و بزانن خەڵک ئێوە بەنوێنەری خۆی دەزانێ یان ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی ، وەرن بزانین شەرعیەتی شۆڕشگێرانەتان و شۆڕشگێر بونتان لەکوێدایە؟ خەڵک دژ بەدەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی هاتۆتە مەیدان و خوازیاری گۆڕینێتی بەسیستمێکی سیاسی ئازاد کە حزبەکان لە چەک دابماڵرێن هەروەک سوید ،ئەگەر PUK کلتوری میلیشیایی دەگۆڕێت بە کلتوری ئازادی سیاسی ئەوکات دەتوانێ باس لەپرەنسیپی سیاسی و هەڵبژاردن بکا ئەگەر نا هەڵبژاردنە تەزویرەکانی سایەی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی خەڵکی خۆپیشاندەر بەپولێکی قەڵب چیتر نایکڕێ . ئێمە وەک ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی نوێنەرایەتی ئەو خواستەی خەڵکی خۆپیشاندەری کوردستان دەکەین کە دەیەویت ئەم سیستەمی حزبی چەکدارەی هەموو سەروەت و سامانی کوردستانی لەدەست چەند بنەماڵە و مەسئولێکی چەمکداردا پاوانکردوە بگۆڕێت بەسیستمێکی مۆدێرنی ئازادی سیاسی کە دەنگدان و هەڵبژاردنی خەڵک دەسەڵاتیکی ڕاستەقینە بدات بەخەڵکی کوردستان کە لەو هەموو داهاتەی کوردستان ژیان و گوزەرانی سەرجەم جەماوەر خۆش بکات . ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی پەیامێکی بۆ حکومەت و پەرلەمانی سویدی و دەوڵەتانی تر هەیە ئەویش ئەوەیە کە چیتر پشتیوانی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی نەکەن و کار و پرۆژەکانیان لەڕێگەی کۆمپانیاکانی سەر بەم دوو حزبەوە نەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ داواکانی خەڵکی خۆپیشاندەری کوردستان دربڕن و لەڕێگای ڕێکخراوە مەدەنیەکانەوە کارو پرۆژە خزمەتگوزاریەکانیان پێشکەش بکەن . ئەوەی تاێستا لەئەندام پەرلەمانەکانی سوید بینیومانە ئەوەیە کە نایانەوێ لە پاڵ دەسەڵاتێکدا بن کە هاوڵاتیان لەسەر خۆیشاندان دەکوژێ و بەچەک حوکم دەکا. ئەمە ئەو کلتور و پرەنسیپە سیاسیەیە کە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی بەدنیای دەرەوە دەگەیەنێ. جارێکی تر دەتوانن لەم ئەدرەسەوە گوێتان لەو گفتوگۆیە بێت.www.sr.se
ئەندامی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە