وەزیری خوێندنى باڵا و سەفەرە گرنگەكانى

Wednesday, 19/08/2009, 12:00

1560 بینراوە


لە هەر ووڵاتێكى دیموكراتی و پەرلەمانى دا كە وەزیرێك بە رەسمى سەفەر ئەكات دواتر ئاكامى سەفەرەكەى باس دەكات و ئنجا بەرهەمەكانى دەردەكەوێت. لەوەتەى ئەم كابینەى پێنجەمە دەست بەكاربووە جەنابى وەزیری خوێندنى بالاً بە دەیان سەفەرى دەرەوەى ووڵاتى كردووە لە ووڵاتانى ئەمریكا و ئەوروپاوە بگرە تاكو دەگاتە ووڵاتانى عەرەبى و ئیسلامی یەوە. دڵنیام لەوەى كە لەوانەیە بەس پارەى ئیفادەكانى بگاتە %5 ى بودجەى وەزارەتەكەى وتاكو ئێستاش هیچ بەرهەمێكى ئەو وەزارەتەمان نەبینیوە تەنانەت نەیتوانیوە یەك كەسیش بنێرێتە دەرەوەى ووڵات بۆ خوێندن جگە لەو 900 دۆلارە نەبێت كە ئەدرێ بەو كەسانەى خۆیان زەمالەیەكیان وەرگرتووە و لێرە واستەیەكیان كردووە و ئەو 900 دۆلارە دەیانگرێتەوە. كەچى چەند رۆژێك پێش ئێستا جەنابى وەزیر پراوپری شاشە هاتە سەر تەلەفزیۆن و وەكو دەستكەوتێكى حكومەتى هەرێم باسی ئەو 67 زەمالەیەى كرد كە بۆ كوردستان هاتووە. ئەگەر یەكێك كوێر بێت و تەنها تەلەفزیۆنەكانى دەسەڵات ببینێ ئەڵێ ئەو وەزیرە بەرێزە زۆر ئیشكەرە و پێویستە لەو كابینەیەى شەشەم دا پۆستێكى هەبێ. بەڵام لە راستیدا ئەو 67 زەمالەیە دەستكەوتى وەزارەت نی یەو هەر وەزیر ئاگاشی لێنەبووە و لە مەكتەبی مالیكى لە بەغدادەوە بە شێوەیەكى عادیلانە و بەپێ ی ژمارەى دانیشتوان و لەسەر فۆرمى خۆراك بەسەر پارێزگاكان دابەش كراوەو تەنها لەرێگەى ئەنتەرنێت پەیوەندى بە مەكتەبی مالیكیەوە دەكەیت و فۆرمى تایبەت پر دەكەیتەوە و بە جۆرێك كە حساب بۆ وەزارەت هەر نەكراوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەم زەمالاتە لە حكومەتى هەرێمەوە بوایە تەنها كەسانى پارتی و یەكێتى شمولیان دەكرد و لەبەر عەیبەش پێش تەواوبوونى مۆڵەتى پێشكەشكردن بە سەعاتێك بەسەر زانكۆكاندا دابەشیان دەكرد بۆ ئەوەى كەسى تر فریای نەكەوێت فۆرم پربكاتەوە. یەكێك لەوبەرهەمانەى سەردانەكانى وەزیر ئەو پەیماننامەیەیە كە لەگەڵ زانكۆیەكى ئەمریكى كردویەتى بۆ باشكردنى مەناهجى زانكۆ, ئەو زانكۆیە ناوی زانكۆی ئەپالاكیانە, توخوا خەڵكینە لە ناو تەسنیفى جیهانى (Ranking) بگەرێن بزانن ئەو زانكۆیە لە زانكۆكانى خۆمان دواكەوتوو تر نی یە؟ پێویستە جەنابى وەزیر روونى بكاتەوە تاكو ئێستا چەند پارەى لە سەفەرە بێ بەرهەمەكانى سەرف كردووە؟ ئایا بەو پارەیە چەند خوێندكاری كورد بروانامەیان لە زانكۆكانى دنیا بەدەست ئەهێنا؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە