عارف قوربانیش مەترسى بۆ ئەمنى قەومى هەیە..!!

Sunday, 20/05/2012, 12:00

1282 بینراوە




هەموو جارێك،كە بابەتێك ئەوروژێت،یان ڕووداوێك ئەبینین و ئەبیستین لەگەڵ ئەوەى خوێندنەوەمان ئامادەیە،بەڵام باشتر وایە لێی بوەستین تاخەڵك بێدەنگ ئەبن ئەوسا قسەبكەین."موكرى" كۆچكردوو،ئەیووت:هەركاتێك دەستم قەڵەمى نەگرت،ئەوا كاتى مردنم نزیك بۆتەوە".ڕاستى یەكەى ڕەنگە ئێمەومانان بەوپلەیە نەبین،بەڵام ئەگەر لەوەها قەزیەیەك بێدەنگ بام ڕەنگە زوو جەڵدەیەك لەژوورى تەنیایمدا یەخەى پێبگردمایە.نا و نا لەبەر هاوڕێیەتى "عارف" و ئەم شتانە.بەڵكو لەبەر ئەو تارماییە ترسناكەى كە هەیمەنەى كردووە بەسەر حوكمڕانى كوردى و بەتایبەت یەكێتى دا.
سەركردایەتیەكى یەكێتى ئەیووت:"ئەم قسانەى عارف قوربانى ئەیكات،زەرەرى بۆ ئەمنى قەومى هەیە..!!".وایەووت،ئەو وای ووت،ئەمە بێئەوەى ئەو لە ماناو مەغزاو ڕەهەندەكانى ئاسایشى نەتەوەیی تێبگات لەم سەردەمەدا،چوار هەزار ماڵى لەشفرۆش و دەیان كیلۆ تلیاك و هێرۆینى بزربوو لەدامودەزگاكانى ئاسایشدا مەترسی نییە بۆ ئەمنى قەومى،(63) پاڵاوگەى نەوت بەنافەرمى كراونەتەوە و كەس نازانێت داهاتەكەى لەكوێیە،(2750) ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی لەسەر بەهەدەردانى پارەو سامانى وڵات مەترسی نییە بۆ ئاسایشى نەتەوەیی،ڕووخاندنى قەبرسانەكان و كردنى بەگەراجى سەیارە بۆ بەرپرسان خەتەر نییە،(18) ملیۆن دۆلارى گۆڕ بزر لەوێستگەى كارەباى كۆیە مەترسی نییە،هەزاران پۆلیس و پاسەوانى بن دیوارو دەیان هەزار خانەنشینى بەناهەق مەترسی نین،(3000) كەس بەپلەى پەرلەمانتارو وەزیر خانەنشین بوون بێئەوەى رۆژێك وەزیرو پەرلەمانتاربووبن،یاریكردنى بەئاشكراى میت و ئیتڵاعات لەم سێ پارێزگایە ترسی نییە،تیرۆركردن و بێسەروشوێنكردنى رۆژنامەنووسان و تاكتیك و گۆڵمەزبۆخوڵقاندنیان ترس نییە بۆ ئەمنى قەومى،بەلێشاو كۆچى پڕداخى گەنجانى كورد بۆ دەرەوەو بە فڕۆكە هێنانى كرێكارو خزمەتگوزارى بیانى بۆ ناوەوە و،ناسەروەرى دادگاو ناهۆشیارى سەركردایەتى حزب و بەكۆمپانیاكردنى مەكتەبى سیاسی و بەمافیابوونى بەرپرس و كوڕى بەرپرس و زاوا و ئاوەڵزاواى بەرپرسان ترسی نییە بۆ ئاسایشى نەتەوەیی،موختەێ بوونى دەزگا ئەمنیەكان بۆ چاودێرى و فڕاندنى كۆمپیوتەرو تێلى چالاكوانانیش هەر مەترسی نییە، هەڕەشەكانى (22) دەوڵەتى عەرەبى و مالیكى و موتڵەق و ێەدریزم هەر زۆر ئاساییە.گشت ئەم هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكیانە هیچ نین،بەڵام "نوسینەكانى عارف قوربانى" مەترسی بۆسەر ئەمنى قەومى هەیە..!!.من بەپێچەوانەى ژمارەیەكى زۆر لەخەڵكەوە،زۆر خۆشحاڵبووم بە دەركردنى "عارف قوربانى" چونكە یەكەم: قەد قابیل نییە ئەویش چاودێرى هەڵس و كەوت و نوسینەكانى نەكرابێت،دووەم:ئەم عارفەى ئێستا مەعروفترە،بیركراوەترو ئازادترە،هەرچییەك بێت و هەرچییەك بووبێت لەوان ناچێت.ئەزانن بۆ ئازادترە؟؟ئەو ڕۆژەى "مالیكى هات،هەموو سەر سەعاتێك لەخەت بووم لەگەڵ پاریزگاو پەرلەمانتاران و وەزیرەكان،شەوەكەشى لە تیڤى میوانبوین،پێش نوسینى وتارەكەى گشت قسەكانى ناو نوسینەكەى لەسەر مالیكى پێوتم،بۆ سبەى رۆَژ ووتى" قسەكان نەكەى بەخوا سەرى منى خوارد.".پێم ووت" دەمێكە گرفتى سەرخواردنم لەكۆڵ بۆتەوە." ئیشى ڕۆشنبیر ئەوەیە،قسەبكا،ڕەخنەبگرێت،بخۆێنێتەوە،پرسیار دروست بكا،ئازا بێت،ئازادبێت. خۆى دوور بگرێت لە: تەشهیرو تەخوین و بابەتى بێ بەڵگەو داتا.
یەكێتى لەو حزبانەیە كەهیچ باكى بە رۆیشتن و كوشتن و كۆچ كردنى كادرەكانى خۆى نییە،قەناعەتمە بەشێك لەوانەى كاتى خۆى بوون بەجاش و موستەشار بە ئارەزوو حەزى خۆیان نەبوو،ئەمان ناچاریان كردن و ڕاویان نان،یەكێتى تەنها لەم ساڵەدا بەشێوەیەكى ناشرین "بەكرى حاجى سەفەر"ى لەناكاو ڕەوانەى ماڵەوە كرد،ئاخر ئەبێت چى وا لە "بەكرێك" بكات پاش (40) ساڵ لە یەكێتى بوون و كۆمەڵەبوون بلًَێت:" من هەر یەكێتیش نیم".لەسەر شیعرێك بەتەلەفۆنێك "رەنج سەنگاوى" یان ڕەوانەى ماڵەوە كرد،دنیایەك فەزاحەت و گەندەڵیان بەقایمقام كرد و بەو دەردەشیان برد،ماوەیەكى زۆر لەسەر یەكێتى حیسابووین بەڵام هیچ حسابێكمان نەبوو،كاتێك لەپرۆسەى ئازادى بریندار بووین ئەوان لەكەركوك خەریكى فەرهوود و تاڵانى بوون،كەسیان بیرنەما،دوایش وایان بەكەركوك كرد كەئەیبینین.لەناكاو بەرپرسێكى زل تەلەفۆن ئەكاو" ئێوە هەردەمن،بۆ كوێ ئەچن بچن،ئێوە زەرەرى دنیاتان بۆ ئەمنى قەومى هەیە،بۆچى لە جەریدەكانى یەكێتى نانوسن،لەملاو لا قسەئەكەن،ئێوە چوونەتە ڕیزى نەیارەكانى یەكێتیەوە"..ئاخریەكێتى ئەم عەقڵیەتە ئیدارەى ئەدات،جگە لەبەڵاو موسیبەت یەكێتى چى بۆئێمەكردو ئێمەش چیمان كرد.ئاى لەساڵى (1964) ەوە مناڵى خەلك و كوڕى بەشمەینەتانتان بەكوشتدا،تا ئێستاش لەخوار كەمەرەوە بەیەكدا ئەكێشن،ئەتانەوێ چەپڵەشتان بۆ لێدەین..؟.
بەدرێژایی مێژوو،عەرەب سەگێك یان پشیلەیەكیشى نەكردۆتە قوربانى مناڵێكى كورد،بەڵام دواجار چونكە جەنابى مام جەلال خۆى لەم دۆخەدا تەكەیوفى كردووە،پێی خۆشە چ یەكێتى و چ بەغداش بەم شێوەیە بن،قەڵەمێكى گەورەى حزبەكەى خۆى كرد بەقوربانى مالیكى و ئێرانیزم.ئێمە هیوادارین بەعس ئەنفالى نەكردبێت و عارفیش حیكایەت و خەیاڵى بۆ نوسیبین،هیوادارین مالیكى مادەى (140) جێبەجێ بكات و وتارەكەى عارف قوربانیش مەترسی بووبێت بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیی.هیوادارین ئەو چەندساڵەى هاوارمانكرد ئێمە نەیار بووبێتین و ئێوەش لەدواى ئێمە یارى یەكێتى بن.!!.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە