کێ لە پشت تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسە ئەڵمانییەکەوە بوو: دەزگای زانیاریی، یان حیزبی سۆسیالیست؟

Saturday, 10/12/2011, 12:00

3555 بینراوە


لە رۆژی ٣ / ٤ / ١٩٩٤ بە راسپاردەی حکومەتی بەعس، چەند کەسێکی خۆفرۆش، لە ناوچەی سەید سادق رۆژنامەنووسی ئەڵمانیی و دۆستی دڵسۆزی کورد لیسی شمیت تیرۆردەکەن. ئاسایشی سلێمانی یەک دوانێکیان لێدەستگیر دەکات، دەدرێن بە داگا و دوای ئەوە چی و چۆن قەوماوە؟ کێ لە پشت ئەم کارەوە بووە؟ کێ هاریکاریی کردووە، یان چۆن رووی داوە؟ هەر لایەنە و کەسێک قسەیەکی لەسەر دەکات؟ خوێنەر دەتوانێت بەشێک لە رووداوەکە لەو لینکانەی خوارەوە بخوێنێتەوە.
ئەمڕۆ  نزیکەی ١٩ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەو خانمە دڵسۆزەی کورددا تێپەڕیوە، کەیسەکە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە، هەر لایەک تاوانباردەکرێت، یان ناوی کەسێک دێت، بە وەڵامێک، تاوانەکە لە خۆی دووردەخاتەوە و لایەنێکی دیکە تاوانبار دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمان  بە بەڵگەی زیاتر و قسەی زیاتر و قسەی دەمی  ئەوانە خۆیان هەیە، کە لەسەر ئەمە قسە بکەن.
ئەو لایەنە کوردیانەی، کە لەم تاوان و خیانەتە نەتەوەییدا وەکو حیزب و رێکخراو دەستیان بۆ رادەکێشراوە، حیزبی سۆسیالیست، دەزگای زانیاریی و دەزگای پاراستنە. ئەم کەیسە لە کوردستانپۆستدا زیندوکراوەتەوە، بەردەوام ئێمە لە پەیوەندیی و گەڕانداین و بە دوای بەڵگەکاندا دەگەڕێین، دەرگاشمان خستۆتە سەر پشت بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوەن، یان دەستی تاوانیان بۆ درێژ دەکرێت، رێگەمان پیداون ئازادانە قسەی لەسەر بکەن، بەو واتایەی کە کوردستانپۆست بێلانە و  قسە و رای خۆمانی لەسەر دەرنابڕین، داواکاریشین هەر نووسەرێک لەو بارەیەوە، زانیاریی و بەڵگەیەکی هەیە بۆمان بنێرێت، ئەوانەیش کە ناویان دێت بێنە سەر خەت و قسەی خۆیان بکەن، مێژوو بە کەس رەحم ناکات، ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، سبەینێ و پاشەڕۆژیش قسە و بەڵگەکان، دەکەونە بەردەست و کەسی نزیکی بکەرەکان دێنە گۆ و راستییەکان دەردەخەن، چاکترە ئەوانە خۆیان قسە بکەن، تا مەرگ نەیپێچاونەتەوە و ئەو تاوان و گومانانە بە ناشرینی بۆ بنەماڵەکانیان جێ نەهێڵن.
ئەمڕۆ کوردستانپۆست، چەند بەڵگەیەکی بە دەست کەوتووە و چاوەڕیی ئەوەشین، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەڵگەی دیکەشمان دەست بکەوێت، بۆیە لێرەدا بە پێویستمان زانی سێ بەڵگە لەسەر رووداوەکە بخەینە بەر دیدی خوێنەران، سەرەتا بەوە دەست پێبکەین کە ئێمە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بەڵگانە پەیوەندییمان بە ئەندام و لێپرسراوێکی پێشووی سۆسیالیست و کەسێکی نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشەوە کردووە، هیچ کامیان رازی نەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت، بەڵام لەسەر ئەو بەڵگانە قسە و کۆمێنتاری خۆیان پێداین.

یەکەم: ئەم دوو نامەیەی خوارەوە کلیک بکە، 


دوو بەڵگەیە کە سەرچاوەکەمان ئەندام و لێپرسراوێکی پێشووی سۆسیالیستە، دەڵێت یەکێک لەو کەسانە کە بەو کارە هەڵستاوە ناوی عەتا سەراوییە، لەگەڵ محەمەدی برای خۆی، کەسێکی دیکەش بە ناوی زەکی کە خەڵکی کەرکوک بوو (دواجار دەزگای زانیاری کوشتیانەوە)، کە ئەو سەرچاوەیەی نێو حیزبی سۆسیالیست پێی راگەیاندین، بە پێی ئەم دوو بەیاننامەیە، عەتا سەراوی لە ریزەکانی حیزبی سۆسیالیست دەرکراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبەوە نەمابوو، ئەویش لەبەر ئەوەی دوایی بۆیان دەرکەوتووە، کە عەتا سەراوی کار بۆ پاراستن دەکات و لە هەمانکاتیشدا پەیوەندی بە حکومەتی بەعسەوە هەبووە، تەنانەت پەیوەندییەکی تۆکمەشی بە ئیتلاعاتەوە هەبووە بۆ ئەوانیش کاری کردووە، بەڵگەشی بۆ ئەمە ئەوەبووە، کاتی خۆی لە سوید بووە، کە ئیقامەکەی وەرگرتووە، قونسوڵخانەی ئێرانی بلیتی گەڕانەوەی بۆ بڕیوە، چۆتە ئێران و لەوێوە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.
سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم کەسە بە یەکێتیی نیشتیمانی و دەزگای زانیارییەوە، بەڵگەیەکی دیکەی خستە بەردەستمان و وتی بەڵێ: عەتا سەراوی کاری بۆ دەزگای زانیاریش کردووە، پەیوەندی راستەوخۆشی بە جەلال تالەبانییەوە هەبووە، زۆر کەسی بۆ تالەبانی کوشتووە و بە دەمی خۆشی ددانی بە مەدا ناوە.

بەڵگەی سێیەم، بریتییە لە نامەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کە تێدا وا نووسراوە:

بۆ هەڤاڵان و دۆستانی ی. ن .ک
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە
هەڵگری نووسراو کاک عەتا سەراوی رێگەمان پێ داوە کە هەندێ کاری تایبەت لەگەڵ چەند لایەنێکی (معلوم)دا بکات، هەرکاتێ پێویستی بە کۆمەکی ئێوە بوو تکایە یارمەتی بدەن بۆ سەرخستنی کارەکەی.
بۆ پێشەوە
٣ / ٩ /١٩٩٣ 
مۆری یەکێتی و ئیمزایەک 

تێبینی: ئەو خەتەی کە لە سەر لا نووسراوە کوردستانپۆست نەیتوانی بیخوێنێتەوە، بۆیە لێرەدا نەماننووسیەوە

لە پرسیارێکدا سەبارەت بەو بەرپرسەی یەکێتی و پاش خوێندنەوەی ئەم نامەیە، ئەو سەرچاوەکەی نێو حیزبی سۆسیالیسی پێی وتین: کە کەسەکە کاک قادری حاجی عەلییە، و ئەو ئیمزای کردووە.
دوای ئەمە کوردستانپۆست هەوڵی دا، پەیوەندییمان بە بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانەوە کرد و ئەو بەڵگەیەمان بۆی نارد، بەرپرسەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەم چەند قسەیەی بۆ کردین:
ئەو نووسراوە خەتى كاك قادرە هەتا كۆتایى، بەڵام تاریخ و ئیمزاى كاك قادر نییە ، ئەو نووسراوە هى ساڵى 1994 ە نەك 1993 ، واتە نامەکە دواتر ئەو نووسراوە بۆ تەنزیمیەكانى بەعس بووە لە كوردستان نەك بو شتى تر - ئەوە بوو لەو كاتەدا كومەڵێك جاش و بە عسییان گیران لەوانە قا سم ئاغای کۆیە، كە بۆ بەعس كاریان دەكرد - کاک قادر، خودی عەتا سەراوى نەناسیوە، تەنها ناوەكەیان پێی داوە ، واتە کاک قادر عەتا سەراوی نەناسیووە و متمانەشیان پێی نەبووە.
بەڵام ئەوەمان زانیوە کە عەتا سەراوى پەیوەندى ژێر بە ژێرى بە مام جەلالەوە هەبووە ، هەزار كارى خراپى پێكردووە بێ ئەوەى برادەرانى مەكتەب سیاسى ئاگاداربن. لەو کاتەدا مەکتەبی سیاسیی لەمانە پێکهاتووە: تالەبانى نەوشیروان - قادر حاجى على - فواد معسوم - كمال فواد - ملازم عمر
ئەم شەش كەسەى مەكتەبى سیاسیى ئەبوایە ئاگایان لە هەموو بریارێك بێت، بەڵام تاڵەبانى لە پشتى ئەمانەوە كارى لابە لاى كردووە ، تا ئیستاش كومەڵێك كەس لە كورد و عەرەب، بە فەرمانی تالەبانى كوژراون و بێسە ر و شوێن کراون، رەنگە هەندێك لەو کارانە ئاسایشەكانى ئەوساكە بیزانن كە ئیستا لە ناو گوراندان و تالەبانى لەوە زۆر دەترسێ، كە رۆژێک هەمووی كەشف ببێت.
سەبارەت بەوەی ماوەیەک عەتا سەراوى چووە ناو گوڕانەوە، وتی: ئەمە بە جاسوسى چووبووە نێو گۆڕان، بەڵام ئەوان منەتیان پێی نەبووە، بگرە ئەو كاتە سودیان لێ وەرگرتووە، نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلی لەوە ئاگاداركراونەتەوە، كە بۆ جاسوسى هاتووە و مام روستەمیش هەمیشە گالتەى پێكردووە و لە مەجلیسدا ووتویەتى دەمتان بگرن جاسوسەكەى تالەبانى هات.
کوردستانپۆست لە سەر بەدواداچوونی ئەم کەیسە و تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی ئەڵمانیی و دۆستی دڵسۆزی کورد لیسی شمیت بەردەوام دەبێت. گومانەکان لە سەر هەموو لایەنەکان نەڕەویوەتەوە، داوا لەوانە دەکەین کە ناویان هاتووە، خۆیان بێنە سەر خەت و قسەی لەسەر بکەن.


********************************************
ئەو بابەت و نووسینانەی لە سەر ئەو کەیسە نووسراون:








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە