کاک شۆڕش ئیسماعیل له‌م دوو وێنه‌یه‌دا کامه‌یان هاوڕێتن!
Thursday, 10/09/2009, 12:00
1713 بینراوە
کاک شۆڕش ئیسماعیل یه‌کێکه له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌متر خۆرکه‌ی سیفه‌ته ناشرینه‌کانی به‌رکه‌وته‌وه گه‌ر به‌رواردبکرێت له‌گه‌ڵ هاوڕێکانیدا له کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی ئێستادا . زه‌مه‌نێکی زۆر بوو ئه‌م مرۆڤه نه ڕه‌نگی هه‌بوو نه‌ده‌نگ له ناو بڕیاری سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، زیندووکردنه‌وه‌ی کاک شۆڕش و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دروستکردنی ئه‌و حه‌وت لیژنه‌یه‌ی به‌بڕیاری جه‌لال دروستکران پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 25-7 -2009 و کاک شۆڕش له‌لیژنه‌ی ئاشتکردنه‌وه‌ی کادره ناڕازیه‌کاندا جێگه‌ی پێدرا، پێش کاک شۆڕش هه‌ریه‌که له مه‌لا به‌ختیارو ئه‌رسه‌لان بایز وه‌ک دوو کوتله‌ی جیاوازی به‌ڕوکه‌ش ته‌باو برا له‌ژێره‌وه‌ش دژ به‌یه‌کتر چوزی باڵه‌کانی ڕێکخستنی یه‌کێتیان له‌بنه‌وه ده‌رهێنابوو وه‌ک کۆترێکی باڵشکاو ته‌نها ده‌نوکه‌که‌یان مابوو یان ده‌بوایه گه‌نمی مه‌لا به‌ختیاری بخواردایه یان تریتی نانه‌ڕه‌قی ئه‌رسه‌لان بایز.
باڵی خۆسه‌پێنه‌ری (ی. ن. ک) مسی کردبووه هه‌ردوو گوێچکه‌ی، نه‌باکی هه‌بوو به نوسین نه به‌پێشنیاری کادرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین و ڕێکخستنه هوشیاره‌کانی، ئه‌و کاته به خه‌به‌ر هاتن لیستی گۆڕان به پێچه‌وانه‌ی ته‌خمین و شیکاریه‌کانیان لیستی براوه‌بوو له هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی سێهه‌می په‌ڕله‌ماندا، بۆیه هه‌ر وه‌کو چۆن پشکێکی زۆری شکستی لیستی کوردستانی خرایه سه‌رشانی ستافی مه‌ڵبه‌ندی ڕێکخستنه‌کان له کوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕێکخستنه‌کانی ئه‌وروپا له غه‌زه‌بی سکرتێری (ی. ن. ک) به‌ده‌رنه‌بوون و ته‌قاندنی باڵۆنی پۆسته‌کانیان به سوژنی تاڵه‌بانی له‌ئان و ساتدا بوو، به‌تایبه‌تی شێخ شه‌ماڵی نوێنه‌ری مام جه‌لال که مانگێک پیش ئێستا له پۆسته‌که‌ی لابرا بێ ئه‌وه‌ی به ئیمێڵێک یان زه‌نگێکی ته‌له‌فوون پێی بڵین له جیاتی ئه‌و هاوار حاجی خرایه جێگاکه‌ی.
پاش شکستی یه‌کێتی له سلێمانی جه‌لال ده‌سه‌ڵاتی مه‌لا به‌ختیارو ئه‌رسه‌لان بایزی له ناوه‌ندی بڕیارده‌ری مه‌کته‌بی سیاسی‌دا سیس کرد، سیسکردنی ڕۆڵی ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره دڵسۆزه‌ی جه‌لال پێویستی به زیندووکردنه‌وه‌ی که‌سانێک هه‌بوو تا ببنه ئه‌ڵته‌رناتیف و ئه‌و بۆشاییه پڕبکه‌نه‌وه که ئه‌وان وه‌ک چاڵێکی قووڵ له‌ستراکتوری ڕێکخستدا به‌جێیان هێشتبوو، ئالێره‌وه ئه‌ستێره‌ی به‌ختی کاک شۆڕش له نه‌بوونه‌وه ده‌بێته بوون و وه‌ک نوێنه‌ری تاڵه‌بانی به کۆمه‌ڵێک ڕاسپارده‌وه له بری مه‌لا به‌ختیار ده‌نێردرێته ئه‌وروپا، هه‌ر لێره‌شه‌وه دووفاقی که‌سێتی هه‌مان ئاماده‌بوانی به‌ناو ڕێکخستن ده‌رکه‌وت، تا دوێنی بوو وێنه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار ده‌گرت و بانگهێشتیان ده‌کرد بۆ سفره‌ی خواردن و له‌به‌رده‌میدا ده‌نوشتانه‌وه ، کاک شۆڕشیشیان به‌هه‌مان زه‌رده‌خه‌نه‌ی درۆزنانه‌وه برده‌وه بۆ مێزی ده‌عوه‌ت و تکا وپاڕانه‌وه‌یان ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی زه‌ویه‌ک یان موچه‌یه‌کی خانه‌نشینی بوو که پێشتر به‌ڵێنیان پێ‌درابوو.
ناردنی کاک شۆڕش بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی باری گۆچان ئاسای ڕێکخستنه‌کانی (ی. ن. ک) له ئه‌وروپا وه‌ک ناردنی مه‌لایه‌کی دوانزه عیلمی ئیسلامیه بۆشارێک دانیشتوانه‌که‌ی له % 99 ی مه‌سیحی بن،مه‌به‌ست له‌م نموونه‌یه به‌راوردکردنی ئاینه‌کان نیه له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ گشتیان، به‌ڵکو له‌خشته‌بردنی که‌سێکه که توانای زاڵ کردنی که‌مینه‌یه‌کی نیه به‌سه‌ر زۆرینه‌دا، جا ئه‌و مه‌لایه یان ده‌بێت به‌گوێی که‌مینه‌یه‌کی لاواز بکات و بانگه درۆزنه بدات یان ده‌بێت خۆشی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا خاچی گۆران له‌مل بکات وه‌ک نه‌شیکرد.
پاش ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ندا بووه بنکه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پاش شکستی هه‌وڵه‌کانی مه‌لا به‌ختیار که نه‌یان توانی ته‌نها 10 ئه‌ندامی یه‌کێتی ڕازی که‌ن له هه‌ردوو کۆمیته‌ی به‌ناو ڕێکخستنی به‌نه‌لۆکس و کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه گه‌ڕاوه‌کان بۆ باوه‌شی لیستی کوردستانی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ڕێک بخه‌ن. با بزانین کاک شۆڕش وه‌ک ڕێنمایه‌کانی تاڵه‌بانی کامه له‌م کارانه‌ی جێبه‌جێکرد:
_ سه‌ردانی کام له‌و کادره دڵسۆزانه‌ی کرد که به‌هۆی ناڕازیبونیان له هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رانی یه‌کێتی له ووڵات و سه‌ره‌کانی ڕێکخستنه‌وه له تاراوگه وازیان له یه‌کێتی بونی خۆیان هێناوه.
_ کام پێشمه‌رگه‌ی دێرینت به‌سه‌ر کرده‌وه که به‌هۆی دانانی که‌سێکی کۆنه‌جاش یان گومانلێکراوێک له کارگێڕی کۆمیته یان مه‌سولی کۆمیته‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانه‌وه وازیان له یه‌کێتی هێناوه؟
_ له خۆت پرسی ئه‌و 110 که‌سه‌ی هاتنه کۆبونه‌وه‌که کێن؟ ماوه‌ی چه‌نده ئابوونه‌ی ڕێکخستن ده‌ده‌ن؟ کوا پسوڵه‌ی سه‌لماندی ئابوونه‌دانیان؟ خۆ گه‌ر به‌ڕێزت نامۆ بوویت به سیسته‌می پاره‌دان به بانق، با پرسێکت بکردیایه تا نموونیه‌کی وه‌ره‌قی بانقمان بدایه پێت.
_ باشه گه‌ر 110 که‌س ئه‌ندامی ڕێکخستن بن ئه‌ی بۆ که‌سوکاریان ده‌نگیان بۆ لیستی کوردستانی نه‌دا؟
_ هۆڵه‌ندا ناسراوه به ناوزه‌نگ و شێنێی کادرو پێشمه‌رگه‌ی دێرێن، ئه‌ی ئه‌و کادرو پێشمه‌رگانه له کوێن؟ بۆ نه‌هاتن؟ یاخوود پرسیت کێ بانگی نه‌کردوون؟
_ بۆ داوات له‌و ستافه نه‌کرد ڕاپۆرتی دارایی و لیستی ئه‌ندامانی سه‌رتاسه‌ری هۆڵه‌ندات بخه‌نه به‌ر ده‌ست به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ساڵی 1997 وه ئابوونه ده‌ده‌ن و بانگ نه‌کران بۆ کۆبونه‌وه‌که؟
وه‌ک قۆناخی دوای شکست به‌داخه‌وه کاک شۆڕش ئیسماعیلی کوڕه ماندوه‌که‌ی شۆڕشی نوێ ده‌کرێته برغووی مه‌کینه شکاوه‌که‌ی ڕێکخستنه‌کانی ئه‌وروپا به گشتی و هۆڵه‌ندا به‌تایبه‌تی، ده‌یانه‌وێت ئه‌م پیاوه بکه‌نه قوربانی ته‌واوی شکستی ڕێکخستنه‌کان و پاش ئه‌وه‌ی کاک شۆڕشیش داغان ده‌که‌ن به ڕاپۆرته ته‌زویره‌کان وه‌ک هاوکاره‌کانی پێش خۆی ئه‌میش ده‌که‌وێته به‌رغه‌زه‌بی سکرتێره‌که‌ی و ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می شاخدا کاک شۆڕش به‌رهه‌می هێناوه به ڕاپۆرتی مل چه‌ماوه‌کان به‌تاڵ ده‌بێته‌وه.
10-9-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست