کۆبونەوە گوماناویەکەی نێوان نەوشێروان مستەفاو مەسعود بارزانی!

Monday, 05/12/2011, 12:00

2151 بینراوە



لە کاتێکدا تەوەری دیکاتۆری و کۆنەپەرستی لە ناوچەکەدا، کە پێکهاتووە، لە ئیران و سوریاو حزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی فەلەستینی و نوری مالکی و مەلایی و جەلالی، کە لە دوا قۆناغی کۆتایی و نەماندا پێکووتەی مەرگ دەکات. لە کاتێکدا کە خەڵکانی ئازادیخوازو تەپەسەرکراوی دژ بەدیکتاتۆرەکان، بەهاری ئازادی و ڕزگاریان بە خوێن، بەجۆشترو فراوانتر دەکەن. کەچی نەوشێروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆران بە شێوەیەکی زۆر نا سروشتیانە لەسەر ئیش و ئازارو مەینەتی خەلکانی ئازادیخوازو گۆڕانخواز،وە لە قوڵایی گۆمی خوێنی ١٧ی شوباتدا چونەتە سوڕی سڕبوون و خەوی زستانە. ئەو بێدەنگ بوونەو جوڵەنەکردنەیان، پاشانیش بێدەنگکردن و سڕکردنی شەقامی کوردی و دوورکەوتنەوە لێی، ناکرێت بەبێ هیچ هۆکارێک و هەروا لە خۆوە بێت. لێرەدا چەند پرسیارێک دەکەین: ئایا نەوشێروان مستەفا، لە ئەقڵیەت و فکرو بەرنامەی سیاسی یەکیەتی جیابۆتەوە، یان تەنها لە سەرکردایەتیەکەی؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان وەکوو ئۆپۆزسیۆن، ئەلتەرناتیڤی دەستەڵاتی جەلالی و مەلاییەکانە، یان تەنها ئەلتەرناتیڤی جەلالیەکانە؟! ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حکومەتەکەی نێچیردا دەکات؟ ئایا نەوشێروان مستەفا دەبێتە جێگرەوەی جەلال تاڵەبانی و "ئیتیفاقە ستراتیژیەکەی" لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی؟ ئایا نەوشێروان مستەفا مەبەستەکەی لە چاکسازی و گٶڕان لە دەستەڵات، تەنها بەشداریکردنە لە دەستەڵات، بەو شێوەی کەی خۆی دەیەوێت، یان گۆڕینی دەستەڵاتە بە تەواوەتی؟ ئایا نەوشێروان مستەفا هەروەک چۆن، لە جەلال تاڵەبانی یەکیەتی ئومێد بڕاو بوو، لەوەی کە ناتوانن گۆڕان و چاکسازی لە خۆیان و دەستەڵاتدا بکەن، بەرامبەر بنەماڵەی بارزانیش هەمان قەناعەتی هەیە؟ یان پێیوایە ئەو گۆڕان و چاکسازییەی کە دەیەوێت ئەنجامی بدات، بە بنەماڵەی بارزانی دەکرێت؟! هەر لەو ڕۆژەی کە نەوشێروان مستەفا چوو بۆ پرسەکەی حەمایل، تا دەگاتە کۆبونەوە گومانلێکراوەکەی لە گەڵ مەسعود بارزانییدا . پرسیارگەلێکی زۆری هێناوەتە ئاراوە، لە ناو تەواوی جەماوەری کوردستان و سەرجەم نێوەندە سیاسی و حزبی و ڕۆشنبیرەکانەوە. هەژانێکی بەهێزو ترس و تەمو مژێکی زۆریشی خستۆتە ناو بەرەی گەلی دژ بەدەستەڵات، بەتایبەتیش جەماوەری ڕەوتی گۆڕانخوازان و ئازادیخوازان، بە خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە. کە ئەمەش دەرگای ڕەخنەو پێشبینی و شرۆڤەی سیاسی جۆراو جۆری، بە هەر هەموو لایەکیدا واڵاکرد. بۆ چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسەکان و ڕۆشنبیران و نووسەران، تا دەگاتە ڕۆژنامە حزبی و ئەهلیەکان و سایتە ئەلکترۆنیەکان، لە پێش هەمووشیانەوە کوردستان پۆست بوو .
ترس و نیگەرانیەکانی، خەلکانی ئازادیخوازو گۆڕانخوازی کوردستان، دۆخێکی زۆر تەندروست و خۆڕسکی سروشتیە، لەو قۆناغەی وەئاگا هاتنیان، لە کۆیلایەتی و دواکەوتوویی خۆیاندا لە لایەک، هەروەها لە بەروەو پێشەوە چوون و هەڵکشانی ئاستی ڕۆشنبیری و هوشیاری سیاسیاندا لە لایەکەی تر. ئەوە نیشانەو بەڵگەیەکی ڕەهاشە، لەوەی کە خەڵکانی کوردستان، چیتر هەروا بە ئاسانی، تەواوی هێلکەکانی خۆیان ناکەنە ناو سەبەتەی هیچ حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی. بەڵگەیە کە چیتر خەڵکانی کوردستان، بە شێوەی ڕابردوو بە ساوێلکانەو بە سۆزەوە ناکەونە دوای هیچ حزب و بزوتنەوەیەکی سیاسی و دروشمەکانی، وە بە شێوەیەکی کوێرانەش متمانەی پێناکەن. بنەمای نیگەرانی و ترسەکەی خەڵکانی کوردستانیش، سەرچاوەی گرتووە لەو ئەقڵیەت و سیاسەتە تەفرەدەرو دیماگۆگی و خیانەتکارانەی چەندین ساڵەی مەلایی و جەلایی و، تەواوی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی تر، کە ئەوانیش بوون بە هێزێکی نێگەتیڤی زیادە، بۆ سەر هەمان سیاسەت و ئەقڵیەتی جەلالی ومەلایی، دژ بە شۆڕشی کورد و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکەی. کە تا ئەمڕۆکەش ئەم سیاسەت و ئەقڵیەتە نەگۆڕەیان، میللەتی کوردی پێ لە خشتە دەبرێت و دەستی پێیەوە دەسووتێ. بۆیە خەڵکانی کوردستان بە شێوەیەک چاو ترساون و هەستیار بووینە، هەروەک کورد خۆی گوتەنی:" مارانگاز لە خشەی گوریس دەترسێت".
جا کاتێکیش کە باسەکە، پەیوەست دەبێت بە نەوشێروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وە لە کاتێکی "گوماناویدا" دەبینرێت کە ئەوانیش خەریکن دەگەڕێنەوە بۆ سەر پەیڕەوکردنی هەمان میتۆد و ئامرازە سیاسە نەزۆک و کۆنەکەی جەلالی مەلایی . ئەوکاتە باسەکە زیاتر ورژێنەرو هەستیارتر دەبێت، لە ڕوانگەو بەرژەوەندی و ململانیی سیاسی هەردوو لا بە جیا. دەستەڵاتی جەلالی و مەلایی و تێکڕای بەناو ڕۆشنبیرو نووسەرو حزبە خۆفرۆشەکان، لە لایەک، وە بەرەی گەل، لە لایەکەی تر. لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن و پێوانەکەی، بە تەرازوێک بۆ دەکەن، کە لە تەرازوی زێڕینگەران، زۆر وردەکارترو هەستیارترە. لە بەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان وەکوو ئەلتەرناتیڤێکی نوێخوازو چاکساز، هاتۆتە پێشەوەو خۆی ناساندووە، بۆ گۆڕینی ئەم دەستەڵاتەی جەلالی و مەلایی و دەربازبوون، لە بازنەی بەتاڵی ئەم ڕەوشە سیاسیە سەقەتە چەقبەستوەدا. بۆیە هەر جۆرە نەشازییەک لە لایەن بزوتنەوەی گٶڕانەوە بکەوێتە ئەم ڕیتمەوە، وەک گرمەی هەورە تریشقە ئاسا، دەنگدەداتەوە لە ناو تێکڕای جەماوەری کوردستاندا. نزیکبوونەوەی ئەمجارەی نەوشێروان مستەفا، لە بنەماڵەی بارزانی، هەنگاوێکی نا سیاسی و کارێکی نا ئاسایی چەوت بوو، لە ڕووی کات و ئامانجیش "گوماناوی" بوو. ئاکامەکەشی زەرەری گەورەی لێکەوتۆتەوە، بۆ تەواوی ڕەوتی گۆڕانخوازان و پڕۆسەی چاکسازی. چونکە هەر کاتێک هێزی ئۆپۆزسیۆن، لەبەردەم شاڵاوی دەستەڵاتدا، هێرشی خۆی ڕاگرت و پاشانیش هات، هەموو بڕیاڕە سیاسیەکانی خۆشی، لەسەر پەتی گفتوگۆو بەڵێنە سیاسیە بێ گەرەنتیەکانی دەستەڵات هەڵخست، ئەوە سەرەتای هەڵدێران و لە ناو چوونە، سەرەتایەکی بوونە بەو" ئۆپۆزسیۆنە پۆزەتیڤەی" کە دەستەڵات هەردەم باسیدەکات و دەیەوێت. ئەوە ڕۆچوونێکە، بۆ بچووک بوونەوەو چوونە ڕیزی حزبە ملکەچەکانی، سەر بە بنەماڵەی بارزانی، لە نمونەی : حزبی شوعی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان. ئەم بێدەنگ بوونەوەی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان لە پێخەمەتی چیدایە؟ خۆ نەوشێروان مستەفا، لە هەموو کەسێک باشتر، لە مێژووە نەگریس و خیانەتکارەکەی مەلایی و جەلالیەکان، تێگەیشتووەو شارەزایەتی!
زۆر چاکیش دەزانێت، کە جەلالی و مەلایی تروکاوی هێلکەی شەیتانێکی دیکتاتۆرو خائینن. لەوەتای هەن چاکترین ئامرازی دەستی داگیرکەرانی کوردستان بووینە، بۆ نەگەیشتن و نەبوونی کورد بە هیچ. لە وەتای هەن، بەم شێوەیە قورمیشکراون، دژایەتیکردنی یەکتر، شەڕکردن لەگەڵ یەکتری بۆ کورد کوشتن، پاشان پێکهاتنەوە، دوایش خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوە لە سەرەتاوە. لە وەتای هەن، تا درۆو دیماگۆگیەت هەبووبێت، ڕاستیان نەوتووە، تا خیانەت و نیشتمانفرۆشی و کوردکوژی هەبووبێت، بەلای ڕزگاری و نیشتمانپەرەوی وحەرامکردنی ڕشتنی خوێنی کوردا نەچوون. تا پاراستن و جێگیرکردنی بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان هەبووبێت، هەرگیز بیریان لە بەرژەوەندی کورد نەکردۆتەوەو خستویانەتە ژێر پێیانەوە. ئەمڕۆکەش ئەوانە دەستەڵاتێکی داگیرکەرو کۆلۆنیالیزمی خۆماڵین، بۆ دریژە پێدان و تەواوکردنی ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان. ڕەخنەکەی ئەمدواییەی ئەمریکیەکانیش لە جەلال تاڵەبانی، لەوەی" کە تا ئێستا، وەکوو سەرۆکێک هەڵس و کەوتناکات، بەڵکوو هەروەک ئۆپۆزسیۆنێکی وابەستە بە ئێران هەڵس و کەوت دەکات". بەڵگەیەکی ڕەهایە بۆ ئەم ڕاستیانە. وە ئەمە بۆ یەکەمیجاریشە کە ئەمریکیەکان وا بە ئاشکراو بەو ڕاشکاویە، قسە لە سەر ئەم خائینانە دەکەن. بێ گومان ئەم ڕەخنەیە، زۆر بە زیادەوە بنەماڵەی بارزانیش دەگرێتەوە. ئەوەتا مەسعودو نێچیر، هەر بە گوێڕاکێشان لە لایەن دەوڵەتی تورک و ئێران، لە وەرزی خیانەت، بۆ ئاودانی رۆحی بۆگەنی خیانەتکارانە ، بانگکرانە ئەنقەرە و تاران، وەک هەمیشە پیشەیان بۆ خیانەت و کورد فرۆشی. مەلایی و جەلالیەکان، بە درێژایی مێژوویان، هیچ کاتێک خاوەنی سیاسەت و سەربەخۆیی خۆیان و خۆیان نەبووینە، هەر لە سەرەتای بوونیانەوە هاتوون، ڕۆڵ و بوونی کوردیان لە ناو چەکەدا بچووک و پووچەڵکردۆتە. لە جیاتی ئەوەی ڕۆڵی کوردیان وەک یاریچیەکی بنەمایی و بەهێز، لە هاوکێشە سیاسیەکەی ناوچەکەدا، گەورەو کاریگەرتر کردبوایە. لە جیاتی ئەوەی ڕۆڵی کوردیان وا لێکردبوایە، کە هیچ یەکێک لە هێزەکانی ناوچەکەو دەرەوەی ناوچەکەش، بەبێ پرس و بەشداریکردنی کورد نەتوانن هیچ کارێک بکەن لەم ناوچەیەدا. نەشتوانن، بەهیچ شێوەیەک بیربکەنەوە لە ڕێزنەگرتن و حیسابنەکردن بۆ کوردو بازدان بەسەریدا. کەچی لەجیاتی ئەوەدا، هاتوون کوردیان کردۆتە کارتێکی، هەرزان و خستویانەتە دەستی، نەوەک هەر هێزی داگیرکەرانی کوردستان، بەڵکو هەر هێزێکیش کە بەرژەوەندی لە ناوچەکەدا پەیدا بووبێت. داگیرکەرانی کوردستان، هەموو کاتێک جەلالی و مەلاییەکانیان، وەکوو دوو هێزی ڕێگەپێکراو، نەوەک ڕێگەپێدراو مامەڵە پێکردووە، هەرگیز ڕیگەشیان پێنەداون بە قەد تاڵە موێکیش، لەم شاڕێگایەدا لابدەن، کە بۆیان ڕاکێشراون. هەمان شێوەش ئەو هێزانەی کە هاتوونەتە ناوچەکە ئەو مامەڵەی پێیانکردوە.
ئەوەتا دەبینین ئەمڕۆکەش لە ناوچەکەدا بە چ شێوەیەک، کورد ،کراوەتە ئامرازێکی کاریگەری ململانێی ڕێکخستەوەی بەرژەوەندیەکانی، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، لە لایەک، وە تەوەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی، لە لایەکەی ترەوە. بە بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆ کورد تیا بێت. بەبێ هەموو جۆرە ڕەچاوکردنێک، بۆ بەرژوەندی نەتەوەی کوردو نیشتمانەکەی! تەوەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی ناوچەکە، لە ڕێگەی مەلایی و جەلالیەکان، کوردیان کردۆتە سەرە ڕمی پاراستنی بەرەژەوەندیەکانیان و مانەوەیان، لە بەردەم نەمان و ڕوخانیان. داواکاریەکەی بنەماڵەی بارزانیش لە جەلالیەکان، بۆ ڕاسدەتکردنەوەی حکومەت، ئەوەشیان بەشێکی گرنگی هاوکێشە سیاسیەکە، وە من پێموایە ئەمە زیاتر داواکاری ئێران بوو، بۆ ڕێکخستنەوەو ئامادەکاری ئەرک ڕۆڵی هێزەکانی ناو تەوەرەکە، لەوەی کە بە گوێرەی ئیتیفاقی نیوان جەلالی و مەلایی بووبێت. چونکە لەم کاتە هەستیارانەدا، وەکوو هەمیشە پیشەیان بنەماڵەکەی بارزانی، لە جەلالیەکان زیاتر کاراماو لێزان و بەوەفاو دلسۆرترن، بۆ بەرژەوەندی ئێران و سیاسەتەکانی. بۆیە وا دەخوازێت بۆیان، کە لەم کاتە ناسکەیاندا، حکومەت بەدەست بنەماڵەی بارزانیەوە بێت. ڕۆڵی جەلال تاڵەبانیش بچووک بێت و تێپەرنەکات لە ئاستی هوشیار زێباری وەزیرەکەی دەرەوە، بۆ بەرگریکردنی بە ئاشکراو بێ ئابڕوانە لە دیکتاتۆرەکەی سوریا، کە ڕۆژانە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردیش دەڕیژێت. بەڵام ئایا جەلال تاڵەبانی دوای ئەم هەموو خیانەتە و دزی و تاڵانیکردنەی لە خەڵکی کوردستان، دوای ئەم هەموو خیانتە لە سۆسیال دیموکراتەکەی خۆی، لە دوای ئەم هەموو خۆبەدەستەوەدان و تەنازولکردنەی بۆ بنەماڵەی خائینی بارزانی. بەم بچووکردنەوەیە ڕازی دەبێت و بە ملکەچی ستراتیژی بەناو"ئیتیفاقەکە" دادەنیشیت؟! خۆئەگەر جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتیەکەی، بەقەد توزقاڵێک، جورئەتیان تیادا مابێت، لە بەردەم بنەماڵەی بارزانیدا، ئێستا کارتی زۆر بەهێزیان لە بەردەستدایە لەم کاتەدا. کە هێزی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتیش نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر گۆڕەپانەکەن. جەلال تاڵەبانی دەتوانێت، نەوەک هەر پەڕی بنەماڵەی بارزانی بەرێتە ئاسمان، بەڵکو دەتوانێت شکستی تەواو یەکجارەکیش بە سیاسەتی تەوەری دیکتاتۆر و کۆنەپەرستانەکەی ناوچەکەش بێنێت لە کوردستاندا. ڕوو زەردیەکیش بۆ خۆی بکڕێتەوە! ئەویش بەیەک دوو هەنگاو، هەر بۆنمونە: بێنە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن و بەشداری دەستەڵات نەکەن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا. ئەگەر ئەوەش ناکەن، لە پەڕلەمان دەنگی متمانە بە حکومەتەکەی نێچیر نەدەن. بەڵام ئایا جەڵال تاڵەبانی و یەکیەتیەکەی ئەو سووکە جورئەتەیان تیادا ماوە؟! خۆ، خوا نەخواستە ئەگەر هات و جەلال تاڵەبانی کارێکی لەم بابەتەی ئەنجامدا، ئایا هەڵوێستی نەوشێروان مستەفا لەم حاڵەتەدا چی دەبێت؟! بە پیرەوە چوون دەبێت، یان هەر لە بێدەنگیەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە وەکوو ئیلتزامێکی کۆبونەوەکەی نێوانی خۆی و مەسعود؟! ئایا نەوشێروان مستەفا گرنەتی پێدراوە کە حکومەتەکەی نێچیر تەواوی"پاکیجەکانی" بۆ جێ بەجێدەکات؟ ئایا نەوشێروان دڵخۆشە بەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەبێتە هێزی دووەم لە دوای بنەماڵەی بارزانیدا، هەروەک لە دوای کۆبونەوە گۆمان لێکراوەکە، بنەماڵەی بارزانی ئەم هەواڵەیان ڕاگەیاند؟! کەچی لە کاتێکدا، ئێستا نەوشێروان مستەفا لە بەرامبەر هەردوو بنەماڵە جەلالی و مەلایی، هێزی دووەم و بگرە زیاتریشە! ئایا نەوشێروان مستەفا باوەڕی هێناوە بە قسەکەی مەسعود، کە مەسعود خۆشی باوەڕی پێینیە. زیاتر لە دوای نۆمانگ ئینجا، ووتی:" بەشێکی داواکارییەکانی سەرای ئازادی ڕەوابوون"؟ کە ئەمەشیان وەکوو نوکتەکەی ناو ئاژەڵەکانی دارستانەکەی لێهات، لە دوای گێڕانەوەی نووکتەیەک، تەواوی ئاژەکان پێکەنین و لێبوونەوە، تەنها " برا گەورە" نەبێت پێنەکەنی. تا ڕۆژی دوای، ئینجا برا گەورە دەستیکرد بە پێکەنین و کەوتە سەرگازی پشت، بە سەر سورمان ئاژەڵەکان لێیان پرسی خێرە بەچی پێدەکەنی دەبا ئێمەش بیزانین؟"برا گەورە" ووتی: من تازە لە نووکتەکەی دوێنی گەیشتووم. ئەوەیە مەسعودی برا گەورە، هەموو جارێک دوای نۆ مانگ تێدەگات، ئەویش بە نیوەچڵی. دوا پرسیار بۆ نەوشێروان مستەفا: ئایا خۆت پێ جیاوازە لە فکرو سیاسەتی جەلالی و مەلایی و ئەلتەرناتیڤیت، یان وەکوو دەڵێن تۆش هیچ جیاوازیت نیە لەگەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، جگە لە ناوەکەت نەبێت؟! دەنا بۆ بێدەنگیت و جوڵە ناکەیت؟ ئێستا ئەرکی ئێوە هەر سەرپەرشتیکردنی بەهاری کوردی نیە بەتەنها، بەڵکو تێک و پێکشکاندی تەواوی ئەو هاوکێشە، ناوخۆیی و دەرەکیە، سەقەتانەی دوژمنانی کوردیشە، کە بە دەست و یارمەتی و هاوکاری جەلالی و مەلاییەکان، کوردی تێدا گیرۆدە کراوە. نەوشێروان مستەفا ئەمە مێژووە، ڕەوتی گۆڕانخوازان و ئازادیخوازان وەڵامیان لێتدەوێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە