تاوانێکی گەورە: ئەو پیاوکوژانەی کە دەچنە ژێر چەتری بنەماڵەوە و خۆیان دەشارنەوە (بەشی دووەم)

Friday, 15/05/2015, 1:14

14055 بینراوە


تێبینی: پاش بڵاوکردنەوەی بەشی یەکەمی ئەو رووداوە، چەند بەڕێزێک پێشنیاریان بۆ کردیین، کەوا گێڕانەوەی ئەو کارەساتە بەم شێوەیە رەنگە لای هەندێک لە خوێنەر وەکو گێڕانەوەی چیرۆکێکی لێبێت و زۆر کەس پێیوابێت کە ئەم رووداوانە دروستکراوی خەیاڵ بن و لە راستییەوە دوور بێت، بۆیە پێشنیاری ئەوەیان رد، کە یەکسەر کارەساتەکە چۆن روویداوە، ئێمە هەر ئاوا بیگێڕینەوە و چاوەڕوانی ئەوە بیین، بزانین دەسەڵاتی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی،  بەتایبەتی مەسعود بارزانی  کە نزیکە لەو تاوانبارانەوە چییان بەرامبەر دەکات! هەڵبەت ئێمە بۆ ئەمە رای خۆمان دەرنابرین و تەنها بە شێویەکی گونجاو بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان کە لە شوێنی خۆیدا ئەگەر گونجا ناویان دەهێنین و بە دوایدا چاوەڕوانی کاردانەوە دەکەین.
با لێرەوە دەستپێبکەینەوە:
وەک لە بەشی یەکەمدا ناوی کوژراوەکەمان هێنا، کە ناوی (سامی خدر ئیسماعیل)ە، بە قسەی دایکی (فخریە جەبار) چوار رەمەزانە بزر بووە، واتە وا بۆ چوار ساڵ دەچێت کوشتوویانە و لەناویان بردووە، بە قسەی دایکی سامی لە رەمەزانی ساڵی 2011  مانگی تەموز رێکەوتی رۆژی پێنجشەممە لەسەر هەینی، دیار نەماوە.
سامی ژن و ماڵ و منداڵی هەبووە،  و دوو کچی بچوکیان پێکەوە هەیە .
دایکی ئەو دوو کچە منداڵەکان دەداتەوە بە نەنکیان (دایکی سامی) بۆ خۆشی دەچێەوە ماڵی باوکی

سامی هاوڕییەکی دەبێت، بەناوی (سەنگەر)، پەیوەندییەکەیان لە ئاستی هاتووچۆ و تێکەڵاوییدا دەبێت و هەردوو لایان هاتووچۆ و سەردانی یەکتر دەکەن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی پەیوەندیی خۆشەویستی لە نیوان خوشکەکەی سەنگەر و سامیی دروست دەبێت، وەک سەرچاوەکە باس دەکات، پاش ماوەیەک سامی دەنێرێتە خوازبێنی کچەکە، لەمەوە باوکی کچەکە دەزانێت، بە بیانوی ئەوەی کە سامی هەژارە و کچەکەی ناداتێ، (لێرەدا خوێنەر دەکەینە سەربشک، کە چۆن ئەم پەیوەندییە لێک بداتەوە و چ هەڵسەنگاندنێکی بۆ دەکات، بەلای ئێمەوە هەڵە لە هەر لایەکیانەوە بێت نابێت بگاتە ئاستی تیرۆر و کوشتن، بەتایبەتی کوشتنەکە زۆر وەحشیگەرانە بووە، کە دوایی دێنە سەر شێوەی کوشتنەکەش). کاتێک ئەم رووداوە گەیشتە دەست کوردستانپۆست، ئێمە چەند هەفتەیەک لەسەری وەستاین و بەدوادچوونمان بۆی کرد، لە رێگای پەیامنێرەکەمانەوە توانیمان ئەو راستییەمان بۆ دەربکەوێت، کە کچە و کوڕە گوایە بە شێوەی شەرعی و نهێنی خۆیان لە یەکتر مارە کردووە، کەسێکیش بە وەکاڵەتی کچەکە لەلای مەلا ئامادەبووە، ئەو مەلایەش  سوێندی داون، کە نابێت لە هێچ حالەتێکدا ناوی بهێنرێت، لەوە ترساوە دوایی مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست بکات، هەرچەندە دوای کوشتنی کوڕەکە، مەلا لە هەولێر نەماوە و چۆتە شوێنێکی نادیار.  پاش ئەوەی پەیوەندیی هەردوولایان ئاشکرا دەبێت، ئیتر سەنگەر دەبێتە دوژمنی سامی و  پەیوەندیی هاوڕێیاتیان تێک دەچێت، هەفتەیەک پێش کوشتنی سامی زۆر بە خراپی لێیداوە و سەری شکاندبوو دەست و قاچیشی بریندار کردبوو. دوای ئەمە باوکیان پلانی کوشتن و لەناوبردنی سامی دادەنێت.
سامی هاوڕێیەکی دیکەی دەبێت بەناوی (کارزان) ئەم کوڕە، سەیارەی دەبێت، زۆر جار سامی و ژنە تازەکەی بەیەک دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا خزمایەتی لەگەڵ کچەکەشدا دەبێت، ئەو ئێوارەیەی کە پلانی کوشتنەکە دادەنێن،
باوکی کچەکە ناوی (زەینەدین خالد زیارەتیی)یە، ئامۆزایەکی خۆی بە ناوی (خەتاب رەزا محەمەد عارف) لە ئاسایش کار دەکات، دەمانچەیەکی دەداتێ، لەگەڵ  پارەیەکی زۆر، بەهۆی ئەمەوە پلانەکە وا دادەنێن، کە خەتاب بچێت سامی و کارزان سەرخۆش بکات و دەرمانیان بداتێ، تا ئاگایان لە خۆیان نەمێنێت، ئەم خەتابە، کە لە ئاسایش کار دەکات بۆ ئەو ئاسان دەبێت دەرمانی هۆشبەری دەستی بکەوێت، بۆ خۆشی یەکێکە لەو کەسانە کە بەردەوام خەریکی دەرمانخواردنە، دەچیت و داوەتی هەردووکیان دەکات،  دوای ئەوە کە کارزان و سامی بەتەواویی ئاگایان لە خۆیان نامێنێت، خەتابی  ئاسایش کلیلی سەیارەکەی کارزان وەردەگرێت و بەناوی ئەوەوە دەیانباتەوە بۆ ماڵێ، راستەوخۆ دەیان کات بە مەزرەعەکەی زەینەدیندا. ئەو مەزرەعەیە بەرامبەر چیای سەفین نزیک گوندی (کێشکێ)یە. 

خەتاب رەزا زیارەتی
کە دەگەنە ئەو شوینە لەوێ ئەم سێ پیاوکوژەی دیکەش چاوەڕوان دەبن: (زەینەدین)، (سەنگەر)، (جەعفەری مامی زەینەدین). بە هەموویان بەپاڵ (سامی و کارزان) بە سەرخۆشی دادەگرن، جارێکی دیکە بە شەق و تێهەلدان تێیان بەردەبن و پەلکێشیان دەکەن بۆ ژووری ناو مەزرەعەکە، سامی کەمێک بەئاگادێتەوە دەست دەکات بە گریان و پاڕانەوە کە نەیکوژن، زەینەدین  داوا لە خەتاب دەکات کە ئەو گوللەکەی پێوە بنێت و بیکوژێت، چونکە دەمانچەی پێ بووە و بۆ ئەوەش داویانەتێ کە ئەم کارەی پێ بکات، خەتاب چەند گوللەیەک دەنێت بەسەرییەوە و یەکسەر گیانی دەردەچێت، ئینجا سەرەی کارزان دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دایکی کارزان خزمی جەعفەر دەبێت واز لە کوشتنی ئەو دەهێنن بەمەرجێک ئەم رووداوە لای کەس نەگێڕێتەوە، هەروەها دەبێت کوردستان جێ بهێڵێت، بۆ ئەمە هەر خۆیان پاش ماوەیەکی کەم هەموو شتێکی بۆ رێکدەخەن و دەینێرن بۆ ئەوروپا، ئیستا کارزان لە وڵاتێکی ئەوروپایە، وەک پەیمانی پێداون جارێ ناوێرێت بگەڕێتەوە.
زەینەدین و جەعفەر زیارەتی

هەر ئەو شەوە کە سامی دەکوژن، ئینجا بە لاندکرۆزەر بەسەر لاشەکەیدا دەڕۆن و سەری دەپلیشیننەوە، زۆربەی قسە و نهێنییەکان خەتاب درکاندوویەتی و خۆی بە سەرخۆشی ددانی پێداناوە و هەموو رووداوەکە لە نوکەوە بە شانازییەوە دەگێڕێتەوە، دەڵێت مێشکی لە کەللەی سەری هاتبووە دەرێ، دوای ئەمە لاشەکەی دەکەن بە چەند پارچەیەکەوە، لەت و کوتی دەکەن، دەیکەنە عەلاگەی رەشی گەورەوە، هەر لە مەزرەعەکە لای مەجرای جۆگەیەکەوە دەیخەنە ژیر خاکەوە.
بۆ بەیانییەکەی زەینەدین مریشکێک سەردەبڕێ و کچەکەی نیوە رووت دەکاتەوە وخوێنەکەی لە لەشی دەسوێت و بە ڤیدیۆ فلیمی دەگرێت، دەچێت بۆ لای نیهاد بارزانی و بەم شێوەیە مەسەلەکەی تێدەگەیەنێت:
کچەکەم چۆتە دەرێ بۆ ئەوەی خۆڵ (زبڵ) فڕێبدات، کوڕێک لەبەر دەگا فڕاندوویەتیی و دەرمانی داوەتێ لەهۆش خۆی بردووە و دەستدرێژی کردۆتە سەری، دوای ئەوە وێنەی گرتووە، ئێمەش کە زانیومانە کورەمان گرتووە و لە پێناو پاراستنی شەرەفماندا کوڕەکەمان کوشتٶتەوە، ئەمەش فلیمەکە فەرمو سەیری بکە. پاش ئەوەی نیهاد بارزانی فلیمەکە دەبینێت، دەڵێت: دەستان خۆش بێت مادام مەسەلە شەرەفە.
زەینەدین بەمەوە ناوەستێت بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرێت و لەلای پۆلیس، یان ئاسایش بانگ نەکرێت، دوو دۆنم زەوی لە نزیک چیای سەفین بە (نیهاد بارزانی) دەدات ، تا ئەمە ببێت بە پشگیرییەک بۆی و ترسی نەمێنێت.
بۆچی ئێمە بایەخمان بەم تاوانە داو و بڵاومان کردەوە؟
هەڵبەت لە ژیر سایەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی بە دەیان کارەساتی لەم شێوەیە روودەدەن و دەشاردرێنەوە، راگەیاندنەکان خۆیان لەو جۆرە رووداوانە بەدوور دەگرن، بەڵام کاتێک لە پشتەوەی ئەم هەواڵەمان کۆڵییەوە بەتایبەتی لە کەسایەتی پیاوکوژەکان بۆیە ئێمە بەباشمان زانی قسە لەسەر ئەو رووداوە بکەین و پەردە لەسەر هەندێک لایەنی شاراوەی بەشە سیاسییەکەی هەڵبدەینەوە، با لێرەوە دەستپێبکەین و زەینەدینتان پێ بناسێنین کە وێنەکان بۆ خۆیان هەندێک لەو راستییانە دەردەخەن:
زەینەدین کابرایەکی قاچاخچییە و بازرگانی بە زۆر شتەوە دەکات، یەکێک لەوانە بازرگانی چەکە، لەسەردەمی شەڕی نیوان پارتیی و یەکێتیی ساڵی 1995 ئەو کاتەی پارتیی ئەو توانایەی نەبوو،  زەینەدین دەستی لەگەڵ حکومەتی بەعسدا تێکەڵ کردبوو، کۆمەڵێک چەکی سەردەمی پێش راپەڕین، کە سوپای عێراق نەیتوانیبوو دەربازی بکات، حکومەت زەینەدین رادەسپێرێت کۆمەڵێک لەو چەکانە کە لە شوێنێکدا شاردرابوویەوە، بەڵکو ئەو چەکە بێ کەڵکانە بفرۆشێت، مەبەستیش لەمە ئەوە بوو، کەوا  مادام چەکەکەیان بۆ دەرباز ناکرێت، ئەوا هەوڵ بدەن ئەو پارەیەی لەدەستی کوردەکان بەو شێوەیە ئدەربهێنن، چەکەکان زۆربەیان بێکەڵک بوون، هەرچەندە توانای پارتیی ئەوەندە زۆر نەبوو، موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرەکانی زۆر بە زەحمەت بۆ دەدرا، لەو کاتەدا حەوت مانگ بوو چەکدارەکانی خۆی پارەیان وەرنەگرتبوو،بەڵام خودی مەسعود بارزانی ناچاربوو، بای 200 هەزار دۆلاری ئەو کاتە چەکی لێبکڕێت، پارەکەش لە گومرگی برایم خەلیلەوە، هات و دایان بە زەینەدین، ئەو چەکانە لە ناو کەڕەڤانەیەکدا دانابوو، بە تڕێلە لە خۆشناوەتییەوە رایکێشا و هێنای بۆ مەسیف، نزیک بارەگای پارتیی، وەک سەرچاوەکە دەڵێت، لێرەدا زەینەدین فێڵی لە مەسعود بارزانیش کرد، چونکە چەکەکان زۆربەیان بێ  کەڵک بوون، ئەو چەکە خراپانەی دا بە پارتیی ، پارتییش لەو کاتەدا توانای ئەوەی نەبوو کێشە لەگەڵ ئەم کابرا قاچاخچییەدا دروست بکات، بۆیە پاش ماوەیەک مەسەلەکە کۆن بوو، بەڵام وەکو  سەرچاوەکە باس دەکات، زەینەدین چەکە باشەکانی لە رێگایەکی دیکەوە بە ئێران هەندێک دەڵێن بە یەکێتی فرۆشتبوو.
لە سەردەمی راپەڕینەکەدا لە ساڵی 1991 دیسان، زەینەدین دەچێتە کەرکوک یەکێک دەبێت لەوانەی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک تاڵان دەکات و چەندین قاسەی پڕ لە پارە و سەیارەی لەوێوە هێنا، هەروەها شۆڤڵ و جۆرەها کەرستەی گرانبەهای دیکەی ناو کۆمپانیاکە دەهێنێت و دوایی زۆربەیانی ئاودیو کرد بۆ ئێران و بە پارەیەکی زۆر فرۆشتییەوە.
یەکێک لە هۆکاری سەرکەوتنی زەینەدین لەم راو و رووت و بازرگایی و قاچاچێتییەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە خۆی لە بارزانییەکان نزیک کردۆتەوە، پارەیان دەداتێ، چەک و تەقەمەنییان بە دیاری پێشکەش دەکات، وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، زەویی و زاریان لەسەر تاپۆدەکات، تەنانەت شتی ئەخلاقیشی لیدەگێڕنەوە، کەوا لە ئوتێل شیراتۆن لە دەرەوە ئافرەت دادەبەزێت کە بارزانییەکان دەچنە لایان ئەم پارەکەیان بۆ دەدات، واتە دەعوەتی رابواردنیان دەکات.
زەینەدین لە چیای سەفین راوە بەراز دەکات، گۆشتەکەی بە مەسیحییەکان دەفرۆشێتەوە، هەر شتێک پارەی تیدا بێت زەینەدین سڵی لێناکاتەوە دەستی بۆ دەبات.
لە ناو شاری هەولێردا پیشانگای سەیارەی هەیە.
خراپترین و مەترسییداترین بازرگانیی کە تا ئیستا بەردەوامە و شەرمی پێی نییە، ئەوەیە کە لە رێگای خزمێکی خۆیەوە لە فەرماندەی سوپای شەقلاوە بە ناوی وریا زیارەتی فەرماندەی هێزی سێی سەفین. چەک و تەقەمەنی وەردەگرێت، دوایی بە رێگایەکی دیکە پەیوەندیی بە داعشەوە دەکەن و پێیان دەفرۆشنەوە، ئەو چەکانە بەشێکی ئەو جەکانەن، کە لە دەرەوە بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێردرێت، بەشێکی دیکەشی کە لە شەڕەکاندا دەست پێشمەرگە دەکەوێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا جارێکی دیکە لە رێگای ئەمانەوە دەچێتە لای داعش.
سەنگەر و  نیهاد بارزانی

پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەمی ئەم رووداوە، وەکو ئاگادارکراینەوە، کەوا زەینەدین ئیستا چۆتە ناو مەزرەعەکەیەوە و لەوێ ماوەتەوە، گومانی ئەوە دەکرێت کەوا لاشەکەی سامیی پاش ئەو چوار ساڵە لەوێ گواستبێتەوە و بۆ شوێنێکی دەیکەیان بردبێت 




بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە