بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم: تکایە واز لە حەسەن زیرەك بێنە!

Friday, 29/05/2015, 18:08

10446 بینراوە


هەر بە خۆڕسك عەدنان کەریم دەنگی تایبەتی خۆی تێدایە و ئەم بەهرەیەش لەناو کورداندا زۆرە. بەڵام عەندان کەریم کۆمەڵێک هۆکار یارمەتیدەری بوون تا بتوانێت وەکو گۆرانیبێژێکی سەرکەوتوو بناسرێت. لێرەدا مەبەستی سەرەکی من باسکردنی ئەو هۆکارانە نییە. دڵنیام کەسانێك هەن کە دەنگیان ئەگەر خۆشتر نەبێت هیچ ناخۆش تر نییە، بەلام لەبەر ئەوەی وەکو ئەم هونەرمەندە بواریان بۆ نەڕەخساوە، کەس ناوی نەبیستوون و دەرنەکەوتوون.
بە داخەوە لەم ماوەیەی پێشوودا عەدنان کەریمیش نەیتوانی خۆی بەدوور بگرێت لەو گەندەڵی و دیاردە ناڕەوایەنای کە لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدەن. ئاشکرا بوو کە پارەیەکی زۆری وەرگرتووە لەبەرانبەر بەشداری کردنی لە فیستیڤاڵی هەلەبجەدا. ڕاستە تەنها ناوی عەدنان کەریم  لە لیستەکاندا نەبوو بەڵام جێگای سەرسوڕمانی خەڵکانێکی زۆر بوو کە ناوی ئەو لەو لیستەدا بوو. لە وەڵامی ئەوەدا هونەرمەند ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە بەڵام نەیگووت کە ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە و تەنها گلەیی نامەیەک بوو. بۆیە بە داخەوە عەدنان کەریم نەدەبوایە لەو لیستەدا بوایە.
لەم ڕۆژانەدا عەدنان کەریم بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە. قسەم لەسەر ئەو تراکانە نیە کە کاری لەسەر مقام کردووە، بەڵام ئەمجارە هەستاوە بە دووبارە ووتنەوەی چەند گۆرانییەکی حەسە زیرەكی نەمر. وەکو گوێگرێك کە گوێم شل کرد بۆ گۆرانییەکان هیچ هەستێکی پێ نەبەخشیم بێجکە لەوەی کە زوو بچم گوێ لە حەسەن زیرەك بگرمەوە. عەدنان کەریم نازانم چی مەبەستێکی هەیە لەم کارەی؟.
وەکو گوێگرێك دەتوانم بڵێم لاواز ترین گۆرانییەکانی عەدنان کەریم ئەوانەن کە لاسایی هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کردۆتەوە یان بە زاراوەی تر گۆرانی ووتووە(کرمانجی). ڕەنگە لەهەندێ گۆرانیدا تام و چێژێکی دابێ بە گۆرانییەکە بەلام بە گشتی لەم بوارەدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەو توانیویەتی سوود لە ماملێ و عەلی مەردان و تایەر تۆفیق وەربگرێت و بیانکاتە هەوێنی گۆرانی نوێ بۆ خۆی بەڵام کاتێك گۆرانییەکی ئەوان  تازە دەکاتەوە ناتوانێت مافی گۆرانییەکە بدات. کە گوێێ لێ دەگری هەست بە لاوازییەك دەکەی لە زۆربەی لایەناکانی گۆرانییەکەوە ( تێکست، تۆن، شێوازی گوتن). بە ڕای من  لەم کارانەدا سەرکەوتوو نەبووە. 
لەگەڵ ئەوەی دەنگی عەدنان کەریم بۆ گۆرانییەکانی حەسەن زیرەك گونجاو نیە  لەهەمان کاتدا ڕۆحیەت و تەکنیکی ئەو موزیکەی بۆی لێدراوە لە گۆرانییەکاندا زۆر دوورە لە ڕۆحیەتی موجتەباو موزیك ژەنەکانی ئەو سەردەمەی حەسەن زیرەك.
 گۆرانییەکانی حەسەن زیرەك کۆن نەبوون و هەتا ئێستاش گوێگرێکی زۆریان هەیەو کەس نەیتوانیوە ئەو تام و چێژەی حەسەن زیرەك بدات، ئیتر نازانم دووبارە کردنەوەی ئەو گۆرانییانە نهێنییەکەی چییە؟
هیوادارم ئەم سەرنجەم بگاتە عەدنان کەریم و لەبەر چاوی بگرێت و لەداهاتوودا زیاتر گۆرانی نوێمان پێشکەش بکات ئەگەر توانی، ئەگەر نەشیتوانی ئاوا با ئارام بگرێت و ماوەیەك بێ دەنگی هەڵبژێرێت، چونکە ئەو تا ئێستا کۆمەڵە کارێکی نایاب و باشی کردووە و لەئاستێکدایە کە پێویستی بە ئیشی زۆر و بۆر نییە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە