کۆمۆتراژیدیاکانی ھەرێمی کوردستان (بەشی سێیەم)

Saturday, 27/06/2015, 22:42

3490 بینراوە


٣- کۆمۆتراژیدیای رۆشنبیرو رەخنەو دەسەڵات
کۆمەڵگاو بەیەکەوە ژیان ،واتای بەیەکەوە کۆکردنەوەی جیاوازیەکان! ھیچ کۆمەڵگایەک نییە بە بێبوونی جیاوازی،ھیچ کۆمەڵگایەکیش نییە کە جیاوازی تیادا نەبێت،ئەگەر گریمانی ئەوە بکەین کەوا کۆمەڵگایەک ھەیە بە بێ جیاوازی،ئەوە واتای ئەوەیە ئەو کۆمەڵگایە لە حاڵەتێکی ناتەندروستدا دەژی و لە رێگای ھێزەوە جیاوازییەکانی تیادا سەرکوتکراوە!چونکە مرۆڤەکان خۆیان ، بە ھۆی جیاوازی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جوگرافی و ئابووری و ...ھتد،تێڕامان و بیرکردنەوەیان بۆ ژیان دەگۆڕێت ، دنیابینیان دەگۆڕێت،ھەر مرۆڤێک بە شێوەیەکی تایبەت سەیری ژیان دەکات ، لە دەوروبەر دەڕوانێت ،ھەست بە شتەکان دەکات و بیریان لێدەکاتەوە،بۆیە بەرھەمی جیاوازیش لە ناو کۆمەڵگا دێتە بەرھەم، رەوگەی فەلسەفی جیاواز،قوتابخانەی ئەدەبی جیاواز،ھونەری جیاواز،چێژی جیاواز،داب و نەریتی جیاواز دێتەبەرھەم،بیرکردنەوە لەو دنیا بینیە جیاوازانە بنەماو کۆڵەگەی رۆشنبیریە، بۆیە لەناو ھەموو کۆمەڵگایەکدا رۆشنبیری جیاواز ھەیە،ھەرچین و توێژەی رۆشنبیری تایبەت بە خۆی ھەیە ، وشەو دەستەواژەی تایبەت بە خۆی ھەیە ، کە لە کۆتاییدا وەک ئامڕازێک بەکاریدەھێنێت لەململانێی لەگەڵ چین و تۆێژەکانی تری ناو کۆمەڵگادا ـ چۆن ملمڵانێ لە نێوان چین و توێژەکاندا ھەیە لەسەر باڵادەست بوون و گرتنە دەستی دەسەڵات ، بە ھەمان شێوە ململانێ لە نێوان رۆشنبیریەکانیشدا ھەیە ، ھەر رۆشنبیریەک ھەوڵدەدا باڵا دەست بێت و ببێتە رۆشنبیری فەرمی دەسەڵات ، واتە رۆشنبیری گشتی ھاوڵاتیان!ئەمە واتای ئەوەیە کە لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا دوو جۆر رۆشنبیری ھەیە،ئەو رۆشنبیرییەی کە زاڵ بووە بەسەر رۆشنبیریەکانی ترو بۆتە رۆشنبیری فەرمی ،لەگەڵ ئەو رۆشنبیرییەی کە وەک رۆشنبیریەکی لاوەکی و تایبەت بەچین و توێژێکی دیاریکراوەوە ماوەتەوە و لە ھەوڵدایە بۆ سەرکەوتن و باڵادەست بوون ، واتە بوون بە رۆشنبیری فەرمی کۆمەڵگا ، چۆن چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ھەمیشە لە ململانێدان ، بە ھەمان شێوە ئەو دوو رۆشنبیریەش ھەمیشە لە ململانێدان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی جێگەو پێگەی خۆیان!
جیاوازی رۆشنبیری فەرمی ، واتە رۆشنبیری دەسەڵات ، لە گەڵ رۆشنبیرییە لاوەکیەکانی تردا ئەوەیە ، کە ئەو ھەمیشە کار لەسەر پڕاکتیزەکردنی ئایدیاکانی خۆی لە حوکمڕانی دەکاو نەخشە بۆ بڕیارەکان دادەڕێژی ، بە دەستەواژەیکی تر ، رۆشنبیری فەرمی ،دەکەوێتە بواری کارپێکردنەوە و بەرھەم و دەرئەنجامەکانی لە بواری واقعدا دەکەوێتە بەرچاوی خەڵک و بەرجەستە دەبێت ، واتە کاتێک ئەو دەڵێت ئێمە وادەکەین ، وا دەکات ، یاخود پێویستە لەسەری وا بکات !بەڵام رۆشنبیریە لاوەکیەکە ھەمیشە لەسەر داھاتوودا کاردەکات و دەڵێت ئێمە ئەگەر دەسەڵاتمان بکەوێتە دەست وا دەکەین! کەواتە رۆشنبیرە لاوەکیەکان رۆڵی گەورە دەبینن لە دروستکردی خەونەکانی ئایندە!رۆشنبیریە سەرەکیەکەش ،دەبێتە ئامڕازێک بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئێستا!
کارکردن لەسەر داھاتوو ، کارکردن لەسەر ئێستا ، یەکێک لە گرێکوێرەکانی نێوان ئەو دوو رۆشنبیریەیە، واتە کێشەی راستەقینەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، کێشەی دەسەڵات ئەوەیە ھیچ ئایدیایەک ناتوانرێت دەقاو دەق پڕاکتیزە بکرێت ، چونکە کۆمەڵگا خۆی کێلگەیەکە بۆ پراکتیزەکردنی ئایدیاکان و کۆمەڵگاش ھەمیشە لە گۆڕڕندایە،بۆیە ئەگەر ئایدیاکان بۆ ماوەیەکیش توانرا پراکتیزە بکرێن ، دواجار بە ھۆی گۆڕانی ژێرخانە کۆمەڵایەتیەکەیان لەکار دەکەون ، ئەمەیە کە لەسەر ھەموو دەسەڵاتێک دەسەپێنێت کە ھەمیشە لە گۆڕاندابێت و لە گەڵ گۆڕانکاریەکان بگۆڕێت ، دیارە ئەمەش تا سەر لە توانای ھیچ دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسیدا نییە ! چونکە تواناکانیان دیاریکراوەو وەکو ھەر بوونەوەرێکی زیندووی تر ، دەگەنە قۆناغی پیری و پەیامی مێژووییان بە کۆتا دێت ! بۆیە لە ئەنجامدا دەسەڵاتەکان خۆشیان دەکەونە بەر شەپۆَلی گۆڕانکاریەکان و دەبێت بگۆڕێن! ھەرچی رۆشنبیریە لاوەکیەکەیە ، دەتوانێت بە سوود وەرگرتن لە گۆڕانکاریەکان و ئەزموونی کردارەکانی خودی رۆشنبیریە فەرمیەکە ، خەونی نوێ بەرھەم بھێنێت وکۆمەڵگا بەوە رازی بکات ، کە ئەو تاکە ئەلتەرناتیڤی رۆشنبیریە فەرمیەکەیە ئەگەر ئەو بگاتە دەسەڵات و ببێتە رۆشنبیری فەرمی دەوڵەت و پڕەنسیپەکانی ئەو پڕاکتیزە بکرێت ، ئەوا زۆرترین بڕی خەونەکانی کۆمەڵگا دێتە دی، ئەم دیالێکتە لەنێوان ئەو دوو جۆرە رۆشنبیرە بەردەوام دەبێت تا دەسەلاتەکان دەگۆڕێن و کۆمەڵگا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی ترھەنگاو دەنێت ، بەم پێیەش سیستەمی سیاسی لە قۆناغێکەوە دەچێتە قۆناغێکی تر!
ملمڵانێی نێوا ئەو دوو رۆشنبیریە ، زۆر جاران لە رێگای بەکارھێنانی ھێزەوە دەبێت ، ھەندێک جارانیش ، بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی ئاستێکی پێشکەوتنیان بڕیوە ، لەرێگای دیاڵۆگ و رەخنەگرتنەوە ، رەخنەگرتن ، واتی نیشاندانی کەم و کوڕیەکانی دەسەڵات بۆ خەڵک ، دەسەڵاتیش بەرامبەر ئەوە کار لەسەر ئەوە دەکات کە لایەنە پۆزەتیڤەکانی خۆی گەورە بکات و بەرپەرچی رەخنەکانیش بداتەوە ، لە ھەندێک حالەتیشدا کار بە رەخنەکان بکاو وەکو بەرھەمێکی خۆی سوودیان لێوەربگرێت،بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا،ھەمیشە رەخنەکان ، خەرچەندە بەنرخ و واقعیش بن ،دوژمنکارانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت ، گوێگرتن لەو رەخنانە بۆ دەسەڵات واتای بچووک بوونەوەو دەست بەرداربوون دەگەیەنێت ، کە ئەمە ھەرگیز لەگەڵ ئەو نێرگسیەتی ئەو شێوە ە دەسەڵاتە ناگونجێت کە لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا گەشەی کردووە!کەواتە لە دەسەڵاتە دیموکراتەکان ، رەخنە بە شێوەیەکی تەندروست وپۆزەتیڤانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئامڕازێکە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا ، ھاوکات ئازادیەکی بنەڕەتییەکی لە ئازادییەکانی مرۆڤ و دەکەوێتە چوارچێوەی ئازادی بیروراوە، کەچی لای سیستەمە توتالیتاری و ستەمکارەکان ، دەبێتە فاکتەرێک بۆ لێدان و سەرکوتکردنی ئازادی و ستایلی رەخنەو رەخنەگرەکان ...
کەواتە پرۆسەی رەخنەگرتن ، لە لایەک بەندە لەسەر ئاستی رۆشنبیریەکانی نێوکۆمەڵگا، لە لایەکی تر بەندە بەسەر شێوازی سیستەمی سیاسی ،بە وتایەکی تر پڕۆسەی رەخنەگرتن لە چەند رەگەزێک پێک دێت ، ئەو ژینگەیەی کە پڕۆسەی رەخنەو رەخنەگرتنەکەی تیادا ئەنجام دەدرێت ، واتە کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەو لایەنەی کە رەخنەیان لێدەگیرێت رەخنە دەگرن ، لەگەڵ خودی رەخنەگرتنەکە خۆی!بۆیە ئێمە ناتوانین پڕۆسەی رەخنەو رەخنەکاری لە ھیچ وڵاتێکدای ھەڵسەنگێنین بە بێئەوەی شارەزایی تەواومان لەسەر ئەو رەگەزانە ھەبێت !
وەک گوتمان خاڵی یەکەم پێویستە ژینگەیەکی تەندروست ھەبێت لە رەخنەکان تێبگات و جیایان بکاتە وە لەگەڵ ئەو شەڕە دروشمانەی کە لەنێوان ھێزە رکابەرەکانی ناو کۆمەڵگادا ئەنجام دەدرێن ، بوونی کۆمەڵگایەکی ھوشیار زۆر گرنگە کە بەئاسانی فریونەخوات و رەخنە لە شێوازەکانی تری ململانێی سیاسی جیا بکاتەوە و ئنجا باوەڕی پێبکات و پشتگیری بکات،یاخود بەرپەچی بداتەوە،نەک بە ھۆی شەڕی دیماگۆگیانەی وشەکانەوە، ببێتە ئامڕازێک بە دەستی ھیزە سیاسیەکان و بە ئارەزوی خۆیان یاری پێبکەن ! کۆمەڵگا دەبێت ئەو توانایەی ھەبێت دادوەری بکات لەنێوان ئەو شەپۆڵی بۆچوون و رەخنانەی لەنێو ھێزە ململانێکەرەکاندا ھەیە، تێیان بگات و لە بیژنگیان بدات ، دواتر کامەی لەخزمەتی پڕۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەیەتی پشتی بگرێت و یارمەتی بدات بۆ ئەوەی جێگای خۆی لە بواری پراکتیزەکردندا بدۆزێتەوە، کە دیارە ئەمەش بەند دەبێت بەو خاڵە ھاوبەشانەی کە لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا ھەیە ، راستە کۆمەڵگا دەفرێکی گەورەیە بۆ ململانێکان ، بەڵام لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا خاڵی ھاوبەش ھەیە کە دەتوانرێت بە ھۆیەوە ھەموو خاڵە جیاوازەکان بەیەکەوە کۆبکارێتەوەو رادەی ئەوپەڕی بەرژەوەندی ھەموولایەنەکان بھێنیرَتە دی،دەبێت ئەوەش بزانین کە ھیچ سیستەمێک لە قۆناغی ئەمڕۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نیە کە بتوانیت ئەوئەرکە بە کامڵی ئەنجام بدات و جیاوازیەکان بە شێوەیەکی وا رێکبخات کە ھەموو چین و توێژەکان وەک یەک بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر بکەن ، بەڵام دەکرێت تا ئەوپەڕی توانا کار لەسەر ئەوە بکرێـت کە ھێلە سەرەکیە لەنێوان ھەمووان وبەرژەوەندی ھەمووان تارادەیکی باش بپارێزرێت !بوونی کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیە فاکتەری یەکەمە لە سەرکەوتنی پڕۆسەی رەخنەو رەخنەکاری ، ھاوکات خودی رەخنەکە رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە قبووڵکردنی یاخود قبووڵنەکردنی لە لایەن کۆمەڵگاو دەسەلاـی سیاسیەوە ، رەخنەش بێگومان لە لایەک پشت بە ئاستی رۆشنبیریو راستگۆیی رەخنەگرەکە دەبەستێت ، لە لایەکی تر راستی خودی رەخنەکە خۆی و پێکان یاخود نەپێکانی ئەو ئامانجانەی کەوا کاریان لەسەر دەکات!جاری وا ھەیە رەخنەکە لە جێی خۆیدایە ، بەڵام رەخنەگرەکە متمانەی نەماوەو کەسێکی راستگۆ نییە، یاخود بە پێچەوانەوەی رەخنەکە نەیتوانیوە مەبەستی خۆی بپێکێ و رەخنەگرەکە وەکو پێویستە لەو ئامانجە نەگەیشتوە کە رەخنەکەی لێگرتوە و پاساوەکانی ئەو ھێزە رەخنەی لێگیراوە، بەھێزترە لە پاساوو بۆچوونەکانی رەخنەگرەکە و زیاتر خەڵک باوەڕی پَێدەکات! لە ھەموو حاڵەتەکاندا دەبێت کۆمەڵگایەکی ھوشیار ھەبێت دۆخەکە ھەڵسەنگێنێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات!
ئەگەر بمانەوێت ئەو لایەنە تیووریە لە سەر پڕۆسەی رۆشنبیری و رەخنەو رەخنەکاری لە ھەرێمی کوردستان پراکتیزە بکەین ، ناتوانین مافی خۆی بدەینێ بە بیئَەوەی قسە لەسەر یەک بەیەک لە رەگەزەکانی پڕۆسەی رەخنە نەکەین، سەرەتاش پێویستە لەسەر ژینگەی رۆشنبیری و رەخنەو رەخنەکاری بدوێین لە ھەرێمی کوردستان ، کە لەچەند رووێکەوە دەتوانین بلێین ژینگەیەکی تەندروست نییە بۆ ئەوە پڕۆسەیە، ئەمەش لەبەر چەند ھۆکارێک ، لەوانە پێشینەی مێژوویی،پێکھاتەی کۆمەڵایەتی ، ئاستی ھوشیاری، لە رووی پێشینەی مێژوویەوە بەدرێژایی نۆ دەیەکی سەدەی بیستەم کۆمەڵگای کوردی لەژێر دسەڵاتێکی سەرکوتکاری ژیاوەو دووچاری پڕۆسەی توانەوەو لەناوبردن ھاتووە!بیگومان بەرلەو ماوەیەش ئەو پڕۆسەیە لەسەر کورد ئەنجامدراوە ، بەڵام بە ھۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە و سەدەمی بیستەم کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر بووەو دەرھاویشتەکانی روونتر بە دەرکەوتووە، بەرامبەر ئەمەش خەڵکانێک ھەبووینە ، لە پەنای بزووتنەوەی رزگاریی و ئازادی و کۆمەڵێک دروشمی زەقەوە ، ھەوڵیانداوە سەرکوتکاریەکانی دوژمنان لە پێناو بەرژوەندییەکانی خۆیان بەکاربێنن و سوودی لێوەرگرتن ، کەواتە لەنێوەندی ئەھریمەن و ئەھرۆمزدایەک بواری رەخنەگرتن نامێنێنێتەوە ،یاخود زۆر بەرتەسک دەبێتەوە، لایەنی یەکەم (رژێمە سەرکوتکارەکان ) رەخنەی لێبگیری دەکەوێتە سەرکوتکاری، لایەکەی تریش، واتە بزووتنەوە خۆماڵیەکە(ئەگەر بکرێت ناوی خۆماڵی لێبنرێت) لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەھی خۆیان دەزانی و بەشێوزاێکی ئەفسووناوی پیرۆزکردنەوە لێیان دەڕوانی ، کەم کەس دڵی دەھات ، یا زاتی ئەوەی دەکرد ، یا ھوشیاری ئەوەی ھەبووە رەخنەی لێبگرێت!بۆیە زۆر شت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکارانە گوتراوە، بەڵام ئەوانە دەکەونە خانەی بەرەنگار بوونەوە نەک رەخنەگرتن، بەشێکی زۆریشیان چوارچێوەی ئەدەب و ھەست و سۆزی تێنەپەڕاندووەو ھزر تیایدا ئامادەگی نەبووە ، بەرامبەر لایەنی بزاڤی کوردیش ، تاک و تەرا لێرەو لەوێ تارمایی جۆرە رەخنەیەکی سەرەتایی و وەسفیمان بەرچاو دەکەوێت! بەڵام ئەوانە دەنگی شازن و ھەمیشە لەناو کۆمەڵگاوە قبوڵنەکراون !یاخود بە لایەنی کەمەوە بایەخیان پێنەدراوە ، ئەگینا بە شێوەیەکی گشتی ، ھەموو توانا رۆشنبیریەکانی کورد خراوەتە خزمەت ئەو بزووتنەوانەی کە ناوی رزگاریخوازیان لێنراوە ، بە بێئەوەی درک بەوە بکەن ، کە ئەوان شەڕی حکومەتێکی ستەمکاریان کردووە لە پێناو بەرھەمھێنانی حکومەتێکی ستەمکاری تری خۆماڵی! کەواتە لەسەر ھەردوو ئاستی بزووتنەوەی کوردی دوژمنانی کورد ، بواری ئەوە نەڕەخساوە کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی رەخنە بێتە ئاراوە!
پێکھاتەی کۆمەڵایەتی کوردیش ھۆکارێکی تری گرنگ بووە ، بۆ نەڕەخسانی ئەو ژینگەیە لەبارە،دیارە ناتوانین بەیەک پێوەر ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کوردی ھەڵسەنگێین ، چونکە گەشەسەندنێکی ھێندە ناوھاوسەنگ و مەترسیدار بووە، کۆمەڵگای کوردی تووشی لێکدابِرانێک و ھەڕەشەیەکی چارەنووس ئامێزکردۆتەوە ، بۆ وێنە لە ھەندێک ناوچەی کوردستان تاوەکو ئێستا خەڵکەکەی ، بەدابەشکردنە مارکسیەکە بۆ مێژوو ، لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی دەژیت، ھێندێک شوێنی تر تێکەڵ بە جیھانگەرایی بووەو لەگەل نوێترین بەرھەمەکانی شۆڕشی گەیاندن مامەڵە دەکەن! ئەمە بۆتە سۆنگەی ئەوەی کۆمەڵگای کوردی دووچاری شپرزەییەکی گەورەبێت، جێگای داخە ھەموو ھێزەکانیش کار لەسەر ئەو دابەش بوونە دەکەن و لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیان وەبەریدەھێنن و قووڵتری دەکەنەوە، بۆیە دەبینین ھەر حزبەی لە ناوچەیەکدا بەگوێرەی ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی پێگەی خۆی سەپاندووە!ئەگەرچی لە قۆناغی ئێستادا ، ھەموو ژینگەکان لە ھەڵوەشانەوەدایەو پێگەی ھەموو حزبەکانیش لە دابەزیندایە!جیاوازی لە رادەی گەسەندنی ناوچەکانی کوردستان ، وایکردوە، رادەی خوێندنەوەو تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ رەخنەکان جیاوازبێت،راستە ئەو جۆرە جیاوازییە لە نێو ھەموو کۆمەڵگایەکدا ھەیە، بەڵام لەھیچ کۆمەڵگایەکدا جیاوازییەکان بە رادەی جیاوازیەکانی نێوکۆمەڵگای کوردی نییە ،کە وەک باسم کرد بۆتە بەربەستێک لە رێگای گەشەکردن و پێشکەوتنی سیستەمی سیاسی!
دەربارەی رەگەزی دووەم ، دەمەوێت بڵێم رەخنەو رەخنەگر، رەخنەلێگیراو ،سەرەتا بەشێکی زۆر لەو نوسین و دەبڕین و بۆچوونانەی لە دوو توێی راگەیاندنەکاندا دەردەبڕدرێن ناکەونە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی رەخنەگرانەی ئامانجدارەوە،بەڵکو دەکەونە چوارچێوەی مھاترات و پڕوپاگەندەی سیاسیەوە،شەڕە قسەیەکی ئاساییەو میدیاکان خۆیان پێ سەرقاڵ کردووە، کە لە کۆتایدا جگە لە زیان گەیاندن بە پڕۆسەی رەخنەو خودی رەخنەگرەکە زیاتر ھیچی تری لێ بەرھەم نایەت!ئەو دەمەتەقێیانەی کە لە میدیاکان دەکرێن ، ئاستی بەناو رەخنەو رەخنەگرەکان لە ھەرێمی کوردستان بەدیاردەخەن ، ئەوە دەسەلمێنن کە چۆن لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی وەک رۆشنبیر خۆیان بەرامبەر کۆمەڵگا دەردەخەن ، لە جیانی ئەوان ھێزەکان بخەنە ژێر کاریگەری و ھەژموونی خۆیانەوە،بوونەتە ئامڕازی دەستی ھێزەکان!بەداخەوە میدیاکان ، بە تایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان ، بە ملێۆنان دۆلار لەو گەڕەلاوژە قێزەونە سەرف دەکەن و میزاجی کوردەواری خەڵکیان تێکداوە!زۆرینەی ھەرە زۆری ئەو رەخنانەی کە لەھێزەسیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دەگیرێن و ئەو وەڵاماناەی کە بەناوی ئەو ھێزانە دەدرێنەوە ناکەونە ناو چێوارەی رەخنەیەکی ھزرییەوە، بەشێکی دەکەوێتە چوارچێوەی سکانداڵێکی سیاسیەوە ،بەشێکیان دەکەونە چوارچێوەی تاوانێکی یاساییەوە ، ھەندێکی تریان دەکەونە چوارچێوەی شێواندنی راستیەکانەوە! بۆ وێنە کاتێک بەڵگەنامەیەک لەسەر سکانداڵێکی ئابوری یاخود سیاسی بڵاودەکرێتەوە ، ئەمە ناکەوێتە چوارچێوەی رەخنەی ھزریەوە ، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەیەی پڕۆسەیەکی رێکخستنی و پڕوپاگەندەی حزبی،ئەو کەسەی ئەو بەڵگە نامانە ئاشکرا دەکات پێی ناگوترێت رەخنەگر، چونکە لە رووی ھزرییەوە کەم و کوڕییەکی لەفەلسفەی ھزری دەسەڵات نەگرتووە ، بەڵکو کەم و کوڕییەکی بواری پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی ئاشکرا کردووە ، بێگومان لە سیستەمی سیاسی تەندروست ، دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن و کار رایی یاسایی بەرامبەر وەردەگرن ، ئاشکراکردنی دزینی نەوت ، یاخود دەست بەسەرداگرتنی ماڵی گشتی ، ناکەوێتە چوارچێوەی رەخنەوە ، بەڵکو بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکەوێتە چوارچێوەی پێشکەشکردنی داوایەکی یاساییەوە ، کە داواکاری گشتی پێویستە کاری لەسەر بکات و دەسەڵاتی قەزایش پێویستە یەکلایی بکاتەوە ، چ توانایەکی ھزری تێدایە کە یەکێک دۆکیومێنتێکی دەکەوێتە دەست و بڵاوی دەکاتەوە ، کە بە شێکی زۆر لەو کەوتنەدەستانەش جێگای نیشانەی پرسیارن؟! بۆیە بەشێکی زۆر لەو شەڕانەی لە کوردستان دەکرێت بەرھەمی ئەقڵێکی پێشکەوتووی خاوەن توانا نییە ، کە دەست نیشانی کە م و کوڕییەکان بکات و یاخود فەلسەفەی نوێ بۆ فەرمانڕوایی بەرھەم بێنێت ، بەڵکو بریتیە لە شەڕێکی قێزەونی نێوان ھێزە سیاسیەکان ، چەند کاراکتەرێکیان بۆ ئەم مەبەستە دروست کردوە ، کە بەناوی رەخنەگرتنەوە شەڕی لاکەی تریان پێدەکەن ، بە شێکی زۆری ئەو شتانەی دەیڵێن و یاخود ئاشکرای دەکەن ، بەرھەمی تواناو ئەقڵی خۆیان نییە ، بەڵکو کاری ئەو دەستانەیە کە لە پشتەوە یاریان پێدەکات، ئەو دۆخەش بۆ دوو مەبەست بەو ئاقارە دەبردرێت ، لە لایەک بۆ بەکارھێنانی ئەو بەناو رەخنەگرە ناسراوانە وەکو ئامڕازێک لەشەڕی سیاسی خۆیان ، لە لایەکی تر بۆ سووک کردنی رەخنەی جدیی و خاوەن پەیامە ، ئەمە ئەو فەوزایەکی وای گوراندووە ، کە رەخنەو شەڕە قسە و دمگۆو جنێودان و...ھتد ، لەگەڵ رەخنەی جدی و بنیاتنەر بکەونە یەلای تەرازوەوەو بەھای راستەقینەی خۆیان لە دەست بدەن ! رەگەزی سێیەم لە پڕۆسەی رەخنە کە دەسەڵاتی سیاسیە ھەرگیز لە دوو رەگەزەکەی تر جیا ناکرێتەوە! مامەڵەکردنی ناتەندروستانەی دەسەڵات لەگەڵ جدیەکان ھێندەی تر رەخنەکان بێبایەخ دەکات ، پشتگوێخستن و لێنەپرسینەوە ، ئامانجەکانی رەخنە لە نوێبوونەوەو بنیاتنانەوە پێچەوانەوە دەکاتەوە ،پشگوێخستنی رەخنەکان ئازادی رادەربڕین سووک دەخات و لە بەھاکانی خۆی دەخات ، لەبەر ئەوەی رەخنەگرتن بەرپرسیاریەتە، رەنگ بێت زۆر جار مەبەست تیایدا خزمەتکردن نەبێت بەڵکو بە لارێ بردن و فریودانی خەڵک بێت ،چونکە مەرج نییە رەخنەکان ھەمیشە لە خزمەتی کۆمەڵگادا بن ، بەڵکو ھەندێک جار رەخنە دەبێتە ھۆی ھێنانە ئارای فەوزایەکی سیاسی، بۆیە دەبێت دەسەڵات لەو توانایەدا بێت کە مامەڵە لەگەڵ رەخنەکان بکات ،چونکە بێ بەھاکردنی رەخنە جدیەکان واتە لەکارخستنی باشترین ئامڕازی خەباتی دیموکراسیانە ، کە ئەمە خەڵک ناچار دەکات ، لە بەکارھێنانی ھزرو وشەوە ، پەنابەرێتە بەر بەکارھێنانی ھێزو چەک ! ھەر کاتێکیش دەسەڵات ئەو توانایەی نەما ، واتە گلۆڵەی ئەو دەسەڵاتە کەوتۆتە لێژی و لە قۆناغی کۆتاییەکانی تەمەنی خۆیدا دەژی و دەبێت خۆی ئامادە بکات ، کە بەخۆشی بێت یا بە ناخۆشی ، جێگاکەی خۆی بۆ ھێزێکی تر چۆل بکات !لە ھەرێمی کوردستان نەک دەسەڵات ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ رەخنە جدیەکان بکات ، بەڵکو ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو سکانداڵە سیاسی و ئابوریانەش بکات کە خەریکە بنەمای کۆمەڵگا ھەڵدەتەکێنی بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەی دەبات ، بە دەیان بەرپرس فایلدار دەرچوون و لە ژێرەوە ببوونە چاوساغ و سیخوڕی دوژمن و فایلەکانیان لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە ! بەدەیان بەرپرس ماڵی گشتی و تایبەتیان داگیرکردوەو بە ئازادیش دێن و دەچن ، بێھەڵویست بوون بەر ئەو سکانداڵانە واتای ئەوە نییە کە ئازادی بیرورا ھەیە ، بەڵکو واتای ئەوەیە کە ئازادی و چرووک وبێ بەھا کراوەو چەمکی فەوزاو بەرەلڵایی پۆشیوە، دەسەڵاتێک کە نەتوانێت بەرەلڵایی و ئازادی لە یەکتر جیا بکاتەوە ، ناتوانێت باس لە شەرعیەت و مەشروعی بوونی خۆی بکات و ئەو دەسەڵاتە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە!
لە ئەنجامدا ، دەگەینە ئەوەی کەلە ھەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لەوانەی بە رەخنەو رەخنەگر ناوزەد دەکرێن ناکەونە ناو چوارچێوەی رەخنەگرو رەخنەی زانستیەوە ، ژمارەیەکی زۆریش لەوانەی کە وەک رەخنەگر وێنا دەکرێن ، شەڕێکی بە وەکالەتی حزبەکان دەکەن ، و ئەو سیستەمەی کە لە کوردستانیش مامەڵە لەگەڵ رەخنەکان دەکات زۆر نابەرپرسانە رەفتار دەکات و تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی وەکو سیستەمێکی سیاسی فۆرمۆڵە بکات !بۆی لە پەنای رەخنەو رەخنەکارییەوە ،ھەرێمی کوردستانی تووشی گەڕەلاوژەو فەوزایەکی سیاسی ھاتوە ، متمانەی رەخنەو رەخنەگرەکانی لای خەڵکی کوردستان ھێجگار کەم کردۆتەوە سوپایەکیش لە بازرگانی وشەی ھێناوەتە بەرھەم ،کە ئەمەش سەرباری لایەنە نێگەتیڤەکانی ، واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگەی لە لێواری قۆناغێکەو و بەرەو قۆناغێکی تری نوێ ھەنگاو ، خۆڵ و خاشاکەکانی ناو کۆمەڵگا خەریکە دەچنە نێو شوێنی تایبەت بە خۆیانەوەو تروسکەی ئەو گەوھەرە بچووکەی لە نێوکۆمەڵگای کوردیدا یە ھەیە ، رێگای بۆ خۆش دەبێت کە ببێتە خۆرێکی گەورەو وڵات رۆشن بکاتەوە ، درک کردن بەو نامۆبوونە شارستانییەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگاکەمانی تێدا دەژی ، خۆی لە خۆیدا واتای گەڕان و دۆزینەوەی رێگایەکە بەرەو بنیتنانی شارستانیەتێکی راستەقینە.فەوزاو گەڕەلاوژەی سیاسی ، وەک ئەو قۆناغەی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت ، واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگا گەیشتۆتە کۆتایی قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی تر ، ئەگەر تاکەکانی کورد نەتوانن ئەو گەڕەلاوژە بگۆڕن بە سیستەم و ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕبکەنەوە، ئەوە ھەمدیس دەبێت چاوەڕیی ھێزێکی دەرەکی (لە عەرەب و فارس و تورک ) بکەن ، پەلاماریان بدات و قۆناغێکی تری کۆیلایەتی و بندەستی دەست پێبکەنەوە!

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشوتر لەو لینکەی خوارەوە کلیکی ئەرشیفی نووسەر بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە