کۆمۆتراژیدیاکانی ھەرێمی کوردستان (بەشی دووەم)

Wednesday, 24/06/2015, 15:11

3789 بینراوە


٢- کۆمۆتراژیدیای پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم 
کرۆکی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لە چیدایە؟ئایا کێشەی سیستەمی سەرۆکایەتی یاخود پەرلەمانییە، یا کێشەکە لە وە قووڵترەو مەسەلەی سیستەمی سیاسی تەنیا کراوەتە دێوجامەیەک بۆ ئەوەی توانای بینیی راستیەکان لای خەڵکی کوردستان لاواز بکرێت!؟ ئایا دروستکردنی ئەو کێشانە لە پێناو ئەوە نییە سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە راستەقینەکانی ھەرێمی کوردستان لاببرێت!؟ ئایا ئەوەی دەربارەی سیستەمی سیاسی دەگوترێت ، ملمڵانێیەکی سیاسیە یاخود گەڕەلاژەیەکی سیاسیە!؟ ئایا لە پەنای دروستکردنی ئەو تەنگژانەدا ، مەبەستی سەرەکی تەنیا ئەوە نیە کە شەڕی ترس و تۆقاندن لەگەڵ خەڵکی کوردستان ئەنجام بدەن؟! لەبەرژەوەندی کێدایە خەڵک بەم شێوەیە ھەمیشە لە ترس و دڵە راوکێدا بژین؟ کێ ئەو مافەی بەو حزبانەی ھەرێمی کوردستان داوە ، بە ئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنووسی کوردستان بکەن ؟ ئایا بەراست کێشەی کوردستان کێشەی سیستەمی دیموکراتییە!؟ئایا حزبێک ھەیە لە کوردستان بە شێوەیەکی فعلی باوەڕی بە دیموکراسیەت ھەبێت و بەرگری لێبکات !؟گەمەی قێزەونی بەناو دیموکراسیەت تا چەند راستیەکانی شاردۆتەوە ؟ ئایا ئەو واقعەی لە رێگای دروشمە زەقەکانی دیموکراسیزمەوە دەیانەوێت مێشکی خەڵکی پێرابێنن ، ھەمان ئەو واقعەیە کە لە راستەقینە دا دەگوزەرێت ، ئایا بەڕاست ئەو واقعەی خەڵکی کوردستان تێدا دەژیت و ئەو واقعەی کە دەیانەوێت لە مێشکی خەڵکی بئاخنن ھەمان شتە؟! یاخود ئاسمان و رێسمانیان نێوانە؟!لەنێو ئەو ھەموو واقعە دروستکراوەوە چۆن دەتوانین حەقیقەت بدۆزینەوە ؟!چارەسەری راستەقینەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لە کوێدایە ؟
بەر لە ھەموو شتێک ئەگەر لە روانگە تیوریەکەوە گریمانی ئەوە بکەین کە سیستەمێکی سیاسی لە کوردستاندا ھەیە!ئەوا بە گوێرەی مادەی یەکەمی پڕۆژە دەستووری ھەرێم، "سیستەمە سیاسیەکەی پەرلەمانی، کۆماری و دیموکراتییەو پشت بە فرە لایەنی سیاسی و بنەمای لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات لە رێگای ھەڵبژاردنی گشتی راستەوخۆی نھێنی و دەوریەوە دەبەستێ” ھەروەھا بە گوێرەی (م)١ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە ١ ساڵی ٢٠٠٥ ھەموار کراو، "سەرۆکی ھەرێم باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە" بە گوێرەی (م)٢ ھەمان یاساش" خەڵکی کوردستان – عیراق بە ھەڵبژاردنێکی گشتی نھێنی راستەوخۆ سەرۆکێک بۆ ھەرێم ھەڵدەبژێرن کەنوێنەرایەتیان دەکاو لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا بەناوی ئەوانەوە قسە دەکا و ھەماھەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی ھەرێم دەکا"
کەواتە لە رووی تیورییەوە سیستەمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، سیستەمێکی پەرلەمانییە! ئەگەر بە پڕۆژەی دەستووری ھەرێم وەرنەگرین و بڵێین ھێشتا دەستنووسەو نەخراوەتە راپرسی ، ئەوا بە گوێرەی مادەی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ، سەرۆکی ھەرێم باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، لە سیستەمی دیموکراسیش دەسەلاتی جێبەجێکردن لە ژێر چاودێری پەرلەماندایە و پەرلەمان توانای لێپێچینەوەی لەگەڵ باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشدا(سەرۆکی ھەرێم) ھەیە ، جا ئەو سەرۆکە چ لە رێگای پەرلەمانەوە ھەڵبژاردرابێت یاخود بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە!لێرەدا ئەوەی سیستەمە پەرلەمانیەکە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی نیمچە سەرۆکایەتی ، شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک نییە ، بەڵکو رادەی دەسەڵاتەکانییەتی!ئەو دەسەڵاتانەیە کە خەڵک لێی دەترسن لەوەی ھەر کاتێک سەرۆک بیەوێت ، پەرلەمان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە ، وەک ئەوەی ھتلەر لە ئەلمانیا ئەنجامیدا! بەڵام زۆر وڵاتی تریش ھەیە بە سەرکەوتوویی ئەم کارەی ئەنجامدا وە ، نەمسا ،فەرنسا ، ئیرلەندا ،لە کاتی ئێستا ئەڵمانیا ، نزیکەی حەفت دەوڵەتی ئەوروپی سەرۆک تێیدا راستەوخۆ ھەڵدەبژێردرێت! بۆیە زۆر ئاساییە لە کوردستانیش سەرۆکی ھەرێم بە شێوەیەکی راستەوخۆ ھەلبژێردرێت، ھەڵبژاردنی راستەوخۆ دیارە زیاتر نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی خەڵک دەکات ، لەوەی بە شێوەکی ناراستەوخۆ کەسێکی تر لە ناو پەرلمان نوێنەرایەتی ئیرادەکەی بکات! کە ئەمەیان زیاتر لەگەڵ بنەما راستەقینەکانی دیموکراسیزم دەگونجێت،بەڵام دەبێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم لە رێگای یاساوە وا رێکبخرێت کە بوار بۆ ئەوەنەھێلێتەوە ئەو دەسەڵاتانە بەلارێدا ببردرێت و لە پێناو بەرژەوەندی کەسی بەکار بھێنرێت ،ھەرچەندە دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە ھیچ وڵاتێکدا تاکە فاکتەر نییە بۆ دروست بوونی حوکمی ستەمکاری ، بەڵکو ژینگەی سیاسی و ئابوری ناوخۆ، ژێنگەی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ، بایەخ و کاریگەری گرنگی خۆیان ھەیە! وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیستەمی سەرۆکایەتیە نەک نیمچەسەرۆکایەتی،کەچی دوای نزیکەی دووسەد ساڵ لەتەمەنی ، سەرۆک ھەرگیز نەیتوانیوەو ناتوانێت ببێتە ستەمکار،یاخود دیکتاتۆر،لەبەرئەوەی ئەو ژێنگە سیاسیەی لە ئەمریکادا ھەیە،بوار بۆ ئەو لە رێگا لادانەیان نەھێشتۆتەوە!
بۆیە لە رووی پراکتیکەوە، ئەوەی لە خودی دەسەڵاتەکان گرنگترە ، بوونی ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەبارە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی تیادا پیادە بکرێـت ، لە کوردستاندا ھێنانە بەرھەمی ئەو جۆرە ژینگەیە لە قۆناغی ئێستادا لە بڕی کەمی و زۆری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم زۆر گرنگترە!، ئامادەکردنی ژینگەیەکی سیاسی ئەوتۆ کە بتوانرێت لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی ھەرێمی کوردستان،لەھەموو ناوچەکاندا وەک یەک دەسەڵاتەکان بەگشتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بە تایبەتی پراکتیزە بکرێت ،بەشێکی زۆر لە کێشە چارەنووس ئامێزەکان چارەسەر دەکات!
لەھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم بە گوێرەی یاساکان ھەرچەند بێت ، نەیتوانیوە ئەو ھێڵە تێپەڕێنێت کە لە دوای شەڕی ناوخۆوە کێشراوە ، تائێستا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بە شێوەیەکی پراکتیکی تەنیا لە ناوچەی دەڤەری زەرد پراکتیزە دەکرێت ، لەو دیو دێگەڵەوە کاریگەری نامینێت ، بەوپێودانگە بارزانی سەرباری ئەوەی تاوانبار دەکرێت بەوەی ھەموو دەسەڵاتەکانی قورخ کردوە، بێدەسەلاتترین سەرۆک ھەرێمە و دەسەڵاتەکەی لە نیوەی ھەرێمەکەیدا حیسابی بۆ ناکرێت !
لە راستیدا ،ئەو ژینگە سیاسیەی کە لەکوردستاندا ھەیەو ئەوەی لە رووی تیورییەوە باسی لێدەکرێت ، دوو شتی زۆر جیاوازن ! لە کوردستاندا ھەموو حزبەکان لاف بە دیموکراسیزمەوە لێدەدەن ، لە کاتێکدا ، خوێندنەوەیەکی ریالیستانەی سادە ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بنەمای گەشەسەندنی سیستەمی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان ھێشتا زۆر لاوازە! گەشەسەندنی دیموکراسیزم لە رووی کەلتووری و ئابوری و ئاینی و رۆشنبیری و ئایدیۆلۆژی و پاشخانی مێژووییەوە کێشەی ھەیە ، لە رووی کەلتوورییەوە ، دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین کە دیموکراسیزم نامۆیە بە کۆمەڵگای ئێمە ،ئەو کرانەوە کۆمەڵایەتیەی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا ھەبووە ، کە دەکرا لە رووی کۆمەڵگاییەوە بکرێتە بنەمایەکی باش بۆ گەشەسەندنی دیموکراسیزم ،بە ھۆی بن دەست بوون و دابەش بوونی وڵاتەکە کەوتۆتە ژێر کاریگەری و ھەژموونی کەلتووری گەلانی تری دەوروبەرو مۆرکی رەسەنی خۆی لە دەستداوە!لە رووی ئابورییەوە ، دیموکراسیزم بواری گەشەسەندنی نابێت ، یاخود زۆر لاواز دەبێت ، کە زۆرینەی گەل کرابێتە مووچە خۆرو سواڵکەری بەردەرگای دەسەڵات ، ئەگەر دەسەڵات ، لە پەیداکردنی داھاتدا باکی بە خەڵکی خۆی نەبێت و سەرچاوەیەکی وەکو نەوتی لەبەر دەستدا بێت ،ھەرگیز گوێ بۆ دەنگی خەڵک رانادێرێت!ھەر ئەمەشە وایکردووە ،سەرباری ھۆکارە نێودەوڵەتییەکان ، نەوت ببێتە یەکێک لەو فاکتەرانانەی کە دەوڵەتە نەوتیەکان بکەوێتە ژێر حوکمی ژێر دەسەڵاتێکی ستەمکارییەوە!دیارە لە ھەرێمی کوردستاندا ، کۆڵەگە سەرەکییەکانی ئابوری ، بە تایبەتیش ئابووری نەوت،تا رادەیەکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە،دەبێت ھەرێم چاوەڕیی دەستی ئەو بکات بۆ ئەوەی بۆجەی بۆ دابین بکات،وەزیری دارایی وەکو ژمێریارێک دەبێت چاوەڕێی ئەوان بێت بۆ ئەوەی بانکەکانی بۆ پڕ بکەنەوەو مووچەی فەرمانبەرانی لێبدات!دیارە ستراتیژیەتی پارتیش دامەزرانی دەسەڵاتێکی بنەماڵەییە، لە دۆخێکی ئاوادا،چۆن دەکرێت باس لە ململانێی تەندروستانەی سیاسی و گەشەسەندنی دیموکراسیزم بکرێت!؟ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵگەی کوردی خۆی دووچاری دڵەراوکێ و ترس و بێھودەییەکی دەروونی زۆر گەورەبووە ، تاوەکو ئێستا زۆرینەی خەڵکی کوردستان ، فێری ئەوە نەبووە کە ئەو ئازادییەی ھەیەتی بەکاریبێنێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان توانای بەکارھێنانی ئازادییەکانی خۆی نییە !لەکوردستاندا ھەرگیز ناتوانرێت بەراورد بکرێت لە نێوان ئەوانەی تواناو رۆشنبیری ئەوەیان ھەیە کە ئازادیەکان بەکاربێنن لەگەڵ ئەوانەی کە نیانەو ناتوانن ، بۆیە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسیزم،کە بەکارھێنانی ئازادییەکانە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا ھێجگار لاوازە ! لە پاڵ ئەوەش ئەو دەسەڵاتەی تا ئێستا ھەرێمی کوردستانی بەرێوە بردووە ، ھەمیشە لە رێگای بایەخ پێنەدان و نەبوونی لێپێچینەوە، ئەو بڕە ئازادییەی کەھەیشە، لە پەیام و کرۆکی خۆی داماڵیوەو لە بەھاو واتاکانی خۆی پووچەڵی کردۆتەوە!
لە رووی ئاینیەوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانە ، دیارە ئاینی ئیسلامیش کۆمەڵێک رێسای ھەیە کە لە گەڵ بنەماکانی دیموکراسیزم ناگونجێت، زۆر لە حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان ھەوڵدەدەن تەفسیری نوێ بۆ دەقە ئاینییەکان بکەن و بنەماکانی دیمەکراسیزم لە ناو دەقە ئاینیەکاندا بدۆزنەوە ، یاخود بە لایەنی کەم خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن ،دیارەلەمەشدا لاسایی ئەزموونی شکستخواردووی ئیسلامی سیاسی ناوچەکە دەکەنەوە ، بەڵام پێم وابێت ئەو ھێزانە بەر لە ھەمووکەسێک خۆیان باوەڕیان بەو خوێندنەوەو پاساوانەی خۆیان نییە!
لە رووی ئایدۆلۆژییەوە حزبەکانی ھەرێمی کوردستان ، سەربازی جیاوازی پەیڕەوو پڕۆگرامەکانیان ، زۆرینەیان ھەڵگری کرۆکی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتارین ، رەنگە رادەکەی لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر بگۆڕێت ، بەڵام لە کرۆکدا یەک جەستەن و جلی جیاوازییان پۆشیوە! حزبەکانی کوردستان بە چەپ و راستەوە ، بە سکیولارو دینیەوە ، لە پیادەکردنی سیاسەت و رێکخستنی حزبیدا ھاوشێوەن!لە ھەندێک حاڵەتدا وەکو یەکیان لێدێت !بۆ وێنە ئەو حزبانەی ئێستا داوای سیستەمی پەرلەمانی و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە رێگای پەرلەمان و دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکەن ، ھیچ کامێک لەو حزبانە (جگە لە یەکگرتوویی ئیسلامی ) نەیانتوانیوە ئەو پڕەنسیپانە لەناو حزبەکانی خۆیاندا جێبەجێ بکەن ، ئەو نێرگسیەتەی کە بارزانی تیایدا دەژی ، سەرۆکی ئەو حزبانەش دووچاری ھەمان نەخۆشی ھاتوون!ئەوانیش تاکە سەرکردەی بێڕکابەری حزبەکانی خۆیانن و ئەلتەرناتیڤیان لە ناو حزبەکانیاندا نییە ! ھەر بۆیە بە زۆرینەی دەنگ و بەچەپڵەرێزانی لایەنگرەکانیان ، ھەمیشە لە کۆنگرەی حزبەکانیان ، وەکو سەرۆک ھەڵدەبژێردرێنەوە!بە تەنیا بارزانی نییە کە دەستی بە کورسیەوە کرتوە و تا ئەبەدولئابدین سەرۆکە ، تالەبانیش بە ھەمان شێوە ، لە زمان و قاچ کەوتوە و لەسەر عەرەبانەیە ، حزبەکەی توانای ئەوەی نییە ئەلتەرناتیڤێکی بۆ پەیدا بکات!ئەو خۆی دەیویست خانەنشین بکرێت و لە ئەستەمبۆڵ بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، کەچی ئەندامانی حزبەکەی وازی لێناھێنن! لە ناو گۆڕاندا کێیە ئەلتەرناتیڤی نەوشێروان مستەفا؟!سەرباری ئەو ھەموو رەخنەیەی لە بارزانیان دەگرت ، رێکخەری گشتی ئەو حزبە نەبوو کە بەتەنیا لە ژوورە تاریکەکان لەگەڵ بارزانی دانیشت و ئامادەشە نییە کە ھەمیشە بەو شێوەیە لەگەڵی دانیشێت؟!حزبێک بیەوێت بە شێوەیەکی دام و دەزگایی کاربکات و داوای بە دام و دەزگایی بوونی حکومەت بکات، رێگا نادات کەسی یەکەمی حزبەکەی ، بە تەنیا لە ژوورێکدا ، لە گەڵ (بارزانی )سەرکێشترین رکابەرەکەی دابنێشت و دوای ئەوەش ، گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەتی حزبەکەی بێتە ئاراوە! بە بێئەوەی جەماوەری ئەو حزبە ، کە خۆیان پێ نوێخوازو گۆڕانخوازە ،ھەڵوێستێکیان ھەبێت ، یاخود رەخنەیەکیان گرتبێت ، یاخود ئەگەر رەخنەیان گرتبێت گوێیان لێگیرابێت!لە کۆنگرەی کۆمەڵ ھەمدیس عەلی باپیر بە ئەمیر ھەڵنەبژێردرایەوە؟! زەحمەتکێشان لەسەر پرسی لادانی قادر عزیز سکرتێری حزبەکە کەرت بوو ، ئەدی بۆچی سکرتێرەکەی ئێستای زەحمەتکێشان وازناھێنێت؟!مۆدێرنیتە مۆدیلێکی حزبی زۆر سەیری لەگەڵ خۆیدا ھێنایە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ،بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانە بتوانن بمێننەوەو بەرژەوەندی زلھێزە داگیرکارەکان بپارێزن ، سەرکردەکان بە تەنیا لە ژیانیاندا پیرۆز نەکراون ، بەڵکو لە گۆڕیشدا وازیان لە دەسەڵات نەھێناوەو حوکمی خەڵکەکەی خۆیان کردوە، ئەتاتورک زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆڕەکەی حوکمی تورکیا دەکات !بە دەیان نمونەی لەو بابەتەمان ھەیە! 
لە ھەرێمی کوردستان ئەو حزبانەی باسی کۆتکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکەن ، ھیچ کامێک لە سەرکردەو سکرتێرو رێکخەری گشتی ئەو حزبانە ئامادەنییە دەست بەرداری کەمێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بێت و بە شێوەیەکی ئاشتیانە واز لە دەسەڵاتەکەی بھێنێت!بێگومان ئەو ئامادە نەبوونە لە پەنای دەیان بیانگەو رێکخستنی سیناریۆی سیاسی و قەیران دروستکرد ن و ...ھتد ،کەچی لە کرۆکدا کێشەکە ھەمووی لەیەک خاڵدا خۆی دەدۆزێتەوە ، ئەویش سەیرکردنی کورسی دەسەڵاتە وەک موڵکی کەسی و باوەڕنەبوونە بە دەستاو دەستکردنی دەسەڵات!دڵنیام ئەگەر ئەو دیاردەیە لەناو حزبەکانی تری کوردستان نەبوایە ، بارزانی چاوورووی ئەوەی نەدەبوو کە بەو شێوەیە دەست بە کورسیەکەیەوە بگرێت!
کەواتە لە ھەرێمی کوردستان ،ڤایرۆسی تاکە سەرکردە بە تەنیا لە پارتی دیموکراتی کوردستانی نەداوە ، بەڵکو جەستەی ھەموو حزبەکانی کوردستانی تەنیوە بەگەورەو بچووکەوە !گرفتەکە لەوەدایە دۆست و لایەنگرانی ئەو حزبانەش تووشی حاڵەتێکی (دۆگما ) بووینەو ئەو بڕوایەیان لا چەسپاوە کە کەس ئەلتەرناتیڤی سەرکردەکانیان نییە! ئەو دۆگمایەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژێر خانە خێڵکی و ئاینیەی کە کۆمەڵگای کوردی ھەیەتی و سەرکردەی ئەو حزبانە بە شێوازی جیا جیا پشتیان پێبەستووە!
ئەمە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات کە ئەوکێشەو ململانێیانەی لە کوردستان دەگوزەرێت ،لەسەر شێوازی سیستەمی سیاسی نییە !مەسەلەی ئەوەی کە سەرۆکی ھەرێم راستەوخۆ ھەڵبژێردرێت یاخود لە رێگای پەرلەمانەوە کرۆکی کێشەکە نییە ! ئەو کێشەیە بۆ ئەوە زەق دەکرێتەوە چونکە ھیچ کامێک لەو حزبانە زاتی ئەوە ناکات بە شێوەیەکی فەرمی بڵێن بارزانی لە رووی یاساییەوەمافی ئەوەی نییە بۆ جارێکی تر خۆی ھەڵبژێرێتەوە!(کە ئاشکرایە ئەو مافەشی نەماوە) ئەگینا لەخولی پێشوودا بارزانی لە رێگای ھەڵبژاردنی راستەوخۆدا بووە سەرۆکی ھەرێم ، بەڵام خۆ ئەوە یەکێتی بوو لەناو پەرلەمان ماوەکەی بۆ درێژکردەوە!بۆیە مەبەست لە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە رێگای پەرلەمانەوە ، ئەوە نییە کە سیستەمی سیاسی لە ھەرێم ببێتە سیستەمێکی پەرلەمانی ، چونکە سیستەمەکە خۆی لە بنەڕەتدا پەرلەمانییە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە لە رێگای پەرلەمانەوە کاریگەری زیاتری خۆیان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆک دروست بکەن و دەسکەوتی حزبی زیاتر بەدەست بێنن ، ئەگەر ئەوان تا ئێستا ھیچ کامێک لە سەرۆکی حزبەکان زاتی ئەوەی نەبێت خۆی کاندید بکات و رکابەرایەتی بارزانی بکات ، لە راستیدا بارزانی چ لە پەرلەمان ھەڵبژێردرێت یاخود راستەوخۆ بۆ خەڵکی کوردستان ھەمان مەسەلەیە،
ئەوەی بە لای خەڵکی کوردستانەوە گرنگە ئەوەیە کە مۆدێلی سەرکردەی ھەتا ھەتایە لە کوردستان نەچەسپێت! بێھەڵویستی ئەو حزبانەیە ھەڵوێستی پارتی بەھێزکردوە،لە کاتی ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان ، لە رووی سیاسیەوە لەسەر ئاستی ھەرێمی و ناوخۆدا لە لاوازترین قۆناغی خۆیدا دەژی ، لە ناوەوە بەھێزە رکابەرەکانی ئابڵووقەدراوە ، لە دەرەوەش ، ئەو ھێزەی کەپارتی پشتی پێدەبەست (ئەردۆگان و حزبەکەی ) لە دوا ھەڵبژاردندا گڵۆڵەیان کەوتە لێژی و سەنگی خۆیان لە دەستدا ، ھۆکاری یەکەمی باڵادەست بوونی پارتی ، لاوازی و بێھەڵویستی حزبەکانی کوردستانە ، ئەوانن سازش لەسەر ئەو باڵادەست بوونە دەکەن نەک بۆ ئەوەی بیگۆڕن یاخود لە ھەژموونی کەم بکەنەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی دەسکەوتی حیزبی زیاتر بە دەست بێنن ، لە راستیشدا ئەو باڵادەست بوونە تەنھا بەرامبەر خەڵکی سادەو ئاسایی کوردستانە ، ئەو حزبانە ھەموو شتێکیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووەو لەسەرەوە رەخنە دەگرن و فشار دەبەن ، لەژێرەوەش سازش دەکەن !ئەوانیش وەک پارتی تارادەیەکی زۆر سوودمەند بووینە! ئەندامەکانی ئەوان دەچێتە پەرلەمان ، ئەندامەکانی ئەوان دەچێتە ناو حکومەت و پلە و پۆستی ئیداری وەردەگرێت !لەو ھەموو قەیرانەی کوردستان دووچاری ھاتووە ، ئەو حزبانە نین کە زەرەمەندن ،بەڵکو ئەوە بە تەنیا خەڵکی سادەوئاسایی و بێلایەنی کوردستانە کە زەرەرمەندی یەکەمە! ئەمەیە وایکردووە کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیبێت خۆیان لەو دوونیەتە رزگار بکەن کە بەرامبەر بارزانی ھەیانە،کێشەکە ئەوەیە کە ئێستاش ئەوان لە ناخی دڵیانەوە پێیان وایە کە لەو قۆناغەدا بارزانی ئەلتەرناتیڤی نییە! لەناخی دڵیشەوە ئەو باوەڕو متمانەیەیان بە خۆیان نییە کە شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتیەکانی ئەم قۆناغە! بۆیەکەڵەگاییەکەی پارتی بە تەنیا بۆ سەرخەڵکی بێلایەن و ھاوڵاتیانی ئاسایی کوردستانە وملمڵانێی ئەو حزبانەش لەسەر کەمکردنەوەی ھەژموون و کەڵەگایی پارتی نییە ، بەڵکو لەسەر بەکارھێنانی ئەو ھەژموون و کەڵەگاییە بۆ بەدەست ھێنانی دەسکەوتی زیاتری حزبی! 
کاتێک سەرۆکی ھەرێم ئامادە نییە بێتە پەرلەمان و خۆی لەسەرەوەی پەرلەمان دەبینێت، واتای ئەوە نییە کە پەرلەمان لە رووی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە لە سەرۆکی ھەرێم بپرسێتەوە لەبەرئەوەی سەرۆکی ھەرێم راستەوخۆ لەرێگای خەڵکەوە ھەڵبژێردراوە ، چونکە پەرلەمان خۆشی لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراوە، بەڵکو ھۆکارەکەی لاوازی و بێدەسەڵاتی پەرلەمان و ھەلپەرستی سەرۆکی ئەو حزبانەیە کە خەڵکیان ناردۆتە پەرلەمان و لە پشت پەردەوەش لە رێگای سازانی سیاسیەوە کار لەسەر کێشەکان دەکەن و پەرلەمان ئیفلیج دەکەن ، ئەمەیە وایکردوە پەرلەمان تواناو ئیرادەی لێپیرسینەوە لە سەرۆکی ھەرێمی نەبێت ! ئەگەر پەرلەمان بەراستی مەبەستی بێت خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت،دەتوانێت لە سەرۆکی ھەرێم بپرسێتەوە ، سەرۆکی ھەرێمیش دەتوانێت حیساب بۆ پەرلەمان نەکات و نەچێتە پەرلەمانەوە ، بەڵام ئەو کاتە شەرعیەت بوونی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، ئەو کاتە ناتوانێت لافی ئەوە لێبدات کە ئەو لە لایەن خەڵک ھەڵبژێدراوەو شەرعیەتی یاسایی ھەیە ، بەڵکو وەکو یاخیبوێک لە شەرعیەت پێناسەی بۆ دەکرێت ، کە ئەوە لەسەر ئاستی جەماوەری و نێودەوڵەتیدا پێگەی لاواز دەکات و مانەوەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە!بەڵام کە پەرلەمان لاواز بێت ، ئەو کاتە نەک بارزانی ، ھەر سەرۆکێکی تر بێت لێی یاخی دەبێت!لە کوردستان ئەو ھەموو رووداوە دڵتەزێنە روویداوە ، ئەو ھەموو شکستە سەربازی و سیاسە روو بە رووی ھەرێم بۆتەوە ، ھەر لە شەنگالەوە تا دەگاتە مخمورو گوێڕ ، پەرلەمان ھەڵوێستی چی بوو بەرامبەر سەرۆکی ھەرێم ، کە فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی کوردستانەو بەرپرسی یەکەمە؟! ئایا ئەمە لەبەر ئەوە بوو کە بارزانی راستەوخۆ لە لایەن خەڵک ھەڵبژێردردا بوو، یاخود لەبەر ئەوە بوو پەرلەمان لاواز بوو!
باشە ئەگەر گریمانی ئەوەمان کرد پەرلەمان نەیتوانی لە سەرۆکی ھەرێم بپرسێتەوە لەبەر ئەوەی راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرا ، بەڵام خۆ قەوانی راستەخۆ ھەڵبژێردرانەکە لە لایەن خەڵکەوە لەگەڵ بە کۆتاھاتنی ماوەکەی و درێژکردنەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە لایەن پەلەرمانەوە چرووک بووە!لەکاتی ئێستادا سەرۆکی ھەرێم لە لایەن خەڵکەوە راستەوخۆ ھەڵنەبژێرداوە، بەڵکو لە پەرلەمان و بە شێوەیەکی نایاسایی ، ماوەکەی درێژکرایەوە! کە ناگونجێت لەگەڵ خودی ئەو دروشمانەی پارتی دیموکرات ئێستا پێی لەسەر دادەگرێت و شەڕی لەسەر دەکات!ئەگەر پارتی لەو دروشمانەی راستی دەکردو باوەڕی بەوە ھەبوو کەوا بارزانی مافی ئەوەی ھەیەجارێکی تر خۆی ھەڵبژێرێتەوە ، بۆ داوای سەرلەنوێ ھەڵبژاردنەوەی نەدەکرد، وەک ئەو داوایە گاڵتە ئامێزەی کە ئێستا لەکاتی بەسەرچوو دەیکات ، کە خودی کۆمسیۆنی باڵا دەڵێت ئێمە ٦ مانگمان پێویستە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ھاوکات ھاوکات داواکردنی ھەڵبژاردنیش لە کاتی ئێستادا رێک پێچەوانەی (م٤) یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمە! بۆ لەرێگای پەرلەمان و سازش کردن لەگەڵ یەکێتی ، یاخود راستتر کڵاونان لەسەر یەکێتی ماوەکەی لە پەرلەمان درێژ دەکردەوە!؟لە ھەڵبژاردنی رابردوو ئەوەمان بینی کە بارزانی بەرامبەر رکابەرێکی ئەکادیمی و ئاسایی دووچاری چ تەنگەتاوییەک ھات و خەڵکی کوردستان چ وانەیەکی دایێ،بۆیە لەکاتی ئێستادا بارزانی ھەرگیز ئەو سەرەرۆییە ناکات وچارەنووسی خۆی ناخاتە بەردەم دەنگەکانی خەڵک ، بەڵکو دەیەوێت لەرێگای ئەو حزبانەوە پۆستی سەرۆکی ھەرێم بۆ خۆی مسۆگەر بکاتەوە!
ئەوە چ مەھزەلەیەکی سیاسی و یاساییە کە لە کوردستان دەگوزەرێ ، ئەگەر ویستیان و لە بەرژەوەندیان بووشەڕی دنیا دەکەن و پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە پێویستە و دەبێت سەرۆکی ھەرێم راستەوخۆ ھەڵبژێردرێت ، بۆ ماوەدرێژکردنەوەو مانەوەی بارزانیش ئاساییە ئەگەر پەرلەمانیش ماوەکەی درێژ بکاتەوە ؟! ئەم جۆرە سیستەمە نەدەکەوێتە خانەی سیسیتەمی سەرۆکایەتی ، نەنیمچە سەرۆکایەتی ، نەپەرلەمانی ، بەڵکو دەکەوێتە خانەی بێسیستەمی ، خانەی فەوزای سیاسی و لە کوردستان دۆخێک دروست بووە کە خودی فەوزای سیاسی خەریکە خۆی دەکرێتە شێوازێک لە سیستەم ، بۆیە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ رێک پەیوەندی بەو فەوزا سیاسیەیەوە ھەیە کە خەریکە بە سیستەماتیک دەکرێت !
ئەگەر واقعبینانە بیر بکەینەوە ناوی سیستەمی سیاسی لە کوردستان لەو قۆناغە قەیراناوی و چارەنووس ئامێزەدا ھیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نییە، بەقەدەر ئەوەی کەسەرەتا پێویستە سیستەمێکی راستەقینە ھەبێت، نەک بەناو سیستەمێک کە دەسەڵاتەکان لەدەستی چەند کەس و بنەماڵەیەکدا کۆبۆبکاتەوە و تارمایی دەسەڵاتەکانیش ، بۆ دیکۆرو فریودانی خەڵک ، بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی تر دابەش بکات ، بۆ ئەوەی بڵێن ئەوان باوەڕییان بە سیستەمی دیموکراسی و جیاکرنەوەی دەسەڵاتەکان ھەیە!راستە ئەمڕۆ خودی سیستەمی دیموکراتی و پەرلەمانی لە دنیادا لەقەیران دایە ، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن ناتوانرێت بە ئاسانی لە یەکتر جیابکرێنەوە وک ئەوەی لە تیورە سیاسی و یاساییەکاندا باس دەکرێت ،باڵا دەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەھۆی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە شۆڕشی گەیاندن لەگەڵ خۆی ھێناویەتی ، لە ھەموو دنیا خەریکە خۆی بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەسەپێنێت ، ، خودی سیستەمی پەرلەمانی لە ئاویلکەدایە، ئەفەندییەکی بۆیناباخ لەبەری دانیشتووی پشت کورسی و مێزی پەرلەمان ، ناتوانێت نوێنەرایەتی گەنجێکی یاخی بکات ، کە لاپتۆپێکی بەشاندایەو لەرێگای ئەنتەرنێتەوە نھێنی پشت پەردەکانی دەسەڵاتی لا ئاشکرایەو ھەموو سەرچاوەی زانیارییەکانی لەبەردەستە ! کە سێک چۆن دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکێک بکات کە لەو زیرەکترو بە تواناتر بێت؟!ئەمە قەیرانی سیستەمی پەرلەمانییە ! لە وڵاتە دیموکراسیەکان ئەوە پەرلەمان نیە، بەڵکو قەزایەکی پڕۆفیشناڵ و سەربەخۆیە کە سەروەری وڵات دەپارێزێت و پارێزگاری لە ھاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان و مافی خەڵک دەکات ،بەڵام ئایا دەسەڵاتی قەزا لە کوردستان ئەو سەربەخۆییەی ھەیە ، یاخود قەزا بە شێوەیەکی تۆکمەو لەسەر بناغەی لێھاتوویی و تەکنۆکراتی دامەزراوە کە بتوانێت بەو ئەرکە ھەڵسێت؟!
بەکورتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم ، بەر لەھەموو شتێک پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە دەسەڵاتەکان بۆ دام و دەزگاکانی حکومەت بگەڕێنرێنەوە!ئەوشەڕەی لەسەر شێوازی سیستەم دەکرێت لە کوردستاندا ، شەڕێکی ناتەندروستەو ئەو شەڕەیە کەکورد پێی دەڵێت لە بەتاڵی باشترە، لەو فەزایەی کوردستان تیایدا دەژی ، پێویستە ئەو شەڕە سەرەتا لەسەر دانانی بناغەی سیستەمێک بێت ، ئنجا بیر دیاریکردنی شێوازی سیستەمەکە بکرێتەوە! زۆر سەیرم پێدێت لەو قۆناغەدا باس لەکەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکەن، لە کاتێکدا کوردستان پێویستی بە سەرۆکێکی بەھێزی خاوەن دەسەڵاتە ، کە بتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات و جیاوازییەکان یەکبخات ، بتوانێت وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بکات و وەک نوێنەری سیاسەتی کوردی ئیدارەی قەیرانەکان بکات!لە راستیدا کێشەی سەرۆکی ھەرێم ئەوە نییە کە دەسەڵاتەکەی زۆر بووە ، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە بارزانی ھەرگیز نەیتوانی لە قاوغی حیزبەکەی دەربچێت و ببێتە سەرۆکی ھەرێم !لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ھەرێمی کوردستان بێ سەرۆک بووە ،بارزانی ئەو پۆستەی پڕ کردۆتەوە ، بەڵام بە فعلی نەیتوانیوە ئەرکە ئەو پۆستە بەجێبگەیەنێت! بەو دابەش بوونە سیاسیەی کوردستان و شێوازی ئیدارەکردنە،ھەر سەرۆکێکی تریش بێت ، ناتوانێت ببێتە سەرۆکی فعلی و وەکو سەرۆکێک کار بکات ،بۆیە بەر لەوەی کار لەسەر دروشمەکان بکرێت و خەڵکی کوردستان لە قەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکی تر ببردرێت ، بەر لەوەی بیر لە ھەموار کردنەوەی دەستوورو یاسای سەرۆکایەتی بکرێتەوە ، پێویستە بیر لە ھەموار کردنەوەی ژینگەی سیاسی ھەرێم بکرێتەوە ، ئەو ھاوسەنگی ھێزەی لە کوردستانە،بەو ئیدارەدانەی ئێستا بەڕێوە ناچێت و شکستی ھێناوە، بۆیە حوکمڕانی لەو ھەرێمە شکستی ھێناوەو تا لەسەر ئەو بنەمایەش کاربکات بێگومان شکست دێنێت!بۆیە دەبێت ئاقاری ململانێکان بەو ئاڕاستەیە بڕوات کەبە شێوەیەکی جدی کار لەسەر چارەسەری کێشەکان بکات ، ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت کێشەکانی کوردستان چارەسەربێت و مانەوەی خۆیان لە مانەوەی کێشەکان نابیینەوە،بۆچارەسەریش پێویستە بوێرانە مامەڵە لەگەڵ واقعی کوردستان بکەن،دیارەکە ھەرێمی کوردستان بۆتە ھێڵی دابەش بوون و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی ھەرێمی و زلھێزەکان، ،ژێرخانی سیاسی ھەرێم و دابەش بوونی بەسەر دوو بەرەو ھاوپەیمانیەتی جیاوازدا لەسەر ئاستی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی ، ھەرگیز لەگەڵ کارکردن لەسەر بە سەنتەرالیزمکردنی دەسەڵاتداری ھەرێم یەکناگرێتەوە، ئەو دابەش بوونەی ھەیە، دابەش بوونێکی زۆر جدییە،ھەموو ئاستە کەلتووری و دەروونی و ئایدیۆلۆژی و جوگرافی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی لە خۆوە گرتووە،بۆیە بۆ بچووک کردنەوەی کێشەکان و زاَل بوون بەسەر ئەو دۆخە جیۆپۆلەتیکیە ئاڵۆزە بەر لەھەموو شتێک دەبێت دەسەڵاتەکان شۆِرببنەوە بۆ خوارەوەو بۆ ناو خەڵک ، پێویستە ھەموو تاکێکی ھەرێمی کوردستان ھەست بکات کە بەشێکە لە دەسەڵات ، ئەو ھەست کردنە زامنێکی لەبارە بۆبەیەک گرێدانەوەی دەروونی ھەموو بەشەکان!ئەمەش بەوە دەکرێت ، کە سیستەمی حوکمڕانی لە ناوەخۆی ھەرێمی کوردستان ، شێوازێکی فیدڕاڵی ، تەنانەت لەکاتی زۆر ناچاریدا کۆنفدڕاڵیش بە خۆوە بگرێت ، چۆن ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گەیشتۆتە ئاڕاستەیەک کە ناتوانن لە چوارچێوەی ئەو بەناو فیدڕاڵیەی کە ھەیە ،بمێنێتەوە ، ھەمان ئەو دابەش بوونە لەنێوان ھەردوو زۆنی سەوزو زەردیشدا ھەیە، بۆیە پێویستە پەیوەندی ئەو دوو دەڤەرە تابکرێت لەسەر بنەمای فیدڕاڵی ،رێکبخرێتەوە ، ئەگەر نا کۆنفدڕالیش بە ئاسایی وەربگیرێت ،دەبێت خەڵکی کوردستانیش لەوە تێبگەن کە سیستەمی سیاسی تەنیا ئامڕازێکە بۆ خزمەتکردنی ئەوان کام ئامڕاز باشتر بوو، پێویستە ئەو ھەڵبژێرێت ، ئەگەر رێگای چارەی یەکەم ھەلبژێردرێت، واتە فیدڕالی ، ئەو کاتە دەبێت سیستەمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان سیستەمی سەرۆکایەتی بێت ، ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک یەکەی ئیداری دابڕیژرێتەوە ، بە پشت بەستن بەو گەشەسەندنەی لەگەورەبوون پێشکەوتنی قەزاو ناحیەکان روویداوە ، یەکەی فیدڕاڵی دروست بکرێت ،لە دواجاریشدا وەکو ھەمو حکومەتێکی فیدڕاڵی ، دوو ئەنجومەنی ھەبێت، ئەنجومەنی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەران،کە ئەمە پێم وایە چارەسەرێکی لەباری کێشەکانی ھەرێم دەکات ، بەمە لە لایەک دەسەڵات شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوەی کۆمەڵگاو لە لایەکی تریش متمانە بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەگەڕێنرێتەوەو دەتوانێت دەسەڵاتی بە شێوەیەکی کرداری پیادە بکات،رەنگ بێت بەھۆی دابەش بوونەنێودەوڵتیەکەی ھەرێم ئەوە کارێکی ئاسان نەبێت ، بۆیە ئاساییە ئەگەر دەڤەری زەردو سەوز بکرێن بە دوو ھەرێم لە رێگای کۆنفیدڕاڵیەوە پەیوەندییەکانیان رێک بخرێت ، ئەمە لەکاتی ئێستادا ئاسانترەو زیاتر لەگەڵ دۆخی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان دەگونجێت!بەڵام ئەوەی زیاتر خزمەتی کۆمەڵگاو رەوتی گەشەسەندنی مەسەلەی کورد دەکات لەو قۆناغەدا، سەرباری ئەو کۆسپە زۆرانەی دێتە رێگای ،فیدڕالیزمەکەیە،چونکە وا پێدەچێت ،ئەو شەپۆڵی گۆڕانکارییەی کە شۆڕشی گەیاندن لەگەڵ خۆیدا ھێناوییەتی، نەخشەی سیاسی ناوچەکە ، سەرلەبەر لەسەر قەوارەی سیاسی بچووک و ھاوشێوەی فیدڕاڵی دابڕێژریتەوە.ئەم کارەش بە ھیچ شێوەیەک پێچەوانە نییە لەگەڵ رەوتی گەشەسەندنی سیاسی جیھانی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە ، کە لە قۆناغی ئێستادا دەستیپێکردووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە