باڵی سەربازی پەکەکە داوای ڕوونکردنەوە لەپارتی دەکات

Friday, 17/07/2015, 7:04

3837 بینراوە


لە نووسراوێکی فەرمییدا، باڵی سەربازیی پەکەکە ناسراو بە فەرماندەی هێزەکانی گەل کە ئاڕاستەی پارتیی دیموکراتی کوردستان کراوە، تێیدا لە چەند خاڵێکدا داوای روونکردنەوە دەکات و پارتیی خستۆتە ژێر چەند پرسیارێکەوە کە گومانی ئەوە دەکات پارتیی هێزەکانی خستۆتە ژێر بۆسەی چەتە ئیسلامییەکانی داعشەوە کە لە پێکدادانی ١٢ی تەمووز لە گوندی گابارای شەنگال ٣ گەریلای ھەپەگە بە پیلانگێریەک شەھیدبوون. لە خوارەوە دەقی روونکردنەوەکە بخوێننەوە کە وێنەیەکی بۆ کوردستانپست نێردراوە:
-----------------------------

فەرمانداری ھەپەگەی شەنگال بەمەبەستی روونکردنەوەی رووداوەکەی گوندی گابارا کە گەریلاکانی ھەپەگەیان خستبوە بۆسەیەکی چەتەکانەوە ٤ پرسیاری کردوە کە بەم شێوەیەن:
١- ھەڤالانمان پێش ئەوەی بچن بۆ گوندی گابارا ئەو گروپەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان ئاگادار کردبوەوە کەلە گوندەکە بوون و پێیان وتبوون کە لەو کاتژمێرەدا بەوێدا تێپەڕدەبن، گەلۆ چەتەکان بە رێکەوت بۆسەیان بۆ گەریلاکان نایەوە‎‎‎‎‎‎‎‎‎؟
٢-  گەریلاکان لە کاتژمێر ٤:٤٠ خولەکی بەیانی خرابونە بۆسەکەوە و تاوەکو کاتژمێر ٠٥:١٥‌ خولەک شەڕ لەنزیک ئەو گومەزدا کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لێ بوو بەردەوام بوو. ئەو پارتیانەی لە گومەزەکەدا بوون بۆ بەھانای ھەڤاڵانمانەوە نەچوون و  ھاوکاریان نەکردوون؟ لە نێوان ئەوان و جێگەی بۆسەکەدا تەنھا چەن سەد مەترێک ‌بووە، ئاشکرایە کە لەوێ کێ ھەیە و کێ نییە.
٣-  دوو ھەڤاڵمان کە گەرابوونەوە گوندەکە، لە جێگەیەکی نزیک گومەزەکە کەوتونەتە بۆسەوەی نەزانراوەوە. ھەردوو ھەڤاڵمان لە پێشەوە گولە باران کراون و شەھیدبوون، لەو کاتەدا گومەزەکە لە دەستی جەماعەتێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دا بووە، باشە ئەوەی لەوێ ھەڤاڵانی ئێمەی شەھید کردووە کێ بوون؟.
٤-  ئە و ‌گردەی کە ھەمیشە چاودێری پارتی لێ بوو حەرەسیاتیان تێیدا دەگرد، بۆچی ئەو بەیانییە چۆڵ کرابوو؟ ئەگەر پێشتر جەماعەتی سەر بە پارتی ھەستیان بەشتێک کردوە بۆ چی ھەڤالانمانی ئێمەیان ئاگادار نەکردۆتەوە؟ ئەگەر گوندەکەیان چۆل کردووە بۆچی ھەڤاڵانی ئێمەیان لەوە ئاگادار نەکردەوەتەوە؟  چونکە ئەوان دەیانزای کە ئێمە بەوێدا تێدەپەڕێن.

ھەپەگە ڕایگەیاندوە کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ ئەوان روونن.
لەم رووادوەدا ٣ ھەڤاڵمان شەھیدبوون ٢ ھەڤاڵمان برینداربوون. ئێمە ناخوازین بڵێین پیلانەکە راستەوخۆ لە لایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان) ەوە ئەنجامدراوە ، بەڵام ئەو گروپەی کەلەوێ بوون، سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن. پارتی چەکی ئەوانی پڕچەک کردوە، پارەیان پێدەدات و وەکو پێشمەرگە دایمەزراندوون.

ھەپەگە رایگەیاند لێکۆلینەوەکانی ئەوان لەوبارەیەوە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا چەند سەرەداو و ئەنجامێک بەدەست کەوتوون، بەڵام ئێمە چاوەروانین کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە بەپەلە دەربارەی رووداوەکە زانیاری بدات و لێکۆلینەوە لەگەڵ بەرپرسانی گرووپەکەی ئێرەیان بکەن.

ھەپەگە رایگەیاند ئەوان دەخوازن کە لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان ، رووداوەکە روون ناکاتەوە و لێکۆلینەوەی لە بارەوە نەکات، ئەوا پارتی بەرپرسیاری ڕووداوەکەیە و ھەر بەرپرسیارێتیەک دەکەوێتە سەر شانی خۆیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە