با ئارامی و عەقڵ سوڵتان بن !

Monday, 27/07/2015, 0:19

2464 بینراوە


لە چەند ڕۆژی دواییدا لە ڕاگەیاندنەکان ، لە وتاری مزگەوتەکان، لە  وتووێژی سەر ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکان،لە فەیس بوک ،هەر وەها لە کۆڕ و کۆبونەوە گشتیەکاندا ڕا و بۆچونی زۆر توند و توڕە و  بریندارکەر لە سەر بابەتی ئاین و سیکولاریزم دەوترێ. خوێنەری هێژا هەر بۆ نمونە   یازدە دەقیقە بدە بە خۆت و بچۆرە ناو (YouTube ) و هەر جارەی یەکێ لەم ناونیشانە ئەلکترونیانەی خوارەوە بخەرەناو بەشی (search) و بگەڕێ ئینجا گوێبگرە و سەیربکە بزانە ئەو مامۆستا ئاینیانە بە چی زمانێک بۆ خەڵک وتاردەڵێن و چی بیروڕایەک دە ردەبڕن ، ئینجا خۆت دادوەربە لە سەر مەترسییەکانی ئەم جۆرە وتارانە بۆ سەر کۆدەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لە هەرێمی کوردوستان.
لە بەرەی دژی ئیسلامی توندڕەویشەوە لە فەیس بوک پێگەیەک کراوەتەوە بە ناوی (کەمپینی دادگاییکردنی داعشەکانی ناوخۆ) و وێنەی فۆتۆگرافیی بانگخوازێکی کوردیشی لەسەردانراوە ، بە بڵاوکردنەوەی شتی ئاوا ئاگرەکە گەرمتر و فراوانتر دەبێت، ئاخر داعشەکانی ناوخۆ واتای چیە؟ هەر موسوڵمانێک ئەگەر بیروڕاشی وەک داعش بو بەڵام نە  ڕاستەوخۆ،  نە ناڕاستەوخۆ داوای لە کەسانی تر نەکرد بچنە ناو داعش، یا خۆی بە ئارەزوی خۆی نە چوە  ناو داعش، یا بە ئاڵ و گۆڕی بازرگانی و پارە و چەک و شتە مادییەکانی تر یارمەتیی داعشی نەدا، ئەو کەسە داعش نیە و نابێ لە ڕاگەیاندنی گشتیدا وەک داعشێک ناوی بزڕێنرێ و سوکایەتیی پێبکرێت، نابێ مرۆڤ دادگایی بکرێت لە سەر ئەوەی چ خەیاڵ و بیر و وێنەیەک هەیە لە مێشکیدا. ڕاستە لە ناو کوردیش دا فیکری داعشی و فیکری ئیسلامی توندڕەو بە هەمو جۆرەکانیەوە هەیە، بەڵام ئایا دەکرێت بە زۆر و سوکایەتی پێکردن ئەو فیکرە بەد و ڕوخێنەر و دژی ژیانە  لە مێشکی هەڵگرەکانی دەربهێنرێ؟ بێگومان نەخێر! من پێشنیازدەکەم وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردوستان بە هاوکاریی دەسگاکانی ئاسایش وهەواڵگریی حوکومەتی هەرێم  لە پرۆسەیەکی بەردەوامی بێکۆتاییدا  لەگەڵ هەمو ئەو کەسانەی (بانگخواز و مەلا  و کادیری حیزبی ئیسلامی و..)  بە شێوازی  توندڕەوی و شەڕەنگێزی و جنێو و هەڕەشە و سوکایەتیپێکردنی ئەوانیتر وتاردەڵێن و هانی توندوتیژی دەدەن  لە هەر شوێن ومینبەرێکەوە بێت، بانگبکرێن و لە پێشدا وتووێژی ئارام و دۆستانەیان لەگەڵ بکرێت و ئارامبکرێنەوە و ئاگاداربکرێنەوە لە مەترسیەکانی وتارەکانیان بۆ ئاسایشی ناوخۆ و کۆدەنگیی گەلەکەمان، ئەگەر ئەمە لەگەڵیان سودی نەبو ئەوسا دەبێت حوکومەت ڕێوشوێنی پێوست وەربگرێت بۆ بێدەنگکردنیان لە ناو کۆڕ و کۆمەڵدا. ئیمڕۆ کێشەی کڵپەسەندو  وسەرەکیی گەلەکەمان ململانێی نێوان سێکولار و ئیسلامی سیاسی نیە، بەڵکو  کێشەی بەرگری لە کوردوستانە بەرامبەر داعش و شۆڤێنیزمی عەرەب و تورک و ئێران کە لە ژێر  دروشم و بە شێوازی  جۆراوجۆرلە شەڕی بەردەوامدان لەگەڵ نەتەوەکەمان،  هەروەها کێشەی سیستمی حوکمی سەرۆکایەتیە ، کێشەی بێکاری و گەندەڵی و دابەشبونی کۆمەڵەکەمانە بە سەر کەرتێکی  بچوکی دۆلار ملیۆنەر و دۆلارملیاردێرەکان و زۆرایەتیەکی نەدار و هەژار و بێنەوای کرێنشین، کێشەی توندوتیژی دژی  ژنانە و کێشەی گەنجانی بێکار و نائومێد و بێئایندەیە!  با پێکەوە لە پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان هێزی هزر و بازومان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئەم کێشانە بخەینەگەڕ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە