دەستە پێشكەوتنخوازەكانى سەردەمى شاخ ئەمرۆ لە بەردەم ئەزموونێكى تاريكدان

Thursday, 10/09/2015, 19:51

3418 بینراوە


شۆرشي ئەيلول  درێژكراوەي شۆرشە كلاسيكيەكاني رابردوو
شۆرشي ئەيلولي 1961 سەرەتاي قۆتناغێكي نوێ بوو لە خەباتي شاخ ئەم چەمكە لە ئەدەبياتي مێژووي هاوچەرخدا جێگاي خۆي كردوووەتەوە، دەستپێكي شۆرش قۆناغي گواستنەوەي سەردەمێكي ماندوو بوو لە خەباتي كوردايەتي، ئيتر پێويست بوو عەقڵێكي كراوە و ستراتيژێكي پێشكەوتوخواز ئەو شۆرشە بجوڵێنێت، چونكە ئەوە نەريتي هەموو شۆرشێكە لە دونيادا. كۆتايي جەنگي جيهاني دووەم  سەرەتاي خەباتي ئازادي و رِاپەريني گەلاني بندەستبوو، بەڵام لە هەموو دونيادا خەباتێكي پرۆفيشناڵانە و پێشكەوتوخوازانە دەكرا، پێويست بوو كورديش خەباتێكي رێكخراوەيي سەردەميانە و دوور لە كۆنەخوازي هەستێنێتە سەرپێ، ئەوكات شۆرشي خوێندكاري فەرەنسا و سەركەوتني كۆريا بەسەر ئەمريكادا و شكستي سەرمايەداري لە ڤێتنام، هەروەها بە هێزبووني بزووتنەوەكاني كرێكاري  و چەپ لە ئەمريكاي لاتين  و شۆرشي سەقافي لە چيندا و خەباتي گەلاني ئێران لە ژێر فەرمانداري ديموكراسيانەي موحەمەد موسەدەقدا، هاوكاتبوو لەگەڵ خەباتي گەلاني بندەستي ئيمپرياليزم لە وڵاتاني عەرەبيدا، هەموو ئەمانە ئەزموونێكي دەوڵەمەند بوون بۆ ئەوەي لە ناو كورديشدا خەباتي رێكخراوەيي بكرێت، ئيتر دەبوو شۆرش تەنها كۆبونەوەيەكي چەكداري  و غەوغايەكي فيوداڵي نەبێت  و تەنها حەمماسەيەكي تاكتيكي لاواني كورد نەوروژێنێت، ئەو دەمانە ئەركي خوێندەوار كردني  پارتي كەوتبوويە ئەستۆي بيرمەند و روناكبيران و وردە بۆرجواكاني كورد ئەوانەي لە نێو پێرِەو و پرۆگرامي پارتيدا پرەنسيپەكاني پێشكەوتنخوازيان كردە ئامانج  و جێگيريانكرد، ئەوان بۆ پارتە چەپەكاني دنيا و سۆڤيەت  و ماويەكاني چين  و ترۆتسكيەكانيان سەلماند كە كورديش وەكو وڵاتێكي بندەست خەباتەكەي بە ميتۆدێكي پێشكەوتوخوازي دەستپێدەكات، بەڵام بەداخەوە شۆرشي ئەيلول نەيتواني خۆي لە سەردەمي پارێزگارانەي پێش خۆي بتەكێنێت، هەربۆيە لە خەباتي چەكداري خۆيدا گوێبيستي بەرنامە و پێرەوي پارتي نەدەبوو، لەبەر ئەوە دەستكەوتەكانيشي دەستكەوتێكي كاتي  و بەكارهێنانبوو، لە بەرئەوە هەموو سازشێكي نەيارانيش لە بەرامبەر كورددا، تەنها بۆ ساردكردنەوەي ئەو حەماسەتە گەرمەي لاواني كورد بوو، هەر بۆيە فەرهەنگي چەكداري بۆ كورد فەرهەنگێكي دۆراوي لە دوواوە بووە، بە جۆرێك، گوينتەر ديشنەر دەڵێ: "كورد هەموو سەركەوتنە چەكداريەكاني لەسەر مێزي گفتوگۆ دەدۆرێنێت".
چونكە ئەو دەمە پێكهاتەي شۆرشي كورد دابەش بووبوو بۆ دووبەرە، ديڤيد ماكداوڵ دەڵێ: "بەرەي پێشكەوتو خواز  و خوێندەوارو چەپ لە سەر دەستي ئيراهيم ئەحمەد لە دايك بوو، لە بەرامبەردا بەرەي فيوداڵ  و راست  و كۆنەخواز لەلايەن سەركردايەتي شۆرشەوە كۆنترۆڵ كرابوو، ئەمانە وابەستە بوون بە دنياي ئيمپرياليزم  و دوربوون لەو رابوونە بەرينەي گەلاني بندەست كە گەمەيان بە ئەدەبياتي ئيستعمار دەكرد، هەر بۆيە لە پاش نسكۆي 1975 جيابوونەوەيەكي بەرين مەيداني سياسي كوردي گرتەوە، بە جۆرێك ئەو ميراتە فيوداڵيەي كە پارتەكاني باكور و رۆژئاواي كوردستاني گرتبوويەوە ئيتر كۆتاييان پێهات  و پەيوەنديان لەتەك سەركردايەتي كۆنەخوازي پارتي نەما، هەرچەندە خۆرئاواو ميت و بەعس ويستيان ئەم فرەييە لە ناو رێكخستني كوردا لە دەستپێكي خەباتيدا بكوژن، لە ئاكامدا رووداوي هەكاري لێكەوتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون  و فرەيي لە ئەزمووني رێكخستندا هەموو پارچەكاني كوردستاني گرتەوە، لەم پەرتبوونەدا پارتي ئايديۆلۆژي لە شێوەي بزافي سۆسياليستي  و كۆمەڵە و جوڵانەوەي ئيسلامي  و نەتەوەيي دەركەوتن، كە هەموو ئەم گۆرانە دەرهاويشتەي چەند خاڵێك بوو، لەوانە:
1.شۆرشي ئەيلول  درێژكراوەي شۆرشە كلاسيكيەكاني رابردوو بوو، نەيدەويست خۆي لە تەوژمي پێشكەوتو خوازي سەردەم تێبگەيەنێت.
2.لە ناو پارتيدا دەستانێك هەبوون خواستي پێشكەوتوخوازيان هەبوو، دەيانەويست شۆرشەكان شۆرشێكي ستراتيژي بن، دواجار ئەم گرفتە ئايديۆلۆژيە پەرتبووني دروستكرد
3. نەدەبوو شۆرشي كورد شۆرشێكي نێوچەيي  و بنەماڵەيي بێت  و فەرهەنگي نيپۆتيزم و خزمخزمێنە سەركردايەتيەكەي بجوڵێنێت. 
4. دەنگي كورە جوتيارو هەژارو كرێكاري كورد لە نێو پارتێكي پێكهاتە فيوداڵدا نەدەبيسترا و روي دروستي گرفتي كورد پيشان بدەن.
لەبەر ئەوە ئەگەر بارزاني تواناي يەكبووني ريزەكاني شۆرشي لە كارێزمايي  و شوهرەتي بنەماڵە و هانداني دەوروبەرەوە بە دەست هێنابێت، ئَەوا باڵي ئيبراهيم ئەحمەد بەقەڵەم  و لۆژيك  و كاري رێكخراوەيي تواني گۆمي كۆنەخوازي  بشلەقێنێت، دەتوانين بڵێين، برايم ئەحمەد لەگەڵ پەرتبووني شوناسي نەتەوەيدا نەبوو، بەڵام لەگەڵ جياوازي بيرو راي نەتەوەدا بوو، لە دەسپێكي جەنگي جيهاني دووەمدا  ئەم يەكبوونەي شوناسي نەتەوەيي كوردي بۆ يەكەمجار لە رێكخراوي ژێكافدا زيندو راگرت، پێشتريش بۆ دژايەتي ئيمپرياليزم نەياري رێكەوتنە ئيمپرياليزميەكاني لەسەر دابەشكردني كوردستان كردە بەرنامەي كاري رێكخراوەيي خۆيي  و لەرێكەوتني بەريتاني عێراقي 1930 و 1948 و 1955 بەتوندي ئەدەبياتي پێشكەوتوخوازي خۆي دوپات دەكردەوە، دەتوانين گرنگترين تايبەتمەنديەكاني ئەم دەنگە پێشكەوتو خوازە لەم چەند خاڵەدا بخەينە روو:
1.دەنگي پێشكەوتوخوازي نێو شۆرش برواي بەيەكبووني سنور و تايبەتمەندي نەتەوەيي هەبوو، بەڵام برواي بە يەكبووني بيري نەتەوەيي و يەك رێكخراوەيي و تاك رەوي نەبوو، دەنگي پێشكەوتووخوازي ريشەي يەكەمين جوڵانەوەي ديموكراسي  و خەباتي ئايديۆلۆژي لە باشوري كوردستاندا لە خۆدەگرێت.
لەم لێكۆڵينەوەيەدا دەمانەوێ بپرسين، ئايا گرفتەكاني شۆرشي ئەيلول تاچەند لە مرۆي خەباتي مەدەني  و شار و پارتايەتيدا  زيندوون، دەمانەوەي بپرسين تاچەند نارەوايييەكاني رابردووي شاخ لەم رۆي خەباتي شاردا پشتيوانيان لێدەكرێت، تا چەند نيپۆتيزم  و خزمخزمێنەو بنەماڵەچيەتي لە و ئەزمونەي ئەم رۆدا دامەزراوە حكوميەكانيان قۆرخكردووە و رەنگ و بۆي حكومەتێكي موئەسەساتي مراندووە، يان دەبێت تا چەند پەرتبوونێكي تري ديموكراسي لەم رۆي مەيدانەكەدا لەدايك بێت، تا چەند دەستە پێشكەوتوخوازەكاني سەردەمي شاخ  كە نەريتي شۆرشي كلاسيكيان مراند، پێويستە لە بەردەم ئەم ئەزموونە تاريكەي ئەمرۆدا ديسانەوە بيانمرێنن، ئەمرۆ گەلێ لە پارتەكان هەڵگري هەمان تايبەتمەندي پارتێكي فيوداڵ  و گەورە بازرگانن، هەر بۆيە لەبەرامبەر هەر پەرتبونێكي خوێندكاري  و خوێندەوارانەدا هەترەشيان دەچێت، زۆر سەيرە لەم وڵاتەدا رۆحي نوێخوازي  و ئەكاديمي بووەتە عار  و دەستي ئۆتۆكراتيەت  و بۆرجواكان باڵاترين دەستن، ئەمرۆ هاوڵاتياني كورد داخراون لە بەردەم هەموو نوێخوازيەكي دنياي دەرەوەدا ، هيچ لاوێكي كوردنيە بوار لە بەردەم  تواناكانيدا كرابێتەوە، ئەمرۆ سادەترين ماف بۆ هاوڵاتياني كورد كە ئەوەيە پاساپۆرتي هەبێت لێي حەرامە و نيەتي، لە هەمانكاتيشدا  پێويستي گۆران لە نێوپارتە سەرەكيەكاندا بووەتە مەحاڵ، هەر بۆيە پێويستە جيلي نوێ  و دەنگي گەنج  و خوێنكار  ئەوانەي دەيانەوێ سەردەميانە بژين  و دوور بن لە مەنسەب  و سەرمايە و غەرەزي جەنگێكي تري ناوخۆ، پێويستە يەكبگرن  و ئەركي ئەم قۆناغە نوێيە بخەنە ئەستۆي خۆيان، پێويستە كۆمەڵەي لاوان  و خوێنكاران لە ژێرسايەي پياواني دەسەڵات  و حزب يبێنەدەر و  ببنە خاوەني ئەو نەفەسە درێژەي گۆران، بەردەوام لە دنيادا خوێنكاران دەبێت رەگي حزب  و كۆنەخواز و  گروپە جامدەكاني دين هەڵتەكێنن، پێمان وايە تەنها نەوەي نوێ دەتوانێ لە نوێگەري تێبگات، تەنها نەوەي نوێ دەتوانێ لە نوێبوونەوە مسۆگەر بكات، لە ئەزمووني پارتايەتي كوردستاني باكوردا لە نێو زياتر لە بيست پارتي هەڵگري دروشمي نوێخوازدا، بەڵام لە ناخەوە مشەخۆر و نەخۆش بەسەرمايە و مشەخۆري، هيچيان نەيانتواني مەيداني پێشكوتوخوازي بكەنە كردار، بەڵام كۆمەڵەخوێندكارێكي هەژار و كورە جوتيار توانيان ببنە بناغەي پارتي كرێكاراني كوردستان  و لە هەشتاكانەوە تائێستا هيممەتي پێشكەوتوخوازي دەكەن  و جەماوەريان لەگەڵە، ئەمرۆش تەنها نەوەي نوێ  و خوێنكاران دەتوانن، ببنە چەتري پارتێكي دڵسۆز و رەسەن، پارتێك كە لە هەناوي كورە جوتيار و كرێكار و هەژارەكاني كوردەوە گەورە بوبێت  و بۆ ئەوان بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە