چیرۆکی مام عەوڵای مێرگەسووری

Tuesday, 15/09/2015, 18:25

3990 بینراوە


مام عەوڵا خاوەنی چەند کوڕێك ئەبێ و پێش مردنی کۆیان ئەکاتەوەو داوایان لێ ئەکا هەریەك بەجیا کارێکی وا بکەن کەوا ژیانێکی باش بۆ هەموویان فەراهەم بکەن بەکەمترین توانا و کەمترین کات بۆ هەتا هەتایە لەسایەیدا بحەسێنەوە. مام عەوڵا ئەگەر چی خۆی لەژیانیدا جگە لەژیانێکی سادەو ساکار ،نەیتوانی بوو لەو کولە مەرگیە خێزانەکەی ڕزگار بکا کە وەك کوڕەکانی باسیان لێوە کرد. مام عەوڵا هەرچۆنێك بڵێ؛ کابرایەکی ئیشکەر و ماندوو نەناس،جوامێر و پیاوی ناو کۆمەڵگا،میرخاس و سەرو زمان شیرن،هەر بۆیە کوڕەکانی وەك خۆی ئەیان وویست ناوو و ناوبانگی باوکیان وون نەکەن.
شەوێك مام عەوڵا هەست بەتەنگە نەفەسی ئەکا و هەست ئەکا تەمەنی ئێدی بەرەو تەواو بوون لەهەنگاوی خێرادایە و بەپەلە پەل هەروەك ئەوەی زانیبێتی مردن چەندە لێی نزیك بۆتەوە، بۆیە داوا لە کوڕەکانی ئەکا کە پلانی خۆیان ئاشکرا بکەن،لێ هیچ لە کوڕەکان پلانێکی وایان نیە،وەیان بیریان لەشتێکی وا نەکردۆتەوە کە بتوانن جیاواز لەژیانی جاران بگوزەرێنن. هەر بۆیە مام عەوڵا تاکە پرسیارێك لەهەر یەکەیان ئەکا و ئەیەوێ بزانێ وەڵامیان چۆنە:
ڕووی دەمی ئەکاتە کوڕە گەورەو ئەپرسێ: باشترین و بەنرخترین ماددە چیە کە بتوانی بەدویدا بگەڕێیت و بیدۆزیتەوەو خۆتی پێ دەوڵەمەند بکەی. کوڕی گەورەش بێ هیچ دوو دڵیەك ئەڵێ؛ ئەڵتوون. لەبەرئەوەی ئاڵتوون بەهای لەهەموو ماددەکانی تر زیاترەو هەموو کاتێ پارەیەکی باش ئەکا.
پاشان ڕووی دەمی ئەکاتە کوڕی ناوەنجی هەمان پرسیاری ئاڕاستە ئەکا. ئەویش لەوەڵامدا ئەڵێ: پارە. لەبەرئەوەی بەو پارەیە ئەتوانێ ئەوەی بتەوێ بەدەستی بێنی و لەهەموو کەم و کورتیەکی ژیان ڕزگارت ئەکا.
مام عەوڵا هەردوو وەڵامەکەی بەدڵ بوو بەڵام ووتی بابزانم کوڕی بچووك ئەو ئەڵێ چی و بابزانم ئەو شتێکی باشتر و بەهاتر شك نابا کە لەپارەو ئاڵتوون باشتر و پڕ بایەختر بێ. کوڕی بچووك هەندێ بیر ئەکاتەوەو ئەڵێ؛ من لەگەڵ ڕای هەردوو براکەم نیم و پێم وایە درەخت لەهەموویان بەنرخترە.
باوك و کوڕەکان چاویان زەق ئەبێ و لەهەمان کاتدا کوڕەکان ئەیدەنە پڕمەی پێکەنین. باوکیان هەڵوەستەیەکی کورت ئەکا و ئەڵێ چۆن چۆنی دارو درەخت لە پارەو ئالتوون بەکەڵکتر و ئەرزشیان زیاترە؟ کوڕی بچووك هیچ خۆی تێك نادا و ئەڵێ؛ لەدار و درەخت کورسیەك بۆ خۆم دروست ئەکەم و بانگەوازی گەورەیی ئەدەم بەگوێی ئەم کۆمەڵگایەدا و لەسەر ئەو کورسیە خۆم پیرۆز ئەکەم و شەڕی مان و نەمان ئەکەم. بەهۆی ئەم کورسیەوە ژیانی خۆم و ئێوەو کوڕ و کوڕەزاکانمان مسۆگەر ئەکەم. بەهۆی ئەم کورسیەوە خیانەت وەك شۆڕشگێڕی و دزی وفەرهود وەك موڵكی خۆم سەیر ئەکەم،ناپاکی و کلکە لەقێ بۆ دوژمن وەك جومێری و ئازایەتی ئەناسێنم و کوشتنی گەل و دەنگە ناڕەزاکانی وەك ئەرکی نیشتمانی سەرشانم جێ بەجێ ئەکەم. ئێدی ئیستێ زانیتان بۆچی من دار و درەختم لا گرنگە!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە