مەسعود سەرۆک یاخود بەردی خڕ؟

Sunday, 20/09/2015, 23:16

3438 بینراوە


بەردی خڕ وەک نموونە دەهێنرێتەوە کە کەسێک، یاخود شتێک نەگونجێ لەهیچ جێگایەکدا. کەسی بەردی خڕ لەگەڵ کەسێکی تر یاخود کەسانی تردا ناگونجێ و ناتوانێ لە ناویاندا جێی خۆی بکاتەوە، هەرلەبەر ئەوە زۆر جار بەکەسێک دەوترێ بەردی خڕ.
بەردی خڕ لە وەوە هاتووە کە کاتێ مرۆڤ دیواری خانوو یاخود هەرشتێکی تر درووست دەکا بەردی خڕی بۆ ناگونجێ لە ناو دیوارەکەدا دایبنێ و ناگونجێ لەگەڵ لێواری بەردەکانی تردا. تەنانەت بۆخۆشی لە جێگای خۆی دا بە سەنگ نی یەو توندو تۆڵ نی یە وەک بەردی تری چوارگۆشە، لاکێشە ..هتد. زۆرجاریش ئەو بەردە خڕە لەبەر ئەوەی لە جێگای خۆیدا پتەو خۆی قایم نەکردووە گلۆر دەبێتەوەو سەرەو لێژ دەبێتەوەو تا دەگاتە کۆتایی خاڵی ڕاوەستان لەت و پەت دەبێ.
مەسعود وەک بەردی خڕ کەسێکە لەگەڵ کۆمەڵگای دێموکڕاسیدا ناگونجێ، عەقڵیەتی باوکسالاری، بنەماڵەیی، قەبیلەیی و عەشیرەتی و تاک حیزبی بەسەریدا زاڵە. بۆ ئەوەی بەزۆریش وەک کەسیکی خڕ خۆی بسەپێنێ بەزۆرو زۆردارەکی هەمیشە پشتی بە هێزو زۆری بەستووە. ئەگەر وانی یە چۆن کاتێ سەفەری نزیکترین شاری کوردستان لە بنکەی خۆیەوە (سەری ڕەش و پیرمام) کە شەقڵاوە و هەولێرن دەکا بە سەدان ئۆتۆمبیلی پڕ لە چەتەو چەکداری بە ناو پارێزگاری سەرۆکی هەرێمی لەگەڵدایە؟ ئەی بۆچی لە بنکەی تایبەتی خۆی کە سەری ەشە بە دەیان بنکەی پاسەوانی لە هەرچواردەوری بنکەکانی خۆی دامەزراندووە؟ هەر ئەم هێزو بەناو پارێزگار و پێشمەرگە و زێڕەڤانیشن کە پاسەوانی خۆی و بنەماڵەو عەشیرەت و قەبیلەو پارتەکەی خۆی پێ دەکا. ئەدی نەمان دی چەند سەد و بگرە چەند هەزار چەتەو دەمامکداری نەناسراوی بردە سەر شاری سلێمانی.
بێ ئەوەی بەرگری لە یەکێتی یاخود پارتێکی تر بکەم، بەڵام مەسعود بارزانی و قەبیلەو حیزبەکەی ناگونجاوترین و ناتەباترین حیزبی کوردستانن، بەسەردەمی شەڕی براکوژیشەوە. هەر لە ئەنجامی خۆ نەگونجان و قبوڵنەکردنی شکستەکانیدا ئامادە بوو هەموو سوکایەتی و سەرشۆڕی یەک قبوڵی تورکان و ئێرانی یەکان و سەددام و بەعس بکا، بەڵام ئامادە نەبوو لەگەڵ یەکێتی پێک بێ. ئەم بەناو سەرۆکە ئەگەر لەبەر چەتەکانی و هێزە نێودەوڵەتی یەکان نەبا تاوەکو ئێستا دەمێک بوو خلۆر بووبووەوە وەک بەردی خڕ.

مەسعود بارزانی ئێستا نیزیکەی مانگێکی لە وادەی درێژکراوەکەی کە دوو ساڵ بوو تەواو بووە. کەچی بە زۆرو زۆرداری دەیهەوێ ببێتەوە بە سەرۆک بۆ چەندەمینجار. خۆی و حیزبەکەی و هەموو حیزبەکانی ترو میللەتی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. بە هەزاران لاوی کوردستان لە خەفەتی ئەم سەرۆکە خڕە وا بەرەوە هەندەران کۆچ دەکەنەوە. ئەم پیاۆچکەی ٣١ی ئاب بەهیچ جۆرێک نایهەوێ دەستبەرداری سەرۆکایەتی یە ساختەکەی بێ. ئامادەیە دووبارەو چەندبارە کوردستان توشی کارەساتی ئاشبەتاڵ و شەڕی ناوخۆیی و ٣١ی ئابیش بکاتەوە. مەسعود یەکێکی تر لە هۆیەکانی کە پێداگری لە سەر سەرۆکایەتی یە ساختەکەی دەکا، بودەڵەیی و ناکارامەیی حیزبەکانی تریشە. چونکە تاوەکو ئێستا هیچ یەکێ لە حیزبەکان جەسارەتی ئەوە ناکا کە کەسێکیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کاندید بکا، تەنانەت بە هەر چوار حیزبە سەرەکی یەکەش!؟ جا ئەوان ناتوانن وەک میللەت گلەییان لە پارتی هەبێ. کاتێ ئەوان کەسێکیان بۆ کاندید ناکرێ جا لە ترسان بێ، لە بێ سەرەو بەرەیی نێوخۆییان بێ، لە بێکەسی کەسێکی لێهاتو و کارامەبێ، یان هەرشتێک بێ، ئەی چۆن دەتوانن گلەیی لە پارتی بکەن؟ پارتی بە هەموو مێژوویاتی یەوەو، دەوران و خوێندنەوە لێی، حیزبێک نی یە ئەوەی لێ بەدی بکرێ کە هیچ ئومێدێکی لێ هەڵبکڕێنرێ.
مەسعود بارزانی هەلی لاوازی نەبوونی کاندیدی حیزبەکانی ترو هەڕەشەی داعشی لە کوردستان قۆستۆتەوە کە میللەت بێ دەنگ بێ و وا ناچار بن کە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بە نابەدڵی قبوڵ بکەنەوە. چونکە میللەت باش دەزانێ کە ئەم سەرۆکە وەک بەردی خڕ وایە و ناگونجێ، کوردستانیش لە بەردەم چارەنووسێکدایە وەک ئەوەی هەمیشە پیاوە پاشەڵ پیسەکانی وەک مەسعود لە ئاوی لێڵدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و ئەسپی خۆیان تاودەدەن. جا ئا ئستا لەو نائومێدی یەدا بەردی خڕ بە زۆر خۆی دەسەپێنێ و لاوەکانیش لە جێگای بەردی خڕ سەرەو لێژی ئەوروپا دەبنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە