ئەمریکا بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەداتە ئەم لایەنە .. بارزانیش ڕەخنە دەگرێت

Friday, 25/09/2015, 19:48

5584 بینراوە


حکومەتی ئەمریکا بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و ھاوکاریی سەربازی ئامادەکردووەو لەچەند ڕۆژی داھاتوودا دەیگەیەنێتە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانیش ڕەخنەی توند لەئەمریکا دەگرێت، ئامادەکاریش بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەیەکی گەورەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەش کە لەڕۆژئاوای کوردستانەوە دەست SNN کەوتوون، حکومەتی ئەمریکا لەڕێگەی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن)ەوە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی زۆر پێشکەوتووی سەربازیی ئامادەکردووەو لەچەند ڕۆژی داھاتوو بەفڕۆکەی سەربازیی دەیگەیەنێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).
لەبەرامبەریشدا جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەوەی ڕاگەیاند، لەدیدی ئەمریکاوە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو یەپەگە قارەمانترین ھێزی سەر زەمینە لەدژی داعش، بۆیە ئەمریکا بەردەوامدەبێت لەیارمەتیدانی یەپەگە.
لەلایەکی تریشەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، نزیکەی ١٠٠ کارتۆنی گەورە یارمەتی سەربازیی و پێداویستیی لەچەک و تەقەمەنی، ئێستا لەبنکەی ئەمریکا لەکەنداوی عەرەبیەو ئامادەی ناردنە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان تاوەکو بگاتە دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).
زانیارییەکان ئەوەش باسدەکەن، فڕۆکەکانی ئەمریکا لەکاتی گەیاندنی ھاوکارییە سەربازیەکان ناتوانن بنیشنەوە، بەڵکو لەڕێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بارھەڵگری سەربازییەوە لەئاسمانی ناوچە کوردیەکان ھەڵدەدرێنە خوارەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەڕۆژئاواوە بەSNN دراون، گەیاندنی ھاوکاریی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یەپەگە بەمەبەستی ئامادەکارییە بۆ ھێرشکردنەسەر ناوچەی جەرابلوس، چونکە تاکە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستانە کە لەدەستی داعشدا ماوەتەوەو ھاتوچۆیان لەتورکیاوە بۆ سوریاو دواتریش بۆ عیراق ئاسان دەکات.
لەدوای ڕزگارکردنی شاری گرێ سپی، سەرنجەکان چونەتە سەر جەرابلوس کە ھەردوو کانتۆنی کۆبانێ و عەفرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئێستاش یەپەگەو ئەمریکا لەچوارچێوەی کۆتاییھێنان بەداعش لەڕۆژئاوای کوردستان، لەئامادەکاریدان بۆ ڕزگارکردنی شاری جەرابلوس.
گەیاندنی ئەو ھاوکاریە سەربازیانەی ئەمریکا بۆ یەپەگە لەڕۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لەئەمریکا گرتووەو بەوەی، "ماوەی چوار مانگە ھیچ ھاوکارییەکی سەربازیی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە ڕەوانە نەکردووە".
ژمارەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) زیادیکردووە بۆ (٣٥) ھەزارو ھەوڵیشدەدرێت ئەو ژمارەیە بگاتە (٥٠) ھەزار شەڕڤان.

ھێرش ئەحمەد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە