فوئاد مەعسوم نەچوو بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان !

Saturday, 03/10/2015, 20:39

3676 بینراوە


ئەوەی لە دەستوری عیراق دیاریکراوە کە ئەرکەکانی سەرۆکی عیراق تەشریفاتین و لە سەردان و یادە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان وەک سومبولێکی نیشتمانی دادەنرێت  و بۆ زیاتر شیکردنەوەی راو بۆچونی دەوڵەت لە کۆر وکۆبونەوە یادە گرنگەکان بەشداری دەکات و هەڵوێستی عیراق رون دەکاتەوە، ئەوەی جێی باسە، بۆی هەیە کەسێک بە نوێنەری خۆی بنێرێت یان بەرپرسێکی تری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەشداربێت . بەڵام دەبێت هەر کەسێک بەشدار بێت نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکان بێت نەک لایەن و حزبێک، ئەوەی جێگەی تێرامان و لە هەمان کاتدا سەرسورمانە کە فوئاد مەعسوم جگە لەوەی تا ئێستا سەردانی هەندێک وڵاتی ناوچەکە هیچ سەردانێکی رۆژئاوای نەکردوە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە ئەوەی لەسەری کەوتوە کە لە سیاسەتە نێوخۆییەکانیشیدا لە شتی بچوک خۆی هەڵقورتاندوە وەک تەعین کردنی کەسە نزیکەکانی وەک راوێژکار و داوای کەم کردنەوەی چەند دۆلارێک لە نرخی بلیتی گواستنەوەی فرۆکە بۆ کەسە نزیکەکانی خۆی... هتد و هیچی تر، بەمەش هێز و هەڵوێست وتوانا و بیرکردنەوەی بۆ هەموو لایەک دەرخستوە  و تا ئێستا نەک جێی دەستی لەهیچ شوێنێکەوە دیار نیە بەڵکو لە زۆر بواردا تەنانەت کە پێویستە پرسی پێ بکرێت کەس ئاگای لێ نیە و لایشی لێناکەنەوە . بۆیە راستە خەڵک پێداگری لەوە دەکەن کە شوێنی شیاو پێویستی بە کەسی شیاو هەیە، ئەگینا لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی چەند دەسەڵاتت هەبێت بە کەسی لاواز ناتوانیت بەکاری بهێنیت  .
لەم خولەی نەتەوە یەکگرتوەکان عەبادی بەشداری کرد و بەرێز مەعسوم لەماڵەوە دانیشتبو و نوتقی نەکرد و، عەبادیش وەک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە عەرەبیەکان رەفتاری کرد و تەنانەت  ئەگەر گوێمان بۆ وتارەکە ی بە وردی شلکردبێت، کەس پەی بەوە نەبرد کە لە عیراقدا کوردیش هەیە و تەنانەت قورسترین ئەرکی مرۆڤایەتی و عەسکەری و سیاسی گرنگ جێبەجێ دەکەن و خۆیان بەخت دەکەن،بەڵام بیرکردنەوە ی عەبادی  و تێروانین و سیاسەتەکانی روون بووەوە . لە بەرامبەردا ئەوەی بەدیدەکرا کە بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا پێزانینی خۆیان بۆ ئازایەتی و خۆراگری پێشمەرگە دەبری لەجیاتی عەبادی و وەفدەکەی، بەڵام بینیمان سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدراڵی  تەنها بە باڵای حەشدی شەعبیدا هەڵدەدات و تەنانەت وەزیرێکی کوردیشی لەگەڵدا بوو کە لە یادێکی ئەو کۆبونەوانە و لە پەراوێزدا بواری بۆ رەخسا قسە بکات ، ئەویش بەیەک وشە ناوی پێشمەرگەی نەهێنا تەنانەت بە ناراستەوخۆش ئاماژەی بۆ رۆڵی پێشمەرگە نەکرد، وا دیارە وتارەکەی لەلایەن دەسەڵاتی عیراقەوە بۆ نوسرابێت .
بۆیە، لەم بارەدا ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، رۆژ نیە خوێنی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەر دا نەرژێت، بەڵام لای کەس دیار نیە دوارۆژ و وەزعی کورد چی لێ دێت و تەنانەت شکی گەورە لەوەیە ئەم خوێنە بە سیاسەت و مامەڵە هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە فیرۆ بچێت . هەر بۆیە دەکرێت بڵێم تادێت بارودۆخی کورد لە عیراق قورستر دەبێت و رووە و تەنگەژەی زیاتر دەروات و کەس نازانێت پاشەرۆژی چۆن دەبێت . ئەگەر لەم کاتەدا کە ئەو هەموو بەناو بەرپرسە لە بەغدا بن و ئەمە حاڵمان بێت، ئەی ئەگەر بە ناوی نەهێشتنی موحاسەسەوە بێبەش بکرێین چۆن حاڵێکمان دەبێت . بۆیە، گەلی کوردستان حەقی خۆیەتی لە بەرپرسانی بەغدا بکۆڵێتەوە و بزانێت بۆ پرسی کورد و دوارۆژی رۆڵەکانی چیان کردووە  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە