بێئابڕوی سیاسی

Monday, 12/10/2015, 22:03

3668 بینراوە


فێنۆمێنە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جەبان، خوێڕی، سەرسەری، شەقاوە، چڵیت، چەکل، چەقاوەسوو و هتد، ئاماژەییانە سنووریان بۆ کێشراوە، بەمەش دەشێت جوودایی هەر یەکەیان لە ئەوانی دی ببینرێت. ئاگایی ڕۆژانەی خەڵک هەرگیز شەقاوەیەک ناونانێت سەرسەری، چونکە ئاشکرایە شەقاوە لە وەهمی دادپەروەریدا دەژی و ڕووبەڕوو کردار دەنوێنێت. ئەو بۆ نموونە ئامادە نییە لە پشتەوە دەست لە دوژمنی بێچەکی خۆی بووەشێنێت، یان گەر بەڕێکەوت بەو دوژمنەی بگات و ببینێت چەکی پێ نییە، ئەوا داوای لێدەکات بڕوات چەکەکەی بهێنێت، بۆیە ناشێت شەقاوە چڵیتی بۆ نێو خۆ شکاوە بێت، هەروەها ناشێت وەک موئاناتدار چەکلی "خاوەن کلکەلەقێ" بێت. جگە لەوە گەر شەقاوە ئامادە نەبێت دەست لە دوژمنی بێچەکی خۆی بووەشێنێت، ئەوا ئاشکرایە ناشێت جەبان بێت، واتا ئەو ناکەسە بێت کە خۆی بەزۆریی مەڵاسداوە تاکو بە خشکەیی لە پشتەوە دەست بووەشێنێت. ئەوجا شەقاوە کە پێداگریی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕوو دەکات، نەشیاوە سەرسەری بێت، واتا ئەو حەواس بارگاویبووە کە ئەوداڵی ئەوەیە کەسانی دی دیدێکی ئەرێنیی ئاڕاستەبکەن و بە ئازای دابنێن. ئەم فێنۆمێنانە لە ئاگایی ڕۆژانەی خەڵکدا نزیکەی سنووری دیاریکراویان هەیە.
ئەی "خوێڕی"؟ یەکێک لە مۆرکە کرۆکییەکانی خوێڕی بریتییە لە "سەرەڕۆیی": کۆڵانە و کۆڵان و گەڕەکا و گەڕەک دەکات. ئەو وەک سەرەڕۆ دەشێت لە جێی خۆی چەقاوەسوو بێت و لە جێ نەناسراوەکاندا جەبان بێت، کەواتە دەشێت ماسکی هەڵگرتبێت و دوای ئەوەی لە پشتەوە گورزێک دەوەشێنێت، ئیدی کەسانی دی ڕووی دەمی تێبکەن: "بەڕاستی خوێڕییە". بەڵام هەروەها خوێڕی دەشێت "سەرسەری" بێت، ئاخر لەبەر ئەوەی سەرەڕۆیە، ئەوا هەردەم دەشێت بخزێتە نێو گێچەڵ و مەترسییەوە. جگە لەوە نەشیاو نییە کە خوێڕی وەک سەرەڕۆ چڵیت بێت و بە کەسانی دیکەوە بنازێت، بۆ نموونە کەس و کاری یان دۆستانی لە گێچەڵەوە بگلێنێت. کەواتە خوێڕێ بێشوناسە. ئەو وەک سەرەڕۆ و بەرەڵا ڕیشەی نییە، بۆیە میانەی ئەو لە شەقاوە ئەوەندە دوورە کە ڕەنگە شەقاوە بەلایدا تێبپەڕێت و دەرکی نەکات.
بێگومان فێنۆمێنەکانی شەقاوە، خوێڕی، چەکل و چڵیت و هتد، فێنۆمێنی کۆمەڵایەتین و لە ڕووی نەریتەوە مۆرکێکی دازناویان هەیە، بەڵام ئەوە مەهزەلەیەکی گەورە دەبێت گەر لە کایەی سیاسەتدا دەربکەون، ئەوجا کارەسات دەبێت گەر لە کایەی سیاسەتدا بە دەسەڵات بگەن. جگە لەوە نەک تەنیا کەسانی ئاسایی کۆمەڵ دەشێت بەهۆی پەروەردە و پەیوەندییەکانی گوزەرانەوە چەقاوەسوو و خوێڕییان لێدەربچێت، بەڵکو هەروەها دەشێت کردارنوێنانی سیاسیش بەهۆی دۆڕاندن و تەزویر و نۆکەرییەوە بۆ بێگانە بەتەواوی ئابڕوویان بچێت، ئەوجا گەر وەک بێئابڕوو کۆڵ نەدەن و بەردەوام بن، ئیدی سیواییان بێتەوە و بەلایانەوە ئاسایی بێت خۆیان بە هێزگەلی دەرەکییەوە ڕابگرن، بەمەش دەشێت ببن بە هەرە دیارترین جەبانەکانی کۆمەڵ و چاوەڕواننەکراو دەست لە هاوڵاتیانی خۆیان بووەشێنن، یان دەشێت وەک سیاسەتکار بە شێوەی شەللاتی و سەرسەریانە نەیارانیان بفڕێنن و لەناوبەرن. ئەم ڕەوشانە زۆر دەشێت لە ڕەوتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە ترادیسیۆنییەکاندا بێنە ئاراوە، واتا ئەو بزووتنەوانە کە تێیاندا تەنیا خەباتگێڕانی خەمخۆر چالاک نین، بەڵکو هەروەها کەسانی فێڵباز و ناکەسانی ئەوداڵی قۆزتنەوەی هەلەکان و هتد. ئیدی لەکارکەوتنی قیەمەکان هەمیشە پتر بە زارەکیش دەردەکەون، چونکە سیاسەتکەران دەبێت بدوێن: بۆ لایەنگرانیان، ڕووەو دژبەرانیان. لێرەدا سیاسەتکەرانی ڕووتبۆوە کە هەرچی ئابڕوو هەیە نەیان ماوە، بە کەیفی خۆیان وشان ڕیز دەکەن. ئەوان وەک ڕووتبۆوە ئاگایان لە پرنسیپێک نەماوە: مرۆڤ بۆ نموونە دەتوانێت لە سروشتەوە هەموو شتێک بە زار ببێژێت، بەڵام مرۆڤ لە بنەڕەتدا دەزانێت کە زار بۆی نییە هەموو شتێک ببێژێت، چونکە ئاوەزی ئەو ڕێی بێژتنی هەر شتێکی پێنادات، جگە لەوە نەریتی کۆمەڵایەتی و ویژدان و ترس (ترس لە خودایەتییەک یان لە سزایەکی سۆسیال یان کەسیی) سنوور بۆ بێژتنی ئەو دادەنێن. بەڵام سیاسەتکاری ڕووتبۆوە سڵ لە هیچ شێوەیەکی بێژتن ناکاتەوە. گەر شەللاتییە چەک بەدەستەکانی ئەو دەستڕێژ لە گەنجان بکەن و بەوەش پتر ڕسوا ببێت، ئەو دەبێژێت: "لێمان دەکوژن، ئیدی چۆن پەرچەکراداری سیاسی نەنوێنین؟" ئەو بۆ نموونە جاهیلی تەنافباز و جیڕ بە وشەی ئەوپەڕی سادە دەکات بە حەکیم، ناوەرۆک دەکات بە رواڵەت و ڕواڵەت بە ناوەرۆک، خیانەت دەکات بە خەبات، هێنانی سوپای غەریبی دەرەکی دەکات بە بەکارهێنانی بێگانە، ئەو بەبێ هیچ شەرمێک ڕایدەگەیەنێت کە درۆ ڕاستییە و ڕاستی درۆیە، ئەو ڕایدەگەیەنێت: ئەوە گرنگ نییە کە ئەو چی دەبێژێت، گرنگ ئەوەیە کە هه‌موو شتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی بێژتنەکانی ئەو درۆی په‌تین. بەمەش بۆگەناوی سیاسییە بێئابڕووەکان بە شێوەیەک دەتەنێتەوە کە نەک تەنیا کەسانی هەڵوێستمەند و بەرهەڵستینوێن کاس دەکات، بەڵکو تەنانەت زارۆکانی گەمەڤان و ئەو کەسە ساویلکانەش کە لە ژیانیاندا گرنگییان بە سیاسەت نەداوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە