ئەو پڕۆفیسۆڕەش کوردە!

Saturday, 07/11/2015, 20:55

2137 بینراوە


 یەکێک لە دیاردەکانی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ئەوە بووە کە بە دوای ئەو شەڕە ماڵوێرانکارە دا جگە لە ئاوەدانکردنەوە ئەو وڵاتانەی کە تووشی زەرەد وژیانی گیانی و ماڵی ببوون، دەبوایە فکر لە دروستکردنی داموودەزگاوناوەندی مەزنی بیرکردنەوە لەئاست شێوەیەک لە بەربەرەکانێکردن بۆ ریشە کێش کردنی جۆراوجۆری ئەو نەخۆشیانەی کە بەرۆکی چین وتوێژەکانی هەمەلایەنەی کۆمەڵگای داگرتبوو. بۆ ئەو کارە گرینگەش دووبابەتی زۆر گرینگتر پێویست بوو. ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، و پەروەردەکردنی کەسانی شارەزاری لێهاتوو. لەو کاتەوە هەتا ئەوسەردەمە لە تەواوی جیهانی پێشکەوتوودا هەزاران دوکتورو پڕۆفیسۆڕی ئەمەگناس، شەوورۆژ خەریکی توێژینەوە پێناسەکردنی ئەو نەخۆشیانەن کە مرۆڤایەتی لە ئاست دێو جامەی مەرگ رزگار بکەن. بە هۆی ئەوەی کە دونیا لە ئاستی ئاڵوگۆڕەکان کاتژمێر بە کاتژمێر بەرەو پێشوەچوون دەچێ هەردەم بابەتێکی نوێ دەبێتە زاخاوی مێشکی زاناو پڕۆفیسۆری وڵاتی دیکە جگە لە کوردی هەژارو بندەستی عەشیرە وبنەماڵەو تاقمێک پڕۆفیسۆڕی کاڵفامی سەردەم. نەتەوەیەک پڕۆفیسۆروزانیاری بەو شێوەیە بیربکاتەوە کوا حەوجێی بە دووژمنە! رۆژی ٢٠/١٠/٢٠١٥ لەسەرسایتی/ رووداو / وتووێژێکی پڕۆفیسۆڕ،، مستەفا موسلیم،، براگەورەی رێزدار ساڵح موسلمم وەبەر چاوکەوت. چەند جارم ئەو وتووێژە خوێندەوە، نەمدەویست باوەڕبەو قسانە بکەم کە لەزاری کەسێک دەردەپەڕن کە زانکۆوئاکادێمی خوێندوە!تۆ بڵێی نەوەکانی داهاتوومان لەوکەسانە چی فێر بن؟ نە زانامان، زانای هوشارودوورناسە، نە سیاسەتمان، سیاسەتێکی بەهێزوکارناسانەیە. لە وڵاتێکدا پڕۆفیسۆرێکی بە رەگەزکورد ئاوازمانی بگەڕێ، بۆ دەبێ گازەندەوسکاڵا لەسەر دوژمن تۆمار کەین؟
جیاوازی وتەکانی مستەفا موسلیم لە گەڵ کورد کوژێکی وەک ئەردۆغانم لەوەدا بینی کە ،م،موسلیم، بە رەگەز کوردەوئەردۆغانیش تورکە! ئەو کابرایە بە بێ ئەوەی داهاتووی رووداوەکان لەبەر چاو بگرێ هەر بێ حورمەتیەکی کە بە دڵی تورکەکان بوو لە ئاست بارودۆخی رۆژئاوا هێنایە گووتن! بۆ چووک نیشآندانی شەڕی قارەمانانەی کۆبانی دەڵێ:پ،ک،ک، لەوێ  دەسەڵاتی دامەزراندوە .( خۆزگە پێی گووتباین کێ باشە دەسەڵاتمان بۆ دامەزرێنێ؟) ئەو قسەیە زۆر بێ ماناو قۆڕە. چوون ساڵانێکی دوورو درێژە خوێنی منداڵی کورد لەسەر دامەزراندنی حیزب ورێکخراوە کانی کە  لەسەر بنە مای بیری مارکس ولنین ستالین ومائۆو...... بە فیڕۆ چووە، بۆ یەکەمجارە حەڕەکەتێک لە سەر ویست وخواستی شۆڕشگێڕانی کورد دادەمەزرێ، کوائینسافە ئاوا بکەوێتە ژێر رەخنە؟  ئەو وڕێنەیەی کە رۆژانە داودئۆغڵوو دووپاتی دەکاتەوە هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ فەرموودەکانی پڕۆفیسۆر مستەفادا نییە. باس لە زیرەکی پ،ی،د، دەکا کە گۆیا مێدیای جیهانیان هەڵخڵەتاندووە تا سرنجی وان بۆ لای خۆیان رابکێشن. کاکی پڕۆفیسۆڕ ئەوەی کە مێدیای جیهانی قۆرق کردوە لە دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوا زۆر زەبەلاحترە رەنگە جەنابت لە گوێی.......دا نوستبێی. خۆزگە کورد ئەوەندە زیرەک بوایە کە توانیبای لە رێگای مێدیای جیهانیەوە دەنگی بە هەموو دونیا رابگەیەنێ.
دەڵێ: تورکیا چاکەیەکی مێژوویی ومرۆڤدۆستانەی لە ئاست پەنابەرانی کورد ئەنجامداوە! رەنگە هزرو ئەندیشەی ئەو پڕۆفیسۆڕەمان ژەنگی هێنابێ، ئەدی بۆ باس زیندانەکانی توری فاشیست ناکەی کە هەزاران کوردی خاوەن هەڵویستی تێدایە کە مایەی شەڕەف سەربەرزی نەتەوەکەمانن. ئەدی بۆ باسی دەیان فڕۆکەی شەڕ ناکەی کە رۆژانە قەندیل بۆمباران دەکەن؟ خۆ شەڕی دووهەمی جیهانیش هەروا بووە! سەقە تترین و لاڕێترین چینی کۆمەڵگای کورد چینی رووناکبیرو چینی زانکۆکانن، شێوەی گووتاری ئەو پڕۆفیسۆڕەشمان هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ سیستمی عەشیرەگەری نییە کە مەسعود بارزانی نوێنەرایەتی دەکا. لە بەشێکی دیکەی فەرمایشتەکانی باس لەوە دەکا کە، پ،ی،د، جگە لەخۆیان کەسی دیکەیان قەبوڵ نییە ،بۆ جوابی ئەو پرسیارەت سەردانێکی سەرۆک بارزانیت بکە.! پێویستە وەبیرئەوپڕۆفیسۆڕە بێنمەوە، پێم وایە جەنابی پڕۆفیسۆر نوێنەرایەتی مەسعود دەکا. رەنگە لە بیری چووبێتەوە بارزانی وئەردۆغان زۆریان حەولدا رۆژئاوای کوردستانیش بە دەردی باشوور بەرن.لەوێش سیستمی گەندەڵکارو دزسالاری دابمەزرێنن. رێگرتن لەو سیستمە کوا قۆرقکردنی دەسەڵاتە. بە پێچەوانە گەیشتن بە دەسەڵاتێکە کە پارێزەری پەیامی شەهیدانە. ئەو شەهیدانەی کە بە خوێنی خۆیان کۆبانیان رزگارکرد وپەیامی سەربەخۆییان گەیاندە هەموو جیهان.
من نازانم لەسەر حیسابی کێ ئەو قسانەی بۆ چووک کردنەوەی خەباتی کورد کردوە لەرۆژئاوا کوردستان وپاشان وەراندوونی. هاندەری ئەو پڕۆفیسۆڕە هەر کەس بووبێ زۆر هاسان توانیویە فریوی بداوبۆ مەبەستەکانی گڵاوی خۆی بەکاری بێنێ. ئەگەرئەو کەسە سەربەهیچ لایەنێکی سیاسیش نەبێ بێ گومان هەڵویستەکەی سەتا لە سەت بە قازانجی دووژمنی کوردە. زاناولێهاتووو وریای هەندەران ئەگەر دژی دەسەڵات وسیستمی بەڕێوەبەری خۆیانیش بن دوارۆژی ئاڵووگۆڕەکان دەنرخێنن، بە یەکجاری هەموو پردەکانی پشت سەری خۆیان ناڕووخێنن. بە باوەڕی من ئەو پڕۆفیسۆڕەشمان لە ئاست نەتەوەکەی بێ ئەمەگ دەرچووە. ئەرکی سەرەکی کەسێکی کە خاوەن بڕوانامەی ئاوایە لەسەر بنە مای لێکۆڵینەکان بڕیار بدا.واوێدەچی ئەو پڕۆفیسۆرەی ئێمە باش لە مێژووی کورد توێژینەوەی نەکردوە. ئەگەر کەسێکی نە خوێندەوار ئاوا ئاخفیبا جێگای گازەندە نەدەبوو. بەڕێز ساڵح موسلیم وخێزانەکەی لەریزی پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازیدان، کە چی پڕۆفیسۆڕی برای بە شێوەیەک بیر دەکاتەوە دوور لە هەموو ئەخلاقێکی ئاکادیمیانە وکوردخوازانە. رێکاری هزروبیرکردنەوەی ،م،موسلیم، وەک کەسێکی خوێندەوار دەبوایە لەسەر رێگوزەرو بنەمایەکی ئەقڵی وئەخلاقی لە گووتارو رامان و دوورئەندیشی بوایە. ریشەی پتەوی زانستی فەلسەفە لەسەر ژێرخانی زانستی و ئەقڵ پایە رێزی کراوە، کەسێکی وەک مستەفا موسلیم کە زانستی فەلسەفەشی خوێندوە تا گەیشتۆتە پلەی پڕۆفیسۆڕی دەبوایە باش بزانێ یەکیك لە لقەکانی رێگوزەری فەلسەفە ( زانستی ئەقڵ شناسی)/ زمانە/ و چۆنیەتی بەکار هێنانی کەلام لە ڕاوێژو گووتندایە،لەو فەلسەفەیەدا گرینگترین روودا، رووداوی ،، شیکاریە،، زاناو دوورناسەکان دەبێ لە ڕاستیەکانی رووداوەکان کەڵک وەرگرن. بەو واتایە دەستەواژەگەلێک بەکار بێنن کە ئەو دەستەواژانە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ / زانست/ دانەپچڕێنن. کەسی زاناوهوشیار خۆی لە هێندێک هەستوسۆزی کاتی بە دوور رادەگرێ. لەسەرئەو خاکە پیرۆزە پڕۆفیسۆڕەکانمان بەم شێوەیە رەخنە دەگرن. پڕۆفسۆڕعەلی قەرەداغی، پرۆفسۆڕد، عەلاوپرۆفسۆڕ مستەفا موسلیم زاناکانمان بن!ئەدی خەڵكی ئاسایی وەکومن دەبێ چۆن رەخنە لەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستان بگرێ کە بەتەواوی هێزو توانای خۆیانەوە حازر نیە دەست لە پۆستەکانی خۆیان هەڵبگرن. پڕۆفیسۆڕ مستەفا موسلیم دەبوایە دەیان پەڕتووک ونامیلکەی لەسەر سەرکردە و شکستی شۆڕشەکانی کورد دابا بە کتێبخانەی کوردی. دەبوایە لەسەرسەرکەوتنی کۆبانی بە سەتان کاتژمێرلە دەزگاکانی راگەیاندن شیکاریی فەلسەفی وشیکاریی زمانی فەلسەفەی بۆ ئەوسەرکەوتنە بۆ رای گشتی دونیا بڵاو کردباوە.دەبوایە سەتان نامیلکەی فەلسەفی لەسەر ئەو منداڵانە نوسیبا کە لە کاتی شەڕی ناوخۆیی حیزبەکان لە دایک بوون. بەڵام بەداخەوە واوێدەچێ لەبێکاریان نەیزانیوە چۆن هەستی دەروونی خۆی دەرببڕێ، بە ناچاری هاتووە یەخەی برا چووکەکەی خۆی گرتووە!؟ ئەو دووبرایە هەردووکیان لە بنە ماڵە و دایکوباوکێکن. جیاوازیە کانیان لە چی دایە با خوێنەری هوشێار بینرخێنێ. مستەفا موسلیم پڕۆفیسۆڕە وبەڕێز ساڵح موسلمی براچووکەشی  کوردێکی شۆڕشگێڕو نیشتمان پەروەرە. هەدووکیشیان بە رەگەزکوردن.
جەعفەر کەریمی
سندوقی کوردستانپۆست.
٦/١١/٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە