لە پاش ڕزگار کردنی شەنگال ئایندەی دانیشتوانەکەی بەرەو کوێ!

Monday, 16/11/2015, 23:51

502025 بینراوە


شەنگال لەنێو دوو جیهان بینی دژ بەیەکدایە،ئاخۆ کامیان جێگای خۆی دەگرێت لەنێو پەروەردەی دانیشتوانەکەیدا؟
هەموان ئاگاداری جینۆسایدی خەڵکی بێ گوناحی شەنگال بووین بەدەستی ڕەشی داعشی سونەی ئیسلام لە ساڵی پاردا. ئەوەی چۆن ئەو کارە ڕوویداو کێ کەمتەرخەم بوو لەو بوارەدا،دیارە قسەی زۆری لەسەر کراوە و زۆرینە پەنجە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەکێشن،ئەویش بەو هۆکارەی کەئەو پارتە زۆرترین هێزی پێشمەرگەی لەو دەڤەرەدا هەبووە.
ئێستا شەنگال ڕزگار کراو ئەو لایەنانەی کاریگەریان هەبوو لەو نێوەدا بەرەی پێکاکایە لەگەڵ پێشمەرگەی هەرێمدا،مەخابن سەرۆکی پارتی ووتی تەنها بەهێزی پێشەرگە شەنگال ڕزگارکرا لە دەستی چەتەکانی داعش. بەهەرحاڵ،ئەوەی ئێستا گرنگە ئایندەی خەڵکی زەحمەتکێشی شەنگالە،ئاخۆ جارێکی تر دەتوانن بە ئارامیەوە ژیان پەرە پێ بدەن لە زێدی خۆیاندا؟ ئاخۆ گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەکەی پەیوەست دەبێت بە واژۆ کردن کە تەسلیم بە خواستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ببن،ئەوجا ڕێگەیان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی کاول کراویانەوە؟ من زۆر گومانم لەوە هەیە کە خەڵکی شەنگال ڕێگایان پێ بدرێت بە ئازادانەی خۆیان بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئێستا و دوای داگیر کردنی شەنگال و لە قۆناخی کارکردن بۆ ڕزگار کردنی شەنگال،لەلایەن بەرەی پێکاکاوە خواستی ئەوە هەیە بۆ شەنگالیەکان کە خۆیان بتوانن هەرێمێکی سەربەخۆ درووست بکەن و خۆیان بتوانن ئیدارەی ژیانی خۆیان ڕێک بخەن،هەر وەک کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. ئاخۆ لێرەدا چ بەریەک کەوتنێک دەبێت لە گەڵ بیرۆکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا(دیارە پارتەکانی دیکەی هەرێم لە نێوەندان لەمابەینی دوو بیرۆکە جیاوازەکەدا) ئەو پرۆژەی بەکانتۆن کردنە گەلێک چەمکی گرنگ لەخۆ دەگرێت کە جیاوازە لە چاو ئەو پەروەردەی بەڕێوە بڕدنیەی کە لەهەرێمدا بوونی هەیە. لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا،بنیات نانی کۆمەڵگای دیموکراتی شارستانی جیبەجێ دەکرێت،لەنێو ئەو پرۆژەیەدا،چیتر جیاوازیە چینایەتیەکان و جیاوازیە ڕەگەزی و قەومی و دینیەکان بونیان نامێنێت و ئەوەی لەوێدا گرنگه،پەروەردە کردنی تاک و کۆمەڵگایە تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و چیتر کۆیلەی دەستی چینێکی حاکمی چەوسێنەر نەبێت. ئەم چەمکە نوێیە،کەنوێیە بەگشت پەروەردەی باوی کۆمەڵگا لە گشت ڕۆژهەڵاتی ناویندا،بوە بەو بەریەککەوتنە مەزنەی کە گشت دەسەڵاتی سەردەست بەدژی دەوەستێتەوە،چونکی دەسەڵاتداران کۆمەڵگایەکی مێگەل ئاسایان پێویستە،نەک تاک و کۆمەڵگایەکی زیندوو. ئەمە جیاوازیە مەزنەکەیە لە نێو ئایندەی خەڵکی شەنگالدا کە کام لایەن هەڵدەبژێرن.
خۆ دیارە بەرەی پارتی،کاتێک باسی ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری دەکەن کە گشت لایەک ببن بەکۆیلەی ئەوان و هێزوئیرادەی سەرۆک عەشیرەت و سەرۆک هۆز لەسەرو ئیرادەی کۆمەڵگاوە بێت. بۆیە ئایندەی خەڵکی شەنگال نادیارە و باشترین چارەسەر بۆیان و بۆ کەم کردنەوەی ئازارە دەرونیەکانیان،لێ گەڕێن تا لەڕێی ڕیفراندۆمێکی دوور لەترس و تۆقاندنەوە خۆیان ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم گرنگە و تا لەو ڕێگایەوە کەمێک حورمەت بۆخۆیان بگێڕنەوە،دەست بکەن بەئاوەدان کردنەوەی شەنگال و ماڵ و حاڵێکی شایستەیان بۆ دابمەزرێنن. ئەوە دیاریەکی بچوک دەبێت بۆیان،لە چاو ئەو کۆ تاوانەی کرا بەرانبەریان.
خەڵکی شەنگال پێویستیان بەپەروەردەی شۆڕشگێڕانەی هاوشێوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە،تا جارێکی تر بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە و بگەن بەو بڕوایەش کە چیتر بەردەبارنی دوعاکانیان نەکەن. چونکە کاتێک دوعا بەردە باران کرا لەلایەن هێزی پیاوانی سەرۆک هۆز و سەرۆک عەشیرەتەوە،بوە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر کۆی خەڵکی ئێزیدیانەوە. لەنێو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا،جێگای ژن،جێگایەکی مەزنە و چیتر ئەوان ژن نین،بەڵکو مرۆڤن. یەپەژە نمونەی مەزنی ئەو ئیرادەی بەمرۆڤ بونەیانە. بابزانین ئایندەی خەڵکی شەنگال بەرەو کام چەمکی ژیان کردن دەبردرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە