مەلا کریستاڵ

Sunday, 13/12/2015, 2:53

3323 بینراوە


ژەنراڵەکەى کۆرەک تیلیکۆم مۆڵەتى لە داعش وەرگرت و بەرەکانى دواوەى شەڕى بەجێهێشت بەرەو ئیمارات ، لە  دوبەى بۆ ئەوەى نمایشێک لە وێنەى نمایشەکانى ئەمیرەکانى نەوتى کەنداو  بۆ خێڵى هەزار پیاوەکە تۆماربکات ، تا لە ناوەندە جیهانییەکان دەنگدانەوەیەکى هەبێت و ئەویش دروستکردنى وێنەیەکى مەلا مستەفایە بە بەهایەکى خەیاڵى کەنزیکە لە حەوسەد ملیۆن دۆلار تێچونەکەیەتى  و بە (٤٠٠ ) ملێۆن و( ٥٠٠) هەزار دەنکە کریستاڵ دروستکراوە  ، بێجگە لە  هەق دەست و کرێی هۆڵ و داوەتى میوانان و ڕاگەیاندن کاران. ئەمەش لەسەر پارە و نەوت وموچەى دزراوى خەڵکى کوردستان ، هەتا پاڵێک بەمەلا مستەفاوە بنێن و بیخەنە زبڵدانى گینسەوە ، هاوتاى ئەوانەى کەلەو پێوانە تۆمارییەى ئەو کتێبەدا هەیە ، لەوانە هەیە نینۆکى بەمەتر درێژە ، یانى هەمبەرگەرى گەورەى دروستکردووە ، هەیە ژمارەى پێوانەیی لە بیرە خواردنەوەدا هەیە ، یان لە ڕاکردن ... بابەت زۆرە ، بەڵام هیچیان لەخولێاى تاکە کەسی و سەرچڵیەک زیاتر نیە ، هیچیان ملێۆنان دۆلار تێچونیان نەبووە .
  ئەو وێنەیەى مەلا مستەفا  بەخەنجەر و قایش و قروشەکەیەوە، کە جاوی زەق بۆتەوە، حەوت سەد ملێۆن دینار تێچونەکەى بێت ، ئەى ئەگەر بە سوارى ئەسپەکەیەوە بوایە چەندى تێ ئەچو، ئەى ئەو وێنەیەى کە تیغ تیژ ئەکاتەوە ، ئەى ئەو کاتەى کە لەنێوان مەڕەکانیدابوو ، خوانەخواستە ئەگەریەکێک لەو وێنانە بوایە وابزانم موچەى یەک دوو ساڵى پێشویان لە موچەخۆرانى کوردستان  وەر ئەگرتەوە .
مەلا مستەفا ئەتوانرا لە دەمێکەوە بخرێتە ناو کتێبى گینسەوە ، یەکەم سەرکردەى سیاسیە لە جیهاندا خۆى بکات بە قەیتانى قۆنەرە ،  وەکو خۆیان فەرمویان قەیتانى قۆنەرەکانى عەبدولکەریم قاسمى سەرۆکى عیراق ، یەکەم سەرۆکى بزوتنەوەیەکى چەکداریە بەفەرمانێکى دەرەکى  شکست بەبزوتنەوەیەکى میللى بهێنێت ، بڵێت هەڕو ئاشبەتاڵ ، بزوتنەوەیەک بە ئاش بچوێنێت ، ئەمە لەکامە فەرهەنگى سیاسیدا هەیە ، وشەیەکى ئەنتیکەو ناوازەیە ئەڵێێت خوا بۆکتێبى گینسى کردووە  .
     ڕابەرێک بیت درۆى وابکەیت هیچ درۆزنێک پەى پێنەبات ، بێمنەت لە تۆمارى پێوانەى گینسدا جێی خۆى ئەکاتەوە ،  جارێک جەنابیان لەکۆڕێکى خۆیدا ئەڵێت : دوتەیارە هاتن پەلامارى بڕنەوم لێدان دەستم کرد بەتەقە ، دوایى سەیرمکرد ، قۆڵى کراسەکەم خوێناویە تومەس ئەوە خوێنى تەیارە چیەکەبووە بریندار بووە ، ئائەمە بۆ کتێبى گینس زۆر بێمەسرەفە ، لەتاکتیکى خۆپاراستدا مەلا مستەفا داهێنەرێکى گەورەیە و شایستەى کتێبى گینسە ، دواى ئەوەى فڕۆکەکانى عێراق خەڵکێکى زۆر لەسەر پردى زەرد لەناوچەى ڕەواندز ئەکوژن ، ئەم هەواڵە بەمەلا مستەفا ئەڵێن و جەنابیان ئەڵێت : ئەى بۆنەچونە ژێر پردەکە .
حەق نیە کتێبى گینس لەڕەفتارە  سەمەرەکانى مەلا خاڵى بێت ، جارێک جەنابیان فەرمان ئەکات ، کەهەرکەسێک گورگێک بکوژێت خەڵاتى ئەکات ، کابرایەک پێنج گورگ ئەکوژێت ئەیبەنە دیوەخانى بەرزانى ، ئەیباتە لاى خۆى لەژێر دۆشەکەکەیدا چەردە پارەیەک دەرئەهێنێت وەک خەڵات ئەیداتێ ، دەست ئەدات بە شانى کابراى گورگکوژدا و ئەڵێت : بەس پەیوەندیت بەخۆمەوە ئەبێت . ئەمەش لەبەشى (سیاسى و گورککوژ ) دا لەکتێبى گینس بەبێ واسیتەى ئەردۆگان ومیتى تورکى تۆمار ئەکرێت . 
   لەگەڵ ئەو هەموو مەسرەف و کریستاڵ و چەسپ و سیکۆتینە ، لام وابێت ئەم وێنەیەى مەلا مستەفا بەفلتەرو لیژنەى تۆمارى پێوانەیی کتێبى گینسا تێنەپەڕیت ، چونکە جەنابیان جامانەکەى هەمیشە بەهەڵەوگێڕاو ئەپێچایەوە و ڕەنگى سورییەکەى کاڵتر ئەینواند ، بەڵام وێنە کە پێچەوانەى ئەمەیە و ساختە کاریی تیاکراوە ، ئەترسم ئەمەش وەکو دانەغاز بەڵایەکمان بۆ دروستبکات غەرامەى ئەم ساختەکاریە بەسەر خەڵکى کوردستاندا ساغ بکاتەوە .
 خاڵێکى گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکى سلێمانى ئەم وێنەیە ، بەوێنەى مستەفا ئەزانن ، نەک مستەفا بەرزانى بەڵکو هونەرمەند مستەفا ئەحمەد ناسراو بە وەستاعەلى ، ڕێک لەویش ئەچێت ، بەدورى نازانم لقى چوارى پارتى دوا لەو هونەرمەندە بکات شێوەى دەموچاوى بگۆڕێت ، هەتا بەخێر وێنەکە  پەراوێزێک لە کتێبى گینسا پڕئەکاتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە