لەسەردەمێکی چەندە پۆخڵدا دەژین

Thursday, 24/12/2015, 18:50

2805 بینراوە


داود ئۆغلو دەڵێ:"خەندەقەکان بەسەر ئەم تیرۆریستانەدا دەڕوخێنین" 
 تورکیا ووڵاتێکی ئیسلامییە بە مانای لە رێگای دەنگدانەوە ئیستا پارتێکی ئیسلامی حاکمی تورکیایە، ئیسلامەکان لەجیهاندا ژمارەیان زیاتر لە ملیاردێکە، بەڵام لەئاستی ئەم لەشکر کێشیەی تورکیای ئیسلامییدا بۆسەر نیشتمانی ئێمە دنیا هەمووی کوێرو نابینایە و ئەم تیرۆرو ڕەشەکوژییە نابین و نابیستن.کورد لەباکوری ووڵات پێویستی بەسەرنجڕاکێشانی کەس نییە، چونکە ئەوان لەلوتکەی کاریزمایدان.هەر بۆیە کاریزمابوون ڕەنگدانەوەی ئەو جوامێرییەیە کە لەجزیرەی بۆتان وسلۆپی و ئاماد پەیڕەودەکرێت.
 داودی کوڕی ئۆغڵو :سەنگەر بەسەرکێدا دەڕوخێنێ....؟
فاشستەکانی تورک وادەزانن سەردەمی ئەتاتورکە، یان ئیمپراتۆرە نەخۆشەکەیانە ئاوا سوپا ترسنۆکەکەیان لە کوچەوکۆڵانەکان وەربوون و ڕەشەکوژی دەکەن.تا ئێستا گەریلا سەربەرزەکان بەکردار بەشداری شەڕی شارەکان نەبوون، ئەوە گەلی باکورە خۆیان سەنگەریان لەسوپا داگیرکەرەکەی ئەردۆغان گرتووە.کوبانی وانەیەکی مێژوویی هێندە مەزنە هەرکوردێک کە گیانی نەتەوەی لەجەستەدا بێت خەو بەوەوە دەبینێت شەڕڤانێکی کوبانی بوایە و هەڵگری ئەوشەرەفەبوایە کە بەکردار بەشداری بکردایە، دوای کوبانی شەنگال بووە دەستەخوشکی کوبانی تامی ئازادیان کرد.ئەمڕۆ باکوری کوردان لەشەڕدان و داگیرکەران لەشکرکێشیان کردۆتەسەر.کەچی ئێمەی کورد زۆر هاوخەمی ئەو برا و خوشکانەمان نین و هیچ کاردانەوەیەکی جدیمان نییە.
کەچێ کاتێک چەند تیرۆریستێک پاریسیان کرد بەئامانج زۆربەی کورد پڕۆفایلی فەیسبوکیان کردە ئاڵای فەڕەنسا.من دژی ئەوەنیم شەرڤانەکانمان خۆیان دەڵێن "ئێمە بۆ مرۆڤایەتی دەجەنگین" کە ئەوەش ڕاستی تێدایە بەڵام ناکرێت گەلی باکور بەبەرچاومانەوە ڕەشەکوژی بکرێن و ئێمە خوێنساردی نیشان بدەین.ئەوەتانێ بەبەر چاوی جیهانەوە لەشکری تورک هەرچی ستەمە لەخەڵکی کوردی دەکات، نە ناتۆ نە گەلانی ئەوروپا یان ئاسیا نەموسڵمانان قسەیەک ناکەن و هیچ کاردانەوەیەکی ئەخلاقیان نییە.لەکاتێکدا ئێمە لەخەمی خەڵکی پاریسدا بوین بەلایەنگرانیان کەچی بۆ هاو خوێن و نەتەوەی خۆمان هیچ ناکەین، لەکاتیکدا ئەوشەڕە شەڕێکی ڕەوایە و هەموو مرۆڤایەتی دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.
عەبدوڵا ئۆج ئالان دەڵێ : " ئەوەی بەدەستی مرۆڤ ئاواکراوە، دەتوارێت بەدەستی مرۆڤیش بڕوخێنرێت، لێرەدا نەیاسایەکی سروشت، نەچارەنوسێک، هیچیان جێگەی باس نین".لەکتێبی سۆسۆلۆژیای مانیفێستی شارستانی دیمکراتی.
ئەمڕۆ تورکان دەیانەوێت هەموو چاند و شارستانی کوردان لەباکوروباشور سەرنگوم بکەن، ئەوەتانێ مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە ئیسلامێیە توندڕەوەکان چیان کردوە لە مێژووی خوێناویدا، نمونەی کتێبخانەکەی ئەسکەندەرونە کە سوتاندیان بەشەش مانگ ئاگرەکەی خامۆش بوو.یاخود هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان چیان لەمێژووی بابلییەکان کرد لە شاری موسڵ یان ئەو جێگایانەی تێیدا باڵادەستن.بە دوری مەزانن سبەینێ قەڵای ئامەدیش تەفروتونا بکەن بەناوی ڕاوکردنی تیرۆرەوە.
تورکان مێژوویان هەیە لە داگیرکاریدا واز لەمەغۆلەکان بێنین و لەسەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانیدا ئەولیا چەلەبی بۆمان دەگێڕێتەوە کە چەند کتێبی کوردانیان سوتماک کردووە ؟ ئەم لەشکر کێشیەی ئەردۆغان خیانەتی مەسعود بارزانی و سەنگەر گرتنی لەکوردانی ڕۆژئاڤا و باکور پێمان دەڵێن، ئێمە بەچ قۆناغێکی مێژووییترسناکدا گوزەردەکەین؟ بۆیە ئەرکی ئەخلاقی هەموو مرۆڤایەتییە کە هاوخەمی هاوخەباتی خۆمان بەڕێوە بەرین.ئەوا جیهان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و دووڕوویی بێدەنگیان هەڵبژاردوە، ئەی ئێمە بۆ؟ تۆ سەیری ئەو هەموو کەناڵ و مێدیا کوردیانە بکەن هێندە سمتی" کیم کارداشیان" لاگرنگە هێندە باسی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی گەلەکەمان ناکەن و نایکەنە بابەت.
خەڵکی ڕاپەڕیوی باکور شەهیدەکان ناتوانن بەخاک بسپێرن، لای خۆیان لەبەرفرگرەکاندا دایان دەنێن.ئێمە لەچ سەردەمێکی پۆخڵدا ژیان دەکەین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە