یەکگرتووی ئیسلامی خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵك!

Wednesday, 30/12/2015, 1:26

2662 بینراوە


یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەر لە سەرەتای وەرگرتنی وەزارەتی کارەبا لە کابینەی بنکەفروانی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵ خەڵکدا و هیچ پلان و بەرنامەیەکی نەبووە بۆ باشترکردنی ڕەوشی کارەبا بەڵکو ئەم وەزارەتەگرنگەی تەنها بۆ ئیمتیازات وەرگرتووە نەک خزمەت!
لەو ڕۆژەی ئەم وەزارەتەیان وەرگرتووە ڕەوشی کارەبا وەکو میزی حوشتر ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت؛ و هەر لەسەرەتاوە پاساوێکی ئاسانیان دۆزیوەتەوە بۆ خۆدزینەوە لەهەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ئەم پاساوەیان کردووە بە قەوان و بەردەوام وتەبێژی وەزارەتەکەیان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان وەکو تووتی دەیڵێنەوە!! 
پاساوەکەشیا بۆ کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە نزیکەی ۲۲ کاتژمێرەوە بو ۱۰-۸ کاتژمێر ئەوەیە دەڵێن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سووتەمەنیان بۆ دابین ناکات! ئەم پاساوە ئەوەندە لاوازە - ئەگەر گریمان واش بێت- هیچ کەسێک گەر تۆزێ شارەزایی لە سیاسەت و حوکمڕانی هەبێت باوەڕی پێناکات و بە "گڵۆپێکی سوتاو" نایکڕێت، چونکە دەزانێت ئەو پاساوە ئەزعەفول ئیمانیش نییە و بەئاشکرا خۆڵکردنەچاوی خەڵکە-هەرچەندە خەڵک ئەوەندە ساویلکە نییە- وەکو ئەو برادەرانە وێنای دەکەن!
هەمووان دەزانین کابینەی هەشت دوای چەندین مانگ لە کۆبونەوەو دیالۆگ پێکهێنرا و بەڵگەنەویستە هەموو ئەو ماوەیە بۆ ئەوەبوو هەر حیزبەو زورترین پۆست و مەرج بەسەر لایەکانی بەرامبەردا بسەپێنێ. لەم ڕوانگەیەوە قسەو پرسیارەکە ئەوەیە بڵێی ئەم برادەرانەی یەکگرتوو ئەوەندە نەشارەزای سیاسەت بووبێتن و عەقڵیان پێ نەشکابێت بۆ وەرگرتنی وەزارەتی کارەبا پێش مەرجیان لەگەڵ پارتی نەکردبێت کە یاری "پێنەدانی سووتەمەنی" یان لەگەڵ نەکات! یان ئەوەتاخۆیان پێش مەرجیان نەبووە هەتا بۆخۆیان لەسەرحازری دانیشن و پاساوی نەبوونی سووتەمەنی ببێتە فریادڕەسیان!!!
ئەوەی زیاتر پاساوەکانی یەکگرتوو بۆ کەمبونەوەو پچڕانی کارەبا لاوازتر دەکات ئەوەیە بەم دواییانە- دوای ۱۲ی ئۆکتۆبەر- لە سەفقەیەکی سیاسیدا لەگەڵ پارتی ژمارەیەک پۆستی ئیداریی لە سنووری پارێزگای دهۆک وەرگرت و ئێستا دەنگۆ هەیە لەپارێزگای هەولێریش لە حکومەتی ناوخۆی ئەوێندەرێش پشکیان لە کێکی شیرینی دەسەڵات پێ بدرێت . لەسیاسەتدا هیچ شێک بەخۆڕایی نییە، کەواتە برادەران ئێوە ئەگەر خزمەتکردنی خەڵک و وڵاتتان لەلا گرنگتربوایە و بەرژەوەندی گشتی میللەتتان پێش بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی خۆتان دەخست و دابینکردنی بڕی پێویستی سوتەمەنی بۆ ئیشپێکردنی ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە دەکردە مەرج بۆ بەشداری کردنتان لە بەڕێوەبردنی حکومەتی محەلی دهۆک....؟!
سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێوە دێن هاوڵاتیان تۆمەتباردەکەن بەوەی کارەبا زیاد لەپێویست بەکاردەهێنن! زۆر باشە هەندێک خەڵک بە ئاشکرا زیادەمەسرەفی دەکات لەبەکارهێنانی کارەبادا؛ ئەی پێمان ناڵێن ‌ئەرکی وەزارەت چیە و بۆچی ئیجرائات ناکەن؟!
چەندین ساڵه ئێوە ئیدیعای پەرەپێدانی وڵات دەکەن، باشە کوا پرۆژە و پلانی نوێتان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا؟
برادەرانی یەکگرتوو ئەوەندە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی ئاشتی هەورامی-یان کردووە بە وتەی ئەوان ئەو هۆکاری یەکەمی کێشەکانی کارەبایە وەزیر و ئەندازیارەکەی خۆشیان تەبیعەتی ئاشتی هەورامی گرتووەو بە دەگمەن قسە بۆ میدیا لۆکاڵییەکان دەکات و جەنابی وەزیر نە چالاکی و نە دەرکەوتن و نە ڕوئیایەکی هەیە بۆ ئەم تاریکستانەی باشووری کوردستانی تێدا دەژی لەسەردەمی گڵۆباڵیزم و تەکنەلۆژیادا!!!!
* وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە