حکومەتی شێخەڵڵا

Sunday, 03/01/2016, 10:04

3565 بینراوە


مەسەلەیەکی عەرەبی هەیە واتاکەی ئەڵێ" هەندێجار حیکمەت لەسەرزاری شێتیش بێت وەریبگرە". شاعیرێکی خۆمانە جارێکیان کە تورکیا لەشکرکێشی کردەسەر کوردستان لەلێدوانیکیدا وتبوی" میز بکەن بە لەشکری تورکیاوە"، بەڵام ئێستا هەقوایە وەکو مەلایەکە روی میزەکەمان وەرگێڕین بۆ لایەکی ترەوە..
ئەم حکومەتەی ئێمە کە میللەتی لەناو قەیراناى غەرق کردوەو توانای چارەسەری یەکێک لەو دەیان قەیرانانەی نییە،شایەنی هیچ شتێکی پاک نیە..سەرباری سەدان قەیرانو کەموکوری وشکستو داهێزرانی جومگەکانی دەسەڵات وفەشەلهێنانی سیاسەتە ئابورییەکانی، بەڵام وەکو عارەبانچییەکانی شەقامی شێخەڵڵا بەسەر شەقامەکانی وڵاتدا بەلەزگەی سیکۆتین چەسپیوەو دەستبەرداری ئەم میللەتە قوڕ بەسەر نابێت.
دوایین لێدوانی فەرمی وەزارەتی کارەبای حکومەتە جوانەکەی پارتی باس لەوە دەکات بەهۆی نەبونی گازوایلەوە ئاستی کارەبا زیاد لە 1750 میگاوات دابەزیوەو، ئەمەش لەوڵاتێکدا کە رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت ئەنێرێتە دەرەوە.بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە وەزارەت هەواڵی ئەوەی پێڕاگەیاندین کەوا لە مانگی داهاتودا تەنها دەتوانێت رۆژانە شەش سەعات کارەبا بداتە هاوڵاتیان!
لەگەڵ راگەیاندنی پرۆسەی بەناو چاکسازی حکومەت، باسی ئەوەش هاتۆتە ئاراوە گوایە پرۆژەیەک دراوە بە حکومەت بۆ ئەوەی دەوامی فەرمانگەکان ببێت بە نیوە لەبەرامبەریشدا نیوە موەچە بدریتە فەرمانبەران، نازانین ئەو نیوە موچەیەش چەند مانگ جارێک ئەدرێت، نیوە دەوامەکەی تریش فەرمانبەران چی بکەن، گوڵەبەرۆژە بفرۆشن یا لەمزگەوتەکاندا تەسبیحات بکەن؟!.
دەنگۆیەکی تریش هەیە باسلەوە دەکات کەوا حکومەتە نازدارەکەمان بەنیازە چەند وەزارەتێکی هەرزانفرۆش بکات ولەمەزادیکی ئاشکرادا بیفرۆشیتە کۆمپانیا حیزبیەکانیان بۆ ئەوەی باری خەڵکی قورستر بکەن بە باجو رسومات،بەمەش وایلێدێت ئیدی بەسەر پردەکانی شاریشدا مەفرەزەکانی ئاسایشو زێرەڤانی باجی تێپەربون لەهاوڵاتیان وەربگرن.
سەرباری لەشکرکێشییەکانی تورکیا،دەسەلاتی پارتی خەریکی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەگەل تورکیاو سعودیە بۆ تەسلیمکردنی ئیرادەی میللەتی کورد بەسەنتەرێکی هەواڵگری سعودیە کە ئەڵێن لەهەولێر کراوەتەوەو ئیدی لەمەولا ئەبێت بەپێی ویستی سعودییەش سیاسیەت بکەوینو دوریش نییە لەشەڕێکی مەزەبییانەشمان بگلێنن بە تایبەتیش لەگەڵ حەشدی شەعبی شیعەو وڵاتمان ببێتە ساحەی جەنگێکی تایفی وێرانکەر.
زوڵمو زۆرداری لەمرۆڤو زەوتکردنی مافە ڕەواکانیشی بچێتە پال ئەو هەمو تاوانانەی دژی رۆژنامەنوسانو نوسەرانو چیینە رۆشنبیرەکەو هەوڵدان بۆ  تیرورکردنیان یا هەر نەبی دەمکوتکردنیان،ئەمانەش بچنە پاڵ سیاسەتەکانی تری پارتی لە دژایەتی کردنی ناڕەوای حزبە کوردستانیەکانی پارچەکانی ترو دەستخستنە ناو دەستی سوپای بێگانە بۆ لەناوبردنی حزبە شۆرشگێرەکانی باکورو خۆرئاوا.
خۆسەپاندنی پارتی بەسەر کایەکانی حوکمرانی لەکوردستانداو دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانو وەزیرانی نەیاری حزبو ئیفلیجکردنی دەسەڵاتی یاساو پێشێلکردنی سەرەتاییترین بنەماکانی دیموکراسییەت کە دەستاودەستی دەسەڵاتە کە دەیان ساڵ میللەتەکەمان خەباتی بۆ کردوە،ئەمانە هەموی بەشێکن لەهەوڵەکانی پارتی بۆ بنیاتنانی رژێمێکی دیکتاتۆری لە کوردستانو شکستهێنان بەو ئەزمونە دیموکراسییەی کە پارتی وسەرانی لەناوەندە جیهانییەکاندا بانگەشەی بۆ ئەکەن.
ئەمانە بەگشتی شایەنی ئەوەن سەرانی ئەم حزبە بدرینە دادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆچی ئەم کوردستانەی ئێمەیان فرۆشتوە بە بێگانەو ئەیانەوێ سیستەمێکی دیکتاتۆرییانەی بەسەرماندا بسەپێنن.
مێژوو رەحم بەهیچ دیکتاتۆرێکی نەکردوە، هەڵبەت ئەم بنەماڵەی بارزانیش لە حوکمی مێژوو بەدەر نابن، رۆژێک دێت سەرەڕەشکراوەکانی سەرانی ئەم حیزبە بە سپییەتیەوە لەناو قەفەسا ببینین ، چونکە ئەمە حوکمی مێژوو چارەنوسی هەمو زۆردارێکە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە