فیتەرەکە ڕاستگۆبوو

Sunday, 17/01/2016, 4:35

4357 بینراوە


فیتەرێکی گۆڕانخوازی ناسیاوم هەیە بەیانی کەدەچێتە سەرکار دەخواتەوە تا ئەوکاتەی دەڕابەکەی دادەخات ئەمجارە لێم پرسی لەهەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراقدا دەنگت بە کێ دا ؟ ووتی دەنگم بە لیستی کۆمەڵی ئیسلامیدا بە حەپەساییەوە لێمپرسی بۆ؟ ووتی ئەو مەسئولەی من لەداخیدا ڕیزەکانی یەکێتیم بەجێهێشت ئێستا لە گردەکەیە.
ئێ ڕاست دەکات: 
 - بەهەردوو گوێکانی خۆم گوێم لە پەڕلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو دەیووت خوا ئەکات بێ مەلامەت ، بێ دەردووبەڵا مودەی ئەم خولەم تەواودەبێت تاماوم دەم لەسیاسەت ناکوتم.
 - بەڵگەی زیندووم لایە لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ بۆ پەڕلەمانی عێراق هەڵسوڕاوێکی بەناو دیاری بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی بۆ کاندیدی لیستی یەکێتی نیشتمانی (ڕێزانی شیخ دلێری) برازای شێخ جەعفەر کۆکردبۆوە.
 بەناو هەڵسوڕاوی گۆڕان دەناسم لەم قەیرانی داراییەدا مانگانە لە کاتی خۆیدا مفت موووچەکەی لای کۆسرەت ڕەسوڵەوە بۆ دێت..
 - برادەرێک لەبەرەدەم ژوورەکەی کاک نەوشیرواندا زۆر تووڕەدیار بوو دەیگووت من لەمەفرەزە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانم ( یان پۆست یان وازهێنان لەگۆڕان).)
فیتەرەکە ڕاستگۆترین گۆڕانخوازبوو ئەو نەچاوەڕێی پلەوپۆست بووە نە مووچەو خانەنشینی ئاخر ئێوە سەیرکەن:
- دکتۆر حەمە کیانی پەڕلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەو ڕۆژەی بڕیاری خانەنشین بوونەکەی پێگەیشت هەمان ڕۆژدەست لەکارکێشانەوەەی خۆی لەبزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند.
 عوسمان بانیمارانی نەکرا بە وەزیری پێشمەرگە تەسلیم بۆوە..
 جەنگی ساڵەیی نەکرا بە بەرسی مەکۆی هەولێری گۆڕان تەسلیم بۆوە. .
.  حاجی ئاواتی چەمچەماڵی لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ نەبوە پەڕلەمانتار تەسلیم بۆوە.
دواهەمین تەسلیم کاریش ڕێکخەری ژووری پەیوەندیە سیاسیەکان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کاک نا دکتۆر محمەد حاجی بوو. 
 فیتەرەکە پێمان دەڵێت بزووتنەوەی گۆڕان نەوسڵخانەیە نە گەڕاوەکەی خورماڵ بۆ پاککردنەوەی ئەو کەسانەی ئازای جەستەیان پڕە لەپەڵەی گەڕی ، پڕە لەکێم وجەراعەت لەحیزبەکەی پیشوویاندا.
: فیتەرەکە لەبەردەم ئەو پرسیارانەدا ڕامان دەچڵەکێنێت
کێن ئەو بڕیار بەدەستانەی گۆڕان ئەم جۆرە مرۆڤانەمان بۆ دەستەبژێردەکەن؟
کێن ئەوانەی ئەم گۆڕانخوازە دووسەرانەمان لەپڕێکدا لێ دەکەن بەکوڕێک؟
 بەچ پێوەرێک ئەمانە لە دەزگاگرنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا جێگەیان بۆدەکرێتەوە؟ ئاخر ئەم پۆست خوازانە لەهەستیارترین پرسی گەلدا لە ناسکترین قۆناغی بزووتنەوەکەدا تەسلیم دەبنەوە و پاشانیش لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا ژەهر پرژێنمان دەکەن.
گۆڕانکاری برای حەقێتی شۆڕشە ، شۆڕشە دژی پاوانخوازی ، دژی دزو تاڵانچیەکان لەهەمووشیان گرنگتر خەباتە بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤی کورد ، کەواتە شۆرش بەخەڵکی بودەڵەی نەفەس کورت ناکرێت ، بە مرۆڤی خۆویستی چاو لەپلەوپۆست ناکرێت ، شۆڕش بەکەسانی پۆشتەو پەرداخی بەردەم مایکەکان ناکرێت ، شۆڕش بەفیتەرەکەو نموونەکانی ئەودەکرێت گۆڕانکاری بەکەسی ئازاو چاپوک دەکرێت بەو کەسانە دەکرێت دەبێت لەشەڕە بۆکسیشدا لێهاتووبن. 
فیتەرەکە ئەو ڕستەیەی بەمن سەلماند کە سەردەمی شۆڕشی شاخ دەوترا : کتێبێک هەڵدەیتە ناو زیلێکی عەسکەریەوە یان ڕومانەیەک کامیان زیلەکە هەلا هەلا دەکات؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە