لەسەر قبوڵکردنی نیوموچە چیرۆکی شێرە هندییەکەتان بۆ دەگێڕمەوە

Monday, 18/01/2016, 20:29

6459 بینراوە


کە لە گۆگل بەدوای وێنەی شێرێدا دەگەڕام، وێنەی مەسعود بارزانیم دی، بەڵام هیچ پێم سەیر نەبوو تەنها ووتەیەکی "عادل عەزیز"ی پەرلەمانتارم بیر کەوتەوە کە ووتی ئەمانە لەماڵەوە شێرن و لە دەرەوەش ڕێوی.
لای هەموومان ڕوونە لەمێژەوە شێر بۆتە پاشای دارستان و سەروەری هەموو ئاژەڵان، هەر بۆیە شێر مانای ئازایەتی و جوامێری و بڕیاردان هەژمار دەکرێت، شێر کە دەرکەوت ئیتر هەموو ئایدیا و بۆچون و کردارەکان وەلا دەنرێن، بە وجودی شێر جێ پێی هەموویان لەق دەکات. هەرئەوەشە وایکردوە لە کۆنەوە پاشاو کاربەدەستان شێریان وەک سمبوڵ بەدەروازەی شار و تاجی پاشایەتی و نیشانەی ئازایەتی وێناکردوە. ئەمڕۆ ئێمە چیرۆکی ئەو شێرە تێک دەشکێنین کە لە هزری هەموومان دایە، ڕاستی چیرۆکەکە هندییەو من جارێک لەجێگەیەک خوێندمەوە. 
 سەرۆکی هۆزێکی نزیک دارستان دەیەوێت شێرێکی بۆ بگرن لەشێرە هەرە جەربەزەکان، پیاوانی خێڵ شێرێکی خۆیان ووتەنی دڕندەی بۆ ڕاو دەکەن، سەرۆک هۆز دەڵێ نامەوێت شوختی پێوەبێ کە دەگاتە لام، ئەوانیش بێ ئەوەی بەقەدەر سەرە نینۆکێک زامداری بکەن شێر دەگەیەنە لای سەرۆکیان. سەرۆک هۆز دەڵێ بۆم لە قەفەز بکەن و جێی بهێڵن. شێر دەنەڕێنی دەڵێ : ئەمەتان بەسەرەوە ناچێ کەڵبەکانی پیشان دەدا و خۆی چەند جارێک بە دیواری قەفەزەکەدا دەدات بەڵام هیلاک دەبێت و کۆڵدەدات. دوای یەک دوو ڕۆژێک سەرۆکی خێڵ دەڵێت ئادەی کوڕینە هەندێک ئێسقان بێنن با بیدەین بەشێر. کاتێک ئێسقانەکە دەدەن بەشێرەکە دەنەڕێنێت دەڵێ : من شێرم چۆن ئێسک بخۆم ؟ ئێوە نازانن لەگەڵ کێ سەما دەکەن، بەسەرتانەوە ناچێت، دڵنیابن.....! ئێسکی بۆ جێدەهێڵن و وازی لێدەهێنن. پاش یەک دوو ڕۆژ سەرۆکی خێڵ و پیاوەکانی دەچن بۆ لای شێر سەیر دەکەن ئێسک نەماوە و شێر هەمووی خواردوە، سەرۆک دەڵێ دەی کوڕگەڵ خواردنی مام شێر بێنن، ئەوانیش تەشتێک پیو چەوری بۆدادەنێن، شێر دەڵێ من شێرم لەکوێدا دیوتانە من چەوری بخۆم من کامە ئاسک گەنج بوو ئەوەم ڕاو دەکرد، تکایە هەرهیچ نەبێت ئێسکەم بۆ بێنن، پیو چيورییەکەی بۆ دادەنێن و جێی دەهێڵن. دوای یەک دوو ڕۆژێک سەرۆکی خێڵ و پیاوەکانی دەچنەوە بۆ سەردانی مام شێر دەبینن لە گۆشەیەکدا دانیشتوە لیک بەدەمیا دێتە خوارێ و چاوەکانی بۆ هەڵنایەت و لە نەڕە کەوتوە، سەرۆک دەلێ دەی کوڕینە خۆراکەکەی مامی گەورەتان بیر نەچێت بۆی بێنن. ئەوانیش بەرچنەیەک گیای بۆ دەهێنن زەربوو کۆن و بۆی دادەنێن. شێر دەڵێ من ڕازی بووم بە ئێسک و چەوری بۆ خاتری ئاسمان کێ دیوێتی لەدنیادا شێر گیا بخوات ؟ لێتان دەپاڕێمە ئێسک یان چەوریم بۆ بێنن، ئەوانیش گیا زەردبوەکەی کە نزیکە لە پوشەوە بۆی دادانێن و جێ دەهێڵن. دوای چەند ڕۆژێک دێنەوەلای لای پاشای دارستان سەیر دەکەن تاڵە پوشێک چییە جێ نەهێشتوە لاواز بوە تاقەتی هیچی نەماوە تەنانەت گفتوگۆ لەسەر هیچ ناکات، سەرۆکی خێڵ دەڵێ ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین کێ پاشابێت.
 ئەگەر مام شێر بڕیاری بدایە بمرێت و ئەو سوکایەتیەی قبوڵ نەکردایە، ڕەنگە سەرۆک خێڵ ئەو شانسەی نەبوایە کە ئاوا جێرۆکێکی پڕ زەلیلی ئەو شێرەمان بۆ تۆماربکات، ئێوەش ئەی موچەخۆرەکانی هەرێمی کوردستان چوار مانگ بێموچەیی و دوایش ئەگەر ئێوە نیوموچەیی قبوڵ بکەن، لەمام شێر زیاتر ناچنەوە، بەدوری نازانم دوای ئەوە فیر دەبن لە بری پارە پارچەیەک سەمونی رەق و نانێکی کەڕوواوییتان بۆ فڕێ دەدەن، ئێوەش دەبێت رازی بن و سوپاسیشیان بکەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە