نەوشیروان مستەفا بۆیە دواکەوتووە چونکە بەپاسکیل دەگەڕێتەوە لاتان

Friday, 22/01/2016, 21:57

4977 بینراوە


 نەوشیروان مستەفا تەندروستی هێندە باشە ڕۆژی دوو پاکەتی "ڕۆسمەن" دەکێشێت.مێدیایەکی قەشمەر
 لە سلێمانی قسەیەکی باو هەیە هەمیشە دەوترێتەوە کە چاوەڕوانی کەسێک یان شتێک بیت ئەوان دەڵێن :"بوو بەشەمەندەفەرەکەی سلێمانی هەر نەگەیشت" سلێمانی فڕۆکەخانەی تێدایە بەڵام شەمەندەفەر چۆتە لێی قاتی و لەوەناچێت بەخۆیەوە ببینێت.نەوشیروان و شەمەندەفەر خەریکە لەیەک دەچن.لەبەر ئەوەی چوارمانگە موچەی وەرنەگروە توانای گەڕانەوەی نییە بەفڕۆکە، بۆیە بڕیاری دا بە پاسکیل لە لەندەنەوە بگەڕێتەوە بۆ گردەکەی زەرگەتە و لە بەهاردا یان یەکەمین ڕۆژی نەورۆز دەگات و پاسکیلەکەشی پێشکەشی مۆزەخانەدەکات بۆمێژوو. 
 زۆر قسە لەسەر ئەوەکرا کە نەوشیروان مستەفا بێدەنگە و لەدوای خیانەتی شەنگالەوە قسەیەکی نییە بۆووتن بە ڕوونی. پاشانیش وەک شێوەیەک لەپلان لەگەرمەی ڕووداوەکاندا کە لەهەناویدا سەرۆکە ترسنۆکەکەی هەرێم و کورس یە فۆڕمیکاکەیەتی، بەڵام نەوشیروان لەوەشدا بێدەنگی کردوە و لێرەو لەوێش بەناوی نەوشیروانەوە قسەدەکرێت و بەردەوامی هەیە.خۆشی جارناجارێک وێنەیەک دەگرێ و بڵاوی دەکەنەوە  و ئیتر گۆڕانخوازەکان بێئەوەی لەهەوڵی گۆڕانی خۆیاندا بن ڕێگە و جێگە بۆ کاکە نەوەیان دادەنێن و هەمووی قسەکەرەکان دەڵێی لە ئۆفیسی بلیت فرۆشتندا کاردەکەن.یەکێک دەڵێ:" مانگێکی تر دێتەوە، یەکێک دەڵێ دە مانگی تر یان ساڵی نوێ یان دەڵێن خەریکی نوسینەوەی بیرەوەرێکانێتی و لەگردەکە لەبەر میوان بواری نەبوە نەیتوانیوە بیان نوسێتەوە".
 گەر کاک نەوشیروان سەرۆکی بزوتنەوەکە نەبوایە ئەوە هیچ جێگەی قسەلەسەرکردن نەدەبوو، پاشان کە بزوتنەکەیان دروست کرد زۆریان قسەکرد و گفت و پەیمانێکی زۆریان دا کە لە بناغەوە سیستەمی دەسەڵات دەگۆڕن و لەماوەی چونە ناو دەسەڵاتیان ووڵات دەکەنە شامی شەریف، لێ وادەرنەچوو، بەڵکو ڕۆژانە وەک گەڵای ڕزیوو لێیان هەڵدەوەرێت و خەڵکیش خەریکە لەنزیکەوە زیاتر دەیان ناسن کە ئەوە نەبوون ئەم هەموو هیوایەیان لەسەرهەڵچنیبوون ؟ 
 هیچ میللەتێک لەدنیادا وەک کورد نییە.چاکترە بڵێم وەک ئەوەشي نییە کە لە باشوردا ژیان دەکات، زۆربەیان توانای بیرکردنەوەشیان نییە ناشیانەوێت بزانن چۆن هەڵدەخڵەتێن و فریودەدەرێن، زۆرجار پیاو کە بیر دەکاتەوە دەڵێ بەڕاستی منیش تاکێکم لەوان، کەوا ئەم هەموو فێڵ و درۆ و خیانەتانەیان لێدەکرێت، کەچی بەداوێنیان هەڵیدەگرن؟ 
 گرفتی ئەو گەلەی ئێمە لەوەدایە مەلامستەفایەک ئاشبەتاڵ دەکات و لە تروبکی هێزدا بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی و بنەماڵەکەی رادەکات و میللەتەکە جێدەهێڵێت، دوایی ئێسقانە رەق و تەقە ژەنگاوییەکەی دەهێننەوە، کەچی پەیتا پەیتا لە بری دادگاییکردنی خەڵکی دەچن لەسەرگۆڕی ئەم پیاوە ترسنۆکە لوشکە لوشک دەگرین و شانازیی پێوەدەکەن. تاڵەبانیەک تا دوا چۆڕ خیانەت و نیشتمانفرۆشی دەچنێتەوە ئەمڕۆ لە سەرەمەرگا وەک قوربانییەک لێیدەڕوانن و سبەینێ کە دەمرێت دەیان شیعرو شانامەی بۆ هەڵدەبەستن و گردێکیشی بۆ داگیردەکەن و پەیکەری بۆ دەکەن و شەقام و باخچە و مۆزەخانە و قوتابخانەشی بەناوەدەکەن. مەسعود بارزانییەک ئاشبەتاڵ و ٣١ئاب و تاوانی پاراستن و شينگال و دەیان نامەی دڵداریی بۆ داگیرکەران و بەعسی و دوژمنەکان ناردوە و ناوچەیەکی بە چیا و دەشت و دۆڵەوە داگیرکردووە، کەچی ئیرادەیەک نییە پێێ بڵێت تۆ چێت ؟ بەگۆڕانیشەوە کە ئازایەتیان تێدا نییە بڵێن تۆ هیچ نیت جگە لە خائینێک نەبێ، کە دادگای بکرێیت.نەوشیروان ڕاستەوخۆ خیانەتی نەکردبێت ئەوە لە نزیکەوە ئاگاداریی ئەو هەموو خیانەتە بووە کە تاڵەبانی و بارزانی پێی هەڵساون، بێدەنگی مانای بەشداربوون بمانەوێت یان نا....؟
 نەوشیروان مستەفا بۆچی دەیەوێت بە پاسکیل بگەڕێتەوە ؟ بۆئەوەی گلەیی لێنەکرێت بڵێن دواکەوتی سەرکردە سادەکە ؟ پاشان لەوەتەی بیرەوەرییەکەی گیڤارای بیستوە سەفەر بەماتۆڕسیکل بە ئەمەریکای لاتیندا، کاکە نەوەش خوازیاری ئەوەیە بەپاسکیل بە کاوەخۆ ئەمجارە "لە دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەن نا، بەڵکو لە لەندەنەوە بەقوڵایی ئەوروپادا بۆ سلێمانی و گردەکەی زەرگەتە دەگەڕێتەوە ".بەگەڕانەوەی ئاو دەکرێت بەئاگردا و بەزەنگی تەلەفۆنێک کاک مەسعود دێنێتەوە بۆ سلێمانی و ڕێکدەکەون لەسەر ئەوەی وەزیرەکانیان بکەونەوە کار و تۆزێک دەنگ و ڕەنگیان هەبێت.بەتایبەت وەزیری پێشمەرگە کە بێدەنگی کردوە بە خەڵوەتکێشان و مێژووی چەکداری خستۆتە گومانەوە؟ پاسکیلەکە و هاتنەوەکەی کاکە نەوەش ماوەیەک دەبات و خەڵکی لەچاوەڕوانی گۆدۆدا دەهێڵێتەوە.بەڕاستی گەلێکی بێئرادەمان هەیە، ئازان دەستکەنە بڕینی قۆڵی یەکتر و سوکایەتی بەیەکترکردن هەر بۆ ئەوەی خۆمان ناتوانین وەک پێویست لەسەر قاچەکانی خۆمان بوەستین و بڕوامان بەخۆمان بێت.گۆڕانخوازەکان چاوەڕوانی ڕووداوێکن زۆرکۆمێدییە لەلایەک باس لە غەدر و نەهامەتی دەکەن، لەلایەکی تریش دەڵێن لەگەڵ توند و تیژیدا نین، ئەمە قەشمەرترین هەڵوێستە کە بیبیستین، لەهەمووی خۆشتر "عەلی حەمەساڵح" کە زۆرترین قسە دەکات و مێدیاکان بەهەند لێی وەردەگرن، لە هەمانکاتدا  لە ماڵی خەزوری ٢٠٠٠٠٠ دۆلاری  لێدەدزرێت. ئەم هەموو پارەیە چ مانایەک دەگەیەنێت؟
 پەندێکی کوردی جوانمان هەیە کە دەڵێت"ئاگر دەوری خۆی دەسوتێنێت" بەڕاستیش گۆڕان ئاگری لەجەستەی هەڵوێست بەردا ئیتر ڕاستەوخۆ کاکە مەسعود بکەنەوە بەسەرۆک چونکە ئێوە ئەوەتان دەوێت، گەر نا فەرموو بڵێن ئەو هیچ نییە پێڵاوی دڕاوی هەژارێکی سەر شەقامەچڵکنەکانە، تەنەکەیەکی خۆڵی بەرماڵانە.
 ئێوە کە هیچ ناڵێن ئەویش ڕۆژانە پێشوازی لە بەرپرسەکانی جیهان دەکات نیشتمان وەک برمە دەبەخشێتەوە، گەلێکیش هەر بەگردەکەدا هەڵدەزنێ و دێتەخوارەوە چاوەڕوانیی دەیجورێکن کە لەماوەی ٢٥ساڵدا ڕووی نەداوە.
سەفەر بە پاسکیلیش دەبێتە مێژووی گەڕانەوەی پیاوە سادەکە، هەم ژینگە تێک نادات هەم پارە خەرج ناکات، ئەی لەسەر خێر ئێمە فێرین چاوەڕێ بین.ئەیوب لە ئێمەوە فێری سەبر بووە، ئێوەچی دەڵێن ؟
سمکۆساحێبقران 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە