پێشمەرگە و خۆپیشاندان کۆمیدیایە، یان تراژیدیا؟!

Friday, 29/01/2016, 22:50

144988 بینراوە


ئەرنەستۆ گیڤارا دەیووت :"شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە کاتێک نیشتمانەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، فیشەکێک لەدوژمن دەدات و فیشيکێکیش لەهاونیشتمانە خیانەتکارەکەی، چونکە هیچ دوژمنێک هێندەی ئەوانە شایەنی کوشتن نین کە خیانەت لە خاک و خەڵکی خۆیان دەکەن ".
یەكێك لەو پێشمەرگانە بەناوی هەڵكەوت عەلی دەڵێ:"ئێمە تەواو بێزاربووین لەم بێ موچەییە، بەم نزیكانە هەموومان واز دەهێنین‌ و چۆڵی دەكەین‌ و تەواو تەحەمولمان نەما".من لەمێژە ووتومە لەدوای ساڵی(1991)ەوە لە باشور، کەسێک نەماوە ناوی پێشمەرگەبێت، لە باشترین حالەتدا دەتوانم بڵێم ئەوانە سەرباز و موچەخۆری موچەخۆری کۆمەڵێک مافیان و هیچی دیکە نیین.من زۆربەیان لە نزیکەوە دەناسم، کە موچەخۆری بەر سێبەرن دەزانم چۆنن و چۆن بیردەکەنەوە، ڕۆژانە خەریکی چین و چی دەکەن.ئەم خۆپیشاندانەی چەند رۆژی رابردوو چیرۆکی خەنجەری کابرام بیر دێنێتەوە کە بۆکاتی لێقەومان لەپشتوێنەکەی بەستبوو.
 ئاخر کاکی پێشمەرگە مەگەر تۆ نەبوویت لە بەردەرکی سەرادا هاونیشتمانانی خۆت گوللەباران دەکرد و لێتدەدان ؟ تا مامۆستا جەوامێرەکە ووتی: "ڕاوەستە گە....موچەکەت جوانە "؟ 
 ئەمڕۆ تۆی تفەنگ بەشان تازە بەتازە داوای موچە دەکەیت و تفەنگیشت پێیە، ئەمە یەکەمین جارە لە سەر ئەم ئەستێرەیە شتی وا ڕووبدات، کەسێک تفەنگی پێبێت و نەزانێت ئاراستەی کێ دەکات و لە دەسەلاتە خائینەکەی خۆی بپاڕێتەوە و بکڕوزێتەوە، ڕۆژێک پێشمەرگەیەک خۆی دەکوژێت، ڕۆژێک لەمزگەوتێکدا بەرمال دادەخات بۆ سواڵکردن، ڕۆژێک چا لێدەنێ بۆ بەرپرسێکی سەرتاپا بۆیاخکراو، شەوانیش ئێشکی ماڵ و حاڵ و قومارخانەکانی بۆدەگرێ، ڕۆژێکیش باخەوانی دەکات، جانتای ژنە نوێیەکە هەڵدەگرێت بۆ بازاڕ، شەوانەش یان نێرگەلە ئاگر دەدات یان گۆشت دەبرژێنێت بۆ بەرپرسە ناوگەڵ پیسەکەی و بەچرکەش بەردەرگاکەی جێناهڵێت و تا لە رابواردن و بەدرەوستی خۆی دەبێتەوە و ئەم پێشمەرگەیە پاسداری دەکات و لە ڕێبوارانی گەڕەک مۆڕدەبێتەوە.ئیتر گرنگە ١٠ڕۆژ لەبەر چاو بێت و ٢٠ڕۆژیش کاسپی تر بکات، ناویشیان ناوە پێشمەرگە.
ئەوەی سەیرە دوای بڵاو بونەوەی هەواڵە کۆمێدێکە بەخێرای "شێخ جەعفەر " هاتە سەر خەت و ووتی :
"فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ 70 ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، " ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌، له‌ بنكه‌ی‌ مه‌شقی‌ هێزه‌كانی‌ كه‌ركوك له‌ (مه‌نیله‌)، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ بنكه‌یه‌دا مه‌شق و راهێنانیان پێده‌كرێت، به‌هۆی‌ راگه‌یاندنی‌ دوو رۆژ وه‌ك پشوو له‌لایه‌ن پارێزگاری‌ سلێمانیه‌وه‌، كه‌ نازانین هۆكاره‌كه‌ی‌ چیبووه‌، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بڕوایان وابووه‌ كه‌ ئه‌و پشووه‌ ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌ لایه‌ن به‌رپرسی بنكه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ پشووه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌وان ناگرێته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌كان ده‌ستیان به‌ مه‌شق و راهێنانه‌كان كردۆته‌وه‌ و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ هیچ خۆپیشاندانێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا رووینه‌داوه".
 کەواتە لەو هەرێمە کڵۆڵەدا نە مێدیایەکی ڕاستگۆ هەیە، نەزمانێکی یەکگرتوو بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی دوژمن.بۆیە نیشتمان لەم کاتەدا لە کەڵەکەتڕێ دەچێت، ئاخر لەجیهاندا و لە هەموو ووڵاتێکدا سوپا ڕۆڵی یەک لاکەرەوە دەبینێت.هەر بۆنمونە: ووڵاتی میسر سوپا دووجار ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی نمایش کرد، کەچی هێزە چەکدارەکەی هەرێم لە سەربازی یاری شەترنج دەچن، ئەوان بێئیرادە بێ ئەوەی هەڵوێستێکیان هەبێت بەرامبەر ئەم پاشاگەردانییە.هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەوانەی چەکیان پێیە هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیایەک نین ئەوان بەتاڵن لەهەموو باوەڕێک، چەکدارییەکەشیان وەک کاری پارەپەیداکردن چاولێدەکەن.
 خەڵکانێکی زۆر بەخێرایی دەتگووت هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیوەتەوە هەواڵەکایەن بڵاودەکردەوە لەکاتێکدا ئەمە شایستەی بڵاوکردنەوە نەبوو، چونکە تفەنگ وەک خەنجەر وایە، چۆن شەرمە لەکاتی شەڕدا خەنجەر لەکالێندا بمێنێتەوە، ئێستاش شەرمە ئەو تفەنگانە ئاوا بێدەنگ بن بەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتییە بەو گەلە دەکرێت، تفەنگ بەدەستەکانیش ئەندامێکن لەو گەلە و سوکایەتی بەخۆشیان دەکرێت.
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە