ئاماژەکانى گریان وەک بە شێک لە زمانى جەستەى سیاسیەکان (بەشى شەشەم)

Thursday, 04/02/2016, 22:13

2501 بینراوە


هەموو ئەو کەسانەى لە ناو چوارچێوەى ژینگەى سیاسیدا کار دەکەن ، لە شێوەى پەیکەربەندى جەستەى و شێواز و تایبەتمەندیەوە هیچیان زیاتر نیە لە مرۆڤە ناسیاسیەکان، هەر دوولا وەک یەکتر دەخۆن، دەخەون، دەگرین، پێدەکەنن، توڕەدەبن ... هتد. بەڵام ئەوەى جیاوازە کاریگەرى و گرنگى هەریەکێک لەم ئاماژانەیە لە لایەن ئەو دوو جۆرە مرۆڤەوە واتە کەسێکى سادەى ناسیاسى و کەسێکى سیاسیى پلە باڵا، بەحوکمى ئەوەى سەرکردەى سیاسى یان کەسێتى سیاسى نوێنەرایەتى دەوڵەت و حکومەت دەکات زیاتر فۆکسى دەخرێتە سەر لە ڕووى گفتوگۆکردن و جوڵەکردنەوەن،هەر کارێک و هەر ڕەفتارێک و هەر جوڵەیەکى دەیکات وەک نوێنەرى دەوڵەتەکەى یان حکومەتەکەى ئەنجامى دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگاى زانستى ورد بۆ هەڵسەنگاندنى دەرکەتەو جوڵەو ئاماژەکانى کەسێتیە سیاسى و ناودارەکان تەرخان دەکرێت بە تایبەت لە لایەن دەوڵەتە پێشکەتوو بە ئاگاکانى ڕۆژئاواوە.لە پێش هەمووشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بۆ ئەوەى توشى هەڵە نوسین نەبم پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە دەرکەتەى زمانى جەستەى  کەسێتەیە سیاسیەکان لە لایەن خەڵکیەوە دەکرێت مەسەلەکە ڕێژەیى بێت  ، بۆنمونە دەکرێت ویێنەیەکى نامۆى ئەکتەرێکى جیهانى یان هونەرمەندێک یان پێشکەش کارێک ... هتد. زۆر کاریگەر تربێت لە دەرکەتەوى کەسێکى سیاسی ، ئەمەش بە پێى ویست و دنیا بینى و چوارچێوەى هزرى و هەڵسەنگاندنى مرۆڤەکان دەگۆڕیت بەڵام ئەوەى من قسەى لەسەر دەکەم بە تەنیا زمانى جەستەى سیاسیەکانە بۆیە ئەم جۆرە لاى من لە پێش هەموو جۆرەکانى ترەوە جێگاى بایەخە.
پەیوەندى نێوان گریان و سیاسەت       
سیاسەت  لێوان لێوە لە بەرزى و نشێوى لە کەوتن و سەرکەتن و لە  هەڵسوکەوت و بڕیارى چاوەڕوان نەکراو لە کارەساتى مرۆیى لە کارەساتى سروشتى لە مەرگى هاونیشتیمانیانى جوگرافیاى دەوڵەتێک لە دۆڕان و خۆبەدەستەوەدان هەموو ئەمانە دەکرێت هەستى گریان لاى کەسێتى سیاسى لێپرسراو دروست بکات، لە کارەساتێکى گەورە و کاریگەرەوە تا دەگات بە مەرگى مندالێک ، درەختێک، ئاژەڵێک  تەنانەت لە کاتى خۆشى و سەربەخۆیى نەتەوەیی و بردنەوەى جەنگى هەڵبژاردن و گەیشتن بە ئامانجى پلان بۆداڕیژراوى ستراتیژى دەوڵەت هەستى گریان ڕوودەدات... هتد. واتا لە هەردوو کاتى خۆشى و ناخۆشیدا دەکرێت کەسایەتیە سیاسیەکان بگرین،  بەڵام پێویستە ئەوە بزانین بە سروشت زۆر سەرکردە هەیە تایبەتمەندى گریان و عاتفى لە ناخیدا نیە و بە ئەستەم دەگرى ئەویش وا لێکدانەوەى بۆ دەکات کە دوژمن دڵخۆشە بەم گریانە کە ( هیتلەر) ئەم تایبەتمەندیە سروشتیەى هەبووە، بەڵام بەدیوێکى دیکەدا دەکرێت سەرکردەى (گرینۆک) وعاتفى بوونى هەبێت وەک سەرۆکى ئێستاى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئۆباما کە لە زۆر باروودۆخدا گریاوە کە نەدەکرا بگرى هەرچەندە سەرجەمى گریانەکانى گرینى ڕاستەقینە نین کە لە خوارەوە جۆرەکانى گریانم باشتر ڕوونکردۆتەوە، یاخود دەکرێت سەرکردەى سیاسى وا بوونى هەبێت دوو دیو بێت واتا دیوێکى ڕەق و زبرى نا ئاسایى و زۆرینەى کات توڕە دەربکەوێت بەڵام بەدیوێکى دیکەشدا لە بچوکترین حاڵەتى چاوەڕاننەکراودا بگریت وەک ( جۆرج دەبلو بۆش) سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕابردوودا.
تێگەیشتنى جەماوەر بۆ گریانى سیاسیەکان 
  لە بەشێکى بیرکردنەوەى تاکەکانى دنیاى ئەمڕۆدا، سیاسەت و کارى سیاسى وەک پیشەیەکى ناپاک و پڕ درۆ و دڵڕەقى  و خۆپەرستى  پێناسە دەکرێت، بۆیە کاتێک باس لە سیاسەت دەکرێت ڕاستەوخۆ بیر و هزر بەرەو لاى خراپەکارى و توندوتیژى و ناپاکى دەڕوات ( هەرچەندە ئەمە تێگەیشتنێکى تەسکە بۆ سیاسەت ڕاسترە وا بیر بکرێتەوە کە سیاسەت دەکرێت هەم خراپە بیت هە چاکە هەم جەنگ بیت هەم ئاشتى هەم جوانى بیت هەم ناشرینى ئەوەى فۆرمیش دەدات بە چۆنیەتى باشى و خراپى سیاسەت چەندە ها هۆکارى سیاسى  و جیەپۆلەتیک و کلتورى و هۆشیارى سەرکردە و بە ئاگایى کۆمەڵگە و ... هتد کە ئێرە شوێنى باس کردنى نیە).مەبەست لێرەدا ئەوەیە تێگەیشتنى نەرێنى بۆ سیاسەت یان ترس لە سیاسەت وەک بابەتێکى پڕ خراپەکارى وا لە تاکەکان دەکات ، وەک گریانێکى شانۆیى لە گریانى سەرکردەکان بڕوانن و نەتوانن یان نەیانەوێ ڕاستێتى گریان و پێکەنینیان لە یەکتر جیا بکەنەوە .
 بەگشتى جۆرە سەرەکیەکانى گریان لاى سیاسیەکان بۆ ئەم جۆرانە پۆلێن دەکرێت
یەکەم: گریانى ڕاستگۆیانە (عفوی)
بریتیە لەو جۆرە گریانەى کە تەواو تەعبیرە لە ناخى  سیاسیەکان و فرمێسکەکانى چاویان دەرخەر و ڕەنگدانەوەى خەمەکانى ناخیانە، دەکرێت ئەم جۆرە گریانە لە حاڵەتى کۆنتڕۆڵ نەکردنى هەستە ئازار بەخشەکانەوە بێتە دى و کەسێتیە سیاسیەکان  تواناى خۆڕاگرى و پەنگخواردنەوەى فرمیسک و گریانەکانیان نەبێت. 
نیشانەکانى ئەم جۆرە گریانە بە سەر ڕووخسارى سیاسیەکانەوە
گریانى ڕاستەقینە خۆنەویستانە چەند تایبەتمەندیەک بەسەر ڕووخسارى سیاسیەکانەوە بە جێدەهێلێت وەک  هەڵقرچانى چەناگە ، هاتنە دەرەوەى لێوى خوارەوە، بچوکبوونەوەى قەبارەى چاوەکان، گرژ کردنى برۆکان ، زیاتر هەناسەدان بە لووت، دەست نەدان لە چاو و زۆر کات بە کار نەهێنانى (کلێنس)  بۆ لابردنى فرمێسکەکان یان هاتنە خوارەوەى  خێراى فرمێسکەکان بەسەر ڕوومەتدا، لەگەڵ ڕاگرتنى سەر بە بەرزى و بێ سەردانەواندن ... هتد کە واتە دەرکەوتنى سەرجەمى ئەم ئاماژانە،  سەلمینەر و ناسێنەرى گریانێکى ڕاستگۆیانەیە.
نمونەکانى ئەم جۆرە گریانە
*گریانى2015 ى ( دەیڤید کامیرۆن) لە سەروو بەندى ویستى هاوڵاتیانى ( سکوتلەدا) بۆ جیابوونەوەیان لە شانشینى یەکگرتووى ( بەریتانیا) (دەیڤید کامیرۆن) لە لێدوانى کۆتایدا پێش تەواو بوونى وادەى ڕاپرسى ( سکۆتلەندیەکان) ، بە قورگێکى پڕ گریان و چاوێکى فرمێسکاویەوە وتى ( ئەگەر ئێوە لێم جاببنەوە من خۆم دەکوژم) بە بڕواى چاودێران دەربڕینى ئەم تەنیا ڕستەیە بە قوڕگ و چاوێکى گریاناویەوە کاریگەرى ئەرێنى هەبوو بۆ دەیڤید کامیرۆن و ئەو ئامانجەى ویستى هاتەدى.
* گیانى ( ئۆباما) لە (5) کانوونى 2016)  لە بارەى بڕیارە نوێ یەکەى لە بارەى چارەسەر کردنى توندوتیژى لە ڕێگاى چەکەوە دەستى کرد بە گریان، ئەویش بە هۆى بیرهاتنەوەى ڕووداوى تەقە کردنەکەى ساڵى (2012) ى شیکاگۆ کە بە هۆیەوە  ( 20) منداڵ کوژران، لە و کاتەدا ئۆباما فرمێسک بە چاویدا هاتە خوارەوە و وتى ( هەموو جارێک کە بیر لەو منداڵانە دەکەمەوە شێت دەبم).    
 
دووەم: گریانى دروستکراو (ڕووکەشیانە) (الزائفە)
بریتیە لەو جۆرە گریانەى کە لەگەڵ هەست و نەستى کەسایەتیە سیاسیەکەدا نایاتەوە،  لە ڕێگەى ئاماژەکانى رووخساریەوە هەست بەوە دەکەیت کە گریانەکەى تایبەتمەدیەکى ساختەکارى پێوە دیارە و دەبڕ نیە لە دیوە ڕاستەقیەنەکانى ناخ و دەروونى، دەکرێت زۆر جار ئەم گریانە بۆ دەست کەوتێکى سیاسى بەکار بهێندرێت ، یان بۆ ئەوەى پەیام بگەینێت کە من کەسێکى بە بەزەیى و عاتفیم تە نیا بۆ ئەوەى مەبەستى خۆى بپێکێت، لەم شێوازە گریانەدا زیاتر ئافرەتان کارامەترن و دەتوانن  ئەم شێوازە لە گریان بەکار بهێنن .
 
نیشانەکانى ئەم جۆرە گریانە
بە بڕواى توێژەرانى زمانى جەستە ، بە کار هێنانى کلێنس ( دەسماڵ) پێش دەستپێکردن بە گریان سەلمێنەرى ساختەکارى ئەم گریانەیە، ئەمە واتاى ئەوەیە ئامادەسازى و پلانڕیژى دەکات بۆ گریانەکەى و بە ویستى خۆى کاتەکە دیارى دەکەت ن ، هەر لەبەر ئەمەشە ئەم جۆرە گریانە تایبەتمەندیەکى خۆ ویستى هەیە و بە پێى پاڵنەرە دەستکردەکان دروست دەبێت نەک پاڵنەرە سروشتیەکانى ناخ کە گریانى ڕاستەقینە برەهەم دەهێنێت، نیشانەیەکى دیکەى ئەم شێوازە ئەوەیە زۆر جار کەسى گریاو سەر دا دەخات و نایەوێت سەرى بەرز بگرێت ئەویش لەبەر ئەوەى چاوەکانى فرمێسکیان لە خۆ نەگرتووە و نایەوێت ئاشکرا بێت، نیشانەیەکى دیکە دە کرێت لەم حاڵەتەدا ئەو کەسە دەست بهێنیت بە چاویدا یان چاوى ( هەڵبگلۆڤێت) بۆ ئەوەى بە زۆر تایبەتمەندێتى گریان بدات بە چاوەکانى ، (ئەردۆگان) یەکێکە لەو سەرکرردانەى زۆرترین جار توشى ئەم حاڵەتە دەبێت بە وە تۆمەت بار دەکرێت کە گریانەکانى ڕاستەقینە نین و بە شێکن لە پێکهاتەى خۆ ویستى خۆیى. 
سێهەم: گریانى خۆشى 
هەڵە نیە گەر بوترێت گریانى خۆشى گریانێکى ڕاستگۆیانەیە بەڵام بە باگکراوند و پاڵنەرێکى  خۆشى نەک ڕەنگدانەوەى ناخێکى غەمگین، ئەم شێوازە گریانە سەرکردەکان لە کاتى سەرکەتنەکانیاندا پێوەى دەردەکەن، بە گریان تەعبیر لە خۆشیەکانیان دەکەن، سەیر ئەوەیە ئەم گریانە زۆر جار نەرمە بزە یان نەرمە پێکەنین لە خۆى دەگرێت و واتا تێکەڵاو بوونى هەستى خۆشى و ناخۆشی لە یەککاتدا. وە بەراورد بە گریانەکانى دیکە دەکرێت کەمخایەن تر بیت .
نمونەکانى ئەم شێوەگریانە
* (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆک کۆمارى ئیستاى ڕووسا لە (4) شوباتى (2012)   لە سەرکەتنى لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەو وڵاتە ، بۆ تەعبیر لە خۆشیکانى ناخى دەستى کرد بە گریان.
*(جۆرج دەبلو بۆش) سەرۆکى پێشووى ئەمریکا نمونەیەکى دیکەى ئەم شێوازەیە  لە (8) نیسانى (2008) دا لە کاتى پێدانى مەدالیایى شەرەف بە ئەفسەرى دەریایى (مایکڵ مۆنسور) ، بۆ سەرکەتنى هاوڕێکەى و بینینى لەم دۆخەدا دەستى کرد بە گریان. 
*بەهەمان شێوە گریانى گریانى ( ئۆنگ سان سوکى) ژنە سیاسەتمەدارى بەناوبانگى بۆرما و سەرۆکى پارتى (ئۆپۆزسیۆنى) ئەو وڵاتە لەکاتى سەرکەتنى لە هەڵبژاردنەکانى ئەو وڵاتە ، بریتیە لە گریانێکى خۆشى .
چوارەم : گریانى بەزۆر (ناچارى)
  دەکرێت مرۆڤەکان بێ ویستى خۆیان بگرین ، یان بەویستى خۆیان بۆ بەدەست هێنانى مەبەستێک و دڵ ڕازى کردنێک بگرین بەڵام ئە ستەمە وایان لیبکرێت بە زۆر بگرین و یان ناچار بە گریان بکرێن، چونکە دروستکردنى هەستى گریان پێویستى بە چەند مەرجێکى دەرونى هەیە بۆ ڕوودان ئەگەر گریانێکى دەستکردیش بێت، بەڵام لە گریانى بە زۆر و ناچاریدا ئەمە تا ڕادەیەک زەحمەتە.
نمونەى ئەم حاڵەتە
*گریانى (کیم جۆنگ ئۆن) سەرۆکى کۆریاى باکور لە (27) کانونى یەکەمى (2011) لەکاتى ڕێو ڕەسمى بەخاک سپاردنى باوکى سەرۆکى پێشووى کۆریا، بەکوڵ دەگریا کە ئەمجۆرە گریانە گریانێکى ڕاستگۆیانە بوو ، بەڵام  لە هەمان پرسەدا داواکرابوو کە دەبێت سەرجەمى بەشدار بووان بەگریان هاوخەمى و پرسەگێڕى خۆیان دەرببڕن، بەڵام چەند کەسێک نەیانتوانى وا پیشانیبدەن کە ڕووکارى دەموچاو و زمانى جەستەیان گریاناوییە بۆیە، بە پێى یاسایەکى دیکتاتۆرى ئەو وڵاتە ئەوانەى نەیاتوانى بگرین دوچارى کوشتن بوونەوە، کە یەکێک لەو کوژراوانەش لە ڕووى  پلەى خزمایەتیەوە لە سەرۆکى کۆریاوە نزیک بوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە