تۆپەڵێک لە شانە نووستوەکانی دەزگای پاراستن و زانیاریی، لایان بڤەیە باسی "ڕاپەڕین و شۆڕش" بکرێت

Wednesday, 09/03/2016, 22:19

2485 بینراوە


یابانییەکان دەڵێن :"ڕێگە پیشانی کەس مەدە، کەخۆت نەتوانی پێیدا بڕۆیت.
لە باشور رێبازێک دروست بووە، بریتییە لە کۆمەڵێک لەو بە ناو نووسەر، روناکبیر و هونەرمەندانە کە ئەم رێبازە پەێڕەو دەکەن، ئەویش ئەوەیە گوایە ئەوانەی لە چیابوون شۆڕشگێڕ بوون کە دابەزیون بۆ شار ئیتر توندو تیژیان بەرهەم هێناوە بونەتە دڕندە، ئیستا ئێمە نابێت بەو میتودەی ئەوان کار بکەیت و توند و تیژی بەکار بهێنین بۆ لابردنیان، جونکە توند و تیژی ماڵویرانیی و کاولکردنی لێدەکەوێتەوە! ئا بەم قسانە دەیانەوێت خەڵکی سارد بکەنەوە لەوەی  شتێک بکریت بۆ ئەوەی خەلکی باشور لەم دەسەڵاتە رزگاری ببێت، وەکو مەلای حیزبەکان دەڵێن خەلکی کوردستان چاوەروان بێت، تا خوا دەرویەکی بە رەحمی لێدەکاتەوە! ئەمانە کە بەرژەوەندییان بە پارتەکانی باشوورەوە گرێ داوە لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستەمەدان و لێی سودمەندن ئیتر ئەو دەسەلاتە چۆن و بە چ ڕێگایەکیدا ئەو میللەتە بەرێت گرنگ نییە، ئەگەر خەڵکی بە دار و بەردا بدرێت و نیشتیمان کاول و وێران بکرێت، ئەمان گوێیان لێی نییە و تەنیا چاویان لەو پاروە نانەیە و دەستیان گرتۆتەوە تا کەمێک بەشیان لە پارەی دزیی و پیسخۆریی و خیانەتیش بەر بکەوێت، جار بەجار ئەگەر نوزەیەکیشیان لێوە هات، بە بڕێک دۆلار بێدەنگ دەکرێن، ئەوە خۆیان و ویژدانە هەراج کراوەکەیان دەبێت بەرسیڤی ئەوەمان بدەنەوە.
کۆمەڵێک نووسەر لە نمونەی نەبەز گۆران ئەو جۆرە پاساوانە دەهیننەوە.بۆ مەسەلەی شاخ، کە گوایە ئەمانە لە شاخەوە هاتوونەتەوە و بۆیە توندوتیژی بەکار دەهێنن، من سەدان شۆڕشگێر کە دەتوانم ناویان سەرژمێربکەم لەدوای ساڵی ١٩٩١وە دووربوون لەسیاسەت، دووربوون لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، لێ بەڵێ ئەوانەی کە هیچ نەبوون یان لە ئێران بوون یان دوای ڕوخانی بەعس فایلەکانیان سەر ئاو کەوت، ئەوانە هیچ کات لەتەمەنیاندا شۆڕشگێڕ نەبوون، ئەوانەن کە دەستیان لەچەوساندەوە و بێڕێزی کردن بە کۆمەڵگای کوردیدا هەیە زۆربەی ئەمانەن کە ئەمڕۆ خیانەت و دزیی و ناپیاوی دەکەن و کۆمەڵگای کوردییان لە باشوور بەم حالە گەیاندووە.
 ئەم گروپە مندالەورتکە نووسەرانە بۆ پێمان ناڵێن کە "سەعدی ئەحمەد پیرە، نەوزاد هادی، تەلعەت، مەسرور و مەنسور، نێچیرڤان، دلۆڤان.پاڤێڵ و قوباد، لاور، یان هەموو خێڵەکەی ئالبارزان و تاڵەبانی" خۆ لە چیا پێشمەرگە نەبوون، وا ئێستا بۆ ماوەی ٢٥ساڵە لە چەوسانەوە و خیانەتدا غەرق بوون.ئازا حەسیب و عارف قوربانی و جەمال عەبدوڵا و سەدان گەجەرو گوجەری تریش، کە لەکاتی بەعسدا سەربازی سوپای عێراقی داگیرکەر بوون، تێیاندا بوو وەرەقەیەکی جاشی سوکی لەبەرۆکدا بوو، هەروەها من ناوی کۆمەڵێک گۆرانیبێژ و هونەرمەندی خەفیفەم لایە، ئێستا ئەوانە دژی شۆڕش و ڕاپەڕینن بۆ خاتری ئەوەی بەرژەوەندییان نەکەوێتە گڵۆڵیی.ئا ئەمانەن کە لەگەڵ ئەم پارتانەی باشووردا دەسەلاتیان هەیە و کار دەکەن! ئەم سیستەمی حوکمڕانییە، میرنشینی ڕەهایە و چەند بنەماڵەیەکی خائین و ترسنۆک و هەراج بەڕێوەی دەبەن، کۆمەڵێک قەڵەمبەدەست لێرەو لەوێ دێن لە مێدیاکانی بینین و بیستن شەڕە دەنوک دەکەن وەک شيڕەی شێر دەنەڕێنن بۆ فریودانی خەڵک و هێشتنەوەی ئەو میرنشینە ڕەهایەی کە ئەم تۆپەڵە نووسەر و بەناو ڕۆشبیرانە بەقەولی خۆیان نوخبەن دەیانەوێت سیستەمی بنەمالە لەملشکاندنی گەلێک لە باشوور بەردەوام بێت و لەسەر سکەی خۆی وەک شەمەندەفەر رێبکات، کەس نەپرسێت بەرەو کوێ دەڕۆن!، جارناجاریش دەچنە سەر گۆڕی مەلامستەفا و پێی دەڵێن هەستەوە پێمانەوە دیارە کە ناتوانن بانگەوازی ئاشبەتاڵێکی تر ڕاگەیەنین.
 من لام وایە ئەم دۆخەی کە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن: لافاوێکی توڕە بەڕێوەیە تەنها دوو بنەماڵە و چەند سەربۆیاخکراوێک و بەرپرسە ڤیاگراخۆر و سەرۆکی خێڵ لێی بەر پرس نین، بەڵکو ئەم لەشکرە قەڵەم بەدەستەش، کە دەسەلات قەلەمەکانیان بە دۆلار بۆ چەور دەکەن، ئەو مێدیاکارانەش لێی بەرپرسن کە ڕۆژانە بۆ ساردکردنەوەی ئاگرەکە لەکەناڵ و ڕادیۆکانەوە، لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانەوە خەڵک ساردەکەنەوە و پێیان دەڵێن :"ڕاپەڕین و شۆڕش " هەمان تاس و هەمان حەمامان بۆ بەر هەم دەهێنێت، ئەوەتانێ شۆڕشگێڕەکان ئاوامان لێدەکەن، ئەی ئەوانەی کە دەیانەوێت شۆڕش بکەن جارێکی تر چیتان لێ دەکەن و چیمان لێدەکەن؟ ئا بەم شێوەیە خانەنووستووەکانی دەزگای پاراستن و زانیاری قسە دەکەن، جا بەخوایش ئەوە بکەن یان لەڕێگەی ترسیانەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانە، بۆیە کەوتونەتە هەلەکە سەما و دەڵێن ئامان با ئەو کارەنەکەین، چونکە هەرچۆنێک بێت کڵاشی دۆمی ئێشی کەمترە لە پۆستاڵی سەربازیی.
 هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێت : دەبێت ئەم دەسەڵاتە بەناو کوردییە کە پێناسەکەی عێراقییەکی عەیارە بیست و چوارە دەبێت داماڵرێت ئەوەش تەنها و تەنها بە هێزی شۆڕش دەکرێت، ئیتر شۆڕش لەهەناویدا توندوتیژ بێت، یان گاندییانە بگەڕێتەوە و سەرۆکایەتی بکات ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، ئۆشۆی عارف لە بارەی شۆڕشەوە دەڵێت:" بەر لەدەست پێکردنی شۆڕش، دەبێت کەسانێک ئامادە بکرێن کە شۆڕش بپارێزن " ڕۆژئاڤا و باکور باشترین ئەزمونێکە کە ئێمە چاویان لێبکەین، لەباکور تەنها خەلک هەموو شتێک دەکەن لە ڕۆژئاڤا لەماوەی تەنها چوارساڵدا جوانترین نمونەی بەڕێوەبردن و ئارامی و ئامانیان بەرهەم هێنا، هەر ئەمڕۆ لەشارێکی کەلاوەبووی وەک کۆبانیدا ٢٤دەمژمێر کارەبا هەیە.لەباکور ئەو جاشانەی کە لەخزمەتی دەوڵەتی تورکا بوون "قروجی"ییەکان پەیتا پەیتا دێن تەسلیمی ئیرادەی خەڵک دەبن و داوای لێبوردن لە گەل دەکەن.ڕۆشبیر و نووسەرو گۆرانیبێژەکانی باکور بێهەڵوێست دانەنیشتوون ئەوانیش هاتوونەتە ناو شۆڕشەوە و هەموومان دەیان بینین.بۆیە ئێمە لە باشور لەماوەی ٧٠ساڵی شەڕی جەنگەڵدا نەمان توانی نەوەیەکی تەندروست و سەربەرز و سەرفرازو کەسێکی بەسود دروست بکەین، هەلپەرستی و داماوی و تێکشانی ئێمە لەباشور خەتای ئەوانەن کە لە کەناڵی تێڤێکانەوە بەناوی ڕۆشبیرەوە زاری ترس و تۆقین و داماوی بڵاو دەکەنەوە و پیسخۆریمان بۆ دەکەن بەماتماتیک کە چی دزراوە و چی براوە و چی ئاودیوکراوە، مەلاکانیش تەنها حەواڵەی خوایان دەکەن، کە لەهەناوی هەموو بانگەوازی مینبەرێکدا بوغز و قێزلێبونەوە هەراجی نیشتمان دەکەن، گاڵتە بە پیرۆزییەکانی گەلێک دەکەن و خۆشیان موچە لە ئەوقاف و دەسەڵات وەردەگرن و خەڵک بۆجیهاد و سوک کردنی ئافرەتان و خانمان ئامادەکەن.
شۆڕش و ڕاپەرین ئەرکی ئەخلاقی تاک بەتاکمانە و با وەکو ئەزمونی ڕۆژئاڤا پاراستنیشی بە بنەما بگرین.
" نوام چۆمسکی" دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوە نییە، کە بزانین چ کەسیک ئەم جیهانەی دروستکردووە، دەبێت سەیربکەیت چ کەسانێک بە وێرانکردنی ئەم جیهانەوە سەرقاڵن.بەڕاستی ڕێک دەڵێی نوام چومسکی بۆ جیهانەکەی کوردستانی باشووری وتووە، بۆیە داوا دەکەم کەس گوێ لە قسە و نووسینی ئەمانە و دەنگ بەرزەکانی تێڤێکان نەگرێت، تا زوە نەهێڵین جیهانەکەمان لەوەزیاتر هەرەس بهێنێت ڕاپەڕین بکەینە بنەما تا لەوە زیاتر سوکایەتی نەچنینەوە و فرمێسک لەبەردەم کامێراکاندا هەڵنەڕێژین بۆ بەختێک کەخۆمان چارەنوسمان دیاری کردوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە