دەڵێن میتی تورک هەڕەشەی لە "نەوشیروان مستەفا"کردووە بێدەنگ بێت و کوردستان جێبهێڵێت!

Monday, 21/03/2016, 4:10

3761 بینراوە


ئەوەندە نەفرەت لەتاریکی مەکە، هەستە چرایەک داگیرسێنە "مهاتما گاندی"
 کەڵتوری خۆدزینەوە، قسەنەکردن و سەفەرکردنی سەرانی کورد لە باشور، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە ترسنۆکیی و بێمتمانەییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئیتر لایەنگرانی ئەو کەسایەتیانە لە فانتازیای بچووکی و بیدەسەلاتی خۆیاندا دەخولێنەوە و چیرۆکی سەیرو سەمەرە دەهۆننەوە و بڵاوی دەکەنەوە، خۆیانی پێ ئەقەپێنن.
ماوەی پێنج مانگە سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پڕ کوردستانی جێهێشت و بە ناوی نەخۆشییەوە روویکردە ئەوروپا، ئەو بەڕێزە! نە بەچاک، نەبەخراپ، هیچ ناڵێت، لێ ئەوانەی خۆیان تێهەڵکێشی ئەو ڕەوتە کردوە، ڕۆژانە لێدوانی سەیر و سەمەرە دەدەن، قسە و بۆچوونی سەیر بڵاودەکەنەوە، بە خیاڵی خۆیان هۆکاری بۆ دەدۆزنەوە و دەیهۆننەوە، پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە، کە فڵانە رۆژ و مانگ نەگەڕێتەوە. لەدواین پڕوپاگەندەدا دەڵێن میتی تورک هەڕەشەی کوشتنی لە نەوشیروان کردووە،  ئەمە کۆمێدیاترین پڕوپاگەندەیە کە ئێمە لەسەر ئەو بەڕێزە بیستومانە.
بیرمە ساڵی ١٩٨٤ کاتی گفتوگۆی نێوان یەکێتی ڕژێمی بەعس دەستی پێکرد، تاڵەبانی کەوتە ناوبیرەوە و ماوەی یەک دوومانگ زیاتر لە بەغداد مایەوە،  ڕێکەوتن و ڕێنەکەوتن بوو بە مەتەڵ، هەر پێشمەرگە بوو بۆچوونی خۆی وەکو مەتەڵ هەڵدەهێنا، تاڵەبانییش بۆ گاڵتەپێکردن دوایی دەیگوت: حەفتاوهەشتی مانگ واژوی ڕێکەوتنەکە دەکەین. ئەم بەرپرس و سەرانە بێمنەت بوون چونکە خەڵکیان لەسەر پشکۆ دانابوو، دەیان گەنج لە ڕێخستنەکاندا دەرکەوتبوون، سەدان ماڵ لای حکومەت خۆیان ئاشکراکردبوو، چونکە پێشمەرگە هاتوچۆی کردبوون، رێخستنەکانی یەکێتی لە شار و ناوچەکانی دیکە، وەک پاشەڵی مەیمون بە دەرکەوتبوون، بۆیە دوایی قوربانی زۆری بەرکەوت، زۆربەیان دەگیران، کەلتوری گوللەبارانکردن لەسەرشەقامەکان بووە دیاردەیەکی سەیر، بەعس بێمنەت پەیڕەوی دەکرد، لێ ئێمە هیچی لێ فێرنەبووین، بەڵکو ئێستا ئەوانەی چەپڵەیان بۆ قوربانییەکان لێدەدا، ئەمڕۆ ئاسودانە موچە و خانەنشینی و بەراتیان هەیە. بەرهەمی ئەو گفتوگۆیەش تەنیا چەند لانگرۆزەر و ئۆتۆمۆبێلێکی مارسیدز بوو کە بەرپرسەکان وەریان گرت و دوایی درا بە کابرای قەرارگای ڕەمەزان.
کاتێک مەسعود بارزانی خۆی فشکردەوە ووتی ئاربیجییەکانم لەناو دیاربەکر دەپەقێنم، کە تورکیا هات مەسعود وونبوو بە تانجیش نەدەدۆزرایەوە، خەڵکی دەچوونە لای فاڵگرەوەکان تابزانن ئەم پیاوە ترسنۆکە بۆ کوێ چووە؟ لە سلێمانی پیاوێکی پیر ووتی: خزمینە ئێستا "فایەقی مۆتێ"ی فاڵچی بمایە دەیزانی مەسعود لە کوێیە، فایەقی مۆتێ فاڵگرەوە بوو، لە سلێمانی ناودار بوو، جنۆکەی هەبوو لە سی ئای ئەی زیاتر زانیاری لابوو.
نۆرە هاتە سەر جەڵتەی مێشکی جەلال تاڵەبانی، ئەمیش دوو دانە ساڵی ڕەبەقی خایاند، بوو بە مەتەڵ، لە خەڵکیان شاردەوە ئەرشیفی ئەوکاتە سەیر بکە بای دەیان کتێب لێدوانی لە سەر درا، بنەماڵەی تالەبانی بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەوەندە قسە و حیکایەتییان لەسەر هۆنییەوە، نە رێزیان بۆ ئەندامانی یەکێتی هێشتەوە، نە بۆ خەڵکی کوردستان، هێرۆی برایم ئەحمەد چونکە کەسێکی بێحورمەتە، بە ئیساشەوە حورمەتی بۆ خەڵکە نەهێشتەوە، تا پارەی دەوڵەتی عێراق مابوو، بۆ خەستەخانەکەی سەرف کرا، دوایی لە پڕ لاشيیەکیان وەکو بوکەشوشەیەک هێنایەوە و بە دانیشتووی لەسەر کورسییەک دایاننا، ئێستاشی لەگەڵ بێت کەسێکیان لەجێگەی دانەناوە. نەوشیروان نەدەبوو وای بکردایە، چونکە ئەو دژی شاردنەوەیەی تەندروستی تاڵەبانی قسەی دەکرد، کەچی خۆی بەهەمان رێگە بە پێی خۆی کوردستانی جێهێشت و ئەمیش خۆی لەو خەڵکە بێمنەت کرد و خۆی شاردەوە، ئاخر هەرهیچ نەبێت، ئەگەر ئەم رۆیشتنەی وازهێنان و ئاشبەتاڵی پەمەیی بێت، دەبوو رایبگەیەندایە و کەسێکی لە شوێنی ئەو بزوتنەوەیە دابنایە. من بۆخۆم بەر لەچەند ساڵ ووتوومە ڕۆژێک دێت نەوشیروان بە بێ ورتە ئەو گردە بێ بەجێ دێڵت، چونکە سروشتی نەوشیروان وایە و ئەو تۆران و راکردنە خووی نەوشیروانە و ئەمە یەکەمجاری نییە،. ئەم راکردن و خۆشاردنەوەیە مانایەکی دیکە دەدات، ئەویش کە خۆی لە خۆیدا تەواوبوونی ئەو ئەرکەیەتی کە پێی سپێردرابوو، کە دەبێت ئۆپۆزیسیۆن بخاتە تەلەی بزوتنەوە و دەنگی نارازی پاسیڤ بکات! بەڵام ئەوانەی گویان لێبوو دەیان ووت وا نییە.
 بەهەر حاڵ گەر ئەوە ڕاست بێت میت هەڕەشەی لە نەوشیروان کردبێت، ئەو بەڕێزە ئەگەر باسیشی ناکات، خۆ قەندیل هەیە، خۆ گیانی نەوشێروان لە قەرەیلان و هەڤاڵ جومعە ئازیزتر نییە، چۆن کەسێک خۆی بە سەرۆکی بزووتنەوەیەک بزانێت و تازە دروستی کردبێت، ئاوا بە هاسانی بە هەڕەشەیەک رادەکات! ئەودەم هەزاران گەنج و خەڵک پشگیری لەهەڵوێستێکی وا مەردانەو جەوامێرانە دەگرێت، هەرچەندە من بڕوام بەم قسە و پروپاگەندانە نییە، تەنیا ئەمە وەڵامە بۆ ئەو کەسە ساویلکانەی، کە هەر رۆژەی پاساوێک بۆ راکردن و هەڵاتنەکەی دەهێننەوە، پاشان نەوشیروان لە جێگەیەکدا باسی هەڵەی "ئاپۆ" دەکات و دەڵێت پەیوەنییان پێوەکردم داخۆ ئاپۆ جێ بکات کاتێک سوریا بەناچاری جێدەهێڵێت، نەوشیروان خۆی دەڵی من پێشنیارم کرد بگەڕێتەوە کوردستان، گوایە ئەوانیش لە ڕێگەی ئێرانییەکانەوە کار بۆ هاتنەوەی دەکەن. گەرچی ئەم دوو کەسایەتیە جودان و مێژوویەکی جوداشیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، بەڵام ئەگەر میت هەڕەشەی لێکردبێت، ئەوا دەتوانێت لە لەندەنیش دەستیان پێی بگات؟
 بەڕاستی خەڵکی کورد لەباشور زۆر سادەن، ئافەرم دەسەڵات و حاکمانی باشور لەماوەی ئەم ٢٥ساڵەدا گەلێکی ئیفلیجتان بەرهەم هێناوە، دروستبوونی پاڵەوان لەوێدا وەک یاری منداڵ وایە، بۆ نمونە: سەرۆکی پەرلەمان بە مەسعود دەڵێت نەخوێندەوار، خەڵکی هاوار دەکەن دەڵێن: د یوسف قسەی دڵمانی کرد، ئیتر کەس ناپرسێت، د.یوسف کە بوو بەسەرۆکی پەرلەمان و زوو زوو لەگەڵ مەسعودا دادەنیشت، ئایا ئەو کاتەش مەسعود هەر هەمان نەخوێنەوارەکە نەبوو؟ ئەی بۆ تۆی خوێندەوار چوویت لەگەڵیدا دەسەلاتت و سیستەمی بنەماڵەتان بەهێزکرد!؟ ئایا مەسعود ئەوسا و ئیستا هەر هەمان دیکتاتۆرەکە نەبووە، هەر هەمان پیاوی تورک و ئێران نەبوو؟ ئایا مەسعودی ئیستا چ جیاوازییەکی هەیە، لە ناپاکیی و خیانەتکردن؟ ئەی تۆ سەیری ئەرشیفی نووسینەکانی نەوشیروانت نەکردووە، کە دەڵێت ئەمانە نەخوێندەوارن؟ ئەی کە دەتزانی چاکسازیی و ریفۆرم بە کەسانی نەخوێنەوار ناکریت، بۆ خۆت و نەوشیروان قبوڵتان بوو لەگەڵیاندا پەرلەمانتان ئاوەدان بکەنەوە و، چوونە ناو حکومەتەکەیانەوە؟ پاشان بۆچی "مەجید ساڵح"ی سەر بەخۆتان کاتێک وتی کاک مەسعود وەک مارتین لۆتەرکینگە و خەونێکی هەی، ئێوە لێتان قبوڵ کرد!؟ 
بۆیە ئەگەر گۆڕانخوازەکان دەیانەوێت گۆڕانکاری رووبدات، دەبێت لەخۆیانەوە دەست پێبکەن، چونکە مرۆڤ بیەوێت هەنگاو بۆ بەختەوەریی و گۆڕانکاریی کۆمەڵگا بنێت، دەبێت لە پێشادا لەخۆیەوە دەست پێبکات.
 لە دیدارێکدا بەرلە چەند ساڵێک کە گۆڤاری (هۆنا) لەگەڵ بەرپرسی کوردستانپۆست کاک کەمال کردوویەتی ئەو پێشنیارەی بۆ نەوشیروان مستەفا کردووە، کە بچێت خەریکی نووسینەوەی مێژووەکەی بێت، چونکە ئەو زیاتر مێژوونووسە و با واز لە سیاسەت بهێنێت، هەروەها دەڵێت با نەوشیروان داوای لێبوردنیش لە گەلی کورد بکات. وا ئیستا دەردەکەوێت نەوشیروان پێشنیارەکەی بەجێ هێناوە، دوورکەوتۆتەوە و دەیەوێت واز لە سیاسەت بهێنێت، بەڵام بە شێوەی ئاشبەتاڵیکی ناشرینتر لە ئاشبەتالەکەی مەلا مستەفا. ئیتر با ئەو خەڵکەش واز لەنەوشیروان مستەفا بهێنن، نە میتی تورک هەڕەشەی لێکردوە نە ئیتڵاعاتی ئێرانی، بەڵکو ئەویش وەکو بارزانی کاری تمامشد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە