پێم دەڵێن بۆ نایەیتەوە بۆ نیشتیمان؟! منیش دەڵێم بێمەوە بۆ نیشتیمانی ژێردەستی ئەم دەسەڵاتە خێڵستانە؟!

Sunday, 03/04/2016, 18:38

1800 بینراوە


نیشتیمانێک کە هەموو مانا جوانەکانی ژیان و مرۆڤ بوون، تیایدا تەنها سەروەت و سامان و مافیایەتی و باڵفشکردنەوەیە.
نیشتیمانێک جگە لە ماددە، ژیری تیایدا لە مێژە لەگۆڕنراوەو لەگۆڕ دەنرێ و جگە لە عەقڵی خۆپەرستی و خۆسەپاندن، چیدی تیا سەوز نەبووە. 
و هەروەها جیاوازی چینایەتی وخێڵایەتی، مافی مرۆڤ و مرۆڤبوون تیا قاچاخە.
نیشتیمانێک کە ژن و کچ تیایدا کاڵایەو شەقشەقێنی بەردەستی کاڵفامەکانن. حزب و ڕێکخراوەکان تیایدا بۆ لەگۆڕنانی دەنگ و بیر و ڕا جیاوەازەکان، کاردەکەن و لەسەر حسابی خەڵکی گشتی، موڵک و سامانی نیشتیمان بۆ بەرژەوەندی چەند بابا عەلیەک وەگەڕدەخرێ و دەدزرێ.
جارێ ئەوە یاسا و قانون دەمێکە بوون بە هەڵماتی دەستی چەند مشەخۆر و پاتارێک. چ دڵێکم بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە خۆش بێ کە سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی تەنها بۆ گیرفانی چەند مشەخۆرێکی تر بێت. 
خزم و خزمایەتی و سەردان و هاموشۆ تەنها لەسەبنەمای چەندت هەیەو چیت هەیە، قەراردەگرێ. دەسەڵاتێک کە چەند پیاوکوژ و نەخوێندەوارێک خۆیان کردوە بەخاوەنی و یاری بەچارەنوسی هاونیشتیمانیانی دەکەن لەبەر بەرژەوەندی  پەردەپۆشکردنی خیانەت و  و نادادگەری خۆیان. ئاخر چ دڵێکت بەدەسەڵاتێک خۆش بیت کە نەتوانێ نان و ئاوو قوتی خەڵک دەبین بکات، پێمان ناڵێن ئیوە کێن و لەکوێوە هاتوون؟! و مێروو جانەوەری چ جەنگەڵ و زەلکاوێکن؟!!
دەزانم باش لەوە تێگەیشتوون کە خەڵک و کۆمەڵگە بەرەو هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، هەنگاوی ناوەو دواجار ئەو هۆشیاریە دەبێتە تیرێک و لەسەر دڵی ناپاک و خیانەتکاریتان دەچەقێ، بۆیە خەڵک برسی دەکەن و وای لێدەکەن موحتاجی دەستی ناپاکتان بێ. 
ئەو نیشتیمانە خاوەنی پاکی هەیەو هەردەشمێنی. بەدریژایی میژوو کەسایەتیە پاک و خاوەنی دەنگە حەقبیژە ڕەسەنەکان بوون بە ئامانجی دەستی خائین و ناپاکانی وەکو ئێوە یانیش بە تۆمەت و بوختان بەخشینەوە دەمکوتکراون و شەهید کراون.
 بۆ ژێردەستی کام دەسەڵات کە هەموو کایە ڕۆشنبیری و ئەکادیمیەکانی لەدەستی چەند بەکرێگیراوێکدا پوخت کردوەتەوە. و ڕەهەندە نیشتیمانی و مرۆڤایەتیەکان ئەوەندە پوچ بوون، و وەکو کاڵا دەکڕدرێن و دەگۆڕدرێن؟! خیانەت و ناپاکی دەبی بە کولتور و ڕێزی لێدەگیرێ و شانازی پێوە دەکرێ !!
لەژێردەستی کام دەسەڵاتدا ژیان بکەم کەلەسەر دەریای نەوت و گازی سروشتی بیت و هێشتا خەڵکەکەی لەزستان و هاویندا بەرمیلی نەوت و بتڵی خاز خلۆربکەنەوە! ئاخر بۆ دەبێ بابەو دایەی ئەو خەڵکە تاکو ئێستاش پاڵ بە بەرمیلێک نەوتەوە بنێ؟!! نیشتیمانێک کەچەند بەناو ڕۆشنبیر و نەخوێندەوارێک بانگەشەی ئازادی ئافرەت و مافی ژن دەکەن، ئەوان لە بنەمادا لە زانستی مافی ژن تێنەگەیشتوون و گاڵتە بەشەرەف و ناموسی کچان و دایکانمان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئاژەڵ بژین، ڕێگاش نادەن ژنان و کچانی خۆیان شەوێک لەباخەڵی کەسێکیتردا ڕۆژبکاتەوە و بە ئازادی بێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و خەڵک بیان ناسن !! ئایا خۆتان بڕواتان بەو بانگەشەیەی خۆتان هەیە، بێ گومان نەخێر، چونکە ئێوە تێکدەری داب و نەریتی کوردەوارین. 
ئەوەش مانای ئەوە نیە ئێمە لە واقیع هەڵهاتوین و نیشتیمانمان خۆش ناوێ. بەڵکو ئەوە ڕاستی ناخی مرۆڤی کوردپەروەرو دڵسوتاوی نیشتیمانە. 
دەسەڵاتێک کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دادگەری کۆمەڵایەتی تاک و کۆمەڵگەی پێ دابیننەکرێ، دەبێ ئەو دەسەڵاتە شاربەدەربکرێ و بەسزای دادگەریانەی گەل بگەیەنرێت. لە نیشتیمانی ئازاد و خاوەن پایەدا وەکو چۆن لەکاتی کۆن بوون و سووانی پێڵاو نەعلەکانتدا تازەیان دەکەیتەوەو دەیانگۆڕی، دەبێ ئاوهاش حزب و لایەنە سیاسیەکان بگۆڕیت و تازەیان بکەیتەوە ، ئەگینا دەگەڕێینەوە بۆسەردەمی چاخی بەردین و خوێن لە ژێر پێڵاوەکانمانەوە ڕێدەکات. 
چالاک حەمە عەلی/ توێژەری کۆمەڵایەتی/ بریتانیا 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە