کێ بەرگری لە نەخۆش دەکات؟!

Sunday, 03/04/2016, 20:19

1809 بینراوە


ھەروەک چۆن لەئێستای ھەرێمی کوردستان حکومەت باوکی دەوڵەمەندەو فەقیر پشتگوێ خراوە، ئاوەھا لەسلکی تەندروستیش وەزارەت و سەندیکاکان ماڵی گەرموگوڕی پزیشک و کارمەندەکانی تەندروستین و نەخۆش تیایاندا پشتگوێ لەپەراوێزدایە. 
بەشێک لەپزیشکان ھەڵە بەرامبەر نەخۆش دەکەن و بەدروستکردنی لیژنەیەک نەجاتیان دەبێت، دەیان کەس بەدەرزی کوێردەکرێن و بەپارە چاویان لێدەکڕدرێتەوە، بەڵام زللەیەک لەپزیشکێک دەدرێت ھەموو پزیشکەکان مان دەگرن، زۆر سەرسامم بەو بەرگرییەی پزیشکەکان و رێکخراوەکانیان لەیەکدی دەکەن، ھەروەھا بەو بەرگرییەی وەزیری تەندروستی لێیان دەکات و لەھەموو بڕیارەکاندا مافی پزیشک دەپارێزێت، بەڵام تائێستا دیارنیە کێ خەمخۆری نەخۆشە؟ کێ بەرگری لەمافەکانیان دەکات؟ 
بڕیارەکانی گرانبوونی عیادەو دەرمان لەیەکەم ساتی دەرچوونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەروەک لەلایەن وەزیرێکی پێشووی تەندروستیەوە نرخی عیادەکان گران کران، بەڵام بڕیارەکانی ھەرزانکردنی نرخ بەچەندین لیژنە جێبەجێ ناکرێن، وەک نرخی دەرمان کە تائێستا خەمخۆرێک نیە بۆ جێبەجێکردنیان، دواتریش رەنگە نرخیان چەند دینارێک بێتە خوارەوە. 
لەبەرامبەر رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتاندا رێکخراوی پیاوان دروست بوو تا باڵانسەکە رابگرێت، بەڵام کێ ھەیە باڵانسی نیچوان نەخۆش و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی رابگرێت؟ 
ئەوەی نەخۆشخانەکانی پڕکردووە نەخۆشە، ئەوەی عیادەی ئێوارانی پزیشکەکانی گەرم کردووە نەخۆشە، ئەوەی دەرمانە باش و خراپەکان، ئێکسپایەرەکان، ساختەکان، ھەلچەکان، ساغدەکاتەوە ھەر نەخۆشە، ئەوەشی داکۆکی لێناکرێت ھەر نەخۆشە. 
نەخۆش چەندین ھەفتە چاوەڕێی پزیشکی کرد بۆئەوەی موچەکەی وەرگرێت تا چارەسەری بکات، لەبەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی خەرجیی نەخۆشخانەکانی ئێوارانی خستەوە ئەستۆی نەخۆش بۆئەوەی قەرەبووی کەمبوونەوەی موچەی پزیشکەکانی پێبکات، ئەگەر ئەمە بۆئەوان ڕەوابێت، ئەوا پێویستە مامۆستایانیش بەھۆی کەمبوونەوەی موچەکانیانەوە پارە لەقوتابیان کۆبکەنەوە تابتوانن موچەکانیان بگەیەننەوە ئاستی پێشووی، پۆلیسی ھاتوچۆش ھەر شۆفێرێکیان بینی رایبگرن و شتێک پارەی لێوەرگرن تا ھەست بە کەمبوونەوەی موچەکانیان نەکەن. 
نەخۆش زۆرینەیان لەچینی ھەژارو کەمدەرامەتن، چونکە ئەوانیتر یان بەھۆی بارودۆخی بەرزی ژیانیانەوە کەمتر نەخۆش دەکەون، یان کە نەخۆش کەوتن دەچنە دەرەوەی وڵات، ئەوەی ئەمێنێتەوە ھەر نەخۆشە ھەژارەکانن، ئەوانەی لەگەڵ نەشتەرگەریی منداڵبوندا گورچیلەشیان دەردەھێنرێت، ئەوانەی بەھۆی دەرزی لێدانەوە دەمرن، ئەوانەی چەندین سەعات سەرە دەگرن بۆئەوەی سێ خولەک پزیشک چاوی پێیان بکەوێت، ئەوانەی بۆ مشتێ حەب و دەرمان قەرز دەکەن، ئەوانەی لەچاوەڕوانی ھەرزانبوونی نرخی دەرماندا یەعقوبانە چاوەڕێ دەکەن. 
تاکە ئاسۆیەکی بەختی نەخۆشە ھەژارەکانیش ھەوڵە تاکەکەسیەکانی چەند پزیشکێکن کە توانیویانە لەم قەیرانە داراییەدا بەدەر لەرێنمایی و بڕیارەکان کەمترین پارە لەبەرامبەر بینینی نەخۆش وەربگرن یان وەری نەگرن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە