باشور ئەو هەرێمەی پاڵەوانی پەشمەکی تیا هەڵدەتۆقێت

Sunday, 03/04/2016, 21:47

3341 بینراوە


کاتێک ڕۆژانە وەک پیشەی هەرجارێکم بەناو ماڵپەڕ و مێدیا پڕمەهزەلەکانی کورددا گەشت دەکەم، هەواڵ و لێدوانی کۆمەڵێک خەڵکم دێتە پێش چاو شەرم دامدەگرێت و دەڵێم :"سەیری ئەو نیشتمانە کڵۆڵەی من بکە چۆن دز درۆزن ترسنۆک خۆفرۆش پاشەڵپیس نەفام بوغزهەڵگر و گەجەرو گوجەر قسە لەسەرچارەنووسی ووڵات و خەڵک دەکەن؟ ". لەکاتێکدا ئەم بەشەرە دووپێیانە لە ڕۆژەکانی قەوماندا لەهیچ کونێکەوە دیارنەبوون، ئەمانەبوون لەسایەی بنەماڵە و سەرۆکە خێڵەکیی و خائینەکاندا بوون بە شت. ئەمانە میراتگری ئەم سیاسیە نەزانانەن کە نیشتمانیان گەیاندۆتە ئەم نەهامەتیە. کێشەی گەورە ئەوەیە ئەم دەموچاوە ناشرین و درۆزن و ترسنۆکانە هەرچیەک دەڵێن، مێدیا بەناو ئازادەکان یەکسەر قسە لەسەر ناوەڕۆکی لێدوانەکە بڵاوی دەکەنەوە، وەک ئەوەی ئەمانە فەیلەسوف و سیاسەتمەدارو مرۆڤی پاک و خاوێنی ناوکۆمەڵگابن و قسەکانیان کە زیاتر لەڕشانەوە دەچێت بەخەڵک دەفرۆشنەوە. 
کەس ئەم میللەتەی لەچارە ڕەشیدا نەهێشتۆتەوە مێدیا بینراو، بیسراو، ڕۆژنامەو ماڵپەڕو تۆڕەمێدیاکان نەبێت، کە دێن قسەی ئەم بەشيرە هەڵکێشراو لەخیانەت و دزی یەدا بڵاو دەکەنەوە. قسەکانیان زیاتر لە سۆفیەک دەچێت کە وازی لەدنیا هێنابێت و بەچەند دەنکە خورمایەک ژیانی ڕۆژانەی بەسەر بەرێت، لەدنیای فانیدا غەرق بوبێت. سەمەرە لەوەدایە ئەم بیچمانە زۆربەیان لە ئەوروپا و دەرەوەی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە و بونەتە میراتگری بنەمەڵە. لەکاتێکدا لە ئەوروپا لەمێژە بنەماڵە لەناو چووە. بەڵام ئەوانە نەهاتوون کەلتورە باشەکەی ئەورپامان بۆ نمایش بکەن بەڵکو ئەوان بەناوی سۆسیال دیمکرات و دیمکراتییەوە عەشرەت و خێڵ و گروپی شێخ و مشایەخ و مەلاو زایدی دنیایان بۆ زیندووکردوینەتەوە تاکو لەسایەی ئەو فەوزایەوە خۆیان بمان دۆشن و حاکمی موتڵەق بن بەسەرمانەوە. 
 ئێستا بەبۆنەی شەڕی چەتەکانی داعشەوە پاڵاوانی پەشمەکی جۆراوجۆر دروست بوون، کە دەڕۆن بەئۆتۆمۆبیلی گول لەنەبڕو بەرۆکی گول لەنەبڕو چاویلکەی ڕەشەوە دەچن یەک دوو وێنەو فلیمی کورت وەک خۆیان دەگرن و مێدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پڕدەکەن لەوێنەی بڵح و لەسەر کورسی دانیشن و چاو دەنێن بە دوربینی تفەنگێکی قەناسەوە بەخەیاڵی پوچی خۆیان مێژوو ئاوا دەنووسنەوە، لەکاتێکدا ئەم بەشەرانە لەسێبەری خۆشیان سڵ دەکەنەوە نەك شەڕکەر نین، چونکە مرۆڤی شەڕکەر نایەوێت دەرکەوێت، مرۆڤە جوان و جەوامێرەکان فلیم دەرناکەن بەڵکو بەرگری لەکەرامەتی خۆیان و خەڵک دەکەن، ئەوانە پێویستیان بەو نمایش نییە کە ئەم گەجەرو گوجەرانە دەیکەن. ئێستا دەتوانم چەند نمونەیەک بێنمەوە لەسەر قسە پوچەکانی ئەمانە. 
ئەدهەم بارزانی دەڵێت: هەر کاتێک زانیتان پارتی لە خزمەتی نەتەوەی کوردو ئامانجەکانی بارزانی نەمر لایداوە ئەوا تەمانای سەرکەوتنی بۆ مەکەن. 

کۆیلەیەکیش پێشنیار دەکات کە : 
باشترین کەسێک بکرێتە سەرۆکی لیژنەی چاکسازی هەرێم، بەڕێز شێخ (ئەدهەم بارزانی)یە کە تەکلیفی لێ بکرێ، بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێ، دڵنیام کە دەتوانێ دۆخەکە چاک بکات و، لەبەر دڵسۆزیشی بۆ نیشتمان و چاونەترسی، بە دڵنیاییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بەرپرسان بۆ سزادان دەستنیشان بکات. . من هیچ بەرژەوەندییەکم لەگەڵی نییە بەڵام لە هەڵوێستەکانی دیارە و یەقینم کە دەتوانێ زۆر شت یەکلا بکاتەوە. بەڵام بیری چوە ئەم بەشيرە ئەوەبوو کە جاشی پازداران بوو یان لەشيڕی ناخۆدا "حەسەن کویستانی "و هاوڕێکانی زۆر هۆڤانە شەهیدکرد. 
------------------------
عەقید شانازە رەش (شاناز برایم ئەحمەد) دەڵێت:
بەرێزان ناکرێت کە رەخنە لە هەڵەی بەرامبەرەکانمان بگرین و چەپڵە بۆ هەڵەکانی خۆمان لێ بدەین و رێگە بدەین کە یەکێتی باجی هەڵەی تاکەکان بدات، ناشبێت کە هەموو رەخنەیکیش بخرێتە بابی دژایەتی کردنەوە. . ناشکری هەر کات باس لە کۆنگرە بکەین بە هەڕەشە و گوڕەشە لێک بدرێتەوە. . کۆنگرە تەنیا شوێنێکە کە بتوانین دوور لە چاوی میدیا کان هەڵسەنگاندنی بۆ هەمووان تێدا بکەین. بەڕاستی ئەمە شایستەی ئەوەیە بڵاو بکرێتەوە لەقسەی شێط ناچێت؟ یان زوو زوو باسی گەریلاو پەکەکە و قەندیل و سەرکێشان بەتاوێرەکانی ئەوێدا بەناوی هەڕەشيوە دەکات، بەڵام پێمان ناڵێت 

شاناز ئیرایم ئەحمەد لەکوێدا خێرێکی بۆ یەکێتی و کورد هەبوە ؟ مێدیاکانیش هەرچی ئەم عقید شاناز دەیڵێ بۆی بڵاو دەکەنەوە. وەک ئەوەی یەکێتی کۆمپانیابێت و ئەوان خاوەنی بن. 
 ئەم دوو کەسەم کردە نمونە بەڵام ڕۆژانە دەیان تاوانبار و گەندەڵ و شەرواڵپیس و خائین و فایلدار قسە دەکەن و مێدیاکانیش بەهەند قسەکانیان وەردەگرن و بۆیان بڵاو دەکەنەوە، بۆیە لە نیشتمان و هەرێمە داگیرکراوەکەماندا پالەوانی پەشمەکی هەمووڕۆژێک دەردەکەوێت بەڵام نابنە قارەمانی ڕووداوەکان، بۆیە قسەپوچەکانیان لەپێش مەرگی خۆیانەوە دەمرێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە