عه‌لی باپیر دوو مووچه‌ی خانه‌نشینی هه‌یه‌

Thursday, 07/04/2016, 16:41

3058 بینراوە


بەگوێرەی بڕیارێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە واژۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی كراوە، 112 ئەندامی كۆمەڵی ئیسلامی بە پلەی بەڕێوەبەر خانەنشین كراون كە عەلی باپیر ئەمیری حزبەكە، یەكێك لەوانە.
بە فەرمانی ژمارەی (3168) بە خامەی نهێنی لە رۆژی (18/10/2009) هاتووە بریارمان دا بە:
بڕینەوەی مووچەیەكی خانەنشینی مانگانە بە پلەی (بەڕێوەبەر) بۆ ئەو (112) بەڕێزەی كە ناویان لە لیستی هاوپێچدا هاتووە و بە ناوی (1- ........) دەست پێ دەكات و بە ناوی (112-.........) كۆتای دێت، لە رۆژی دەرچوونی ئەم فەرمانەوە كاری پێ دەكرێت.
هەروەها بە بڕیاری ژمارەی (4100)ی سەرۆكایەتیی ئەوكاتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە واژۆی (د. نووری عوسمان)ی لەسەرە لە (22/12/2009) دەرچووە و وێنەیەكی ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی كراوە، تیایدا داوای جێگۆڕكێ‌ بە یەكێك لەو ناوانە دەكات.
دوا بە دوای فەرمانمان ژمارەی (3168) لە (18/10/2009) تایبەت بە بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی بۆ (112) كەس. بڕیار درا لەسەر راستكردنەوەی ناوی زنجیرە (105)ی لیستی هاوپێچ لە (...........) بۆ (........) بەپێی نووسراوی دادگەی (رانیە) ژمارە (109/ب/2009) لە 6/4/2009 دەرچووە.
لەو 112 ناوەی لە لیستەكەدا هاتووە، ناوی هەریەك لە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ، شێخ محەمەد بەرزنجی پێشەوای پێشووی كۆمەڵ /كۆچی دوایی كردووە/ و عەبدولسەتار مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵ و وەزیری كشتوكاڵ لە ئێستەدا و 17 سەركردەی ئێستە و ئەوكاتەی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی تێدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە عەلی باپیر خانەنشینییەکی تریشی دواتر بۆ کراوە لە عێراق بەهۆی ئەوەی لە ٢٠٠٩-٢٠١٣ پەرلەمانتاری عێراق بووە.
بەپێی ئەو لیستەی دەست "وشە" كەوتووە ناوەكانیان پارێزراوە، مووچەی هەریەك لەو خانەنشینانەی كۆمەڵی ئیسلامی یەك ملیۆن و 200 هەزار دینارە.
بە پێی بەدواداچوونێكی "وشە"، دەركەوتووە ئەو خانەنشینانە لەسەر داوای كۆمەڵی ئیسلامی رەزامەندی لەسەر دراوە لە دوای پەلاماردانی چەند كەسێك بۆ سەر بارەگەكانی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ لە هەولێر بە ناوی پارتییەوە لە رۆژانی 27-28 تەمووزی 2009 كە دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو.
دواتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بارەگەی یەكگرتوو و كۆمەڵی كرد و سەركۆنەی ئەو كارە گێرەشێوێنانەی كرد و رەتی كردەوە ئەنجامدەرانی ئەندام و كادری پارتی بن، بە پێی زانیارییەكان، بابەتی خانەنشینكردنی ئەو 112 كەسەی كۆمەڵ كە 17 یان سەركردایەتیی ئێستە و پێشووی ئەو حزبە ئیسلامییەن، لەو بەسەركردنەوەی بارزانیدا داوا كراوە و ئەویش وەك دڵدانەوەیان رەزامەندی دەربڕیوە.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت لە رۆژی 18/10/2009 دەرچووە، واتە دوای 85 رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان "كاربەڕێكەر" بووە و تەنیا ئیشوكاری رۆژانەی جێبەجێ‌ كردووە نەك بڕیاری خانەنشینی دەربكات.
بەڵام پێش ئەوەی كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 28/12/2009 دەستبەكار بێت و سوێندی یاسایی بخوات، كۆمەڵ چەندان جار داواكەی دووپات كردووەتەوە، بۆیە فەرمانەكە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە