کارگەی پێلاودروستکردنەکەی میت و پاراستن لە هەولێر ئامێری سیخوڕی تێدایە بۆ زانینی شوێنی گەریلاکان

Saturday, 14/05/2016, 20:25

24749 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست: ئەم زانیارییانەی لەم هەواڵەدا دەیخوێنیتەوە، لە دیدارێکدا لەگەڵ یەکێک لە کارمەندێکی پاراستن و کەسێکی دڵسۆزەوە وەرمگرتووە، کە ماوەی چەند هەفتەیەک زۆر بە پەرۆشەوە بوو، ببمبینێت، بەڵام لەبەر ئەوەی من لە دەرەوەی هەولێر بووم، ئەو دەرفەتە بۆ کەسمان نەگونجا، لێ دوای گەڕانەوەم بە پەلە هات بۆ لام لەبەر گرنگی زانیارییەکان بە پێویستمزانی بە زووترین کات بینووسمەوە و برادەرانی کوردستانپۆستی لێئاگادار بکەمەوە، هەڵبەت ئەو بەڕێزە کە کەسێکی نزیکی خۆشمە، تا ئیستا چەند زانییارییەکی دیکەی گرنگی داومەتێ و دەشزانێت، من پەیوەندییم بە کوردستانپۆستەوە هەیە، بە وریاییەوە کارەکان دەکەم، بۆیە لەسەرەتادا زانییارییەکان وەک هەواڵێک دەنووسمەوە بەشێک لە گفتوگۆکانیش بڵاودەکەینەوە.
جی پی ئێس

یەکێک لە هەرە خیانەتە مەزنەکانی پارتیی و دەزگای پاراستن کە خودی مەسعود و مەسرور بە فەرمان و هاوکاری میتی تورک سەرپەرشتی دەکەن، ئەویش فرۆشتنی پێڵاوی مێکاپ (Mekape)ی تورکییە.
وەک دەزانرێت جلوبەرگ و پێڵاو، تەنانەت جۆری خواردنی گەریلاکان هەموویان لە یەک رەنگ و لە یەک جۆرن، بەتایبەتی پێڵاو، ئەو پێڵاوانەی گەریلاکان لە پێیاندایە بۆ هاتوچۆ تۆکمە و گونجاوترە وەک لە جۆری پێڵاوەکانی دیکە، بە پێی ئەزمونی خۆیان دەڵێن زۆرتر بەرگەی گرتووە، لە سەرەتادا پەکەکە لە ناو تورکیادا لەو جۆرە پێڵاوانەی دەکڕی و بۆی دەهات، کاتێک میتی تورک بەمەی زانی، هات و جی پی ئێسی (GPS) خستە ناو ئەو جۆرە پێڵاوانەوە، تا هاتوچۆ و شوێن و جموجۆڵی گەریلاکان بزانێت.

میتی تورک لەم کارەی زۆر سەرکەوتوو نەبوو، چونکە زۆر جار هاوڵاتیی و خەڵکی سیڤیلیش لەو جۆرە پێڵاوانەیان دەکڕی، بۆیە دوایی بڕیاریان دا، لە رێگای دەزگای پاراستنەوە کارگەی دروستکردنی ئەو جۆرە پێڵاوانە بهێننە باشوری کوردستان، ئیستا لە هەولێر کارگەیەکی تورکی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە پێڵاوانە دانراوە، بە کەوالێتی خراپ، وەک سەرچاوەکەمان دەڵێت هەر پێڵاوێک تەنیا بەرگەی دوو مانگێک دەگرێت. ئەوانەی کار لە ناو ئەو کارگەیەدا دەکەن زۆربەیان سەر بە دەزگای میت و دەزگای پاراستنن، ئەو پێڵاوانەش لە هەموو شوێنێک نافرۆشرێت، لەو شوێنانە دەفرۆشرێت، کە دوکاندارەکان جێ بڕوای پاراستنن، وەک سەرچاوەکە دەڵێت: پێموابێت لە هەندێک کات و شوێندا کامێرا، یان مایکرۆفۆن لە دوکانەکانیشدا هەیە، لە کاتی هاتنی ئەندامێکی سەر بە پەکەکە بۆ ئەو شوێنە، دەنگەکان تۆمار دەکرێت، یان بە کامێرا دەگیرێت، دوایی دەدرێت بە پاراستن و لەوێشەوە بۆ میت دەنێردرێت. 

ئەمڕۆ چەند وڵاتێک لە ناو پێڵاودا (GPS) دادەنێن، لەوانە ئەمەریکا و کەنەدا، کە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە نەخۆشی خۆنەناسینەوە (زهایمەر)یان هەیە، یان بۆ منداڵ و کەسێک کە رێگا وندەکات و بەو هۆیەوە دەیاندۆزنەوە. جگە لەوە زۆربەی وڵاتانی دیکە بۆ کاری سیخوڕی بەکاری دەهێنێن، لە هەندێک وڵاتی ئیسلامییشدا کە پیاو تێیدا سالارە، وەکو سعودییە، قەتەر، کوێت و ئیمارات و شوێنی تر، پیاوانی دڵپیس و گومانکەر لەم جۆرە ئامێرانە (GPS) بۆ کچ و ژنەکانیان دەخەنە ناو جلوبەرگ و پێڵاو و خشلەکانیانەوە، تا چاودێرییان بکەن بزانن لە کوێن و بۆ کوێ دەچن!
هەروەها ئەم جۆرە چاودێرییانە بۆ کاری سیخوڕیش بە کار دەهێنرێت، لە رابردوودا دەزگا سیخوڕییەکان ئەم کارەیان دەکرد، بەتایبەتی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە بنی پێڵاوەکانیاندا کامێرای شاراوەیان دادەنا (کلیکی ئەو لینکە بکە)، لێ ئەمڕۆ لەبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ئیستا رێگا و تەکنیکێکی دیکە بەکار دەهێنن، واتە ئەو میتودە کۆنە بەکار ناهێنن، بەڵکو لە پاڵ شاردنەوەی ئامێر و کەرەستەی سیخوڕی لە ناو یان بنی پێڵاودا،(GPS) بەکار دەهێنن، هەروەها لە ناو گۆچان، چاویلکە، پێنووس، ... هتد زۆر شتی دیکە دادەنرێت .
ئەو هێرشانەی کە فڕۆکەکانی تورک بە تایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا کردیانە سەر قەندیل و زۆربەی ناوچەکانی دیکە، هەمووی لە رێگای ئەو جی پی ئێسانەوە بوو، چونکە دەیانزانی گەریلاکان لە کوێن و بۆ کوێ دەچن. تا ئیستا بە هۆی ئەو پێڵاوانەوە لە هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە ١٥ گەریلا گیراون، وەکو سەرچاوەکە دەڵێت، هەندێکیان دوای لێکۆڵینەوە و ئازاردانێکی زۆر تەسلیم بە میت کراون، گومانی ئەوەش دەکرێت، چەند کەسێکیان لێ شەهید کرابن. 
(کوردستانپۆست: وامان بە پێویست زانی کە لە گێڕانەوەی ئەم هەواڵەدا چەند زانیارییەک کورت بکەینەوە).
-------------------------------
- پەیامنێری کوردستانپۆست: دەتوانیت بۆمان باس بکەیت، کە سەرەتای ئەم کارە سیخوڕییەی پارتیی و دەزگای پاراستن چۆن بووە؟
- پێشتر پاراستن چاودێری چەند دوکان و بازرگانێکی دەکرد، ئەوانەی لە نزیک قەندیل، یان گوندەکانی دەوروبەری، کە دەهاتن فەردە برنج، شەکر، ئارد، یان هەر کەلوپەلێکی دیکەیان دەکڕی، ئەو کەسانەیان دەست نیشان کرد، دوایی زۆربەیان گرتن، داوایان لێکردن کە دەبێت هاریکاری پاراستن بکەن، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردن ئەگەر رازی نەبن، ئەوا یان خۆیان، یان کوڕ و کچەکانیان دەگرن و ونیان دەکەین و دەتانکوژین! زۆربەی ئەو بازرگان و دوکاندارانە رازی بوون ، کە (GPS) بخەنە ناو فەردەکانەوە، هەندێکیان بوونە سیخوڕی پاراستنیش، دەهاتن لە نزیک کۆبوونەوەی گەریلاکان جی پی ئێسەکانیان لە ژێر دەوەنێک، یان تاشەبەردێکدا دادەنا، یان هەندێک جار بە ناوی راوکردن و سەردانی کێڵگە و باخەکانیان ئەو کارەیان دەکرد، پاش ماوەیەکی کەم فڕۆکەکانی تورک پەیدا دەبوون، هەندێک جاریش خۆشیان بەر هێرشی فرۆکەکانی تورک دەکەوتن و تیادەچوون.
- ئەی چۆن ئەمە پێزانرا؟
- ماوەیەکی ویست تا پەکەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر کاتی هاتنی فڕۆکەکان و سەردانی ئەو بازرگان و گوندیانەی ئەو ناوچانە کرد، بۆیە دەستیان کەوتە روو و بەرە بەرە ئەم پلانە کاریگەری نەما!
- ئەی بۆ ئەو پێڵاوانە پێیان زانیوە؟
- بەڵێ ئەمیش لەم دواییەدا کە کاتێک چەند سیخوڕێکی پاراستنیان گرت، ئەوان دانیان بە بوونی ئەم جۆرە پێڵاوانەشدا نا، بەتایبەتی کاتێک زانیان پارتی ١٥ گەریلای لە هەولێر گرتووە، کە بە نهێنی رۆیشتبوون! ئیستا پەکەکە ئەو کەسانەی گرتووە و پارتیی داویان دەکاتەوە، ئەمانیش ئاگاداری پارتییان کردۆتەوە کە تا ئەو ئەندامانەی پەکەکە بەرەڵا نەکرێت، ئەمانیش پیاوەکانی پاراستن بەرنادەن! ئەمەش بیانوویەکی دیکەی بنەماڵەی بارزانییە، کە دەیانەوێت شەڕ بە پەکەکە بفرۆشن، گوایە ئەندامانی پارتیی لەلای پەکەکە گیراوە.
- پەیامنێری کوردستانپۆست: پێش یەک دوو مانگ راگەیاندنەکانی پارتیی، (سەرۆ قادر)یان هێنا، ئەویش کەوتە هێرشکردنە سەر پەکەکە و داوای لێکردن کە قەندیل چۆڵ بکەن! ئایا ئەمە هاوکات نییە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەو کارە سیخوڕیانەی پارتی کە دژی پەکەکە دەیکات و ئیستا باست کرد!؟ 
- نازانم تا چەند پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، رێگای پێدەچێت، هەرچەندە قسەکانی ئەو کابرایە لە ئاستێکی نزمدا بوو، بەڵام لەسەرجەمی قسەکانییدا کەم تا زۆر لەگەڵ هەڕەشەکانی پارتیی کە لە پەکەکەی دەکات، یەک دەگرنەوە،!

بەدواداچوونی کوردستانپۆست:
پێش بڕیاردان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کوردستانپۆست بەدواداچوونی لەسەر کرد و توانیمان لەگەڵ بەرپرسێکی پەکەکەدا پەیوەندیی بگرین و ئەویش هەموو زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە، هەندێک زانیاریی دیکەی پێداین، کە وتی ئەوە بۆ بڵاوکردنەوە نییە، بەڵام ئەوە بڵاوبکەنەوە، کە میتی تورک و دەزگای هەواڵگری پاراستن لەم هەوڵەشیاندا سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە ئیستا پارتیی لە ژێر فشاری تورکیادا بە ئاشکرا دەەیەوێت، شەڕمان لەگەڵدا بکات، بەڵام ئێمە لەبەر بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان خۆمان لە هەموو پێک دادانێک لاداوە، ئەگەر هەر ناچاریش بووین ئەوا دڵنیاتان دەکەینەوە، کە پارتیی تێک دەشکێنین، هەرچەندە بنەماڵەی بارزانی پشتی بە تورکیا بەستووە و ئەو سوپایەی کە هێناوێتە باشوورەوە، بۆ ئەو مەبەستەیە، بەڵام کۆتایی پارتیی لەگەڵ کۆتایی ئۆردوغاندایە، کۆتایی ئۆردوغانیش ئەگەر ئێوە نایزانن، ئێمە دەیزانین.
تێبینی:
ئەو ڤیددیۆیەی سەرەوە و ئەمەی خواریشەوە زانیارییە لەسەر چۆنێتیی دروستکردن و بوونی پێڵاوی (GPS)، پەیوەندییان بە جۆری پێڵاوی کارگەکانی تورکیاوە نییە، تەنیا بۆ زانییارییە، کە ئەو جۆرە پێڵاوانە بوونیان هەیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە