بۆ تێناگەن،كێشەی پارتی نەوشیروانە

Wednesday, 25/05/2016, 18:38

2767 بینراوە


لەوەتەی رێكەوتنی 17 مایسی نێوان یەكێتیو گۆران ئیمزا كراوە پارتی توشی هیستیریا بوە،بەراستو چەپدا ئەدات هاواروفیغانیەتی بەهیچ كەس ژیر نابێتەوە.لێدوانی سەركردەو بنكردەكانیان،وتاری قەڵەمەبەكرێگیراوەكانیان، نوسینی مناڵەورتكەی فەیسبوكەكانیان قیژەو گریانە.لەولاشەوە كەسانێكی تریش لەنوسەرو رۆشنبیران لەهەوڵی ئەوەدان سەرقەپاغی مەنجەڵەبوخارەكەی پارتی تۆزی بكەنەوە بەڵكو"تەنفیسێك"بات،نەبادا بەروی میللەتە داماوەكەمانەوە بتەقێتەوە،هەریەك لەمانە بەبیانویەكەوە ئەیانەوێ بۆ پەردەپۆشكردنی رێكەوتنامەكە دڵی پارتی بدەنەوەو تێی بگەیەنن كەوا ئەم رێكەوتنە،تەنها رێكەوتنێكی سیاسی ئاساییە،هەندێكی تریان ئەڵێن لەبەرژەوەندی پارتیدایە لەگەل حزبێكی یەكگرتودا مامەڵِە بكات لەجیاتی دو حزب،بەڵام پارتی بەمانەش دڵی ئاو ناخواتەوە، چونكە ئەو خۆی ئەزانێ كوێی یەشێت.
ماوەیەك بەر لەئێستا لەگەڵ برادەرێكی نزیك لەمەركەزی بریاری سیاسی بەغدا دانشیتبوین باسی ناكۆكیەكانی مالیكی وبارزانیمان كرد،وتم"قەناعەتم وایە مەسعود بارزانی شتێكی لەمالیكی داواكردبێت ئەویش رەتیكردبێتەوە،بۆیە ئەو  كەبەوەهم خۆی بەخوا ئەزانێت نابێ قسەی  بێتە خوارەوە،رەنگە ئەو دوژمنایەتیەی مالیكی كە خەریكبو بگاتە سەنگەر لەیەكگرتنیش پەیوەندی بەشتێكی لەم بابەتەوە هەبێت.هەموشمان بینیمان چۆن بارزانی بەدووربینێكەوە سەیری سەربازگەكانی سوپای عیراقی ئەكرد،ئەو سوپایەی بەپێی دەستوری نوسراوی دەستی بارزانییەوە هاتەوە دامەزراندن". ئەم برادەرەش هاوڕابو لەسەر ئەوەی بارزانی هیچ مانیعی نییە كێشەسیاسییەكان بە شەخسەنە بكاتو، كێشە نیشتمانیو نەتەوەییەكان بخاتە ژێرپێیەكانیەوە.
نوسەرو رۆشنبیری ناسراوی كورد لاوك كونجرینی لەوتارێكیدا لەژێرناوی " لەو دیو رێكەوتنەكەی یەكێتیو گۆڕاندا" باس لەوە دەكات" لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە ، یەکێتی و پارتی بۆ داڕشتنی کڵێشەی سیاسی هەرێم ، هاوپەیمانێتی ستراتیژیان واژوو کرد . لەیەکێک لە دانیشتنەکان قسە لەسەر ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت . بەرزانی چونکە لەوە دڵنیا بووە بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێش وەخت ئەو پێگەیە بەرئەوان دەکەوێت ، بەڕاشکاویی داوا دەکات بۆ دوو خول و هەر خولەی 20 ساڵ بێت . سەرۆکی دانوسانکاریی یەکێتی ، نەوشیروان مستەفایەو بەرپەچێکی توندی دەداتەوەو پێی دەڵێت : بۆ ئەتەوێت ببی بەخوا"؟؟!!.
ئەم قسەیە دەرخەری چەندین حەقیقەتن كە بارزانیو حزبەكەی لەدوای دووركەوتنەوەی نەوشیروان مستەفا لەیەكێتیو بەغیابی ئەمدواییەی مام جەلالیشەوە بەفیعلی كاریان بۆ ئەوە كردووە كەوا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ 40 ساڵی تر بۆ خۆیان بێت، هەڵبەت دوای ئەویش بەویراسە بیگوێزنەوە بۆ رۆڵەو نەوەكانیان،كەواتە پرسیارەكەی كاك نەوە زۆر لەجێی خۆی بو كە بارزانی بەراستی ئەیەوێ ببێ بەخوا..خۆ ئیستا پارتی لەلای خۆیانەوە بارزانی بەخوا ئەزانن، تەنها ماوە مەراسیمی رەسمی خواندایەتی بۆ رێكبخەنو تاجی شاهانشاهانەی بەسەر بنێن!!.
تەنها كەسێك تاقەتو قودرەتی هەبێت لەبەرامبەر سیستەمی بەسوڵتانیكردنی بارزانی بوەستێت و خەونەكانی پوچەڵبكاتەوە كاك نەوشیروانە،چونكە بە تەجروبە بۆمان دەركەوت یەكێتی بە هۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانیەوە بەغیابی مام جەلالیشەوە نەیتوانی رێگا لەبەدیكتاتۆرییەت بردنی هەرێم بگرێ،راستە یەكێتی هەندێجار لەپەرۆشی بۆ تازەنەبونەوەی شەڕی براكوژی ولەبەرژەوەندی میللەتەكەی سازشی زۆری بۆ پارتی كرد كە ئەمەش بەزیان كەوتەوە سەری وەكو لە 30 حوزەیراندا بینیمان،بەڵام بێدەنگیەكەی وای لەپارتی كرد خۆی بەمشێوەیە نمایش بكات ئەمەشیان بەزیانی میللەت كەوتەوە،بۆیە ئێستا كاك نەوە بۆتە دوژمنی بابەگەورەی پارتیو بەیەكگرتنەوەشی لەگەڵ یەكێتیدا پارتی باشئەزانێت ئەمە كۆتای خەونەكانی بارزانییە.
بزوتنەوەی كاكە نەوە،بزوەتنەوەیەكی سیاسی بێ چەكدار بو،لەگەڵ ئەوەشدا  توانی عەرشی بارزانی بهەژێنێت، لەپەرلەماندا شەری سەختی داكۆكیكردن لەمیللەتەكەی كرد،بەپرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیو نوسینەوەی دەستورێكی نوێو مكوربونی لەسەر گۆرینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی خواستی تاكڕەوی و دیكتاتۆریەتی پارتی لەبنەوە هەڵتەكاند،ئێستاش بزوتنەوەكەی خەریكە لەگەڵ یەكێتیدا یەكئەگرنەوە، ئەگەر ئەمە سەربگرێ،هێزێكی چەكداری تۆكمەوكاریگەری پڕئەزمون ئەكەوێتە بەردەستی كاك نەوشیروانەوە،پارتیش لەوە تۆقی چوە،جگە لەوەش بەم یەكگرتنەوەیە پارتی ئەبێتە حزبی كەمینەی پەرلەمانی،ئیدی بۆی ناچێتەسەر بریاری چارەنوسساز بۆ خۆی قورخبكات.
پێموایە ئەگەر هەر 37 حزبەكەی كوردستان بە هێزە رەسەنو چڵكاوخۆرەكانیشەوە یەكیان بگرتایە پارتی ئەوەننە پێی قەڵس نەئەبو،بەمەرجێك بەسەرۆكایەتی نەوشیروان نەبێت، كاتێك باس لەوەش ئەكرێت چەند حزبێكی تریش ئەیانەوێ بێنە ناو  بەرەی یەكێتیو گۆڕانەوە، یا هەر نەبێ لەئیئتلافی فراكسیۆنەكەدا هاوكارو هاوهەڵوێست بن،جا بۆت دەرئەكەوێ چ كارەساتو رۆژێكی رەش چاوەرێی پارتی ئەكات. بۆیە پێشتریش وتومە پارتی بەهیچ شێوەیەك بەم وەزعە رازی نابێت، تا بەیانی یاسینی بۆ بخوێنە دڵی ئارام نابێتەوە،ناچار لەكۆتاییدا هەر بەرەو دو ئیدارەییمان ئەبات،چونكە ئەو لەگەڵ ئەم وەزعە تازەیە ناگونجێتو ئەمكارەی پێ هەزمناكرێت،پارتی وەكو خۆی نەخشەی بۆ داناوە ئەگەر لەسەر ئەرزی دو گوندیش بێت حوكمرانی دیكتاتۆریانەی خۆی ئەچەسپێنێ بەتایبەت هەندێ كەس بریاریانداوە وەكو كۆیلە خزمەتكاری ئەم دیكتاتۆرە بن،با ئەمانەش موبارەكی ئەو بن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە