کۆبانێ له‌ خۆڵه‌مێشه‌که‌یدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌

Tuesday, 06.28.2016, 23:45

2927 بینراوە


نووسینی: پۆڵات جان...
وه‌رگێڕانی/ ئه‌سعه‌د شاوری
له‌ به‌ره‌به‌یانی 25ی حوزه‌یرانی ساڵی ڕابردوو، خه‌ڵکی کۆبانێ ده‌ستیاکرد به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌ لێقه‌وماوه‌که‌یان، که‌ به‌سه‌ر قه‌سابخانه‌یه‌کی سه‌یردا که‌وتن، که‌ بوه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی سه‌دان هاوڵاتی ئاوه‌ره‌بوو له‌ ژن و پیاو و منداڵ و پیر، وه‌ برینداربوونی سه‌دانی دیکه‌، که‌ ویستیان ئه‌م کاره‌ساته‌ بخه‌نه‌ ناو قوڵایی یاده‌وه‌ری خه‌ڵکی کۆبانێ‌ له‌ ڕێگای ده‌ستێکی ره‌شه‌وه‌ هه‌رچی خۆشییه‌کانی سه‌رکه‌وتن هه‌یه‌، لێیان بستێننه‌وه‌. به‌ڵام خه‌یاڵ پڵاو خۆیان... به‌بۆنه‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ خه‌مباره‌وه‌ یادی شه‌هیدانی سڤیل و قوربانیانی 25ی حوزه‌یران به‌رز ڕاده‌گرین و له‌ به‌رامبه‌ر گیانی پاکیان راده‌وه‌ستین و پرسه‌ی خۆمان ئاڕاسته‌ی خه‌ڵکی ڕۆژئاوا به‌ گشتی و کۆبانێ به‌ تایبه‌ت ده‌که‌ین.
لێره‌وه‌ ده‌پرسین کۆبانێ بۆچی؟ کۆبانێ یه‌کێک بوو له‌و شاره‌ گۆشه‌گیرکراوانه‌ی که‌ ئاگر و بڵێسه‌ی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و وه‌حشیگه‌رانه‌ کردبووی به‌ شارێکی پشگوێخراو و نه‌ناسراو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌وره‌کانیدا بوو به‌ مانشێتی گه‌وره‌ی ڕۆژنامه‌ جیهانییه‌کان و هه‌واڵی یه‌که‌م له‌ ئاژانسه‌ گه‌وره‌کان و بازیدا بۆ ئاستێک که‌ له‌ پێشبینی که‌سماندا نه‌بوو. جگه‌له‌ به‌شداری کۆبانێ و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و ڕۆڵی له‌ شۆڕشی ڕۆژئاوادا که‌ به‌ به‌ربه‌ستکردن و تێکشکاندنی داعش به‌ ساده‌ترین چه‌ک و پێداویستی به‌رده‌ست ده‌ستیپێکرد و، دواتر بوو به‌ یه‌که‌مین شار که‌ توانی هێرشی داعش وه‌ک گه‌وره‌ترین ڕێکخراوی تیرۆرستی ڕابگرێت له‌ کاتێکدا سوپای ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ به‌رگریکاره‌کانی دیکه‌ تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵوه‌شابوونه‌وه‌ و شکستیان هێنابوو له‌ به‌رامبه‌ر داعشدا. له‌ هاوینی ساڵی 2014دا ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش وه‌کو ئاگری ناو پوش به‌ هه‌موو لایه‌کدا له‌ عێڕاق و سوریا ته‌شه‌نه‌ی کرد، به‌ جۆرێک شار له‌ دوای شاری ده‌خستنه‌ ژێر ڕێکفی خۆی. یه‌ک له‌ دوای یه‌ک فه‌یله‌ق و فیرقه‌ سه‌ربازییه‌کانیان له‌ هه‌مبه‌ر دڕنده‌یی داعشدا وه‌کو خوێی ناو ئاو ده‌توانه‌وه‌، به‌ جۆرێک هه‌مووان جۆرێک له‌ گومانیان بۆ دروست بووبوو که‌ هه‌یمه‌نه‌ی داعش هه‌روا به‌ سانایی له‌ به‌ین ببرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستێکی نادیار له‌ پشت هاوکاری و پشتگیری ئه‌و هێزه‌ تاریکپه‌رسته‌وه‌ بوو بۆئه‌وه‌ی کۆبانی بکاته‌ شه‌نگالێکی دیکه‌.
زۆربه‌یان ئه‌و بڕوایه‌یان له‌لا دروستبوو که‌ کۆبانێ و خه‌ڵکه‌که‌یی و شه‌ڕڤانه‌کانی جیاواز نابن له‌ موصڵ و رومادی و ڕه‌قه‌ و دێره‌لزور و ئه‌و شار و ناوچانه‌ی دیکه‌ که‌ که‌وتنه‌ ژێڕ ڕکێفی داعش، به‌ڵام کۆبانێ ئه‌وه‌ی بۆ دونیا سه‌لاماند که‌ هیچ تاکێکی ئه‌و شاره‌ ئاماده‌ نییه‌ ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ک چرکه‌ش له‌ژێر په‌رچه‌می ڕه‌شی ده‌وڵه‌تی درۆینه‌یی ئیسلامیدا بژێت، ئه‌مه‌ش زیاتر ڕوون بوویه‌وه‌ کاتێک شه‌ڕڤانان ته‌نها چاره‌گێکی شاره‌که‌یان له‌ به‌رده‌ستدا مابوو، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌ به‌رگیکردن لێی و مردن له‌ پێناویدا.
ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رۆکی هه‌ندێک ده‌وڵه‌تی ده‌وروبه‌ر دڵخۆش بوون به‌ که‌وتنی کۆبانێ و ئه‌و واته‌یان ده‌گو‌ته‌وه‌ که‌ گوایا "کۆبانێ که‌وت و ده‌که‌وێت"، وه‌هه‌ندێکی دیکه‌ ده‌یانگووت "هیوایه‌ک بۆ کۆبانێ نه‌ماوه‌ و وه‌ هیچ ڕه‌هه‌ندێکی ستراتیژی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا نیه‌". له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ندێکی دیکه‌ وایان گوزارشت ده‌کرد که‌ "گرنگ نیه‌ کۆبانێ بکه‌وێت یان نا چونکه‌ چه‌ندان شاری دیکه‌ی کوردی هێشتا به‌ پێوه‌ ماون و که‌وتنی ئه‌و شاره‌ش‌ کۆتایی مێژوو نیه‌". وه‌ به‌شێکی دیکه له‌ نه‌یاران‌ ئه‌وه‌یان وه‌کو ده‌رفه‌تێک بۆ تێکشکاندنی شه‌ڕڤانان و له‌به‌ینبردنیان ده‌بینی. وه‌ هه‌ندێکی دیکه‌یان ئه‌وه‌یان وه‌ک هه‌لێک ته‌ماشا ده‌کرد بۆ پاکتاوی کۆمه‌ڵێک کۆنه‌ قینی به‌رته‌سک و سه‌پاندنی هه‌ندێک مه‌رج به‌سه‌ر شه‌ڕڤانان و ئیراده‌ی خه‌ڵکی ڕۆژئاوادا، دواجار کۆبانێ جه‌نگا و نه‌که‌وت، به‌ڵام تێڕوانینی سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌یارانه‌ کورتیان هێنا.
به‌رخودانی کچه‌ شه‌ڕڤانه‌کانی کۆبانێ و قوربانیدانی بێ وێنه‌ی کوڕانی جه‌سوری ڕۆژئاوا، میدیا جیهانییه‌کانیان هه‌ژاند، له‌ دوای ئه‌مه‌وه‌ خۆپیشاندان له‌ چه‌ندین وڵات و شاری دونیادا بۆ پشتگیری له‌ کۆبانێ و دۆزه‌ ڕه‌واکه‌ی به‌ڕێوه‌چوون، وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ک هێزێکی کارا بۆ به‌رگریکردن له‌ کۆبانێ هاته‌ سه‌ر خه‌ت. گه‌لانی ئازادیخواز به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی و گه‌لی کورد به‌ تایبه‌تی هاتوه‌کو ئازادکردنی شاره‌که‌ له‌ 26ی کانوونی دووه‌می 2015، ئاوڕێکی جددیان له‌ کۆبانێ و به‌رگریکردن له‌و شاره‌ دایه‌وه‌، ئه‌م ڕیزه‌ سه‌رکه‌وتنه‌ به‌دوای یه‌کتریدا، به‌ تایبه‌ت سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند، که‌ تێکشکاندنی داعش هێنده‌ ئه‌سته‌م نیه‌.
کۆبانێ وه‌رچه‌رخا بۆ‌ قوتابخانه‌ی به‌رگری و سه‌رکه‌وتن و بووبه‌ به‌ناوبانگترین شاری دونیا، کۆبانێ بوو به‌ پاڵنه‌ر بۆ گۆڕینی دۆزی کورد له‌ کوردستان به‌ گشتی و ڕۆژئاوا به‌ تایبه‌تی بۆ پرسێکی جیهانی و بوارێکی گه‌وره‌ی فه‌راهه‌مکرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی و هاوسۆزی نێوده‌وڵه‌تی. کۆبانێ شکستی به‌و سیاسه‌تانه‌ هێنا که‌ گه‌لی کورد و ڕژئاوایان به‌ ئامانج گرتبوو.
کۆبانێ ڕۆڵی هه‌بوو له‌ یه‌کخستنی کورد و نزیککردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان به‌ چه‌ک و خوێن و دڵ له‌ یه‌کتری. کۆبانێ گه‌لی سوریا و یه‌کینه‌ دیموکرات و ئازادیخوازه‌کانی یه‌کخست و، ئه‌مه‌ش بوو به‌ وانه‌یه‌ک که‌ تیرۆر و هێزه‌ ئاینییه‌ توندڕه‌وه‌کان هیچ ئاینده‌یه‌کیان بۆ نیه‌. کۆبانێ شکستی به‌ پیلانه‌کانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ هێنا که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک چووبوونه‌ به‌ره‌ی به‌رگریکردن له‌ داعش به‌ ئامانجی له‌باربردنی ئه‌زموونی دیموکراسی ڕۆژئاوا.
سه‌رکه‌وتنه‌کانی کۆبانێ کێچی خستبۆ ناو که‌وڵی هه‌ندێک لایه‌ن و به‌ره‌ی دواکه‌توو که‌ به‌په‌له‌ بوون له‌ که‌وتنی و دواجار جگه‌ له‌ خه‌جاڵه‌تی هیچی دیکه‌یان بۆ نه‌مایه‌وه‌، کۆبانێ بوو به‌ هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رکه‌وتنی گه‌لی کورد له‌ باوکری کوردستان (تورکیا) وه‌ سه‌رکه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی حوزه‌یرانی 2015، ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی کورد ئاکه‌په‌ی بێبه‌شکرد له‌ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و بوو به‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م خه‌ونه‌کانی بۆ بوون به‌ سوڵتانێکی نوێی عوسمانیی. به‌تایبه‌ت ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا بوو به‌ پشتیوانییه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی و ستراتیژی دیکه‌ی کورد به‌سه‌ر داعش و سیاسه‌ته‌کانی تورکیادا، ئه‌وه‌ش به‌ ئازادکردنی (گرێ سپی)شه‌وه‌ له‌ 15ی حوزه‌یرانی 2015، که‌ شاده‌ماری بازرگانی و لۆجستی ڕه‌قه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا. ئه‌وه‌ش واتای یه‌کخستنی کانتۆنه‌کانی و جه‌زیره‌ی ده‌گه‌یاند، ئه‌مه‌ش گرفتی گه‌وره‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و داعش دروستکرد. هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆکاری نه‌گبه‌تی زۆر بوون بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی دژی کۆبانێ وه‌ستابوونه‌وه‌.
ئامانج له‌ کوشتارگه‌ی 25ی حوزه‌یران چیبوو؟
وه‌ک وتمان زۆرێک له‌ لایه‌نه‌کان به‌ چاوی ڕق و کینه‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ کۆبانێ، وه‌ ده‌بوو ئه‌و باجه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ک کۆمه‌ڵێک هۆکار بوونیان هه‌یه‌ و هه‌ندێکیان باس ده‌که‌ین، له‌وانه‌:-
یه‌که‌م: تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ کۆبانێ و وای کرد داعش هه‌رچییه‌کی کردبێت هه‌وڵبدات باجی سه‌رکوتنه‌کانی شه‌رڤانان له‌ کۆبانێ بستێنێته‌وه‌
دووه‌م: بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و بیم له‌ ناو دانیشتوانی گه‌لی کۆبانێ و ترساندنی گه‌ل که‌ ڕۆژانه‌ ڕێچکه‌یان به‌ستبوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و زێدی خۆیان.
سێیه‌م: پاڵنانی خه‌ڵکه‌که‌ بۆ دووباره‌ جێهێشتنه‌وه‌ی زێد و شوێنی خۆیان، وه‌ هاندانیان بۆ کۆچپێکردن و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ شاره‌که‌ که‌ چاره‌نووسیان به‌ ده‌ردی (ئالانی کۆبانێ) بچێت.
چواره‌م: هێرشه‌که‌ جۆرێک بوو له‌ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل و ناوبانگیان که‌ گوایا توانای پاراستنی خه‌ڵکی سڤیلی شاره‌که‌یان نیه‌، وه‌ دروسکردنی جۆرێک له‌ بێمتمانه‌یی به‌و هێزه‌ له‌لای گه‌لی کورد و خه‌ڵکی سوریا.
پێنجه‌م: لێدان له‌و په‌یوه‌ندییه‌ تۆکمه‌ی که‌ له‌ نێوان یه‌کینه‌کان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا دروست بووبوو، وه‌ ده‌رخستنی ئه‌و یه‌کینانه‌ به‌وه‌ی که‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ نین ببن به‌ هاوکار له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵی و ڕۆژئاوا بۆ شه‌ڕی دژی داعش.
شه‌شه‌م: تۆڵه‌کردنه‌وه‌کردنه‌وه‌ بوو له‌ گه‌لی کورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران و بێبه‌شکردنی سولتانه‌ نوێکه‌ی عوسمانی له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانی که‌ سه‌رقاڵی به‌دیهێنانیان بوو. که‌ سوڵتان باش ده‌رکی به‌و راستییه‌ کردبو ،که‌ ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مێژووییانه‌ ته‌نیا پاراستنی کۆبانێ نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌ دیوێکی دیکه‌دا به‌رزکردنه‌وه‌ی لایه‌نی ده‌روونی تاکی کورده‌ له‌ هه‌ر کوێیوکی دونیادا بێت.
حه‌وته‌م: دووباره‌ هه‌وڵدان بۆ داگیرکردنی‌ کۆبانێ، ئه‌مه‌ش له‌ پلان و چۆنیه‌تی هێرشی داعشدا ئاشکرا بوو کاتێک له‌ به‌ره‌ی باشور (صرین) و ڕۆژئاوا (جرابس ومنبج) له‌ ڕێگه‌ی ڕووباره‌وه‌.
هه‌شته‌م: ئه‌وه‌ جۆرێک بوو له‌ تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه‌ له‌ هه‌موو شتێکی کۆبانێ، تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی، منداڵه‌کانی، پیره‌کانی، ژنه‌کان و گه‌نجه‌کانی. تۆڵه‌کردنه‌وه‌ بوو له‌ گه‌لێک که‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌تیکرده‌وه‌ بۆ چرکه‌یه‌کیش له‌ ژێر ئاڵای داعشدا بژێت.ئه‌و گه‌له‌ی که‌ ژیانی له‌ژێر تۆپبارانی فرۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان و ژێر سه‌قفی روخاوی خانوه‌ وێرانه‌کانی به‌ شایسته‌تر ده‌زانی له‌ ژیانی ناو خانوو و نوایه‌کی ساغی ژێرده‌ستی داعش .ئه‌و گه‌له‌ی که‌ هه‌زار شه‌هید و سه‌دان بریبداری دا،له‌ ڕێی به‌رگریکردن له‌ خاک و که‌رامه‌تی خۆی،ئه‌و گه‌له‌ی که‌ شاره‌ لێقه‌وماوه‌که‌ی خۆیان به‌ ده‌ستو بازووی خۆیان ئازاد کرد،تاکو له‌ په‌نای دیواره‌ وێرانبووه‌کانیدا به‌ ئه‌وپه‌ری قه‌ناعه‌ته‌وه‌بحه‌وێنه‌وه‌.ده‌ره‌نجامی ئه‌م کوشتارگه‌ وه‌حشیگه‌رانه‌یه‌ی داعش ،پرۆسه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ی دڕندانه‌ بوو که‌ له‌ لایه‌ن بیرێکی هه‌واڵگریی سته‌مکاره‌وه‌ پشتگیری ده‌کرا.
کوشتارگه‌ی 25ی حوزه‌یران؛ کوشتارگه‌یه‌ک بوو بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ و کۆمه‌ڵکوژی دژ به‌ گه‌لی کورد و، دوورخستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی سڤیل له‌ کۆبانێ، که‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ جینۆساید دژی گه‌له‌که‌مان، له‌ ڕوانگه‌ی جه‌نگ دژ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌. ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ به‌ شه‌ڕێکی کوێرانه‌ ده‌ژمێردرێت که‌ له‌ سوریادا دژ به‌ گه‌لی کورد ئه‌نجام دراوه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌ باشوریش دژ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کراوه‌، کۆمه‌ڵکوژی کۆبانێ برینه‌کانی شه‌نگالی نوێکرده‌وه‌‌، کوشتارگه‌که‌ کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ زۆر ئاستدا به‌سه‌ر خه‌ڵکی کۆبانێدا به‌جێهێشت.
سه‌ره‌ڕای کاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌کانی ئه‌م کوشتارگه‌یه‌ نه‌بووه‌ هۆی لاوازکردنی ئیراده‌ی کورد، هه‌روه‌ک چۆن نه‌شبوه‌ هۆی ساردکردنه‌وه‌ی یه‌کینه‌کان له‌ پاراستنی کۆی ناوچه‌که‌ له‌ مه‌ترسی تیرۆر و دورخستنه‌وه‌یان له‌ سنوری کۆبانێ و ڕۆژئاوا به‌ گشتی. هه‌روه‌ها نه‌بوو به‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کۆبانێ بۆ زێدی خۆیان و سه‌ر موڵک و ماڵیان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌یان. کوشتارگه‌یه‌ وانه‌یه‌کی تونده‌ بۆ هه‌مووان، وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ حکومه‌ته‌ لۆکاڵی و لا‌یه‌نه‌ ئه‌منی و یه‌کینه‌کان و کۆی هاوڵاتیان که‌ غافڵگیر نه‌بن، هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا بن و، ئاماده‌کاری بکه‌ن بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراوی هاوشێوه‌ی کوشتارگه‌که‌. له‌ کۆتاییدا پێویسته‌ بڵێین هه‌ر شاری گه‌وره‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی کاره‌ساتی گه‌وره‌ش ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ک سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر ڕووداو و ئازاری گه‌وره‌ بونیاد ده‌نرێت، وه‌ک چۆن قه‌قنه‌سێکی نه‌مر له‌ خۆڵه‌مێشی سوتانی خۆیدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)