نهێنیەکانی جەنگی جیهانی یەکەم - بەشی دووەم

Sunday, 03/07/2016, 19:42

7929 بینراوە


گەڕانەوە بە مێژودا بۆ راستیو دروستی ڕوداوەکان.
جەنگی جیهانی یەک و دەوری وڵاتەکان بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر دەوڵەمەند بکەم بە مێژودا دەگەڕێمەوە بۆ دواوە بۆ ساڵی ١٨٧٠.
لەوکاتەدا فەڕەنسا  جەنگی ڕاگەیاند بەرامبەر بە پروسیا ( بەڵێ باشی دەخوێنیتەوە فەڕەنسا جەنگی راگەیاند بەرامبەر بروسیا نەک بە پێچەوانەوە پروسیا جەنگی ڕاگەیاندبێت) .
لەبەر ئەوەی شازادەیەکی پروسیا خۆی کاندید کردبوو بۆ ئەوەی ببێتە پاشای ئیسپانیا. فەڕەنسا داوای کردن لە پاشای پروسیا ئەم کارە هەڵبوەشێنێتەوە و لای فەڕەنسا ئەمە کاریکی نەخوازراوە. پاش ئەم داواکاریە پاشای پریسیا گوێ رایەڵی داواکەی فەڕەنسا بوو، ناپلیۆنی سێ داوای کرد کە پاشای پروسیا دەبێت پەیمان بدات کە هەرگیز شازادەی پرسویا نەخرێتە سەر تەخت لە ئیسپانیا.
ئەمەش داواکاریەک بوو کە پاشا نەیدەتوانی ئەم پەیمانە بدات، ئەمە بوە هۆی ئەوەی فەڕەنسا جەنگی ڕاگەیاند دژ بە پروسیا. ئەمەش باشتر دەبوو فەڕەنسا ئەم کارەی نەکردایە، لە چەند جەنگێکی مەیدانیدا فەڕەنسایان کرد بە قیمەی ناو تاوە  و لە هەموو بەرەکانی جەنگدا فەڕەنسا دۆڕا ئەمەش بوە هۆی ئەوەی قەیسەر ناپلیۆنی سێ دەستگیر بکرێت، چەند ساڵێک دوای ئەوەی بە زیندانی گیرا لە دەرەوەی وڵات گیانی لەدەست دا.
چی هەبوو لەوەش خراپتر ؟ لە هۆڵی ئاوێنە کە بە (verspiegelte Raum ) لە فێرسایلس  دەوڵەتی ئەڵمانیا ڕەگەیندرا بە ناوی (Duitse Rijk ) پاشای پرسیا ویڵهێلم کرا بە قەیسەر لەو دەوڵەتەدا. پاش ڕاگەیاندنی ئەم دەوڵەتە ئەڵمانیا پارێزگای (Elzas Lotharingen)  داگیرکردبوو ، کە چەند سەدەیەک پیشتر لە لایەن فەڕەنسا وە داگیر کرابوو خستیەوە سەر ئەڵمانیا.
 تێبینی: ئەو وێنەیەی سەرەوە ناوی هۆڵی ئاوێنەییە، کە لە لایەن دەوڵەتی ئەڵمانیاوە لەسەر دەستی  (Bismarck) جەند ڕێکەوتننامەیەکی نهێنی ئیمزا کرا لەگەڵ ڕوسیا، نەمسا و هەنگاریا، بەمەش بلۆکێکی ئەوروپی دروست کرد و ئەمەش هێندە بەهێز بوو هیچ کەس تونای ئەوەی نەبوو بیر لەوە بکاتەوە هێرش بکاتە سەر ئەم وڵاتە.
پاش جەنگی فەڕەنسا و پروسیا ، (Bismarck) پلانێکی دانا کە فەڕەنسا وەک سوپەر هێز لە پەلوپۆ بخرێت و چواردەوریشی لێ گیرا بوو. ئەڵمانیا ویستی بەم ڕێکەوتنە نهێنیانە ڕێگا لە فەڕەنسا بگرێت و هیچ کات فەڕەنسا نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەڵمانیا.
بەم شێوە بیس مارک توانی تا رادەیەک سەرکەوتوو بێت بەڵام هیچ کەس بۆ هەتا هەتایە ناژی.. ئەم ڕێکەوتننامەنی بیس مارک زۆر زیرەکانە بوو، بەڵام دەیانزانی هەر ڕۆژێک بێت ئەم نهێنیانە ئاشکرا دەبێت ، لەڕاستیدا نهێنیەکان ئاشکرا کران، پاش شەڕێک لە گەڵ قەیسەری ئەڵمانیا  ویڵهێڵم دوو ، ئەم کابرایە ڕێکەوتنەکەی ئاشکرا کردو گوتی بیس مارک تاکڕەوانە بڕیار دەدات.  هات لە پشتەوە دژایەتی کرد وو نهێنیەکانی دەوڵەتی درکاند. ئەمەش وای کرد پاش  بیس مارک ئەم ڕێکەوتنە لەگەڵ روسیادا لە لایەن کاپریڤی نوێ نەکرایەوە. قەیسەر نەیتوانی پشتگیری ئەم ڕێکەوتننامەیە بکات لەبەر ئەوەی چەند شتێک هەبوو لە ناو ڕێکەوتننامە نهێنیەکە دژی ئەو ڕێکەوتنانە بون کە لەگەڵ نەمساو هەنگاریادا هەبوون.
 بیس مارک پەیمانی دابوە ڕوسیا ئەگەر روسیا ئەوناوچانە کە بە ناوی کلیکی دەرییای تورک ناسراوە داگیری بکات ئەوا ئەڵمانیا بێ لایەنی هەڵدەبژێرێت و بێ دەنگ دەبێت بەرامبەر بەو داگیرکاریە. ئەمەش ئەو بەشە نهێنیە بوو کە لە ڕێکەوتننامەی نەمساو هەنگاریادا پێچەوانەی ئەمە نوسرابوو.
بیس مارک خۆی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەم باسە نەبوو،  ڕوسیا بە نیازە  بەشذێکی تورکیا داگیر بکات یان نا ئەمە هیچ گرنگیەکی بۆ بیس مارک نەبوو. بیسمارک دەیگوت هەرکات باس هاتە سەر ئەوەی کە ڕوسیا بەشێکی تورکیای داگیر کرد ئەوا ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت، بە پێچەوانەوە کاپریفی زۆر پابەندی ڕێکەوتننامەکەی نێوان ئەڵمانیا ونەمساو هەنگاریا بوو، وە زۆر لەوە دەترسا کە روسیا بەم ڕێکەوتننامەیە ئەڵمانیا بخاتە ژێر هەڕەشەو فشارەوە، ئەمەش وای دەکرد کە ئەڵمانیا توشی کێشەی گەورە ببێت لە ناوچەکەدا.
پاش ئەوەی کە فەڕەنسا بەمەی زانی و بیستی کە ڕێکەوتنی نهێنی ئەڵمانیا وڕوسیا هەڵوەشاوەتەوە خێرا کەوتە خۆی محاولەی ئەوەی کرد کە لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکەوتننامە ئیمزا بکات. لە ساڵی ١٨٩٣ دا فەڕەنسا توانی ڕێکەوتننامەیەکی نهێنی ئیمزا بکات لەگەڵ ڕوسیا ئەم ڕێکەوتنەش دژ بە ئەڵمانیا بوو. ئەم ڕێکەوتنە سەربازیە ڕێکەوتنێکی زۆر گەورە و ترسناک بوو وەک لە نەخشەکەی خوارەوەدا دەیبینیت.

ڕوسیا ، فەڕەنسا بەریتانیا، دژ بە بەرەی ئەڵمانیا، نەمسا و هەنگاریا لەگەڵ ئیتاڵیا.
 

ئەمەش تەوازنی هێزەکانی بە تەواوتی گۆڕی و نەخشەی ئەوروپا لە روی سەربازیەوە بە تەواوەتی گۆرانی بەسەردا هات. لە بواری سیاسیدا جێگای سەرسوڕمانە کە ئەڵمانیا ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕوسیا تازە نەکردەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی ئەڵمانیا ویستی ڕاستگۆ بێت لەگەڵ نەمساو هەنگاریدا. تازە نەکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ روسیا وای کرد فەڕەنسا لە گۆشەگیری دەربچێت، ئەمەش بوە هۆی شکست هێنانی پلانەکەی بیس مارک کە گرنگیەکی زۆری هەبوو لەوکاتەدا. فەڕەنسا بوەوە بە وڵاتە زل هێزەکەی جاران و دوبارە هاتەوە گۆڕەپانی سیاسی لە دونیادا.
بەڵام زیاتر لەوە لە ئارادا بوو بۆ فەڕەنسا، چۆن؟
فەڕەنسا دەیویست پارێزگای ئێزاس (Elzas Lotharingen)   بگێڕێتەوە سەر فەڕەنسا، بەڵام بە هێز نەیدەتوانی ئەم کارە بکات دژ بە ئەڵمانیا، ئەمەش وای کرد فەڕەنسا داوا لە روسیا بکات کە یارمەتی سەربازی بدات بۆ گێڕانەوەی ئەو پارێزگایە.. بەڵام ڕوسیا ماوەیەکی زۆر هاوپەیمانی ئەڵمانیا بوە ئایا دەیەوێت لەگەڵ کۆنە هاوپەیمانێک بکەوێتە جەنگەوە؟

ڕوسیا دوو خاڵی هەبوو :
- یەکەم لە روانگەی ڕوسیاوە وڵاتانی باڵکان جێگای ویستی ڕوسیا بوو، وە وڵاتانی باڵکانی دەبینی وەک باخچەی پشت ماڵی خۆی. نەمساو و هەنگاریاش هەمان بۆچونیان هەبوو لەسەر وڵاتانی باڵاکان. ڕوسیا دەیزانی ئەگەر روسیا شتێک بکات لە باڵکان بۆی هەیە نەمساو ئەڵمانیا لەگەڵ هەنگاریە پێکەوە دژیەتی بکەن.
- خاڵی دووەم بۆ ڕوسیا ئەوە بوو پاش جەنگی کریم لە ساڵی ١٨٥٦ ئەگەر کەشتیەکانی روسیا بیانویستایە بچنە دەریای ناوەڕاست دەبوو بە دەریای ڕەش و کلکە دەریاکانی تورکیادا تێپەڕێت بەمەش هێزی دەریای ڕوسی قوفڵ دەبوو لە دەریای ڕەشدا. ئەوەش زانراوبوو لە ڕوسیا کاتی جەنگی ڕوسیا و یابان لە ساڵی ١٩٠٤ دا هێزی دەریای ڕوسیا دەبوو دەورانێکی زۆر بکات تا بگاتە یابان لەبەر ئەوەی کە ڕێگای دەریای ناوەڕاستی لی گیرابوو. ئەمەش وای کرد روسیا خوازیاری ئەوە بێت کە گۆڕانکاری بەسەر ئەوەدا بهێنێت کە هێزی دەریای ققفڵ ببێت بۆ جارێکی تر. بۆ ئەم کارەش ڕسیا پیوسیتی بە زل هێزێک بوو بۆ پشتیوانی کردن، لە کاتی ئیمزا کردنی ڕێکەوتنەکەدا خاڵێکیان ئەوە بوە کە فەڕەنسا ئامادە بێت یارمەتی روسیا بدات کە کاتی ئەوە هات ڕوسیا داوای یارمەتی لە فەڕەنسا کرد.
ئێستا ڕوون بوەوە کە روسیا بۆچی دەیەوێت یارمەتی فەڕەنسا بدات..
ئێستا بینیمان چۆن دوو زل هێز هێزێکی تازەیان دروست کرد لە دوو لای جیاوازەوە ڕۆژهەڵات ڕوسیا ڕۆژ ئاوا فەڕەنسا. لە ناوەڕساتدا ئەڵمانیا لەگەڵ نەمساو هەنگاریا. لەملاشەوە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بە وردی چاودێری گۆرانکاریەکانی دەکرد.
لە لایەک فەڕەنسا ئەڵمانیای وەک دوژمنی دەرەجە یەک لە قەڵەم دەداو لە لایەکی تر ڕوسیا نەمساو هەنگاریای وەک دوژمنی دەرەجە یەک لە قەڵەم دەدا.
شەڕ لەبەینی هەردوان لەم هێزانە بۆ نمونە ڕوسیا و نەمسا، ئەو ئۆتۆماتیکی دەبوو شەڕ لە نێوان دوو بلۆکی ڕوسیا فەڕەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا نەمسا و هەنگاری.
مەدالیای سێ هاوپەیمانەکە
 
مەدالیای سێ هاوپەیمانەکە بە وێنەی ویڵهێڵم دوو، ئومبێرتۆ یەک، فرانز جۆسیف یەک
ئیتاڵیا لە بەشی خواروی ئەوروپا هەستی بە ترس دەکرد بەرامبەر بە فەڕەنسا لە کاتێکدا چاویشی بڕیبوە باکوری ئەفریقا کە فەڕەنسا داگیری کردبوو. ئەمەش وای کرد ئیتاڵیاش بچیتە پاڵ ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا.  ئەوەش لە ساڵی ١٨٨٢ دا بوو بۆیە ناوبران بە سێ یەنەکە.
بەڵام پاش ئەوەی گرژیەکانی نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا ڕویان لە کەمی کرد لە ساڵی ١٩٠٢دا فەڕەنسا توانی بە قسەی خۆش پەیمان لەسەر دابەش کردنی ناوچەکانی باکوری ئەفریقا ، بەو پەیمانە ئیتاڵیا ڕازی بکات لە ژێرەوە پەیمانێکی نهێنی لەگەڵ ببەستێت. ئەمەش دژی ئەو ڕێکەوتنانمەیە بوو کە لە نێوان ئەڵمانیاو نەمساو هەنگاریادا هەبوو کە بە ڕێکەوتنی سێ لایەن ناودەبرا. واتە ئیتاڵیا لە دوو سێوی دەخوارد لە هەمان کاتددا.
بۆ فەڕەنسا گرنگی ئەم ڕێکەوتنە ئەوە بوولە کاتی جەنگدا دژ بە ئەڵمانیا، فەڕەنسا پیویستی بەوە نەبێت سنورەکانی ئیتاڵیا پڕ سەرباز بکات و هەموو سەربازەکان بخاتە خزمەتی ئەو جەنگەی کە بەتەمایە لەگەڵ ئەڵمانیا بەرپای بکات.
واتە ئێستا سێ لایەنەکە خیانەتکارێکی تێدایە ، تا نەگاتە کاتی جەنگ ئەم خیانەتکارە کە ئیتاڵیایە دەرناکەوێت.
لەگەڵ ئەم هەموو ڕێکەوتنانەش فەڕەنسا جورئەتی ئەوەی نەبوو کە پەلاماری ئەڵمانیا بدات و بیەوێت پارێزگای ئێلزاس لۆثەرینگ بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. هێشتا فەڕەنسا هەر دەگەڕا بۆ لایەنی تر تاوەکو خۆی بەهێز تر بکات و جەنگەکە مسۆگەر بکات.
پاش گەڕانێکی زۆر فەڕەنسا توانی هاوپەیمانێکی بەهێز بدۆزێتەوە.. ئەم هاوپەیمانە تازەیەش بەریتانیا بوو، لەوکاتەدا بەریتانیا سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەر بوو بۆ کێشەکانی نێوان بەریتانیا و ڕوسیا لەسەر  دەوڵەتی فارس و ئاسیا، لە هەمانکاتیشا بە توڕەییەوە دەیڕوانیە ئەڵمانیا،  ئەڵمانیا کە بەرەو بەهێزبونی ئابوری دەچوو ، ئەڵمانیا کە پێوسیتی بە مەوادی خام بوو بۆ گەشە بیدانی کارگەکانیان، ئەڵمانیایەک کە گەشەکردنی ئابوری لە خێراترین کاتددا بوولە ئەوروپا، ئەڵمانیا بوە زلهێزێکی ئابوری لە ناوچەکەدا. ئەڵمانیا هەر ڕۆژ زیاتر پێویستی بە بەریتانیا بوو بۆ گواستنەوەی کاڵاکانی و هێنانی مەوادی خام، ئەمەش وای کرد بەریتانیا ئەڵمانیا وەک هێزێکی ئابوری مەتریسیدار لەسەر ئیمپراتپریەتەکەی ببینێت.

کۆتایی بەشی دووەم.


هەرکەس بیرو ڕا یان کۆمێنتی هەیە دەتوانێت لە فەیسبوکی خۆم بیروڕای خۆی بنوسێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە