پارتی بەدەست ئومێد خۆشناو، جەعفەر ئیمنیکی و ئاری هەرسینەکان بۆتە فلیم

Sunday, 03/07/2016, 21:01

4745 بینراوە


دوای هاوپەیمانی نێوان گۆڕان و یەکێتی هەلومەرجێکی سیاسی نوێ لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە.  ئەوەندی لەبیرم بێت، لە هەشتاکاندا پارتی حیزبێکی مسالم بوو، هەرچەندە هەندێك دەلێن لە بێدەسەلاتیان بوو.  ئێستا تێناگەم بۆچی پارتی ڕیشی خۆی داوەتە دەست ئومێد خۆشناو، جەعفەر ئیمنیکی و ئاری هەرسینەکان!  بۆ پارتی باشترە بگونجێ لەگەل ئەم هەلومەرجە نوێیە لەبەر ئەم هۆیانە.  
یەکەم  نەوشێروان مستەفا بە حوکمرانی خراپ نالێت باش
نەوشێروان مستەفا،  مێژووی حوکمرانی  کوردی چاك شارەزایە. هەرکەسێك پەرتوکەکەی نەوشێروان مستەفا بەناوی کورد و عەجەم بخوێنێتەوە چاك لەشارەزایی کاك نەوشیروان سەبارەت بە مێژووی کورد دەگات. هەر لەم پەرتوکەش دەردەکەوێت کە ئەو جیاوازی نێوان حوکمرانی باش و خراپ زۆر باش دەزانێت. هەر بۆیە، چاوەروانی پارتی لەوەی نەوشێروان مستەفا بە حکومرانی خراپی پارتی بلێ باش بۆ دەستکەوتی مادی، ناوبانگ، پۆست یان هەرشتێکیتر بێهودەیە. 
دوەم   مالی مام جەلال بڕیارە گەورەکەیاندا بە پشتیوانکردن لە نەوشێروان مستەفا
لەسەرتای دروستبونی یەکێتی تاکو دۆزینەوەی نەوتو گاز لە کوردستان بەشێک لە مێژوی یەکێتی  بریتیە لە ململانێ لەگەل پارتی.  لەگەل دۆزینەوەی نەوت و گاز لەکوردستان و ڕژانی پارەیەکی زۆر بەسەر ئەم ناوچەیەدا  ئەم ململانەیە ڕۆژ بە ڕۆژ کالتر دەبوە. ئەم کاڵ بونەوە دەرئەنجامی سودی مادی ژمارەیەك لەبەرژەوەندیخوازی ناو یەکێتی بوو.  ئەوان بڕیاریاندابوو  لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان لەسێبەری پارتی ژیانێکی خۆش بەسەرببەن.  کار بەشوێنێك گەیشتبو فازڵ میرانی دەیوت دور نییە یەکێتی و پارتی ببنەوە یەك حیزب.  ئەم فەساد و بەرژەوەند پەرستیە بەشێوەیەکی ترسناك بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی نەوشیراوان مستەفا وتی ئەم گالتەجاریە ڕاگرن.  لەم ڕۆژەوە مێژویەکی نوێ دروستبوو.  
ئەگەرچی لەدروستبوونی گۆڕانەوە تاکو ئێستا ماوەیەکی درێژەو پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتیش بە قۆناغی جۆراوجۆر تێپەری،  بەلام لە کۆتاییدا مالی مام جەلال بڕیارە گەورەکەیاندا. مالی مام جەلال  بڕیاریاندا لە نێوان نەوشێروانێکی خاوەن پرنسیپی سیاسی و بارزانیەکی  دەسەلاتدار پشتیوانی لە نەوشێروان مستەفا بکەن. 
بڕیاری ماڵی مام جەلال بڕیارێکی نەوعییە.  نەوعییە، چونکە لەماوەی ڕابردوو هەردەم تەرفی سێیەم لە کێشەمەکێشی سیاسی و عەسکەری نێوان دو لایەنی کوردستان لایەنگیریان نەدەکرد و ڕیوایەتیان بۆ بێلایەنی خۆیان دادەتاشی.  ئەم جارە مالی مام لە کێشمەکێشی نێوان نەوشێروان و بارزانی بێلایەن نیین.  ئەوان بڕیاریاندا نەوشێروان ناگۆرنەوە بە بارزانی.  چاوەروان دەکرێ بڕیاری لایەنگرانەی مالی مام کۆتایی بەم ووتارە بێتامەی خەتی سێ بێنێت و حیزبەکانیتریش خۆیان یەکلایی بکەنەوەو ئەم یەکلاییکردنەوەش لەبەرژەوەندی پارتی نابێت. 
سێیەم  پارتی چیتر بۆی ناچێتەسەر شەر هەلگیرسێنی 
کوردستان چیتر گوندێکی بێناو نیشان نییە لەسەر نەخشەی زەمین.  بەهۆی دۆزینەوەی وزەیەکی زۆر لە کوردستان لە نەوت و گازی سروشتی  ئێستا کوردستان گۆڕاوە بۆ  ناوچەیەك کە وڵاتە پێشەسازیەکانی جهیان چاویان لەسەرە.  بۆیە پارتی چیتر بۆی ناچیتەسەر لەناوخۆی کوردستان شەر هەلگیرسێنێ ، وەك ئەوی کردی لەسەر گومرگی ئیبراهیم خەلیل، بەبێ ئەوەی سەری بخوات.  هەلومەرجی  جەنگی یەکەمی کەنداو ڕاستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنی.  
داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سوپای عیراق و مەترسی ئەم سوپایە بۆ سەر سعودیە بووە هۆی لێدانی ڕاستەوخۆ لە سوپای عیراق لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.  هۆی هاتنە مەیدانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دژ بە سوپای ئەو کاتەی عیراق مەترسی بوو لە پەشێوی لە ئەتمینکردنی وزە بۆ بازاری جیهان. ئەگەرنا ، ئەمریکا نە هیچ سنورێکی لەگەل عیراق هەیە،  نە هیچ هێرشێکیش کرابوە سەر هیچ تاكێك یان بەرژوەندیەکی ئەمریکی لە داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عیراق.  پارتی ئەگەر مەبەستی بێت پشێوی لەکوردستان دروست بکات دەبێت چاوەرێ چارەنوسێکی نادیار بکات. 
چوارەم  گرەوەی پارتی لەسەر ئۆردوگان گرەوە لەسەر ئەسپی تۆپیو 
ئومێد هەلچنینی پارتی بەسەرکەوتن لەڕێگەی پشتیوانی سەربازی تورکیا لە ئەگەری نەگونجان هەلەیەکی سیاسی گەورەیە.  لە سەرتای ئەزمەی سوریا، تورکیا بەتەمابوو نیوەی سوریا بخاتە سەر وڵاتەکەی خۆی، کەچی ئێستا سوپای تورکیا تەنها بەدوربین بۆیان هەیە سەیری ناو سوریا بکەن.  لەئەگەری نەگونجانی پارتی و تەشەنەکردنی کێشەی سیاسی ئێستای کوردستان،  ئەزمەیەکی تری قول لەو ناوچەیە دەست پێدەکات. ئێران ، ڕوسیا، ئەمریکا و ووڵاتانیتر دەست دەخەنە ناو کێشەکە.  لەهەلومەرجێکی ئاوەهادا بە هیچ شیوەیەك تورکیا ناتوانێ ئەو پشتیوانیەی لە ڕابردوو لە پارتی کردوە لە ئێستاشدا بیکات.  سەیرکە چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو  ئۆردوگان لەیەك کاتدا  کەوتۆتە سەرچۆك و پێلاو لێسینەوەی پۆتین، نەتانیاهۆ  و  ئەسەد.  ئەمە ڕۆل و رووی  ڕاستەقینەی ئۆردوگانیەکانی تورکیا. کەسێك ئەمە وەزعی بێت، دەبێت بارزانی چ خێرێکی لێببینێت ؟  
بەکورتی، ناوخۆی کوردستان، هەلومەرجی نێودەولەتی، وەزعی تورکیای هاوپەیمانی ستراتیجی پارتی یارمەتیدەر نین پارتی ئاژاوە لەسەر حیسابی گونجان هەلبژێرێ. لە ئەگەری ئاژاوەشدا، ئەوا پارتی لەهەموان زیاتر زەرەر دەکات.  چیتر دروشمی پارتی ئەگەر شۆرشم پێنەکرێت ئەوا پێم تێك دەدرێت سودی بۆی نییە. لە ئێستادا پارتی سودمەندی بێ ڕەقیبە لە وەزعی کوردستان،  لەئەگەری تێکچونیش  ئەوا زەرەرمەندی بێ ڕەقیب دەبێت. ئەگەر بڕواش ناکەن دەتوانن بفەرمون تاقیبکەنەوە. 
ئومێد دەکەم پارتی بگونجێ لەگەل ئەم هەلومەرجە نوێیە. چیتر منالو مەزن سیاسی لەچەشنی ئومێد خۆشناو، جەعفەر ئیمینکی و ئاری هەرسینەکان توشی دەستگیری و بابەتی لاوەکی نەکەن. چاوەروانیش دەکرێ لە گۆڕان، یەکێتی، و کۆمەل و یەکگرتوش گەڕانەوەی پارتی بۆ سەر میزی گفتوگۆ ئیجابیانە هەلسەنگێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە