پەیامی تایبەتی پیری زەردەشتیان

Wednesday, 06/07/2016, 20:18

3970 بینراوە


بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پیری زەردەشتیانی کوردستان، پەیامێك ئاراستەی مسوڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات
" وێڕای پیرۆزباییم لەتەواوی مسوڵمانانی کورد، لەهەر جێگایەك بن، بۆ ئەم جەژنی ڕەمەزانە، درود و ستایشی ئاهورا مەزدا پێشکەش بەهەموو مرۆڤێکی کورد دەکەم و بەهیوام، مسوڵمانان ئەم جەژنە بکەن بەجەژنی ئارامی و خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە و لەڕێگای ڕاهێنانی جەستە و ڕۆحیانەوە لەو مانگەیاندا کە بەڕۆژوو بوون و ڕامکردنی دووانەی گەوهەری خاکی و مینۆییان هۆکاری گەیشتن بەخێر و چاکە بێت. ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەن بە جەژنی ئاوەز و بیرکردنەوەی زانستی و گۆڕانکاری بەسەر پەیامەکانیاندا بهێنن و بە دیدی زانستی و سەردەمیانەوە بڕواننە ژیان. وەك زەردەشتی مەزن لە گاتاکاندا دەفەرموێت( با لەو کەسانە بین کە هەمیشە ژیان و جیهان تازە و نوێ دەکەنەوە) و ئەوانیش شیکردنەوە کۆن و پڕ لە کارەساتەکان واز لێبهێنن و بەدیدی تازەگەرییەوە بڕواننە دەقەکانیان و لێکۆڵینە و شیکردنەوەی نوێگەر و شارستانیانە و سەردەمیانەی بۆ بکەن و ئەم جەژنە بکەنە جەژنی نوێگەری و بەخۆهاتنەوەی هۆشیارانە.
" کاتی ئەوە هاتووە، پیاوانی ڕێبەرانی ئاینیی مسوڵمانان کۆیلایەتی و بچوکێتی ڕەت بکەنەوە و چییتر ( ژن) وەك کەرەستەی خۆشیەکانی پیاو نەبینن و نەیکەنە کاڵای پاداشتەکانیان لە پاش مردن. هەرواش پێویستە بەچاوێکی حەکیمانە بڕواننە بەیەکەوە ژیان و بەرهەمی ژیانی و ژیاریی ژن و پیاو و وەك یەکی مافەکانیان بکەنە ئاڵای پێشوەچوونی ئاینەکەیان و چییتر ژن، وەك بوونەوەرێك کە سەرچاوە و دایکی مرۆڤایەتییە تەحریم نەکرێت لەمافەکانی".
" ئومێدەوارم تروسکایی ڕۆشنایی و دەلاقەی عەقڵگەرایی لەم جەژنەی مسوڵماناندا، ببێتە هۆکارێك کە تەکفیرکردنی خەڵك و بەکەم ڕوانینی ئاینەکانیتر و بەربەست دانان لەبەردەم ئازادیی هەڵبژاردنی ئاینیدا کۆتایی پێبێت و پادشایی بوونی خوداییانە و حکومڕانیکردن لەجێگای خودا کۆتایی پێبێت و ئەو ڕاستییەیان بۆ دەربکەوێت کە خودا، خۆشەویستی خەڵك و بوونەوەران و ئافەرێندراوەکانێتی و سەرچاوەی ڕاستی و ئەشاییە و هیچ حکومدارێکی لەسەر زەوی نییە کە لەپێناوی ئەودا ئازار بگەیەنێتە ئافەرێندراوەکانی. بەڵکو، پێویستە مرۆڤ بەگشتی سروشتی بوون و جوانییەکانی بپارێزێت و بەپاکی ڕایانگرێت".
" ئیتر کاتی ئەوە هاتووە قوربانیدان بە کەلـلەی سەری ئافرێندراوەکانی خودا ڕابگیرێت و چییتر مسوڵمانان یەکتری نەکوژن و لەبەر ڕۆشنایی شیکردنەوە کۆنەکاندا یەکتری لەناو نەبەن. ئەو کارەساتە گەورە و خوێنانویانەی ئێستا لە عێراق و سوریا و بەگشتی ووڵاتانی سموڵمانادا دژ بەیەك دەیکەن و بەردیان بەسەر دارەوە نەهێشتووە و کردوویانەتە وێرانە، کۆتاییان پێبێت. لەم جەژنەدا، باوەش بەیەکتریدا بکەن و بەڵێنی خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە بەیەکتری بدەن. هەرواش هێرش و پەلامار بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ئاین و ئاینزاکانی تر ڕابگرن. با لەم جەژنەدا، کورد بوون و مرۆڤ بوون پێش هەر دید و تێڕوانین و ئاینێك بخەین و خاك بگێڕینەوە بۆ جێگای دایك و بەرگری لەنیشتمان و لەخەڵکەکەمان بکەین بە ئەرکێکی پیرۆز. هەموو پێکەوە ئاوەزمەندانە و زانستیانە بڕوانینە ژیان و بچینە پێشبڕکێی زانستە نوێگەرییەکانەوە. خەبات و تێکۆشانی کورد، بۆ گەیشتن بەخواستەڕەواکانی بەرز بنرخێنین و ژیانێکی جاویدانیی بێ چەوسانەوە و بێ ئازار و ئەشکەنجە و دوور لە تاریکیی نەزانین بۆ خۆمان و بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر بکەین".
پیر لوقمان
پیری زەردەشتیانی کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە