پەرجۆ یان (موعجیزە) ی پەکەکە لەبەکانتۆن(هەرێم) کردنی کوردستاندا(کانتۆن و ژن و ئاین و کۆمەڵگا)(بەشی دووەم و کۆتایی)

Saturday, 17/01/2015, 12:00

2806 بینراوە


کورد، لەوکاتەوە دەسەڵاتەکەی لەبەردەم هێرشی عەرەبە مسوڵمانەکاندا خۆی نەگرت و گەورە ئیمبراتۆرییەتەکەی (ئیمبراتۆریەتی ساسانییەکان) لەبەریەك هەڵوەشایەوە و ڕوخا، تا سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی، نەیتوانی خۆی نمایش بکات. ئەو دەسەڵاتەش کەلەسەر بنچینەی شەریعەتەکانی ئیسلامی سوونەتی هەڵچنرابوو و فاتیمییەکانی لەناوبرد، دوژمنە دێرینەکانی لەخۆی زیندوو کردەوە و دوژمنی نوێی بۆ پەیدا بوو. یەکێك لەوانە تورکە مەنگۆلییەکان بوو کە پاش لاوازبونیان ببوونە مسوڵمان و کردبوویاننە کەرەستەی بەدەستهێنانی پێگەی پێشوویان و هەروەها عەلەوییەکان و شیعەکانی درێژکراوەی فاتمییەکان بوو کە ئێستا، خاوەنی فراوانترین و گەورەترین هێزی ناوچەکەن و سەرۆکایەتیی پەکەکەش لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت.

تورکەکان، لەهەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، کوردیان کردە شەریکەبەشی خۆیان. بەشێوەیەکی مەیدانیش ئەگەر بێلایەنانە لێکۆڵینەوەی ووردی دەربارە بکەین ئەو شەریکایەتییە وەك ئەڵقەلەگوێیەك لەلایەن کوردەوە بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان، وەك ئاوێنەیەکی ڕوون دەدۆزینەوە. هەڵبەتە، تەواوی میرنشینەکانی کورد، جار جار نەبێت کەلێرە و لەوێ یەکێك لەدژی عوسمانییەکان ڕاپەڕیوە و سەری دەرهێناوە، دەنا بەدرێژایی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ، بەشێك بووە لەهێزی یەکلاییکەرەوەی هەموو ململانێکانی ناوچەکە و پایەی ڕاگرتنی ئیمبراتۆرییەتەکە بووە. لەدابەشکردنەوەی ناوچەکانی سەر بە تورکەکانیشدا، کورد(وەك شاسوار هەرشەمی نوسیویەتی: کوردەکان، وەك تورکەکان، لەهەردوو پەیماننامەی سیڤەر و سایکسبیکۆدا، بەدابەشکردنی خاکەکەیان، سزادران). شەریك بووە. بەڵام، ئەم جارەیان، زۆرینەی خاکەکەیان بۆ ڕازیکردنی تورکە کەمالییەکان، بەخشرایە تورکیا و لەژێر هەژموونی فەرهەنگە دڵڕەقییەکانی ئەواندا، کەدانەچیڕەی تۆڵەسەندنەوە و فراوانبوونەوە لەجیهان دەکەن، پەکەکە، لەدایك بووە.

لەناو ئەو یارییە مەترسیدارەدا، پەکەکە لەلایەن کۆمەڵێك کوردی سیاسەت کۆمۆنیستی و ئاین عەلەوییەوە هاتۆتە دنیاوە و پێیانوایە، کۆمەڵگای کوردی لەنەبوونی پێغەمبەرێکدا، بێسەرپەرشتن. بۆیە، زۆر گونجاوە کە ئەم نەتەوەیەش ڕێبەرێکی وەك پێغەمبەری هەبێت و هەموویان لەدەوریدا کۆببنەوە. چونکە، بەتەواوی ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کەلەناوچەکەدا ئاین، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و هەیە و کوردیش لەو ڕووەوە بێبەشە و زۆربەی نەهامەتییەکانی کورد، لەبێئاینی و لەنەبوونی پێغەمبەرێکدا بووە.

سیستەمی ئاپۆچێتی، بیرکردنەوە و دیدوتێڕوانینی پەکەکەیە بۆ ژیان. هەربۆیە لەشیعاراتەکانیاندا بەئاشکرا دەڵێن(پەکەکە ژیانە و ژیانیش پەکەکەیە). ئاپۆچێتی ئاینە. بەڵام، ئاینێکی پیاوسالاریی توندە کەدیدێکی عەلەویانە لەخۆ دەگرێت. هەموو شتێك لەپێناوی نیشتماندا و نیشتمانیش بێجگە لەزاڵگەی تێداژیان، شتێکیتر نییە. ئەوەندەی نیکگەرایی تێدایە کە کۆمەڵێك، بەهۆی کۆمەڵگایەکی خواجەوە، دەگەنە پلەوپایەو و پاشایەتییەکی ڕەوا. هەموو جموجوڵێکیش لەدژی ئەم دینە ووشکە کەبەرگێکی نەتەوەیی بەسەردا بڕاوە، بڤەیە و بۆ دەستەی دەربارانی پێغەمبەرەکەی دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێتەوە کە عەلەوییەکان، هەمیشە بۆ کوردە سوننەکان لەبۆسەدا بوون و بەچاوی تۆڵەوە دەڕواننە ئەوان. هەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دیدە و بۆ ئەوەی بەشیوەی دوژمنکارانە و چەواشەکاری لێك نەدرێتەوە، هیچ کەسێك ئەگەر عەلەوی نەبێت ئەندامی دەستەی بڕیاردەری پەکەکە نییە و ناتوانێت بەفیلتەری ئاینەکەدا تێبپەڕێت و ئەو پلەیە بەدەست بهێنێت.

پەکەکە، پرۆسەی پەروەردەیی هەیە. لەپرۆسەکەدا، تاکی بەشدار بوو لەهەموو بیرکردنەوە زاتییەکان، دەشۆرێتەوە. بەرگێکی نوێ، لەدیدگاکانی ئاپۆچێتیی عەلەوی، بۆ ژیان، دەکەن بەبەریدا و ئیدی لەچاوی ئەوەوە (ئاپۆچێتی) بەهەموو ئەو بازنانەی بەدەوریدا کێشراون، دەبێتە ژیان. ئەم چەشنە لە پەروەردەکردن، وێڕای ئەوەی بۆ مانەوە و فراوانبوونی تەڤگەرەکە سوودی زۆر باشی هەبووە و لەڕێگایەوە هیچ پینەیەکیشی نەهێشتۆتەوە و لەسەر سکەیەکی ساخ، شۆفێریی ڕەوتەکە دەکەن، بەڵام، بۆ کۆمەڵگا بەگشتی مەترسییەکی گەورەیە کە دیکتاتۆریەتێکی ڕەق و سیستەمێکی ڕەق و حیزبێکی ڕەق و دەسەڵاتی تۆقێنەری ڕەق لەناوچەکەدا بەرهەم دەهێنێت کە هەرچییەك لەودیو باوەڕ و ئامانجەکانی ئەوەوە بێت لەناوی دەبات.

تاکی کورد، بەگشتی تاکێکی ئازادە و درەنگ مل بۆ سیستەم و ڕێکخستن دەدات. چونکە، تاکی کورد، لەکۆمەڵگایەکی تەواو ئازاددا لەدایك دەبێت و گەورە دەبێت. هەر ئەو کۆمەڵگایەی هەرگیز ملی بۆ دەوڵەت، ئیمبراتۆر و شانشین، میرنشین و سەرۆکخێڵ و تەنانەت خێزانیش کەچ نەکردووە و لەکەشێکی شوانکارەیی تەواودا لەسەر خاکەکەی خۆی ژیاوە و خۆی هێشتۆتەوە. هەربۆیە، کۆمەڵگای کوردی، وەك کۆمەڵگاکانیتر، نەیتوانیوە یەك بگرێت و تەنانەت نەتەوەکەش تاکو ئێستا هەرچەندە لەناو پێنج دەوڵەتدا دابەش کراون، کەچی هێشتا ڕەنگ و ڕەگی میرنشین و هەرێمەکانی لەخۆی نەکردۆتەوە. هەربۆیەشە پەکەکە، گرنگییەکی زۆری بەکانتۆنکردن داوە و وەك سیستەمێکی نوێ، پیادەی دەکات. بەڵام، پێویستە لەسەر پرسەکە هەڵوێستە بکەین و ئەم نەزمە نوێیە، بۆ کورد، پشتگوێ نەخەین و لێکۆڵینەوە و لێووردبوونەوەی زیاتری بۆ بکەین.

ئەم نەزمە نوێیە، ئەم پەرجۆیەی پەکەکە، بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی، کەدەیەوێت لەناو سیستەمێکی تایبەت بەدیدگاکانی خۆیان تاکو کورد بەدیسپلینی ئاپۆچێتی ببەستێتەوە، هەم خەساندنی پیاوەکانی ئەم نیشتمانەیە و هەم کۆیلەکردن و بەئالیەتکردنی ژنانە. هێنانەوە و گێڕانەوەی ئاینێکی ڕەق و دەسەڵاتێکی توندوتیژییە بۆ ناو هاوکێشەی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کورد. لەسەرووی هەموویانەوە، قوڵکردنەوەی جیاوازییەکان و خستنەوەی نەوەیەکە لەچینێکی نوێ کە بەخەسێندراوەکان ناسراون.

لەکۆتاییدا، منیش تاکێکم لەو کۆمەڵگایەی کەبەدرێژایی مێژوو، لەناو شەوەزەنگ و تاریکی و شاخ و داخ و هەڵدێر و ڕوبار و زەلکاو و چۆڵەوانی و دارستانە پڕ چانەوەر و دڕندەکاندا، سەرکێشیی کردووە و درێژەی بەسەرکێشییەکانی خۆی داوە. بۆیە، منیش وەك هەموو ئەوانە، یاخییەکم و سەرکێشی دەکەم و دەست بۆهەموو ئەو پرسە قەدەغە و ترسناکانە دەبەم کەڕەنگە ببنە ترس لەسەر ژیانم. لێ، پێویستە ئێمەی کورد، ژیرانە بڕوانینە ژیان و بەدووای (چیی) ەکاندا بچین و زەردەشت ئاسا، لە ململانێکان بکۆڵینەوە و بەدووای نهێنییەکاندا بەرەو ئەوپەڕی قوڵاییان شۆڕبینەوە.

کۆتایی....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە