حیزب یان فۆبیا لە باشورى کوردستان

Sunday, 24/07/2016, 19:36

2743 بینراوە


خوێندنەوەیەکى سۆسیۆلۆژیانە بۆ تێگەیشتن لە هەڵەى کارى حیزبى لە کوردستاندا
ئەگەر حیزب پێکهاتەیەکى ڕێکخراوى جەماوەرى بێت، ماناى ئەوە نیە کە خاوەنى ئایدۆلۆژییەکى جەماوەرییەو بتوانێت بەناوى هەموانەوە بدوێت، ئایدیاى حیزبى بەناوى هەموانەوە پیشاندانى کردەیەکى ناجێگرى سیاسیە کە ئەم کردەیەى حیزب کردەى عقڵێتێکى تۆتالیتارییە کەتیادا حیزب وەک تاکەکەس یان بنەماڵە دەبێتە هێزى بیرکردنەوەى هەموان ، کەئەمەش کرەیەکە لەدەرئەنجامى نالەبارى و ناسەقامگیرى بارو دۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى دێتەکایەوە،کە دەرهاویشتەى سەرەتاى دەرکەوتنى مەترسییەکى  گەورەیە لەسەرئاستى گشتاى گشتى ، چونکە تیایدا حیزب لە بیرکردنەوەى عقڵێتى بەرژەوەندخوازانەى خۆیەوە بیر لە سنوردارکردن و نەهێشتنى هەل و مەرجەکانى ڕەخساندنى زەمینەکانى ئازادى تاکەکەسى و دیموکراسى بون و یەکسانى دەکاتەوە ، لەم دۆخە سیاسیەدا حیزب چەمکى هاوڵاتى بون یەکسان دەکات بەپلەى ئەندام بون لەحیزبدا ، ئەمەش دەرهاویشتەى ئەو فۆبیا حیزبیە کە هەمو بەهاکانى هاونیشتمانى و هاوژیانى هاوخەباتى مرۆڤایەتى دەکاتە قوربانى بۆ ئایدۆلۆژیاى حیزب ، کە ئایدۆلۆژیایەکە بە دەرنیە لە بەرهەمى بیرکردنەوەى عقڵێتى تاکەکەسى و یان بنەماڵەو خێڵ.  
ڕەنگدانەوەى ئەم دۆخە لەکارى حیزبى      لە کوردستاندا بونى هەیە ، بۆیە حیزب کار لەسەر بەرژەوەندى گشتى ناکات و شتێکیش نیە لە سەروى بەرژەوەندى حیزبەوە ،ئەوکات ئاستى گشتاى گشتى جەماوەرى دادەبەزێت  بۆ بنکەى هۆشیارى کۆمەڵایەتى لەنزمترین ئاستدا.کە ڕەنگدانەوەیەکى نێگەتفى دەبێت و هەمو بەها ئەخلاقى و کۆمەڵایەتییەکان  لەبنکەى کۆمەڵایەتى دا بەرەو ئاستى فەنابون دەبات ، کەئەمەش لەدەرئەنجامى کردەى کارى حیزبیەوە کە بەهاکانى  یەکسانى و هاوڵاتى بون ناهێڵت ،کە هەروەک ئێرک کسلاسى سۆسۆلۆژى فەرەنسى لەکتێبى دیموکراسى ئاماژە بەوە دەکات یەکسانى بون بەمانا هەلى لەبارە بۆسەرجەم هاوڵاتیان بەبێ جیاوازى بۆگەیشتن بە مافە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکان ...هتد.بە پێچەوانەوە نەڕەخساندنى بوارى یەکسانى بەماناى نەبونى یەکسانى سیاسى و کۆمەڵایەتییە ،ئەمەش کردەیەکە بەرهەمى عقڵێت و بیرکردنەوەى هێزە دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتارییەکانە .
ڕەنگدانەوەى ئەم کردە نالەبارەى کارى سیاسى لەکوردستاندا لە کردەى کارى حیزبەکاندا بونى هەیە ، بە جۆرێکە مافى سیاسى بون لە مرۆڤەکان دەسەنێتەوە لە ڕێگەى پیشاندانى هێز وەک فۆبیا لەبەرامبەر هاوڵاتى کە ئەمەش کردەیەکى ئەنتى مرۆڤایەتیە و پێچەوانەى ئەو تێکستە ئەرستۆییە کە دەڵێت (مرۆڤ بونەوەرێکى سیاسى و کۆمەڵایەتیە )لەم تێکستەدا خوێندنەوەیەک بەرهەم دێنێ کە مرۆڤ کۆمەڵایەتیە واتە هەست بە ژیانى بە کۆمەڵایەتى بون دەکات لەگەڵ زیندووەکانى تردا، لایەنى سیاسى بەمانا هەست کردنە بە دەسەڵاتێک بۆپشگیرى کردنى بەردەوام بون لە ژیاندا، کەلێرەدا پرۆجێکتەرێک دێتە پێشەوە ئەویش دەرکەوتەى کارى حیزبە لەسەر دوئاستى جیاواز، یەکەمیان کردەى کارى حیزبى مۆدێرنە کەئامادەیە بۆکرانەوە لەبەردەم هەر ئەگەرێکى تازەى چاوەڕوان نەکراو، تیایدا ڕێز لە ئایدیاو بۆ چونە جیاوازەکان دەگرێت، ئازادییەکان بەرجەست دەکات هەر لە ئازادى ئاسایشى تاکگەرییەوە بگرە تا ئازادى بیرو راو ئازادى گەڕان و ئازادى کۆبونەوەو ئازادى پەرستن و خوێندن و بەدەستهێنانى هەمومافە کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسییەکان بەبێ جیاوازى، هەمو ئەمانەش لەپێناو داننان بەچەمکى هاوڵاتى بون و هاونیشتمانیە نەک ئەندامانى گروپ و پارت کەسەرئەنجام لەبەرامبەر پێدانى هەموئەرکێکى هاوڵاتى بون هەستێکى لێپرسراوێتى بەرز دروست دەبێت کەتیایدا ئەرکى گشتى هاوڵاتى بون ئەرکێکى مەدەنیانەیەو لەژێر چەترى یاسادایە ،ئەرکى گشتى کارى سیاسى حیزبى ئەرکێکە بە لەیەکتر جوداکردنەوەى هەرسێ دەسەڵاتەکە دەبێت کەبەمانا مۆنتیسکۆیەکەى جیاکردنەوەى دەسەڵاتى پەرلەمان و حکومەت و دادوەریە ،حیزب لەدەرەوەى ئەم سێ دەسەڵاتە لەژێر چەترى یاسادا ڕۆڵ و ئەرکى خۆى ببینێ ،کەواتە بەم شێوازە بە لێکدانەوە بۆ بارو دۆخى کارى حیزب لە هەرێمى کوردستان بەپێچەوانەى ئاستى کارى حیزبى مۆدێرنە ، کەتیادا حیزب هێزێکى فۆبیا هێنەرە حیزبى کوردى حیزبێک نیە لەناو پانتاییە  عقڵانییەکانى دەسەڵاتى سیاسیدا کاربکات لەپێناو بەرەو پێش چونى سەرمەبناى گشتى کۆمەڵگا .
بۆیە بەردەوام حیزب لەکوردستاندا خاوەن عقڵێتێکى بەرژەوەند خوازانەیە نەک عقلێتى سیاسى ، ئەم عقڵێتەش هەڵقوڵاوى واقیعێکە  کە تیایدا عقڵێتى سیاسى حیزبى هەڵگرى بەردەوامى عقڵێتى قۆناغى  فیوداڵیانەیەو لەناو پانتاییە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگایەک دایە، کەتاکەکانى لەئاستى دەستە جەمعی دا خاوەن هۆشیارییەکى بەرزى کۆمەڵایەتى و سیاسین و لە بەرامبەر کرانەوەو دونیابینینیاندا قۆناغى فیوداڵەتیان تێپەڕاندووەو لەئێستادا کاردەکەن بۆ ڕەتکردنەوەى هەموکردەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتى کە ببێتە هۆى دواکەوتەبونیان ، چونکە بیر لە بەهاکانى ژیان و دیارى کردنى چارەنوس دەکەنەوە .
هیچ کات حیزب لەم قۆناغەدا ناتوانێت هەستى تاکەکانى کۆمەڵگا بەرەو پاشەکشێى کۆمەڵایەتى و سیاسى بەرێت ،چونکە تیایدا هەرحیزبێک لەپێناو مانەوەى لە دەسەڵاتدا ئایدۆلۆژیەتە جیاوازەکان قبوڵ نەکات و فشارە دەرونى و کۆمەڵایەتیەکان بۆسەر تاکەکانى کۆمەڵگا زیاد بکات و نان بڕین و ئازادى بڕین و ژیان بڕین بکاتە مەبدە ئەوا حیزبێکى فۆبیا هێنەرە ، هەمو حیزبێکى فۆبیا هێنەریش بەرهەمى عقڵێتێکى قوڵى دیکتاتۆریەتە، بۆیە ئەوەى ئەمڕۆ لە کوردستاندا بەناوى دیموکراسیەتەوە کار بۆنابوت کردنى ژیانى تاکەکانى کۆمەڵگا دەکات ئەوە ئەو عقڵێتە دیکتاتۆرییە کە کار لەسەر بێ ڕێزى کردنى مرۆڤەکان دەکات کە دەکرێت هەمو ئەمانەش بە پێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ، چونکە هەمو حیزبێکى فۆبیا هێنەر بیر لە دروستکردنى  دەسەڵاتێکى فۆبیاهێنەر دەکاتەوە  کە لە ژێر سایەى ئەودەسەڵاتەدا زەمینەى لەبار بڕەخسێنێ بۆ بێ ڕێزى کردن بە ئەخلاق و کەرامەتى مرۆڤەکانى کۆمەڵگا .
نمونەى ئەم بێڕێزی کردنە لە کوردستاندا لە کردەى کارى حیزبیدا دەردەکەوێت هەر لە دەست تێوەردانى دام و دەزگاکانى حکومەتەوە بگرە تا دەست خستنە ناو چۆنێتى ژیانى تاکەکانى کۆمەڵگاوە ، لە دەرئەنجام دا ئەو هەقیقەتە بەرجەستە دەبێت کە حیزب لەکوردستاندا بەرهەمى کردەیەکى عقڵانى و سیاسى نیە بەمانا هیگڵیەکەى کە دەڵێت (عقڵ و تێگەیشتن سەرسوڕێنەرترین دەسەڵاتە )لەم تێکستەدا ئەو شیکارییە بەرجەستە دەبێت کە حیزب لە دەرئەنجامى تێنەگەیشتن لە دۆخى ئێستاو پێنەدانى ماف بە هاوڵاتى بیرو عقڵێتێکى ترى نەزانى حیزبى پیشان دەدات ،ئەویش هەست کردن بەوەى کە بنکەى هۆشیارى و زانستى و سیاسى تاکەکانى کۆمەڵگا لە پلەى سفردایە ،بۆیە بەردەوام لە ڕێگەى فۆبیا بێ بناغەکانیەوە کاردەکات و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە مرۆڤەکانى کۆمەڵگاى کوردى بێڕێز بکات و ڕوحى دژیەکى و دوژمن کارانەیان تیادا دروست بکات وەک ئەوەى بە درێژاى بیست ساڵى حکومڕانى دەبینرێت حیزب لە کوردستاندا  خوێنى ڕۆڵەکانى ئەم میللەتەى بە یەکترى لەناو دەبرد ، ئافرەتانى بێ پیاوو منداڵانى بێ نازدەکرد، هەر ئەم کردانەى کارى حیزب بوو ئەزمونى بیست ساڵ لە بەڕێوبردنى دەسەڵاتدا کردە ئەزمونى گەورەبونى "گەندەڵى و بەرتیل خۆرى و  خزمگەرى و مەحسوبیەت  "  ئەمەش پیشاندانى ئەو ڕاستیە کە  بەرهەمى حیزب لە کوردستاندا لە دواى ڕاپەڕینەوە بەرهەمى هێنانەدى بێ ڕێزى کردن بە کەرامەت و ئەخلاق و مافى هاوڵاتى بون و هاونیشتمانى بونى تاکەکانى ئەم کۆمەڵگایە بوە ،بۆیە دەکرێت لەمڕۆى بارو دۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستاندا کار بۆ ئەوە بکەین ، لە ڕێگەى یاساوە بەهاکانى مرۆڤایەتى بە دەست بێنینەوەو عقڵێت و بیر کردنەوە نامۆدێرنەکانى حیزبى لە ڕێگەى دادگاوە سەرزەنشت بکەین ،تاوەکو رزگارمان بێت لە هەمو کردە نالەبارە نەخۆشەکانى میرو دەسەڵات ، وەک ئەوەى کە مەولەوى شاعیر دەڵێت" ئەى میران ڕزگار بوین لە نەخۆشى دەرەکى بە جێما نەخۆشى یەکى لەوە خراپتر لە دەرون ".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە