حەزرەتی عومەرو عەلی وپێشمەرگە دێرێنەكان

Wednesday, 10/08/2016, 20:36

2717 بینراوە


كاتێك پێشمەرگە،بەتایبەتیش پێشمەرگە دلێرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشەوانی ئەنگوستەچاودا، لەزەمهەریری زستاناندا بەپێلاوی لاستیكەوە هەڵمەتیان ئەبردە سەر معەسكەرەكانی رژێمی دیكتاتۆری بەغداو خەوی شیرینیان لەچاوی گەورەترین سەركردەكانی بەعس لەناو شارەكانی كوردستاندا ئەزڕاند،كوڕانی بنەماڵەی بارزانی وئەندامی حزبە ترسنۆكەكەی لەدیوی ئێراندا لەژێر پێخەفی گەرمو گوڕدا رۆژیان ئەكردەوە..چەكدارەكانی پارتی عەشرەتی بارزانیش لەناو خاكی ئێرانەوە لەبارەگاكانیان خەریكی دروستكردنی دارسەبیلی جگەرە بون.ئەو كاتی پێشمەرگەكانی یەكێتی وسۆسیالست و شیوعی و زەحمەتكێشان ئەرزی ژێر پێی دوژمنی بەعسیان ئەلەرزاندو رۆژانە داستانی قارەمانێتیان تۆمار ئەكرد،ناوی پارتی لەكولەكەی تەڕیشدا نەبو..
ئەم دەسكەوتە گەورەیەی كوردیش لەدامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم شانازییەكی پێشمەرگە دێرینەكانی ئەم حزبانەیە،پارتی وەكو عادەت پاش ئارامبونەوەی هەمو وەزعێك  ئینجا هاتۆتە سەر حازرەكی، ئێستا ئەوان ئەیخۆن  خاوەن مافەكانیش مەحروم ومەنكوبن.كوڕانی عەشرەتی پارتی لەوڵاتانی دونیا شەوانی خۆشی بەسەر ئەبەن،كوڕانی پێشمەرگەو شەهیدەكانیشیان بەپێڵاوی دڕاوو سكی بەتاڵەوە لەبەر دەركی مزگەوتەكاندا عەلاگە ئەفرۆشن.برسیەتی وقاتوقری سەرتاپای كوردستانی پڕ لەسامانی نەوتو گازو كانیاوو سەوزایی گرتۆتەوە،بۆ پێشمەرگە دێرێنەكان ئازارەكە قوڕسترە، چونكە ئەوان بون قوربانیان ئەدا،كەچی ئەمڕۆ لەخەڵكیتر برسیترن!.
ئیمام عەلی ئەفەرموی"سەیرم لێدێ كەسێك برسی بێت چۆن بەشمشیرەوە ناچێتە سەر ئەو زاڵمانەی برسیانكردوە".پێغەمبەری مەزنیش فەرمویەتی"هەر كەسێك لەداكۆكیكردن لەسامانو خێزانەكەیدا بكوژرێت، شەهیدە".بەواتای دیفاعكردن لەنانو قوتی خۆی مافێكی رەوای ئایینیشە.كاتێكیش حەزرەتی عومەر بو بەخەلیفەی موسلمانان هاتە سەر مینبەری مزگەوتو لەیەكەم خوتبەیدا داوای لە موسلمانان كرد ئەگەر هەڵەیەكی كرد بۆی راستبكەنەوە.كەسێك لەناو مزگەوتەكە هەڵسایە سەرپێ  وتی"ئەگەر هەڵەت لێ ببینین بەشمشێرەكانمان راستت ئەكەینەوە".ئەویش دەستی بەرز ئەكاتەوە ئەڵێ" زۆر شوكر خوایە لەناو قەومەكەمدا كەسانێك هەن بەشمشێر راستمئەكەنەوە".ئەم پیاوەی ناو مزگەوتەكە لەوانەیە ئەویش پێشمەرگەیەكی دێرینی ئیسلام بوبێت كە بەمافی خۆی زانیوە هەڵەی دەسەڵات بەشمشیرەكەی راستبكاتەوە.
ئێستا پێشمەرگە دێرینەكان نانی خوایان نەماوە بیخۆن،لەساڵێكدا لەسێ موچە زیاتریان پی ڕەوا نەبینراوە لەكاتێكدا مەسئولانی دەسەڵات بۆ یەك لەحزەش قەیرانی دارایی كاریگەریی بەسەریانەوە نەبوەو ناشبێت.ئەم رەفتارەی دەسەڵاتی پارتی بەرامبەر پێشمەرگە دێرینەكانەوە ئەیكات،مونتەهای ئیستهتارو بێقییمەتكردنی قوربانیەكانە.گردبونەوەی هەفتانەی ئەم پێشمەرگانەش لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانیدا هیچ لەوەزعەكە ناگۆڕێ، چونكە بینیمان لە17 شوباتدا نزیكەی دو مانگ سەرجەم خەڵكی سلێمانی و ناوچەكانی رژانە سەر شەقامەكان بەڵام هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر دەسەڵات نەبو، لەهەمو دونیاشدا وابوە پایتەخت نەجولێت كۆنترۆڵی شارو ناوچەكانیتر ئاسانترە بۆ دەسەڵاتداری ستەمكار.
بۆیە لەجیاتی ئەوەی پێشمەرگە دێرینە مافخوراوەكان لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆ ببنەوەو رێگای فرۆكەخانەو بەردەركی كۆمپانیاكان بگرن،باشترە بچنە سەر ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێرو لەبەردەم ئەنجومەنو ماڵەكەی نێجیرڤان بارزانیدا خۆپیشاندان بكەن، ئەوسا ئەبینن چۆن دەسەڵاتی پارتی لەترسا كڕنوشیان بۆ ئەبەن وداواكارییەكانیان جێبەجێ ئەكەن.لەجیاتی ئەوەی لەمەسعود بارزانی بپاڕێنەوە چارەسەری كێشەكانیان بكات، با بەخۆپیشاندانەوە بچنە سەر بارەگاكەی لەسەری رەشدا.ئەبێ ئەوەیان بیر نەچێ تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەتەكەشمان چاوی لەدەستی ئاشتی هەورامی و نێچیر بارزانییە كەی موچەكەی ئەویش سەرفئەكەن، ئەوەشیان بیر نەچی كەوا یەكێتی هیچكات شەریكی راستەقینەی بریاربەدەستی پارتی نەبوەو بەشداری پێكردنیشی لەحكومەتدا تەنها بۆ جوانكردنو رتوشكردنی دەموچاوی رەشی حوكمی پارتییە.
پێویستە پێشمەرگە برسییەكان رویان وەرگێڕنە هەولێر، ئەو هەڕەشانەی لەدەسەڵاتی یەكێتی ئەكەن لەسلێمانی دڵی پارتیەكان خۆشئەكات نەوەك بیانترسێنێ، دەبا شمشێرەكانیان بەرز بكەنەوە وەك لێیان چاوەڕوان ئەكرێ پێشەنگ بن لە روبەروی بونەوەی دەسەڵاتی ستەمكاری پارتی وپێی بڵێن" بوەستە تا ئێرەو ئیتر بەسە". بەمەش داستانێكی گەورەی مێژوویو سەروەرییەكی تریش بۆ خۆیان تۆمار ئەكەن ودڵی میللەتەكەشیان خۆشئەكەنو بۆ جارێكیتر رزگاریان ئەكەن لەدەست جەوروستەمی دەسەڵاتی ستەمكارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە