لۆمەی پارتی و بارزانی مەکەن!

Wednesday, 17/08/2016, 23:23

3842 بینراوە


بەرپرسێک پێی راگەیاندم کە ئەوەی ئێوە تێگەیشتون لە ناوەخندا وا نیە . وتم چۆن، وتی؛ تا ئێستا لە کۆبونەوە نهێنیەکاندا، سەرجەم حزبەکان وەک خۆی و بە هەمان هەڵوێست و ریتم قسەیان لەگەڵ پارتیدا نەکردووە . وتم؛ ئەی چۆن قسە دەکەن، وتی؛ بە لارێدا دەرۆن و لە رێگە راستەکە لادەدەن، وتم بۆچی، وتی؛ هەریەکە و لە م حزبانەی ئێمە بە گۆرانیشەوە شتێکمان لای پارتیە، نامانەوێت بە تەواوەتی بیدۆرێنین . وتم شتی وەک چی؛ وتی با ئێستا لە بنی نۆکاوەکە هەمووی نەدەین باشترە، وتم یەعنی چی، وتی؛ هەر یەکەمان ئێمەی حزبی و ئێوەی رۆشنبیر و نوسەران بە تایبەتی، لایەکی پێچەوانەی بابەتەکان دەخوێنینەوە . وتم ئەوە چیە، وتی؛ بەڵی حزب ئەگەر پێش هەموو شتێک بەرژەوەندی خۆی نەخوێنێتەوە و وەک بە زارەکی باشی دەکەین ئامراز بێت و بۆ ئامانجی گشتی دروست بێت، بە رۆژی نێوەرۆ وەک پۆری سەربراو دەخورێیت و، تەنانەت ئەو پارتیە وەک گورگ بەردەبێتە گیانی و ناتوانێت هیچی لەدەست بێت، لەبەر ئەوەی وەک تۆش باش دەزانیت سەرکردایەتی پارتی قەت حزبەکەیان وەک ئامراز بەکارنەهێناوە و هەمیشە بنەماڵە و حزبەکە ئامانج بوون نەک میلەت .  ئەوە لە راپەرینەوە کە بە رێکخستن و پێشمەرگەیەکی یەکجار کەمەوە و، بە بەکارهێنانی خەڵکی زەدە و پیاوی بەعس و جاش و خەڵکی نا شۆرشگێر، خۆی سەپاند و تەنانەت بووە حزبی یەکەم، بۆ نمونە یەکێتیش هەر لە دوای راپەرین بە هەمان رەفتارەکەی شاخ جوڵایەوە و حسابی بۆ دەنگ و دیموکراسی و سەلبیاتیەکانی نەکرد و بە ناکۆکیەکانی نێوخۆی خۆیەوە یارمەتیدەری باڵابونی پارتی بوو  . پارتی ئەم کۆمەڵگەیەی خوێندۆتەوە و زۆری پێ خوش بوو گۆڕان دروست بوو، کە بە یەکجاری ساحەکەی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە و یەکێتی و گۆرانیش لە حاڵەتی ناکۆکیدا مۆریان بۆ دەکرد و تا دواجار لە هەموو لا یەکەوە لە بنی هەمبانەکەوە دەرچون . ئەوەی لێرەدا کرا و دەڤەری ئەودیوی نەگرتەوە گەورەترین قازانجی بە پارتی گەیاند و زەرەری دا لە سەرجەم خەڵکی  کوردستان . گوایە ئێستا هەستیان کردووە و گەیشتون بە خۆیاندا، بەڵام پارتی تا ئێستاش کارتی زۆری بەدەستەوەیە، هەرچەند تادێت هەڵوێست و پێگەی روو لە کزیە، کەچی ترسمان لەوەیە تاوەکو ناچاردەبێت بۆ ملدان بۆ داواکاری گەل کاتەکە بەدەمیەوە نەمابێت و هەلەکە لەدەست بچێت و دەرفەتی جێبەجێکردنی ئەرکەکان کۆتایی هاتبێت .
بەڵام ئەگەر باسی رەفتار و هەلوێستی خەڵکیشت بۆ بکەم کە هەلپەرست و ماستاوچی و بەرژەوەنخواز و لاواز و بێ مێژوو و، یان خاوەن خاڵی رەش، ئەگەر بڵێم لە کوردستاندا لە پاکەکان زۆرترە، باوەربکە، بۆیە بۆ پۆستێکی زۆر زۆر بچوک و قازانجێکی مادی کەم، هەزار و یەک تەنازول دەکرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە و پارتیش ئیستغلالی ئەوەی کردووە و بە تەرغیب زیاتر خەڵکی کریوە و، ئەوەی بۆی نەکرێت رەفتاری تری لەگەڵدا دەکات ئەگەر بزانێت زەرەری بۆ پەزەگانی دەبێت . بۆیە تۆ تەماشای ئەو هەڵوێستە راست و رەوان و راستەخۆیانە بکە لەبەرامبەر پارتی هەیە ناگاتە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم لە ئاست ئەوانەی لە ژێرەوە کرنوشی بۆدەبەن لەسەرجەم چین و توێژەکاندا، لە جەماعەتی ئێوەی رۆشنبیر چەند هەزار کەس ئیمزای مانەوەی بەرزانی کرد و لێیان بوو شەرمەزاربوو، کە چی تا رۆژی ئەمرۆش بە رەسمی ئیمزاکەی رەتنەکردۆتەوە، بۆت باس بکەم چەند خەڵکی دووفاقیمان هەیە و چی دەکەن لە نێوان یەکێتی و گۆران و پارتیدا بە رەسمی خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، سەرت سپی دەبێت  .
وتی؛ بۆیە دەڵێم تا ئێستا من لۆمەی پارتی ناکەم بە پلەی یەک، بەڵکو بارودۆخ و ئاستی رۆشنبیری خەڵک و بەرژەوەندیەکانیان و بەکارهێنانی کارتی ئابووری لە لایەن پارتیەوە گەورەترین فاکتەرە بەدەستیە وە، بۆیە دەتوانێت بەم جۆرە واقعەوە ملهوری بکات . وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش یەکێکیان دەوێت کە بە پلەی یەکەم  لە قازانجی ئەواندا بێت نەک میلەتەکە .
بەڵام، ئەوەی ئەمرۆ دلخۆشم دەکات، ئەگەر کاتەکە وا بە ئاسانی بەم شێوەیە نەروات کە هەموو شتێک بدۆرێین، پارتی لە حاڵەتێکدا دەبینینەوە کە تەواو زەلیل و کوشتەی دەستی هەڵەکانی خۆی بێت و مێژووش ئەمەی سەلماندووە، کە زوڵم و زۆری تا سەر بەسەر کەسەوە ناروات و ئەگەر دەرفەتمان بمێنێت و وەزعی ناوچەکە هەموو شتێک نەگۆرێت، کوردستان دەگەرێتەوە سەر سکەی خۆی، بۆیە تا ئێستا من لۆمەی پارتی ناکەم، چونکو بارودۆخی نێوخۆ و وەزع و بیرکردنەوە و رەفتاری رێژەیەکی گەورەی خەڵک ئەم بوارەی بۆ پارتی هێشتۆتەوە . بۆیە دەڵێم خەڵک و حزبەکانی تریش هۆکاری سەرەکی ئەم بیرکردنەوە و رەفتارەی پارتین . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە